کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن كۆماری ئێسلامی لە ڕاوچییەوە كرا بە نێچیر؟

00:03 - 27 جۆزەردان 2725

چۆن كۆماری ئێسلامی لە ڕاوچییەوە كرا بە ڕاو؟

ڕەحیم نزهەت‌زادە

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، یەکێک لە تایبەتمەندییە بەردەوامەکانی ئەم ڕێژیمە، بەبێ ڕەچاوکردنی سنوورەکان، ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی وڵاتانی دیکە، یان بنەما ئەخلاقی و مرۆییەکان، سیاسەتی "دەستدرێژکردن بۆ هەموو شوێنێک" بووە. وەک ئەوە وایە کۆماری ئیسلامی بە دەستە بەکرێگیراوە خشۆك و چاونەترسەکانیەوە، هەموو دەرگایەکی  لە بەیروت، تا سەنعا، ڤییەن، بەڕلین... و ستۆكهۆلم، بۆ دزەکردن و تیرۆر و ناسەقامگیری کردووەتە ئامانج. بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم ڕاوە بێ سنوورە، گیرۆدەی ئاشکراکردنی جیهانی، لێدانی قورس لە لایەن ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی ناوچەکەوە بووە. پڕۆژەیەک کە ساڵانێکە بە دووڕوویی، خراپ بەکارهێنانی گوتاری بەرخۆدان و ئیسلامیزم بەڕێوە دەچوو، ئەمڕۆ وەک پڕۆژەیەک بۆ هەناردەکردنی تیرۆر، سەرکوتکردنی گەلان و ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەوتووەتە لەبەردەم چاو و رۆشنایی هەموو جیهان.

دووڕوویی لەبری ڕاستگۆیی، تیرۆر لەبری دیپلۆماسی

سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، نەک لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و پەرەپێدانی دیپلۆماسی، بەڵکوو لەسەر بنەمای ناسەقامگیری، پشتیوانی لە میلیشیاکان، تێرۆرکردنی نەیارانی سیاسی و ئیستغلالکردنی بۆشاییە ئەمنییەکان بووە. ساڵانێکە ئێران گرووپەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنان، هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، حوسییەکانی یەمەن و فاتمیونی ئەفغانستانی، بۆ فراوانکردنی سنوورە جوگرافییەکانی، کاریگەری و بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی ناوخۆیی و بیانی کەڵکی وەردەگرت.

لەم پێوەندییەدا سەدان لە نەیارانی سیاسی کورد، عەرەب، بەلووچی و تەنانەت تێکۆشەرانی چەپ و ناسیۆنالیستی ئێرانی لە وڵاتانی جۆربەجۆری ئورووپایی و ناوچەیی لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە، بوونەتە قوربانی تێرۆری ئامانجدار. دەزگای ئاسایشی ئێران لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزی دیپلۆماتکارە نهێنییەوە، کۆمپانیاکانی پەردەپۆش و بریکارە ناوخۆییەکان، پڕۆژەیەکی تیرۆر و ترسی، لە سەرانسەری جیهاندا بەرەوپێش بردوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: دەنگی خەبات و خۆڕاگری

لەو نێوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لەو کەم بزووتنەوانە بووە، کە نەک هەر بەرەنگاری پڕۆژەی تێرۆر و دووڕوویی ڕێژیم بووەتەوە، بەڵکوو بە بەردەوامی هەڵوێستی ڕوونی گرتووتە بەر، و بە بەردەوامی سیاسەتە تێکدەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کردوە. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، حیزبی دێموکرات  بووەتە قوربانیی دەیان عەمەلیاتی تێرۆریستی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، توركیە و ئورووپا، لەوانە تێرۆرکردنی سەرکردەکانی وەك دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، دوكتۆر سادق شەرەفكەندی و دەیان کادری ڕێبەریی دیکە.

بەڵام سەرەڕای سیاسەتی كوشتار و تۆقاندن لە لایەن ڕێژیمەوە، حیزب نەک هەر درێژەی بە خەباتی خۆی داوە، بەڵکوو ئەو پێگەی حیزبی، بەرەو ئاستە نێودەوڵەتییەکانیش گەیاندوە و جێگیر كردوە. ئەمڕۆ سیاسەتەکانی حدكا لە شێوەازی بەرگریکردنە لە نەتەوەی کورد، داوای فیدراڵیزمی دیموکراتیک، مادی وەک‌یەکی گەلان و کۆتاییهێنان بە پڕۆژە کۆلۆنیالیزمە ناوەندگەرەکانی تارانە.

جیهان، لە حاڵەتی گۆڕاندا و ڕژێم لە حاڵەتی لەقاودران

لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە تایبەتتر دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٣، و ئاشکرابوونی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سوپای قودس لە هاندانی گرووپە بە وەکالەتەكان، تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش گۆڕانی بەسەردا هاتوە. هێرشە ورد و ئامانجدارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازی سوپای پاسداران لە لوبنان، سووریە و تەنانەت ئێستا لە قووڵایی خاکی ئێرانیشدا، ڕێژێمی لە پلاندانەری هێرشەوە، خستووەتە سەر پێگەی لێگەرۆكێك بۆ دۆزینەوەی ڕێگای بەرگری بۆ مانەوە.

هاوکات، سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا و تەنانەت هەندێک وڵاتی ناوچەیی، لە سیاسەتی هێورکردنەوەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئێران گۆڕاوە. هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی هێزی چەكداری سپای پاسدارانی ڕژێم وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، تا دەگاتە قەدەغەكردنی قەوارەکانی سەر بە ڕژێم لە ئەوروپا، تەنانەت بە ئاشکراکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی و تیرۆرکردن لە سوید، دانیمارک و ئاڵمان و...، هەموو ئەمانە نیشانەی وەرچەرخانێکی جیهانییە لە دژی ڕژیم.

سیاسەتی ڕاو بەرەوڕووی شكستهێنان

ڕێژیمێک کە ساڵانێکە بە ڕێكاری تۆقاندن و بێکردەوەیی حکومەتەکانی ڕۆژئاوایی، دەستی درێژی خۆی لە هەموو کونێکدا دەچەقاند، ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێک بووەتەوە، کە چیتر بە ساكاری ناتوانێت، لە ژێر سایەی دووڕوویی و لە ژێر پەردەی دیپلۆماسیدا، پڕۆژە تیرۆریستییەکانی بەڕێوە ببات. ئەو دەستانەی کە سەردەمانێک بە نهێنی و بە دڵنیاییەوە، بێ سزا کاریان دەکرد، ئێستا یەک بە یەک لە ڕیزی بڕاندان.

هەڕوەها گۆڕانی گوتار لە نێو نەتەوەکانی ناوچە کە لە نێویاندا نەتەوەکانی کورد، عەڕەب، بەلووچ و ئازەری، ئاماژەن بۆ پێکهاتنی ئاگاییەکی بەکۆمەلن بەڕامبەر سیاسەتەكانی سەركوت و کۆلۆنیالی کۆماری ئیسلامی. داواکاریی نەتەوەیی، دیموکراسی و ئینسانی ئەو گەلانە، چیتر ناتواندرێت لە چوارچێوەی هەڕەشە و سەرکوتکردندا بێدەنگ بکرێت.

دەرەنجام: کاتی لێپرسینەوەی مێژوویی پێگەیوە

سیستەمێک کە بۆ مانەوەی خۆی، بە بەردەوام ئاگری شەڕ، تیرۆر و دووڕوویی گڕداوە، ئێستا ڕووبەڕووی واقیعێکە، کە چیتر ناتوانێت لە ژێر سێبەریدا بژیت. گوتاری بەرخۆدان، کە سەردەمانێک ئامرازێک بوو بۆ شەرعیەتدان، ئێستا گۆڕاوە بۆ دەمامكێكی ڕزیو. نەتەوەی کورد کە هەمیشە قوربانیی ڕاستەوخۆی سیاسەتە تیرۆریستی و ناوەندگەراییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، جارێکی دیکە پێشەنگە لە ڕیزی لەقاودان و بەرخۆداندا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم ساتە گرینگەدا، تەنیا دەنگی کوردستانی ستەملێکراو نیە، بەڵکوو دەنگی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی ئینسانییە بۆ هەموو گەلانی چەوساوە. ئێستا کاتی پێگەیشتووە، کە جیهان بە یەک دەنگ لەگەڵ ئەم گەلانە، دەستە خشۆكەكانی تێرۆر، لە کونی مێژوو دەربهێنێت و بیانخاتە بەر چاوی دادپەروەری.