
کۆتایی فۆردۆ و نەتەنز، سەرەتای داڕمان
(شکاندنی تلیسمی سیستەمێکی خۆ بەپیرۆززان)
ڕەحیم نزهەتزادە
لە شەوی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سیاسی و ئەمنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵدرایەوە. بۆردومانی وردی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە دەوروبەری تاران، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی B2ی ئەمریکی بە هاوکاری ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلەوە، تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ڕێژێمێک کە ساڵانێکە لە پشت دروشمی "بەرخۆدان" و "سەربەخۆیی" و "وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە" خۆی حەشارداوە، گەلەکەی لە تاریکی سەرکوت و گەندەڵی و گۆشەگیریدا هێشتۆتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەبێ گوێدانە شیکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی لەسەر شەرعیەتی عەمەلیاتەکە، وەڵامێک بوو بۆ ساڵانێک لە چەقبەستوویی لەلایەن سیستەمێکی ئایدیۆلۆژییەوە، کە خۆی وەک میراتگری ئیمپراتۆریەتی سەفەوی دەبینێت، بەڵام بەکردەوە جگە لە خورافاتێکی سیاسی، ناسیۆنالیزمی شیعە سەنتەری و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی، هیچی دیکەی پێشکەش نەکردوە. کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەدرێژایی ساڵان، "فۆردۆ"ی کردبووە هێمایەکی ئایدیۆلۆژی -وەک ئەوەی فۆردۆ دڵی خۆڕاگری و دڵی کەرامەتی ئیسلامی بێت- ئێستا دڵی شکا؛ نەک بە ڕاپەڕینی جەماوەری، بەڵکوو بە فشاری دەرەکی. ئەمە بۆخۆی سیمبولی چەقبەستوویی مێژوویی حکومەتێکە، کە گوێی بە داخوازییەکانی خەڵک نەگرت و دواجار تووشی دەرئەنجامەکانی لووتبەرزی خۆی بووە.
ئەو دەسەڵاتەی کە دەرهێنەری زنجیرەی خۆی نەبوو
ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا شاهیدی بووین، درامایەکی ئاڵۆز بەڵام پێشبینیکراو بوو: سیستەمێکی تائیفی کە بە ناوی ئایین، ئەمنییەتی گەلانی ئێرانی کردە قوربانی ئاسایشی خۆی، بەن اوی سەربەخۆییەوە، وڵاتی بردە گۆشەگیرییەکی تەواوەوە، و بە ناوی وزەی ئاشتییانە، سەدان ملیارد دۆلار لە سامانی نیشتیمانی بۆ ئەو پڕۆژانە خەرج کرد، کە تاکە بەرهەمیان گەمارۆ و هەژاری و لەنێوبردنی ژێرخانەکان بوو. ئێستا كارەكە گەیشتوونەتە ئاستێک، کە کۆتایی ئەم زنجیرەیە نەک لە لایەن گەلانی ئێرانەوە، بەڵکو لەلایەن ئەو ڕەقیبە دەرەكییەکانی یەکلایی دەکرێتەوە، کە سیستەم و ڕێژێم، خۆی بە سیاسەتە سەرگەردانەکانی بوو بە هاندەری كاری ئەوان.
ڕەنگە ئەمە کارەساتی گەورەی ئێرانی مۆدێرن بێت: حکوومەتێک کە بانگەشەی پشتیوانی لە "چەوساوەکان" دەکات، ئەمڕۆ لە پێناو پاراستنی چەند سەنتەرفیوژێکدا پەنای بۆ سەرکوتی ناوخۆیی، سەرگەرمی دەرەکی و قومارە ئەتۆمییەکان برد. دواجار، هەروەک چۆن شا لە ساڵی ١٣٥٧ داڕما، ئێستا سیستەمی ویلایەتی فەقیە لە لێواری داڕمانی سیاسی و سەربازیدایە.
سەفەویخوازی مۆدێرن: پڕۆژەیەکی شکستخواردوو
ئاماژەکردن بە “سەفەوییەکان” لە ئەدەبیاتی سیاسی بەشێک لە ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی پڕۆژەیەکی مێژوویی ناوەندگەرایی ئایینی، کە ئەمڕۆ لە شێوەی "دەسەڵاتی ڕەهای فەقیە"دا بەرهەم هێنراوە. هەروەک چۆن سەفەوییەکان بە سەپاندنی ئایینێکی فەرمی و سەرکوتکردنی ناسنامە هەمەچەشنەکانی ئێرانی كۆنێ لەیەک جیاکردەوە، کۆماری ئیسلامییش هەوڵی داوە هەموو دەنگێکی ڕەخنەگرانەی کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و تەنانەت فارسیش، بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی ئەمنی، میدیا و سەربازی بێدەنگ بکات.
بەڵام مێژوو دەریخستووە، کە سەپاندنی ئایدۆلۆژیا لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە، نە بەردەوام بووە و نە کاریگەر. ئاگری تووڕەیی شاراوەی نەتەوەكان بە پریشکێک گڕ دەگرێت.
پریشکەكانی ئەمرۆ کەم نین: لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و تاران، تا ڕاپەڕینە پەرشوبڵاوەکانی بەلوچستان و خوزستان. ئەمڕۆ لەگەڵ لەناوچوونی فۆردۆ و نەتەنز، یەکێک لە دوا پایە ڕەمزییەکانی "دەسەڵاتێكی بوکەڵەیی" داڕما. ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە، ئەم پێكهاتە ڕزیو و گەنیوە، لە داهاتوویەکی بە تەواوی داڕمێت؟
ئایا ڕۆژئاوا پاڵەوانی ئێمەیە؟ سوپاس بۆیان، بەڵام هەرگیز!
خاڵی گرنگ و بەئازاری چیرۆکەکە ئەمەیە: نەتەوەكانی ئێران هەرگیز نابێت هیوای بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B2 یان پشتیوانیی مەرجدار لە ڕۆژئاوا بخوازن. ئەزمونی مێژووی هاوچەرخ پێوەندیدار بە ئێران و پرسی کوردیش هەموویان پێكەوە دەریانخستوە، کە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان، پێش هەموو شتێک، لە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، نەک ئازادیی نەتەوەكان.
بەو حاڵەش دەبێ واقیعبین بین: ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە باتی عەقڵانیەت و بەرژەوەندیی گشتی، لە پێداگری لەسەر تەماحی ئایدیۆلۆژیكی بەردەوام بێت، تەنیا ڕێگای باقی بۆ گەل، یان داڕمانی تەواوەتی ناوخۆییە، یان دەستێوەردانی دەرەکییە، کە دەتوانن تێچووی ترسناکی لە گەڵدا بێت. بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی گەل نیە، بەڵکوو لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدارانەدایە، کە ساڵانێکە دەنگی ئەم میللەتەیان نەبیستووە.
پەیڤی کۆتایی
ئەوەی ئەمشەو ڕووی دا -کۆتایی فۆردۆ و نەتەنز- کۆتایی پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی شکستخواردوو بوو. بەڵام سەرەتای کاری گەلانی ئێران، هێشتا لە ئارادایە. نابێت بكەوینە داوی وەهمی سەركەوتنی ڕۆژئاوا، یا ڕزگاری لە دەرەوەرا. سەرکەوتنی ڕاستەقینە، لە وشیاری، لە یەکگرتوویی نەتەوە و چینەکان، لە هاوپشتی ژن و پیاو، لە بنیاتنانەوەی ئێران لەسەر بنەمای دادپەروەری، ئازادی و هەمەجۆرییدایە.
فۆردۆ و نەتەنز كۆتاییە، بەڵام ئازادی هێشتا دەستی پێ نەکردوە. ئێمە هێشتا لە نێوەڕاستی ڕێگاداین.