کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئێران و ئیسڕائیل لە گۆشەنیگای تروئیکای ئورووپاوە

13:12 - 1 پووشپەڕ 2725

شەڕی ئێران و ئیسڕائیل لە گۆشەنیگای تروئیکای ئورووپاوە

ئەلبورز ڕوئین‌تەن

 

وڵاتانی ئورووپایی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی سیاسەتی مودارا لەگەڵ ئێرانیان گرتەبەر بۆ ئەوەی بەو شێوەیە لەگەڵ دیکتاتۆرانی تاران بسازێن. سیاسەتی مودارا و هەڵکردن کە خۆی لە هاوکاریی ئێران یا دانوستاندن بۆ هاوکاری تەنانەت گەمارۆ دانان بۆ هاوکاریی خۆی دەدیتەوە، ئەو شێوازە لە سیاسەت بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بەڕوونی دەبینرێ، تەنانەت لە دوای تێرۆری "میکۆنۆس"یش کە بووە هۆی ئەوەیکە پەیوەندییەکان بگاتە ئاستی وەستان بەو مەرجەی کە ئێران ئیتر تێرۆر نەکات دووپاتە پەیوەندییەکان دەستی پێ کردەوە، نەیانپرسی کە چیتان کردوە، گوتیان لەوەبەدوا ئاوا نەبێ کە تا ڕادەیەک وابوو دواتر ئەو شێوازە سیاسەتە دەستی ئێرانی لە تەواوی ئەو ساڵانە بە کراوەیی هێشتەوە.

لە تەواوی ئەو قۆناغانە دانوستاندن لەگەڵ تێرۆریستان بە تەنیا ڕێگە چارەسەریان زانیوە، بەتایبەتی هاوتەریب بوونی ئەو سیاسەتە لەگەڵ دێموکراتەکانی ئەمریکا ئیتر ببووە سەرچاوەی کات کڕین بۆ ئێران و بەردەوامی تەمەنی ئەو ڕێژیمە. هەر ئەو سیاسەتەش بوو کە بەرجامی لێ‌کەوتەوە، و تەنانەت بووە سەرچاوەی هەناسەدان بۆ کۆماری ئیسلامی.

تەنیا لە سەردەمی گەیشتنە لووتکەی چالاکییەکانی شۆڕشی ژینا بوو کە هەندێک گۆڕانی بە سەر گوتاری ئەورووپییەکان هێنا بەوەیکە دەبێ بە جۆرێک قسە بکەن کە ئەگەر سبەی خەڵک سەرکەوت ئامادەکارییەک بێ بۆ ئەوکات.

لێرەدا پرسیارە کە ئەی ئەو نرخانەی کە ئورووپایان کردە ئەورووپا وەک مافی مرۆڤ، دێموکراسی، تولێرانس، مافی زیندانی و...کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ڕەچاو نەدەکران چەندە گرینگ بوو؟ ئورووپییەکانی خاوەنی ئەو نرخە گەردوونییانە نەک گوێیان بەو پێشێلکارییانە لەلایەن ئێرانییەکانەوە نەدەدا، بەڵکوو لەگەڵ ئەو کۆماری ئیسلامییەی کە لە خاکی ئەورووپییەکان تێرۆری دەکرد و هەتا ئەوەندە دەستی کرابووە کە هەر کات ئیمتیازێکی لە وڵاتانی ئەورووپای ویستبا چەند هاووڵاتی ئەورووپیان بە بارمتە دەگرت و دوای وەرگرتنی ئیمتیازەکەیان ئازادیان دەکرد، یا تێرۆرستانی کۆماری ئیسلامی لە قەزای سەربەخۆیی ئەورووپی وەردەگیرانەوە، و وەک قارەمان لە ئێران پێشوازیان لێدەکران، تەنیا سیاسەتی دانوستاندن لە چوارچێوەی مودارا دەگرتەبەر. ئەوەش ئەو وانەیە بوو کە دەبا ئێمەی کورد زۆر زووتر دەرکمان پێ کردبا کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دێموکراسی پووشێکی بەلاش ناهێنێ و وڵاتێک بۆ خۆی چۆنە گرینگ نیە کە دەگاتە دونیای ئانارشیستی وڵاتان کە ساختەی ڕیئالیستەکان بوو تەنیا بەرژەوەندی دەور دەبینێ.

لە دوای حەوتی ئۆکتۆبر و هەموو ئەو ڕووداوانەی ناوچەش تەنیا کارێک کە ئورووپییەکان دەیانکرد کۆپی پێستی ئەو بەیاننامانە بوو کە دەیگوت نابێ ئاڵۆزییەکان زیاتر بن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندن بۆ چارەسەری پرسەکان. هەر بۆیەش ئەو پرسیارەی کە سیاسەتی ئەورووپییەکان دوای هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران چی دەبێ؟ سەرنجڕاکێشە، چونکە هەر دوای هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسڕائیل هەر ئەو ئورووپاییانەی کە نزیکەی پێنج دەیەیە تەنیا بە مودارا هاوکاری ئێرانییان دەکرد، ئەوجار پشتیوانی لە ئیسڕائیل دەکەن و دەڵێن نابێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئەی بۆ دوو حەوتوو لەمەوبەر نەیاندەگوت پێویستە هێرش بکرێتەسەر ئێران، بەڵام کە هێرشی کرد، ئاوا بەرگری لێدەکەن؟

ئەوە نیشانەی بێ سیاسەتی ئورووپییەکان لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، ئەو بێ سیاسەتییە کە خۆی سیاسەتێکە پێی دەگوترێ بە گوێرەی واقع و سیاسەتی ڕۆژ هەنگاو هەڵگرە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان زۆر پێویستە و وەک ئەورووپییەکان و بۆ ئەورووپییەکان سیاسەتێکی تا بڵێی عاقڵانەیە، بەڵام ئێمەی کورد کە لە ناوچەدا دەژین و هەرچی سیاسەتی بێ سیاسەتی ئەوانە وەک چەکی داگیرکەری و سەرکوت بەسەر سەرمان دەشکێتەوە ئەبێ ئەو وانەیە وەرگرین بەدوای ڕازیکردنی ئورووپییەکان بەناوی نرخی وەک دێموکراسی و مافی مرۆڤ و تولێرانس نەبین، ئەوانە باشن بۆ خۆمان تا بڵێی بەکاری بێنین بەڵام کە کار گەیشتە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پرسی نەتەوەییمان لە ڕێگەی هێزمان جا ئەو هێزە دەتوانێ هەموو ڕەهەندێکی بێت ببین بە واقع هەتا ئەورووپییەکان ناچار بن لەگەڵ ئەو واقعەش خۆیان بگونجێنن، ئەگەر نا چاوەڕێ بکەین وڵاتانی ئەورووپی بەرگری لە مافی نەتەوەکان یا تەنانەت مرۆڤەکان لە بەرانبەر داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان بکەن وەک سەد ساڵی ڕابردوو هەر دەکوژرێین و دە زیندان دەکرێین و ئاوارە دەبین کەسیش خۆی لێمان ناکات بە خاوەن. چۆن ئەوان لە سیاسەتی بێ سیاسەتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەردەگرن ئێمەش لەپێناو بەژەوەندییەکانمان هەنگاو هەڵێنین دواتر هاوڕێیانی ئەورووپی موداراچی خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێ ڕادێن.