کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیکاریی ستراتیژی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

01:26 - 3 پووشپەڕ 2725

شیکاریی ستراتیژی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

(کاریگەرییە سەربازی و سیاسییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا)

ورمێ تەرگەوەڕ

هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، چ لە شێوەی ئۆپەراسیۆنی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان ئۆپەراسیۆنی شاراوە، تەنیا کردەوەیەکی سەربازی نەبوو و نیە؛ بەڵکوو دوو ئامانجی سەرەکی و ستراتژیکی بەدوواوەیە کە دەرئەنجامەکانی هەم کاریگەرییان لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەبووە، هەمیش واقیعی بەتاڵبونی، هێزە ناوەندگەراکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاشکرا کردوە.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە، لە هەلومەرجی هەنووکەیی و تەنانەت بۆ داهاتووی، ئەگەری دوای ڕووخانی ڕێژیم، لاوازکردنی ژێرخان و توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئیسرائیل هەمیشە ڕایگەیاندوە، کە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات ئێران توانای سەربازیی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، لە هەمان کاتدا چەک و پێکهاتە سەربازییەکانی ڕێژیم، بە تایبەت سپای پاسداران، بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و تەنانەت خەڵکی ئێرانیش، دێنە هەژمار. بۆیە ئەم هێرشانە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو توانایانە و گەیاندنی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بۆ ئاستێکە کە بە بەتەواوەتی کۆنترۆڵیان بکەن بۆ ئەوەی هیچ دەستەڵاتێكیان بەسەردا نەبێت، یان لە ئەگەری ڕوخانی ڕژێمیدا، مەترسی دووبارە دروست نەكەن.

بەڵام ئامانجی دووهەم کە کەمتر گرنگی پێ دراوە، تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو هێزانەیە، کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرایی دەکەن، بەتایبەت هەندێ لایەنی وەک پاشایەتیخوازەکان کە ساڵانێکە بانگەشەی ئەوە دەکەن; کە لە پشتیوانیی گشتی لەنێو ئێراندا بەهرەمەندن. ئەو ئیدیعایانەی کە لە گوتاری میدیایی ئەم تەیفەدا، چەندین جار دووبارە بوونەتەوە، وەک "ئەگەر هێرشێکی دەرەکی ڕووبدات، ئەوان دەتوانن خەڵکی ناوەند و چینی نێوەڕاستی شارەکان ببەنە سەر شەقامەکان"، ئێستا دەخرێنە بەر تاقیکردنەوە. هێرشێکی سنووردار بەڵام ڕاستەقینە بۆ سەر ئێران، هەرا ئیستاش نەک هەر نەبووە هۆی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ناوەندی وڵاتدا، بەڵکوو بێدەنگی و بێباکی و تەنانەت جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێی گشتی، لەمەر ململانێ و داڕمانیشی بەدوواوە بوو.

لە ڕاستیدا هێرشی ئیسرائیل ئەوەی ئاشکرا کرد، ئیدیعای هێزە ناوەندگەرایەكان بۆ لۆبی بەهێز و پێگەی هەراویان لە درۆیەكی باڵدار بەولاوەتر نیە و خاوەنی پشتیوانیی خەڵك و کاریگەری جەماوەرییان نین.

لەم ڕووەوە ڕاستییەکی تر، زیاتر و زیاتر دەرکەوتە پێش روو، ئەویش ئەوەیە کە تاکە هێزێک، کە ڕێکوپێک و ڕێکخراو و پشتیوانی جەماوەرییان هەیە، هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەلوچستانن. ئەم دوو هەرێمە، لە مێژە تووشی توندترین شێوەی جیاکاری، چەوساندنەوە و ئینکاری بوون. لە ڕاپەڕینی "ژینا" یان بزووتنەوەی "ژن، ژیان و ئازادی"دا، ئەم نەتەوانە، پێشکەوتنخوازانەترین و خۆڕاگرترین ڕۆڵیان، لەو ڕاپەڕینەدا هەبوو. ئەو هاوپشتییە فراوانەی، کە خەڵکی کوردستان و بەلوچستان لە ئاست ئەم ڕاپەڕینەدا ئافراندیان، نەک هەر لە بەر چێژی ئەزموونی بەردەوام و زیندووی ستەمکارییە، بەڵکو لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری سیاسی، داواکاری ڕوون و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی یەکگرتوویان، سەرچاوەی گرتووە.

بەڵام ئەوەی زیانبەخشترین بوو، خیانەتکردن بوو لە بزووتنەوەی جەماوەریی لەلایەن هەندێک هێزی ناوەندگەرا – و بەتایبەت کەسایەتییەکانی وەک ڕەزا پەهلەوی – لە شۆڕشی ژینادا. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا کە بزووتنەوەکە بەهێزتر بکەن، هاودەنگی نەتەوەیی قووڵتر بکەنەوە، بەشێک لەو هێزانە، بە شێوەیەکی کاریگەر، بە بڵاوکردنەوەی ترسی لە "جیاییخوازی" ڕێك بوونە هاودەنگی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. هەوڵیان دەدا بزووتنەوەکە لە ڕێبازە ڕادیکاڵ و ئامانجداری لابدەن و، لە شێوەی ڕیفۆرمخوازی، یان گۆڕانکاریی بەڕێوەبردندا کورتی بکەنەوە؛ ڕێگایەک کە تەنها سوودی لە ڕژێم زیاتر بۆ كەسی نەبوو.

بیروباوەڕی بە دامەزراوەیی كراو لە نێو بەشێک لە خەڵکی ناوەنددا، سەبارەت بە "یەکپارچەیی خاک" و ترسی دابەشکردنی وڵات، بوو بە ئامرازێک لە دەستی هێزە ناوەندگەرییەکان، بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ گەلانی ستەملێکراو. لە ڕاستیدا ئەم هێزە ناوەندگەرایانە لە قاڵبێكی دیكەدا، بە دووبارەکردنەوەی هەمان قسە و باس و تۆمەتەكانی ڕێژیم، هەوڵیان دا کورد، بەلووچ و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکگرتوویی وڵات نیشان بدەن. بەڵام ئێستا بۆ زۆر کەس ڕوون بووەتەوە، کە ئەم گەلانە دوژمنی یەکگرتوویی نین، بەڵکو هەڵگری ڕاستەقینەی بەرنامەی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسین؛ بەو هۆیە ئەو گەلانە،  لە بەرەکانی پێشەوەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی وەستاون و باجی قورسیان داوە.

لێرەوە هێرشی ئیسرائیل، جیا لە دەرئەنجامە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی، واقیعێکی نوێی بۆ هەردوو بیروڕای گشتی ناوخۆیی و هەم بۆ هێزە جیهانییەکان ئاشکرا کرد: ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتووی ئێراندا ڕووبدات، ئەوا بە دەستی شازادە دەربەدەرەکان و گرووپە بێ ڕەگەکانی نێو ناوەند مومکین نابێت، بەڵکو بە ئامادەبوون و سەرکردایەتیی هێزە ڕەگداکوتاو، یەکگرتوو و جەماوەرییەکان، لە کوردستان، بەلووچستان و ناوچە پەراوێزخراوەكانی دیکە دەبێت.

هەروەها بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون بۆوە کە مرۆڤ، لە هەڵسەنگاندنی ئایندەی ئێراندا، نابێت تەنها پشت بە روخسارەكانی میدیایی،  خۆدەرخستنەكانی بەبێ پشتیوانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پشت ببەستێت. ئەگەر  پرۆژەی دێموکراتیزەکردنی ئێران لەبەر چاو بگیرێت، پێویستە بەرداشتێكی دادپەروەرانە، واقیعبینانە و فرەنەتەوەیی،  بۆ هەیكەلی پێکهاتەی ناوخۆی کۆمەڵگای ئێران پەیڕەو بكرێت؛ ڕوانگە و بەرداشتێك، کە بوونی نەتەوەی کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و تورکمان، نەک وەک هەڕەشە، بەڵکو وەک بەشێک لە چارەسەر ببێنێت.

دواجار دەکرێ بڵێین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەم سوپای كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕوانگەی سەربازییەوە گەڕاندەوە بۆ خاڵێکی لاوازتر، هەم لە ڕووی شەرعیەتی جەماوەرییەوە، هێزی ناوەندگەرای گەیاندە خاڵی سفر. ئێستا کاتی ئەوەیە، متمانە بەو هێزانە بکەین، کە بە بەهای خۆیان، لە مەیدانەکەدا ئامادەن، قوربانییان داوە، بە لێهاتوویی سەلماندوویانە، بۆ داهاتوویەكی ئازاد و دادپەروەر، لەگەڵ خەڵکدا وەستاون.