کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ بۆچی ڕووسیە خۆی لە ئاگری شەڕەکە بە دوور دەگرێت؟

13:25 - 3 پووشپەڕ 2725

شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ بۆچی ڕووسیە خۆی لە ئاگری شەڕەکە بە دوور دەگرێت؟

مادح ئەحمەدی

هەتا دێ گرژی و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی توندتر دەبێت. لەم نێوانەدا هەڵوێستی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان پڕ گرنگە، هەر بۆیە سەرنجێکی زۆر لەسەر هەڵوێست و جووڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەیە و لە لایەکەی دیکەشەوە هەڵوێستی ڕووسیە پڕ گرنگ و جێ سەرنجە. بەتایبەتی لەم رۆژانەدا زۆر ڕەخنەی لێ دەگیردرێت کە بۆ بە قازانجی هاوپەیمانە دێرینەکەی نایێتە نێو شەڕەکەوە. پێم وایە، بەشداریی راستەوخۆی هەرکام لە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەم شەڕەدا، لێکەوتەکانی شەڕەکە فراوانتر دەکات و راستەخۆ کاریگەرییەکەی لە ئاستی ناوچەییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئاستی نێودەوڵەتی و سەرپاکی سیستمی نێودەوڵەتیی دەگرێتەوە. ئەوەی لێرەدا پێم خۆشە تیشکی بخەمە سەر، وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە بۆ ڕووسیە نایێتە نێو شەڕەکەوە؟ گەلۆ ڕووسیە هاوپەیمانە دێرینەکەی پشتگوێ خستووە، یان گەرەکییە رۆلێ وڵاتێکی بێلایەن و ناوبژیوان بگێڕێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پێوەندییەکی فراوانی لەڕووی سەربازی، ئابووریی و سیاسییەوە لەگەڵ ڕووسیە هەبووە. دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ململانێی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا، فاکتەرێکی دیکەیە کە ڕووسیە و ئێرانی وەک دوو وڵاتی دەرەوەی بلۆکی ناتۆ لێک نزیک کردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥دا قاسم سلێمانی ڤلادەمیر پۆتینی رازی کرد کە بێتە ناو شەڕی سووریاوە و لێرەدا ئێران لەڕووی تەناهییەوە، پەرەی بە پێوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیە دا. بەشداریی ڕووسیە لە شەڕی مانەوەی رێژیمی ئەسەد لە سووریا، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر هاوکێشەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو.

لەوەها دۆخێکدا، ڕووسیە بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی فەرماندەکانی سوپای پاسدارن، هەمیشە بێ هەڵوێست بووە و هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە. تەنانەت بۆ یەکجاریش بەرپەرچی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر بنکەکانی ئێران لەناو خاکی سووریا نەدایەوە. بەگوێرەی راپۆرتی تایمزی ئیسرائیل، هۆکاری ئەمە دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە تەلئەڤیڤ و مۆسکۆ لەڕووی تەناهیییەوە هاوئاهەنگیان پێکەوە هەبوو و هەر دوولا ڕیک کەوتبوون کە ململانێیەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە. لەم پێناوەدا کەناڵێکی بەردەوام بۆ هاوئاهەنگی نێوان هەر دوو وڵاتەکە چالاک بووە بۆ ئەوەی لە ئاسمانی سووریا هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوانیاندا ڕوو نەدات. بۆیە، ڕووسیە لە ئاست هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە سووریا، چاوی خۆی داخستووە و بێدەنگ بووە.

ڕووسیە پاش گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین  و بەشداریی لە شەڕی سووریا، هەمیشە هەوڵی ئەوە بوو لە ململانێیەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تەنانەت ئێران و تورکیا ڕۆلێ ناوبژیوان بگێڕێت و بەم شێوە هەوڵی داوە پاریزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. چونکە ئەگەر لەگەڵ تورکیا، یان ئیسرائیل ململانێ کردبایە، لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاواش دەکەوتە کێشەوە.

لە کاتێکدا کە ڕووسیە سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینە، دروست نییە بەرەیەکی دیکە لە دژی خۆی بکاتەوە. لەم ڕووەوە ئەگەر ڕووسیە بە قازانجی ئێران بێتە نێو شەڕەکەوە، جیا لەوەی لەڕووی سەربازییەوە بارگرانییەکی زیاتر بۆ خۆی دروست دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ئەورووپایی ـ بەتایبەتی بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاـ و ئەمریکا زیاتر پشتیوانی لە ئۆکراین بکەن. ئەمەش ڕووسیە دەخاتە دۆخێکی تەواو دژوار و لاوازەوە.

لەگەڵ ئەوەیکە ڕووسیە و ئێران دژی هەژمۆنیی رۆژاوا لە بەردەیەکدان و لەسەر مانەوەی رێژیمی ئەسەد هاوڕا بوون، بەڵام پێوەندییەکانیان لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی ستراتیژیکی درێژماوە دانەڕێژاوە. ئەوەندەی ئامانج و بەرژەوەندیی کاتیی ئەم دوو وڵاتە لێکنزیک دەکاتەوە، ئەوەندە بەرژەوەندیی درێژخایەن و ستراتیژیک لە نێوانیاندا نییە. بۆیە مۆسکۆ وەک هاوپەیمانێکی ناوچەیی و لۆکاڵ سەیری کۆماری ئیسلامی دەکات و ئامادە نییە بەرژەوەندییە ژێئۆپۆلۆتیکییەکانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ تاران و لە دژی ئیسرائیل پشتیوانی سەربازیی لێ بکات.

پرسی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، ئیستا گەرمترین بابەتە لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکان. بۆیە بەشێوەی کاتیش بێ، تا ئێستا ئەم شەڕە بە قازانجی ڕووسیە بووە و فۆکس و گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر ڕووسیە لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ئەو وڵاتە و ئۆکراین کەم کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم شەڕەی ئێستا بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕی وزە ناجێگیر بێت. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە رێژیەکی زۆر نەوت و گازی هەیە. بۆیە هەر چەشنە گەمارۆ و هەڕەشەیەک بۆسەر ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە، ناسەقامگیری لەو بازاڕەدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز. لەم ڕووەوە ڕووسیە کە یەکێک لەو وڵاتە گەورانەیە کە نەوت و گاز هەناردەی چین، هێندوستان و ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقی دەکات، قازانجێکی زیاتری دەست دەکەوێت و بازاڕی جیهانیی وزە زیاتر پێویستی پێ دەبێت. بۆیە لاوازکردنی پێگەی ئێران لە بازاڕی جیهانی وزەدا، دەبێتەهۆی قازانج و دەرفەتی زیاتر بۆ ڕووسیە.

ڕووسیە بۆ خۆی وڵاتێکە کە خاوەن چەکی ناوەکییە. لەم رووە، پێخۆش نییە کە وڵاتی دیکە ببێتە خاوەن ئەم چەکە. چونکە لەم حاڵەتەدا ئێران زیاتر پێویستی بە ڕووسیەیە. بەڵام ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئیتر ئەوکات لەڕووی سەربازییەوە وەک وڵاتێکی لاواز سەیر ناکرێت. ئەمەش بە قازانجی ڕووسیە نییە. بۆیە لە بەرژەوەندیی ڕووسیەیە کە ئێران خاوەنی چەکی ناوەکیی نەبێت و بە لاوازی بمێنێتەوە و زیاتر پێویستی بە ڕووسیە بێت.

زیاتر لە ٢٠٠ شارەزا و پسپۆڕی ڕووسی ئێستا لە بنکەی ناوەکی بووشێهر کار دەکەن. ئەوەی بۆ ڕووسیە لەم شەڕەدا گرنگە ئەوەیە کە، ئاسایشی ئەو ٢٠٠ کەسە بپارێزێت. لەمبارەوە پۆتین ڕای گەیاندووە کە گەرەنتییان لە ئیسرائیل و ئەمریکاش وەرگرتووە کە پارێزراو دەبن و هێرش ناکرێتە سەر بنکەی بووشێهر. بۆیەش هێرش ناکرێتە سەر بووشێهر، چونکە ئەم بنکەیە پێوەندیی بە پرۆژەی دروستکردنی چەکی ناوەکییەوە نییە و لە بواری وزەدا کار دەکات.

بۆیە لە هەموو ڕوویەکەوە، وا دەدەکەوێت کە ئەمجارە پۆتین یارییەکی لۆژیکی دەکات کە خۆی لە شەڕەکە دوور گرتووە. دیارە ئەگەر بێتە ناو شەڕەکەوە، بە زەرەری ئێرانیش تەواو دەبێت. چونکە لەم حاڵەتەدا دوور نییە، کە بڕیاری گۆڕینی رێژیم بدرێت و خامنەییش تووشی چارەنووسی ئەسەد بێت. بۆیە بۆ پۆتین کە چەند مانگ لەمەوبەر لە ڕاگرتنی رێژیمی ئەسەد لە سووریا شکستی خوارد، قورسە کە کەوتنی کۆماری ئیسلامیش وەک شکستێک بۆخۆی تۆمار بکات.

لەراستیدا، هەڵوێستی ئێستای ڕووسیە زیاتر لە خوێندنەوەیەکی واقیعبینانەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەرهاویشتەی دۆخی ژێئۆپۆلیتیکی ڕووسیەیە. ڕووسیە گەرەکییە باڵانسی هێز لە ناوچەکە رابگرێت، لە لایەک نەکەوێتە خانەی دژایەتیی وڵاتانی عەرەبی کەنداوە و ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێ خۆێ لە کێشە و ململانێی نوێ لەگەڵ ئەمریکا بەدوور بگرێت. لەم ڕوانگەوەڕرووسیا ئەگەر گەرەکی بێت پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی گەورە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت، پێویستە خۆی لە ئاگری ئەم شەڕە بە دوور بگرێت.