
داهاتوو بەدیاری نایەت، دەبێ بنیات بنرێت
ڕەحیم نزهت زادە
لە مێژووی پێچەڵاوپێچی گەلاندا، ساتگەلێک هەن کە جیلەكان بانگ دەکەن، كە بە وەستانێکی قووڵ، بۆ ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و بڕیارێکی چارەنووسساز. ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە یەکێک لەو ساتانە؛ ساتێک، کە ناتوانین بە ئینکاری ڕابردوو، یان شاردنەوەی ئێستا، ڕێگایەک بۆ سبەینێ بکەینەوە. بۆ ئەوانەی لە جوگرافیای سیاسی، چەوساوە و پارچەپارچەکراوی کوردستاندا ژیاوین، ئەرکێکی مێژووییمان لە پێشە، ئەویش ئەوەیە، کە کڵاوەکانمان دانێین، بیخەینە بەردەممان، بە ئاشکرا سەیری ڕابردوومان بکەین، ڕاستگۆیانە ئەمڕۆ هەڵسەنگێنین و بە وشیارییەوە بەڵێنێک بۆ سبەینێ بدەین.
ڕابردوومان پڕە لە هەوڵی گەورە و قوربانیدانی بێهاوتا، بەڵام هاوكات پڕە لە جیاوازییەكان، تاكڕەوی، تێنەگەیشتن لە یەکتری، و هەندێکجاریش دەمارگرژی، کە ڕێگەی هاوکاری و دەرفەتە زێڕینەکانی بەبا داوە. حیزب و ڕێکخراوەکان، کە هەریەکەیان بە نیازی خزمەتکردنی گەلەوە سەریان هەڵداوە و بە ئایدیالی بەرزەوە ڕەگ و ڕیشەیان لە خاکی ئەم خاکەدا داکوتاوە، لە هەندێک خاڵی دیاریکراوی مێژوودا لە جیاتی تەواوکەری یەکتر بن، بەرامبەر یەكتر وەستاون. تەنانەت هەندێک جار شیکاریی دوژمن، جێگەی هاوڕێیەتی نێوخۆیی گرتۆتەوە و، هەندێک جاریش گومان لە نیەتی هاوڕێیەتی، سێبەرێکی خستووەتە سەر متمانە بە ڕێگاکەدا.
لەگەڵ هەر دید، تێگەیشتن، جیهانبینی و سەلیقەیەک کە هەمانبوو و هەمانە، ئەمڕۆ گەیشتوینەتە خاڵێک، کە دەبێت لانیکەم لەسەر یەک شت ڕێکبکەوین: ڕاستگۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوودا. هیچ هێزێك لە دونیادا، هێندەی ئازایەتی دانپێدانان بە هەڵەکان، ناتوانێت بنەمای شیکارییەکی دروستی ئەمڕۆ و بنیاتنانی سبەینێیەکی گەش بێت. میللەتێک کە لە ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو دەترسێت، بەردەوام لە خۆی ڕادەکات؛ و ئەم ڕاکردنەش، بەرەو بێ ناسنامەیی دەیبات.
وەرن با بۆ یەکەمجار، نەك لە بەیاننامەیەکی حزبی، یان لە مێزگردەیەکی ئەکادیمیدا، بەڵکوو لە قووڵایی ناخ و ئەزموونەکانمانەوە، دەست لەنێو دەستی یەك ببەستین و دان بەوەدا بنێین: ئێمەش هەڵەمان کردوە. ئێمەش هەندێک جار دەرگای یەکڕیزیمان بەڕووی یەکتردا داخستوە، ئێمەش گوێمان لە دەنگی کەسێکی دیکە نەبووە و ئێمەش هەندێک جار بەرژەوەندی بەكۆمەڵمان، کردووە بە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆمان. بەڵام ئەمڕۆ، درەنگ نەبووە.
ئەوەی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە، یەکڕیزییە؛ یەکیەتییەک نەک تەنها بە وشە، نەک لە پشت دەرگا داخراوەکان و لەسەر بنەمای ئیدیعای پشک، بەڵکو یەکیەتییەکی دڵسۆزانە، کە لە تێگەیشتنێکی قووڵ لە لاوازی و تواناکانمانەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکیەتییەک نەك لەسەر نەهێشتنی جیاوازییەکان، بەڵکوو لەسەر قبوڵکردن و بەڕێوەبردنیان بنیات بنرێت.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ستەمی مێژوویی، خاوەنی پاشخانێکی بێهاوتای وشیاری، خۆڕاگری، فەرهەنگ، گەنجانی پڕ لە سۆزە بۆ كوردستان. بەڵام ئەم پاشخانە و ماتەوەزیە کاتێک دەبنە سەرمایەیەكی سیاسی و نەتەوەیی، کاتێک كە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، بەبێ گوێدانە ناو و نیشان، بە دیالۆگێکی نیشتمانی، میساقێکی هاوبەش و لانی کەم ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەکەیان، بگەنە ڕێكەوتنێك.
پێویستە ڕوون و ڕاشکاوانە بڵێین: ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانین ڕەخنەگرانە پێداچوونەوە بە ڕابردووماندا بکەین، ئەگەر نەتوانین لە بەرامبەر هەڵەکانماندا بوەستین و داوای لێبوردن بکەین، ئەگەر نەمانەوێت یان نازانین چۆن لەگەڵ یەکتر دابنیشین و گوێ بگرین، نە لە ئەمڕۆ تێدەگەین و نە سبەیەك بنیات دەنێین. بەم بێتواناییە، نەوەکانی داهاتوو لە دەرفەتی مێژوویی، تۆمار كردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش دەکەین.
داهاتوو بەدیاری نایەت؛ داهاتوو دەبێت بنیات بنرێت. بینایەک کە بە شیکارییەکی وردی ئەمڕۆ، تێگەیشتنێکی قووڵ لە دوێنێ و باوەڕێکی هاوبەش بە دەسەڵاتی میللەتەکەمان دەست پێ دەکات. پێویستە ئەمڕۆمان، بە کەرەستەی عەقڵ، بوێری و ویژدان بپێوین. کێ ترسی لە دان بە هەڵەدایە، ئەگەر سبەینێیەکی گەش لە ڕێگادا بێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەبەرامبەر میللەتەکەمان و نەک تەنها لەبەردەم مێژوودا بوەستینەوە و بڵێین: هەڵەیەکمان کرد، بەڵام هێشتا ئامادەین ڕێگایەک بدۆزینەوە و بنیات بنێین؟
میللەتی کورد شایەنی سبەینێیەکە، کە هیچ لایەنێک لەودا خۆسەنتەر نەبێت، هیچ دەنگێک بێدەنگ نەکرێت و هیچ هەوڵێکیش بێ پشتیوانی نەمێنێتەوە. ئەوەی پێویستە یەکیەتییە، و تەنها یەکگرییە؛ یەکیەتی و یەکگرییەک لە ڕەگەزی حەقیقەت، نەك مەسلەحەت. یەکیەتییەک کە ئومێد بە دۆست و نائومێدی بە دوژمن دەبەخشێت.
وەرن با بۆ یەکەمجار، نەك بەتەنیا بخوێنینەوە با یەكگرتوو بین، بەڵکو پێکەوە بنووسین: بە واژۆیەک لەژێر بەڵگەنامەی ئایندەدا، بە ناوی نەتەوەی کوردەوە، بە پشتڕاست بوون بە عەقڵ و ئەزمون، بۆ مێژوو و بۆ هیوا.
پەیامەکە ڕوونە: ئەگەر ئەمڕۆ ڕەخنە لە دوێنێ نەگرین و ئەمڕۆ بناغەکانی یەکڕیزی دانەنێین، سبەی هەرگیز نایەت.