
کۆڵبەری، سنووریی نێوان مەرگ و هەژاری
کاوە سندووسی
"کۆڵبەری"، چالاکییەکی تاقەتپڕووکێن و مەترسیدارە کە تێیدا کەسانێک بارگەلێک لە ڕێڕەوە سنوورییەکانی ناوچە شاخاوییە سەخت و دژوارەکانی کوردستان (بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ و ئیلام) دەخەنە سەر کۆڵیان و لە سنوورە دەستکردەکان دەیانپەڕێننەوە. وشەی «کۆڵبەر» لە تێکەڵکردنی دوو وشەی (کۆڵ = بە مانای پشت) و (بەر = بە مانای هەڵگر یان گواستنەوە) پێکهاتووە. کۆڵبەری زۆرجار جۆرێکە لە ناچاری و کارێکی زۆرەملێ کە لە ئەنجامی بێکاری، هەژاری، نەبوونی هەلی کاری یەکسان و سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکانەوە سەری هەڵداوە و بۆ زۆرێک لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، بووەتە تەنیا ڕێگای دابینکردنی بژێوی ژیان.
کۆڵبەران بە گشتی کاڵای وەک کەلوپەلی نێوماڵ، جلوبەرگ، جگەرە یان ماددە خۆراکییەکان هەڵدەگرن و زۆرجار بەرەوڕووی مەترسییەکانی وەک هەڵدێران لە بەرزایی، تەقینەوەی مین، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا دەبنەوە. لە ڕاستیدا، کۆڵبەری نە پیشەیەکی فەرمییە، نە بیمە و پشتیوانیی یاسایی هەیە و نە کەرامەتی مرۆیی تێیدا ڕەچاو دەکرێت، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای نایەکسانیی پێکهاتەیی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لە کوردستاندا.
هەروەک ئاماژەی پێ کرا، کۆڵبەری نە پیشەیە، نە شانازییەکی لەدواوەیە. کۆڵبەری ناچارییەکی سەپێنراوە بەسەر ئەو مرۆڤانەدایە لە خاکێکدا کە پڕە لە سامانە سروشتییەکان و دەرفەتی ئابووری، لە هەژاریدا قەتیس ماوە و ژیان دەکەن. ئەم دیاردەیە کارەساتێکی مرۆییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازییەکاندا داکوتاوە کە ڕێژێمە دەسەڵاتدارەکان نەک تەنیا گەشەپێدانیان کردۆتە بارمتە، بەڵکوو هەناسەی ژیانیان بۆ میلیۆنان کەس لەم ناوچانەدا کردۆتە مامەڵەیەکی ڕۆژانە لەگەڵ مەرگدا. کۆڵبەر کەسێک نییە پیشەکەی خۆی بە ئازادی و لە ڕووی هەڵبژاردنەوە دیاری کردبێت، بەڵکوو کۆڵبەر کەسێکە هەموو ڕێگاکانی ژیانێکی شەرافەتمەندانەی لێ داخراوە؛ نە شارۆچکەی پیشەسازی، نە زەوی و پشتیوانیی پێویست بۆ کشتوکاڵ، نە ژێرخانی ئابووری و نە تەنانەت ئاسایشی سەرەتایی بۆ کار و ژیانی مرۆیی، ناچاری کردوە بۆ ئەم دۆخ و قۆناغە هەستیارە کۆڵ وەبەر دنیایەک سەختی بدات. لەم بارودۆخەدا، کۆڵبەری هەڵبژاردن نیە، بەڵکوو دەرەنجامێکی حەتمی سیاسەتێکی سەرکوت و سڕینەوەی بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراوە.
لەم نێوەندەدا، نابێت فریوی ئەو پیرۆزکردنانە بخۆین کە لە ڕووی دڵسۆزی یان نەزانینەوە، کۆڵبەر دەکەنە . ئەم جۆرە تێڕوانینە، هەرچەندە ڕواڵەتێکی مرۆیی هەیە، بەڵام لە کردەوەدا پەرە بە ئاساییکردنەوەی کارەساتێک دەدات. ئاساییکردنەوەی کۆڵبەری واتە قبووڵکردنی وەک بەشێکی ئاسایی ژیان لە جوگرافیایەکدا، واتە لەبیرکردنی ئەو ڕاستییەی کە کۆڵبەر، بەرهەمی ڕاستەوخۆی جیاکاریی پێکهاتەیی و داگیرکاریی سیاسییە.
کارەسات یان باشترە بڵێم کارەسات وێڕای منەت بەسەرداکردن، تەنیا لە چیاکان و سنوورە پڕمەترسییەکاندا کورت نابێتەوە. یەکێک لە فێڵ و دهۆی ڕووهەڵماڵاوی ڕێژێمی دەسەڵاتدار، دەرکردنی مۆڵەتی کاتی و ڕووکەشانەیە بۆ "ڕێکخستنی بازاڕچەکانی کۆڵبەری".
فەرماندارییە حکوومییەکان لە شارە سنوورییەکاندا بە بەڵێن و بیانۆی "ڕێکخستنەوە"، مۆڵەتگەلێک دەردەکەن کە نەک تەنیا کێشەی سەرەکیی هەژاری و بێکاری ئەم ناوچانە چارەسەر ناکات، بەڵکوو شەرعیەتی پێ دەبەخشێت و بە یاسایی دەکات. ئەم مۆڵەتانە بە گشتی دەگەنە دەستی کەسانی تایبەت سەر بە دامودەزگا ئەمنی و حکوومەتییەکان یان بۆیان دەردەکرێت، نەک کۆڵبەرانێک کە هەموو ڕۆژێک گیانی خۆیان لە ڕێگەیەکی مەترسیدار و بێئەنجامدا دەخەنە مەترسییەوە. ئەو بەرپرس یان نوێنەرە لە ڕاستیدا سوودمەندی ڕاستەقینەی ئەم مۆڵەتانەن نەک خەڵکی هەژار و بێکار؛ ئەو خەڵکە لە باشترین حاڵەتدا بەشێکی کەمی قازانجە زۆرەکەیان بەردەکەوێت و قازانجی سەرەکی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵە سەر بە حکوومەتەکان و بازرگانانەوە.
لەوەش تاڵتر ئەوەیە، لە هەمان کاتدا کە خەڵکی کوردستان بۆ پارووە نانێک، چیاکان بە باری هەندێکجار سەد کیلۆییەوە دەبڕن، لە هەندێک شوێنی ئەم وڵاتەدا، دەروازەی سنووریی تایبەت بۆ ئاغازادەکان و کەسانی سەر بە دەسەڵات بوونیان هەیە. فڕۆکەخانە و بەندەرگەلێک کە تێیاندا بە ملیاران دۆلار جۆرەها کەرەسەی و کەلوپەلیی جۆراوجۆر بێ هیچ چاودێری و یاسایەک هاوردە و هەناردە دەکرێت. شوێنێک کە نە سەرمایان وێدەکەوێت و نە گەرماش هەست پێدەکەن، نە مەترسیی مین و نە گوللـەیەک هەیە کە سینگێک بدڕێت و نە منداڵێک کە هەتیو ببێت، بەڵکوو تەنیا پارە و ڕانت و گەندەڵییە کە بە ئازادی هاتوچۆ دەکات.
کۆڵبەر، بەو بارەی لەسەر شانیەتی، نە دزە و نە تاوانبار و جەردە. ئەو تەنیا قوربانیی ئەو یارییانەیە کە لە ئاستە باڵای دەسەڵاتدا، لەنێوان دامودەزگا حکوومییەکان و مافیای ئابووریدا داڕێژراون. لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک چەند کوردێک بەناوی کۆڵبەری لە سەر سنوور و چیاکان گیان لەدەست دەدەن یان تووشی ڕوودای دڵتەزێن دەبن، تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی و قاچاخ لەژێر سێبەری بەندەرە حکوومییەکان و فرۆکەخانەکان و کۆگا تایبەتەکاندا، بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکەیەک وەک زێروو خەریکی مژینی سەرمایەی وڵاتن. ئەم دژوازییە، دڵی هەموو مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ویژدان ئازار دەدات. چۆن دەکرێت کۆڵبەرێک بە تاوانی هەڵگرتنی چەند کارتۆنێک جلوبەرگ یان شەکر و چا بکوژرێت، بەڵام بە ملیاران دۆلار هاوردە و هەناردەی نایاسایی لە کەناراوەکانی باشوور، لە چاوی زەقی یاسا شاراوە بمێنێتەوە؟ وەڵام ڕوونە، ئەم سیستەمە نەک بە هەژاریی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو بە "پڕۆژەی هەژارکردن"ی خەڵک زیندووە. ئەگەر کۆڵبەری بوونی هەیە، لەبەر ئەوە نییە کە چارەیەکی بۆ ناکرێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە پێکهاتەی ئێستا بەم هەموو سەرچاوەیەوە، ئیرادەیەکی بۆ چارەسەرکردن نییە. دروستکردنی بەندەری تایبەت بۆ کەسانی سەر بە حکوومەت و مۆڵەتدان بە تۆڕە قۆرخکارییەکان هیچ گونجانێکی لەگەڵ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ئەم ئیددیعاکارانی حکوومەتی ئیسلامیدا نییە. ئەم سیاسەتانە نەک تەنیا کێشەی کۆڵبەری چارەسەر ناکەن، بەڵکوو بە گۆڕینی بۆ سیستەمێکی کۆنترۆڵکراو و شیاوی چەوساندنەوە، دەیکەنە ئامرازێکی نوێ و کاریگەر بۆ سووکایەتیکردن، زاڵبوون و چەوساندنەوەی سیاسی-ئابووریی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان.
لەم نێوەندەدا، ئەوەی پێی دەگوترێت ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی و گاڵتەجاڕانێک بە ناوی خۆیان بەشێکن لەم سیاسەتە داگیرکاری و کوشتارە. بەڵێنی ئەو نوێنەرانەی کە ساڵانێکە بە دروشمی دادپەروەری و نەهێشتنی جیاکاری چوونەتە ئەنجوومەن، هیچی تر نەبووە جگە لە چەواشەکاری و بەڵێن و فێڵ و گزی، ئەوان نەک تەنیا نەیانتوانیوە هیچ جۆرە چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ کێشيی کۆڵبەران ببیننەوە، بەڵکوو زۆرجار بە بێدەنگیی خۆویستانە و سیاسەتی هاوڕێیەتی لەگەڵ پێکهاتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ڕێژێمی ئیسلامی، ڕۆڵی دەڵاڵ یان نێوەندگیر و پاساوهێنەرەوەیان گێڕاوە. بووکەڵەگەلێکن کە لە کردەوەدا مۆرەی سیستەمی سیاسیی ئاخوندیین و نەک زمانی خەڵک، ئەوان لە باشترین حاڵەتدا زمانی ڕێژێمن لەنێو خەڵکدا. ئەوان هەندێکجار بە جلی کوردی و خۆنواندنی دڵسۆزانەوە بەڵێنی هەلی کار و ناوچەی ئازاد و کارتی کۆڵبەری دەدەن، بەڵام لە کردەوەدا یارمەتیی مانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پێکهاتەی بۆگەن و نامرۆییە دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون. ژمارەیەکی زۆر بە تەقەی ڕاستەوخۆ، هەندێکیان بەهۆی بەستەڵەک و سەرما و هەڵدێران یان ڕاوەدوونان، یان بە تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوونە. ئەم ئامارانە هەرگیز بە دروستی تۆمار ناکرێن، چونکە لە بنەڕەتدا لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە، کۆڵبەر "قوربانییەک" نیە، بەڵکوو "توخمێکی سەرئێشە- تێکدەری ئابووری یان سیخوڕ و تەنانەت تیرۆریست"ە. ئەم کوشتارە سیستماتیکە، ئەگەر لە شوێنێکی تری ئەم گۆی زەوییە ڕووی بدایە، دۆسیەیەکی تاوانکاری لە ئاستی دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ پێکدەهات، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا، ڕاستییەکی ئاساییە کە نەک تەنیا سزای نییە، بەڵکوو هەندێکجار بکوژان و تەقەکەران هان دەدرێن و پلەیان بەرز دەکرێتەوە. هەر بۆیە، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ پیرۆزکردن یان پاککردنەوەی ئەم دۆخە، خیانەتە بە ڕاستیەکان. نابێت کۆڵبەری بە گێڕانەوە پاڵەوانئاساکان وێنا بکرێ و بخەملێندرێ. ئەم کارە، تەنیا یارمەتیی لەبیرکردنی کێشەی نەگبەتی کۆڵبەرییە. کۆڵبەری دەبێت هاوارێک بێت، نەک فیلم و، بە قێزەونی بمێنێتەوە هەتا نەمێنێت، نەک ئەوەی بە بەزەیی و پاڵەوانسازى، بڕازێتەوە و قبووڵکردنی ئاسان بکرێت.
کۆمەڵگەی کوردستان ئەگەر شیکارییەکی دروست لەسەر ناوەڕۆک و پێکهاتەی ئەم کارەساتە نەکات، ڕەنگە بێ ئەوەی بیەوێت یارمەتیی مانەوە و زیادبوونی گرفتی کۆڵبەری دابێت. تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لەم گرفتە مرۆییە، وشیاریی گشتی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دژ بە داگیرکاری و بێکاری لە کوردستان و پێداگری لەسەر مافی ژیان بێ سووکایەتی و هەژارییە.
کۆڵبەری هەتا ئەو کاتەی بوونی هەبێت، دەبێت هاوارێک بێت بەسەر ئەوانەی هۆکارن و سیستەمی دەسەڵاتداردا و نابێت هەرگیز لەگەڵیدا سازش بکەین. نە بە مۆڵەت، نە بە بەڵێن و نە بە فیلم یان دۆکیومێنتاریی ئەوتۆ. کۆتاییهاتنی کۆڵبەری، تەنیا بە کۆتاییهاتنی داگیرکاریی کوردستان و گەڕانەوەی کەرامەت و دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ خەڵک دەکرێت. لە کۆتاییدا کۆڵبەری تاوانێکە کە ئاساییکردنەوەی خیانەتە بە مرۆڤی کورد و بێدەنگی لە ئاستیدا هەمان هاوبەشییە لەم تاوانەدا.