
مافی دیاریکردنی چارەنووس
میشێلین ئیشەی
تەهای ڕەحیمی کردوویەتە کوردی
لە سەدەی بیستەمدا، مافی دیاریکردنی چارەنووس بەردەوام وەک بابەتێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا دەرکەوتوە. لە کاتێکدا جەنگەی پەسندی ڕێککەوتننامەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (١٩١٩)، کەم کەس پێی وابوو ڕێبەرە ئیمپریالیست و فاشیستەکان مافی نەتەوەیی بە بەڵگە بێننەوە و مەترسیی شەڕێکی دیکەی جیهانی بنێنەوە، هەروەک کەم کەسیش بەربێژیی شەڕی دوویەمی جیهانی دەکرد کە ئەو چەشنە مافانە، هەرچەندیش ناڕوون، لە بەڵگەنامە حقوقییە نێونەتەوەییەکاندا باس کرێن و پەرەیان پی بدرێ. لەڕاستیدا، بەندی یەکەمی دوو جاڕنامەی سەرەکیی مافی مرۆڤ، کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە سالی ١٩٦٦ پەسند کراون مەرجدارە بەوەی کە "هەموو خەڵکێک خاوەنی مافی چارەی خۆنووسینە". بەگوێرەی ئەم مافە، هەموو خەڵک بۆیان هەیە ئازادانە بڕیار لەسەر دۆخی سیاسی خۆیان، پەرەپێدان بە باری ئابووری و فەرهەنگی بدەن. کەواتە مافی دیاریکردنی چارەنووس نە بە سیستەمی سیاسی وڵاتێکی تازە سەربەخۆ دەبەسترێتەوە و، نە ڕەواییدان بە ئاواتەکانی نەتەوەیەک دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەکانی دیکە.
لەباری حقوقییەوە پاساوهێنانەوە و داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕوون نین و پێویستیان بە شیکردنەوە هەیە. بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی، گەڕان بەدوای ستانداردی گونجاوی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەستی پێ کرد، کاتێک شەپۆڵی نەتەوەخوازی ناوەند و ڕۆژاوای ئورووپای گرتوە و ئیمپراتۆریی عوسمانی ئۆسترۆ_هەنگاری لێکهەڵوەشاند. لەڕاستیدا دەگەڵ بەرەو لووتکەکشانی زیاتری ناسیۆنالیزم لە بەرەبەری شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کە هیوا و هۆمێدە جیهانییەکانی ئەنترناسیۆنالی دوویەمی کردە بڵقی سەر ئاو، سۆسیالیستێکی زۆر لەسەر ڕوانگەی مارکس و ئینگێلس بۆ پرسی ناسیۆنالیزم بە خۆدا چوونەوە، واتە ئەوەیکە "پرۆلیتاریاکان وڵاتیان نییە" و "جیاوازیی نەتەوایەتی و دژایەتیی نێوان خەڵک" کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە کزییە بەرهەمی گەشەی بۆرژۆوازییە ... و شێوازی بەرهەمهێنانی یەکسان. مارکس و ئینگێلس پێیان وابوو کە ئایدیای مۆدیرنی دەوڵەت_نەتەوە دەبێتە هۆی بڕەوپێدانی کاپیتالیزم، کە ئەویش دۆخی شۆڕش بۆ یەکخستنی ئەنترناسیۆنالیستی لە نێوان کرێکاراندا دەڕەخسینێ. بەکورتی مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی ڕەها نەبوو، بناخەیەک بوو بۆ بڕەوپێدانی مافی جیهانییەکان.
دەگەڵ داخوازی دووبارەی ناسیۆنالیستەکان لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئیمپراتۆری عوسمانی، ئۆسترۆ_هەنگاریا و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا، ڕێبەرە دیارەکانی سۆسیالیستەکان وەک ئۆتۆ باوئێر، ڕۆزا لۆگزامبورگ و لێنین کەوتنە لێکدانەوەی جیاواز لە سەر ئارگومێنتەکانی مارکس و ئینگێلس لەمەڕ پرسە نەتەوەییەکان. باوئێر لە کتێبەکەی خۆیدا "پرسی نەتەوەکان و سۆسیال دیمۆکراسی" (١٩٠٧) بە وێناکردنی چەشنێک لە سازانی سۆسیالیست_ ناسیۆنالیستی لە چوارچێوەی فرەنەتەوەیی هابسبۆرگدا خۆی لەوانی دیکە هەڵاوارد کە ئەویش ئاکامی گەشەی داخوازییە ناسیونالیستییەکان بوو. باوئێر بەجێی پەسندکردنی مافی جیابوونەوە کە دەیتوانی لەباری ئابووری و سیاسییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر نەتەوەکانی درواسێ هەبێ، پێشنیاری پێکهێنانی ئۆتۆنۆمی فەرهەنگی لە دەوڵەتێکی فێدرالی مەزندا هێنایە گۆڕێ. دەگەڵ ئەوەی لەسەر گرنگی کاپیتالیزم و پێکهێنانی دەوڵەت بۆ یەکخستنی پرۆلیتارییەت دەگەڵ مارکس کۆک بوو، بەڵام پێی وابوو کرێکاران بە باگراوەندی ئیتنیکی جیاوازە ڕەنگە سەرەتا لە دەوڵەتێکی سۆسیالیستیدا تێکەڵ نەبن. باوئێر پێی گوتین کە کۆمەڵگەی سۆسیالیستی ناتوانێ بەزۆرەملی هەموو نەتەوەکان دە سیستەمی خۆی خزێنێ. بیهێننە بەرچاو کە خەڵکێک خاوەن فەرهەنگی نەتەوەیی و بەشداری لە قانووندان و بەڕێوەبەری خۆیەتی، هەروەها سوپای خۆشی هەیە، دەکرێ ئەو نەتەوەیە پێملی قانوونی شەڕ بکەی؟
دەگەڵ ئەوەشدا باوئێر پێی وابوو دەکرێ بەبێ زۆریکردن، کرێکاران بۆ پێکهێنانی وێژەمانی فەرهەنگی و نەتەوەیی ڕێکخرێن. لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە، چینە دەسەڵاتدارەکان، سەرەتا شەوالیە و ئێستاش توێژی خوێندەوارن، بە بیچمدان بە "خزمایەتی کەسایەتی" لە ڕێگەی زمان و پەروەردەوە نەتەوەیان دروست کرد. باوئێر لە درێژەدا دەڵێ چونکی یەکگرتووی نەتەوەیی لەسەرەوەڕا دادەسەپا، کۆمەڵانی خەڵک تێیدا بەشدار نەبوون. شار و ناوچە جۆراوجۆرەکان بەرهەمی کاری داسەپاوی کاپیتالیزمن، لە کۆتاییدا بەرەو بەش بەشی تێکئاڵاقاوی ناوچەیی جیاواز دەچن، بۆیە دەرفەتی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی فەرهەنگی نەتەوەیی لە حاڵی شکڵگرتندا نابێ.
چارەسەری ئەم کێشەیە چیە؟ باوئێر بۆ شرۆڤەی ئەم کێشەیە "جێبەجێکردنی پرەنسیپی نەتەوەیی" پێشنیار دەکا، کە دەسەڵاتداریتی هێزێکی فیدرالی دەرەکییە دەبێ خزمەتی کۆمەڵگە خۆجێیەکان بکا. لە حاڵێکدا نوێنەرایەتیی دامەزراوە نەتەوەییەکان بەرپرسی کاروباری پێوەندیدار بە فەرهەنگ و ژیانی نەتەوەی خۆیانن، دەوڵەتی فیدراڵ دەبێ لە خەمی کاروباری دەرەوە و ئابووری نێوخۆیی لە نێوانی نەتەوە جیاوازەکاندا بێ. بۆ بەرەنگاریی ئەو کێشە ئابوورییانەی نایەکسانی نێوان ناوچەی دەوڵەمەند و هەژار هۆکارێتی، ئەندامانی نەتەوەیەک دەتوانن بگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی (کۆ_نەشناڵ) بەپێزترن، بەبێ ئەوەی وڵاتەکەیان بچووک بکەنەوە یان گرووپەکانی دیکە بۆ بەرینکردنەوەی وڵاتەکەیان وەدەر نێن.
کاتێک ڕۆزا لۆگزامبێرگ سۆسیالیستی لەهێستانی لەسەر پێچەڵاوپێچیی پرسی لەهێستان کاری دەکرد، بە وریاکردنەوەی لە لایەنە نەرێنییە گریمانەییەکانی جیابوونەوەی وڵاتێکی هەژار و ڕەوتە ئیلیتخوازانەکان، پێگەی مافی گشتی زیاتر گرنگی پێ درا. لەهێستانییەکان وەک ئۆسترییەکان کێشەی نەتەوەییان هەبوو. لەهێستان پاش ئەوەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا زۆر جاران لە لایەن ڕووسەکانەوە سەرکوت کرابوو، دوای شۆڕشی ١٩٠٥ی ڕووسیە هیوا و هۆمێدیان بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین تێدا زیندوو بوویەوە. لە باڵی ڕاست، یەکیەتیی لەهێستان بە ڕێبەرایەتیی ڕۆمەن دمۆوسکی تۆخ ناسیۆنالسیت (بە واتایەکی دیکە فاشیست) پشتیوانیی لە خەباتی لەهێستانییەکان دژی ڕووس و ئوکراین و هەروەها جووەکانیش دەکرد. لە باڵی چەپیشدا، پارتی سۆسیالیستی لەهێستان، لەژێر دەسەڵاتی جۆزیف پیلدودسکی، لە لەهێستانێکی سۆسیالی سەربەخۆدا ئەگەری نابوتی تزاریزمی پاشڤەڕۆی ڕووسی دەبینی. ڕۆزا لۆگزامبۆرگ بە دژایەتیکردنی هەرتک دمۆوسکی و پیلدودسکی، وێڕای پارتی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیە، هێرشی کردە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی لەهێستانییەکان. ڕۆزا لۆگزامبێرگ ئیدیعای کرد هەر چەشنە هاوپەیمانییەکی نێوان چینی کرێکاران و ناسیۆنالیستەکانی لەهێستان، یا ئیلیتە ناسیۆنالیستەکانی بۆرژۆوازی لە هەر وڵاتێکی سەرکوتکراودا، دامەزرداندنی ڕێژیمە سۆسیالیستییەکانی داهاتوو دەخاتە مەترسییەوە. بەڵگەکانیشی بەربێژی چارەنووسی خەبات و تێکۆشانەکانی دژە کۆلۆنیالی نێوەڕاستی سەدەی بیست بوو.
"بزووتنەوە نەتەوەییەکان" و خەبات بۆ "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" بزووتنەوەی چینایەتی توێژی دەسەڵاتداری بۆرژوایین، کە لە هەر بابەتێکی دیاریکراودا تا ئەوەی جێیە نوێنەرایەتی چین و توێژەکانی دیکە دەکەن لە چوارچیوەی "بەرژەندییە نەتەوەییەکان" وەک فۆرمی پێشکەوتووی گەشەی مێژوویی و تا ئەوکاتەی چینی کرێکار هێشتا خۆی لە هەڕەمەک "نەتەوە" (بە ڕێبەرایەتیی بۆرژوا) وەک چینێکی سیاسی سەربەخۆ و ڕووناکبیر جیانەکردۆتەوە.
سەرەڕای ئەوەش ڕۆزا بە چاولێکەری لە مارکس و ئینگێلس پێیوابوو مافی چارەی خۆنووسین، چەمکێکی دەرهەست (ئەبستراکت) و بێهودەیە، چونکی "هەلومەرجی ماددی ژێنگە لە قۆناخێکی مێژووی دیاریکراودا" لەبەر چاو ناگرێ. بۆیە ئەو مافە بە قەدەر مافی ئەوەی پیاو دەبێ دە قاپ و قاچاخی زێڕین خواردن بخوا، کە هەروەک نیکۆلاس چیرنیشێڤسکی نووسیوێ، ئەو هەرکات ئامادەیە بە تاکە ڕوبلێک بیانفرۆشێ، پێ فشەیە. لۆگزامبۆرگ پشتیوانی دژایەتی خێرای مارکس و ئینگێلس دژی ناسیۆنالیستەکانی باڵکانی سڵاڤەکان دەکا و لەپشت مانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییە. ڕۆزا ئاماژە بەوە دەکا کە مارکس و ئینگێلس لە ڕوانگەی ماتریالیزمی ئابوورییەوە پشتیوانی لە بزووتنەوە نەتەوەییەکان دەکەن، نەک لە ڕوانگەی فۆرمولی هەتا هەتایی لیبرالیزمەوە بۆ نەتەوەخوازی.
دیارە نابێ پێمانوابێ ڕۆزا بڕوای بە هیچ چەشنە پووانێکی مافی چارەی خۆنووسین لە بەرەی سۆسیالیستدا نەبوو. بەگشتی "هەڵوێستی سۆسیالیستەکان لەسەر پرسی نەتەوەیی سەرەتا پێوەندی بە بارودۆخی کەیسێکەوەیە، کە لەسەر وڵاتی جیاواز جیاوازە. ڕۆزا پێیوایە سەربەخۆیی سیاسی کاتێک بۆ قسە لەسەرکردن دەبێ کە خەڵک لە بواری ئابوورییەوە سەربەخۆ بووبن و بەتایبەتیش توانای کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکانیان هەبێ. بۆ وڵاتانی دواکەوتووی وەک لەهێستان و چیکۆسلۆڤاکی ئەو مافە یۆتۆپیا بوو. لۆگزامبۆرگ بە هێرش بۆ سەر نەتەوەخوازەکانی سەردەمی خۆی، بەڵگەی دەهێنایەوە کە جیابوونەوە لە ڕووسیە لە کۆتاییدا بەرژەوەندی پرۆلیتاریای لەهێستان لاواز دەکا _ بە درێژەکێشانی بەستراوەیی ئابووری بە ڕووسیەوە وەک هاوبەشێکی بازرگانی بچووک_ و توانای ئەوان بۆ هاوخەباتی هاوشانی کرێکارانی ڕووس دژی ئۆتۆریتەخوازی ڕووسیە دادەبەزێنێ.
دیارە هەموو سۆسیالیستەکان دەگەڵ ڕۆزا هاوبیر نەبوون. لنین کە لەسەر خواستی سەربەخۆییخوازانە بەپاریزەوە دەدوا، ڕێژە و ڕادەی ئەو سەرکووتەی نەتەوە بندەست و داگیرکراوەکان چێشتوویانە، "هاوپەیمانی و یەکگرتنی تاکتیکی" دەگەڵ ئیلیتەکانی بورژوا دێنێتە گۆڕ. لنین بە ڕەتکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆزا لەسەر سەربەخۆیی لەهێستان مارکس بە بەڵگە دەهێنیتەوە کە پێیوابوو وڵاتە سەربەخۆکانی ئەگەری زیاتریان بۆ پێشکەوتن و مودێرن بوون هەیە، بۆیە ئەویش ئەگەری هاوپێوەندی نەتەوەیی و پاشان هاوپێوەندیی چینی کرێکار زیاتر دەکا. بەم حاڵەشەوە، لنین لۆمە و سەرکۆنەی ڕۆزا دەکا کە پێگەییشتووی ئابووریی تەنیا ستانداردی پاساوی ئازادیی نەتەوەیی نیە.
"ناتوانین بڵێین ئایا ئاسیا بەر لە ڕووخانی کاپیتالیزم، کاتی پێویستی هەیە وەک ئورووپا ببێ بە کۆمەڵە وڵاتێکی سەربەخۆ یان نا، بەڵام ئەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کاپیتالیزم بەر لە ڕاتڵەکاندنی ئاسیا، بزووتنەوەی نەتەوەیی لەم وشکارۆیە هەڵخڕاندوە، یان ئەوەی ئەم بزووتنەوانە بەرەو دروستکردنی وڵاتە سەربەخۆ دەچن، باشترین هەڵومەرج بۆ گەشەی کاپیتالیزم لە لایەن ئەم دەوڵەتانەوە گرەنتی دەکرێ.
دیارە ئەوە بەو واتایە نیە لنین هەموو جۆرە ناسیۆنالیزمێکی بەدڵ بووبێ. ئەو پێیوابوو ناسیۆنالیزم لە "سەرەوە" دەگەڵ ناسیونالیزم لە "خوارەوە" ڕا جیاوازە و، ناسیونالیزمی سەرکووتکەری ڕووسیەی تزاری لە ناسیونالیزمی پاساوهەڵگری لەهێستان هەڵداوارد. لێنین سەبارەت بە نەتەوەیەکی سەرکوتکراو هانی کرێکارانی دەدا کە هاوپەیمانی تاکتیکی دەگەڵ لایەنە بورژواییەکان پێک بێنن. لێنین هەروەها وڵامی ڕۆزا لۆگزامبۆرگیشی دایەوە کە حاشاکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس "وەک بەرگریکردن لە پوانەکانی نەتەوەی باڵادەست و شێوازە پۆلیسییەکانێتی بۆ بەڕیوەبەری لە بەرانبەر شیوازە دیموکراتیکەکاندا". هەر بۆیە، لێنین داوای لە وڵاتە سۆسیالیەستییەکان و پرۆلیتاریای وڵاتانی ئیمپریالیست کرد یارمەتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان بکەن. ئەو چاوی خشاندەوە بە دروشمە بەناوبانگەکەی مارکس و "داوای لە کرێکارنی هەموو وڵاتان و هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکان کرد یەک بگرن!" کە زۆربەی ڕێبەرانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازنەکانی جیهانی سێیەم دواتر وەشوێنی کەوتن.
ئەگەرچی ڕەخنەی سۆسیالیستەکانی لە بێ ئەملاوئەولابوونی مافی چارەی خۆنووسین لە وێژەمانی مافی مرۆڤ و بەڵگە حقووقییەکاندا پشتگوێ خراوە، بەڵام لە تاقیکاری زەمەندا سەربەرز بووە. ئەگەرچی لێنین و دواتریش ویلسۆن یارمەتیدەری گەشبینی پێویست بوون بۆ نەتەوە سەرکوتکراوەکان هەتا داوای مافی چارەی خۆنووسین لە ئیمپریالیزمی هەوسارپچراو بکەن، لۆگزامبورگ هۆشداری دەدا کە زۆبەی ولاتە تازە بنیاتنراوەکان لە بواری ئابوورییەوە زۆر لاوازن هەتا بتوانن سەرەوەریی ڕاستەقینەی خۆیان بپارێزن و لەمەڕ هاوپەیمانی خەڵکی دەگەڵ ئیلیتەکان یان بۆرژوازیی نەتەوەخوازی بەرژەوەندیخواز دڕدۆنگ بوو. لۆگزامبورگ پێی وابوو ئەم چەشنە یەکگرتنانە زیاتر بەقازانجی ئیلیتەکان و هەروەها بناخەی ستەم و داگیرکاری پتەوتر دەکەن. چونکی دیارە لە هەر سنوورێکی دیاریکراودا کە سەرچاوەکان نادادپەروەرانە دابەش دەکرێن، دابەشینی ئەو وڵاتانەی هەن، وەک ئەوەی لە ١٩٩٠ی یۆگۆسلاڤی پێشوودا دیتمان، بەدڵنیاییەوە لە قازانجی نەتەوە سەنترالی ناوچەیی بەسەر نەتەوەکانی دیکەد دەشکێتەوە. ڕەنگە هەروەک لێنین ئاماژەی پێدەکا، مافی چارەی خۆنووسین بۆ دەوڵەتە بەکۆلۆنیکراوەکان پێویستی بووبێ. بەڵام لە سەردەمی بەجیهانیبووی تیکئاڵقاوی ئەمڕۆدا کە سەروەریی دەوڵەتان کز و لاواز بووە، ئۆتۆنۆمیی فەرهەنگی لە فێدراتیڤێکی فرەنەتەوەدا ئاڵتەرناتیڤێکی باش و گونجاوە بۆ چارەسەری مافی مرۆڤی پێوەندیدار بە مافی دیاریکردنی چارەنووس.
بەگشتی تێگەیشتنی تایبەتگەرایانە و لێڵکردنی مافی مرۆڤ _کە لە چوارچیوەی "بەرژەوەندی نەتەوەیی"، تەناهی نەتەوەیی"، مافی "دیاریکردنی چارەنووس" یا "مافە فەرهەنگییەکان" بیچم دەگرن_ بە توندی مافی مرۆڤی یونیڤێرساڵ دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر، لە بنەڕەتدا، لێکدانەوەی فلێکسیبلی مافی مرۆڤ ئاماژە بە پیکهەڵکردن دەکا، چەمکە هەڵدێرەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە قازانجی بەهێزەکانن. باوئێر، لینین و لۆگزامبورگ چوارچێوەیەکی باس و گەنگەشەیان پێکهێناوە کە دەبێ ئێمە درێژەی پێ بدەین و، ئەو پرسیار و ڕوانگە ڕەخنەییانەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە باسیان کردوە کە دەبێ کەی و لە قازانجی کێ مافی چارەی خۆنووسین پاساو بدرێن.
چەمکە لیبرالییە هاوچەرخەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە چ لەبابەت ماف بە نیشتمانەوە یا مافی دەنگدان، یانیش سەبارەت بە هەوڵ و تێکۆشان بۆ لغاوی نابەرابەری ئابووری یان سنووردارکردنی شەڕ بە هزر و بیری سۆسیالیستییەوە گووراون یان بەهێزکراون. لەڕاستیدا، سەرەڕای ئەو ئیدیعا تێپەڕانەی لەسەر ئەوە دەکرێن ئیدی کۆتایی شەڕی سارد واتە سەرکەوتنی لیبرالیزم بەسەر چەپدایە، یان مافی مرۆڤی ئێستا وەک لیبرالی پێشان دەدرێ، لە ڕاستیدا بەرهەمی ئاوات و ئارمانجە سۆسیالیستییەکانی سەردەمی بەپیشەیی بوونی سەدەی نۆزدەیەم و دژایەتی ڕوو لەگەشەی ئیمپریالیزمی سەرەتای سەدەی بیستەمن.