کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڵانە تاریکەکانی زەینی توتالیتەریزمی ئیسلامی

00:31 - 8 گەلاوێژ 2725

داڵانە تاریکەکانی زەینی توتالیتەریزمی ئیسلامی

 

ڕۆژبین ڕۆژهەڵاتی

کاتێک سیستەمێکی توتالیتەری وەک ڕێژیمی بناژۆخوازی ئێرانی، بەرهەمی شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران بەفرت و فێڵ زەوت دەکات و دەبێتە دەسەڵاتێکی داسەپاو و پاوانخواز و لەدژی هەرجۆرە پڕەنسیپێکی مرۆیی دەجووڵێتەوە-چونکە لە ڕێگای یاسەگەلی دێموکڕاسییەوە نەهاتوەتە سەر تەخت، چەمکی "ترس" ئاوێتەی ڕۆحی نگریسان دەبێ: ترس لەدەستچوونی دەسەڵات، ترس لەسەر هەڵدانی جەماوەر و ئاخێزی گەلانی ژێر دەست. هەر بۆیە ئاسوودەیی و ئاسایش بەخۆیانەوە نابیننن و شەو و ڕۆژ لە هەوڵی قەیران و تەڵەکە و ئاژاوە نانەوەدان.

 هەر کردارێک لەچوارچێوەی سیاسەتێکی ئاوەزتەوەری ئەخلاق‌مەند نەبێ، بێ‌شک ترس و فۆبیایێک دەبێتە دۆڵپای سەر شانت. بەو پێیە هەموو هەوڵی ئەو ڕێژیمە لەمەڕ دوورخستنەوە و سڕینەوەی ئەو فۆبیا و ترسە کوشەندەیە لەخۆیەتی. هەربۆیە چەمکی "ترس" بۆ ئەم دەسەڵاتە بووەتە بەستێنی زۆربەی تاکتیک و ستڕاتێژیەکانی و گەڵاڵەکانی لەسەر ئەم بنەمایە دادەڕێژێ. بۆیە بەدایمە ویستوویەتی مۆتەکەی "ترس" بەرداتە ڕۆحی کۆمەڵگە و لەوپێناوەدا چەند ئامانجێکی مەبەستە:

١. پەرتەوازەیی و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.

٢. کوشتنی "متمانە" و بێ‌بایخ کردنی "ڕاستی و ڕاستگۆیی" و پەڕەپێدان بە چەمکی "درۆ" وەک ئۆبژەیێکی دژە لۆژیک.

٣. فۆبیا و ترس بکاتە ڤایرۆسێکی ترۆمایی و هەست و سۆزی کۆمەڵگە ئاژن ئاژن بکات.

٤. لەهەموان گرینگتر، تێکشاندنی شکۆی چینی هەڵکەوتە و دەستەبژێر.

یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی وەها دەسەڵاتێک ئایدیۆلۆژیک بوونیەتی. خسڵەتی ئایدیۆلۆژیک بوون یانی نەگۆڕ بوون و قەتیس‌مانەوە و داچۆڕان لە هەموو بەها و پرەنسیپە ئینسانییەکان لە چوارچێوەی هزرێکی توندئاژۆی شیعیزم‌دایە و دژی هەرجۆرە فرەڕينگی و دەنگێکی جیاوازە.

- توتالیتەر، جگە لەخۆی هیچ سیمایەک نابینێ: "ڕیش و پەشم و دزێوی و مڕوومۆچی."

- جگە لەدەنگی خۆی هیچ دەنگێ نابیستێ:"دەنگی مەوعیزەی شیعیزم و نۆحە."

- جگە لە هێمای خۆی هیچ ناسنامەیەک ناناسێ: "جبە و عەبا " و  شەیدایی "فێتێشیزمfetishism  ".(تشت‌باوەڕی)

بەگشتی ڕێژیمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین خاوەن دەسەڵاتێکی تاک حیزبی یان تاک ڕێبەرین. واتا دەسەڵات قۆرخ کراوی دەستی تاقم و بنەماڵەیەکە. بەقەولی "ماکس‌ ڤێبەر" ئەم جۆرە دەسەڵاتانە پاتڕمۆنیالیزم (باوک‌میرات). ڤێبەر چەمکی "باوک سالاری" بۆ حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەست نیشان دەکات و هیچ تیشکێکی دێموکڕات بوونیان تێدا نابینێ. ئەو سیستمانە کە خاوەنی تایبەتمەندی گەلێکی وەک: حکومەتی نیزامی، دەسەڵاتی میراتگر، تاک ڕێبەری، تاک حیزبی، دەسەڵاتی لەڕادەبەدەری بنەماڵەیی و بێ مانابوونی یاسا. لەوبەینەدا دەسەڵاتی فاشیستی ئاخوندینیزم بەهۆی کەڵکاژۆەرگرتن لە زانستی سەردەمییانە جیا لە توتالیتەربوونی چەند تایبەتمەندیەکی‌ تریش بۆخۆی دەستەبەر کردوە: 

١. نیوپاترمۆنیالیزم (باوکی گەل) خامەنەیی پێی وایە ئەگە ئەو، ئامۆژگاری نەکات و ڕێباز و ڕێچکە دانەنێ، وڵاتی ئێران هیچ! هەموو کۆمەڵگەی جیهانیش تەفروتوونا دەبێ.

٢. نیوکلۆنیالیزم (داگیرکارێکی مۆدێڕن) ئەو سفەتە میراتێکە لەلایەن دوو دەسەڵاتی پەهلەویەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە بناژۆخوازە ماوەتەوە و جیا لە نەتەوەیی نرخاندنی "ئێران" ئایدۆلۆژی ئیسلامی/شیعەشی پێوە لکاندووە.

٣. تەقیە. چونکە "تەقیە" بووەتە یەکێ لە هێماکانی ئەم دەسەڵاتە، هەرجۆرە ناڕێکی و ناجوامێریێکی لێدەوەشێتەوە. بەهۆی چەمکی "درۆ"وە قەوارەی ئەو دەسەڵاتە لەهیچ فۆڕمەیشێنێکی سیاسی و دەوڵەتداریەتی‌دا جێی نابێتەوە و کورد گوتنەی بەهەزارسەر دەڕوات. درۆ و چەواشەکاری ڕەمزی پۆپۆلیستیانەیە و بەهەمەجۆرە پڕۆپاگەندەی بۆ دەکات. کاتێک دەڵێین "بە هەزار سەر" دەڕوات بەو مانایەیە کە بۆ چەواشەکاری و فریو، سەرلێشێواوی و ئاڵۆزی فکری دەخاتە کۆمەڵگەوە و ناهێڵێ "تاک" بەئاسوودەیی بژی و بیربکاتەوە کە چۆن بەرهەڵستی سیاسەتەکانی بێتەوە. کێشە و گرفت تاک و کۆی کۆمەڵگە جەوێکی تاڵ و ڕەشی وا دەخوڵقێنێ کۆمەڵانی وەزاڵە هاتوو دەرەتانی دژکردەوەیان نەبێ. بۆ چەواشەکاری و سەرلێشێواندنی بیروڕای دەرەوە سیمایەکی ئەمڕۆیی لەخۆی نیشان دەدات. وەک:

ـ  ڕوخسارێکی دێموکڕات دەخاتە ڕوو، ساڵ نیە هەڵبژاردنێکی جۆراوجۆر بەڕێوە نەبات. سەرۆک کۆماری، ئەنجوومەنی شاروگوند، نوێنەرانی پاڕلمان، "مەجلیسیی خوبرەگان" هەموو لایەکیش دەزانین هیچکام لەو لایەنانە تەنیا داوەڵێکن و دەستیان کراوە نیە.

ـ  بەڕواڵەت خاوەن سیستمێکی دێمۆکڕاسیە. واتا دەسەڵات بە سێ بەشیی جیاواز دابەشکراوە. دەوڵەت(مجریە)، یاسادانەر(مقننە) و دادوەری (قضائیە). بەڵام تەنیا کەسی یەکەم واتە "وەلی ئەمری موسلەمینی جیهان"! خامنەیی و دوای ئەویش سپای پاسداران دەستەلات‌داری سەرەکین و ئەو ناوەندانە بەڕێوەدەبەن و گوێ لەمستن.

توتالیتەری ئاگۆئیسمی (تەواویەتیی‌خوازی خودتەوەر) ئێرانی تاقە ڕێگای مانەوەی خۆی لەوەدا دەبینێ کە ترس و فۆبیا بەسەر کۆمەڵگە بسەپێنێت و وەک نەریتێکی لێ بکات. ئەویش بە تۆقاندن و شەڕاژۆیی و پەڕەپێدان بە ئاناڕشیزم لە قووڵایی کۆمەڵگەدا. کاتێک فۆبیا باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشا، ئاستی بەرگەی کۆمەڵگە کەم دەبێتەوە و توانستی بڕوابەخۆ بوونی تاک‌بەتاکی جەماوەر دادەبەزێ. ئامانج لە تاکتیکی دەسەڵاتی ئۆلی‌دژەبەهای ئێرانی ئەوەیە و ئەوە بووە کۆمەڵگەیەکی پاسیڤ و سەرنەخون و گوێ لەمست و دیل بخوڵقێنێ. هەربۆیە کاتێک خەسارناسی وەها دەسەڵاتێک شرۆڤە دەکەی، هەمیشە خوازیاری کۆمەڵگەیەکی دژەبەها و بێ ئەخلاق بووە و  بەتەواوەتیش هەوڵی بۆ داوە. چونکە لەوەها دۆخێکدا کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە پێک دێت و کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە و هەموو ددانەچیڕەیانە لەگەڵ یەکتری و ئەوەی بایەخی نابێ کێشە و گرفتەکانی گشتییە کە داوێنی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. هەربۆیە دەبینین دادگاکانی بەناو دادوەری ڕێژیم لە سکالا و کەیسی شەڕ و پێکهەڵپڕژانی خەڵک جمەی دێ. لەو حاڵەتەدا دەسەڵات بێکار دانانیشێ و دایمە خەریکی هەڵسەنگاندنی پەرچەکرداری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە و خەریکی پیلانگێڕانی جۆراوجۆرە بۆ پاسیڤ کردنی کۆمەڵگە. لەوەها دۆخێکدا نابێ پلانەکانی دەسەڵاتی پاوانخواز ببێتە بەها و لەسەر خەڵکی ببێتە ماڵ، کۆمەڵگە دەبێ دژکردەوەی هەبێ و ئاسایش و خەونی ئارام لەچاوی دەسەڵاتداڕ بزڕێنێ. بەقەولی "هانا ئاڕێنت": "نابێ وانیشان بدرێ هیچ دەستەلاتێکمان نییە و دەبێ هێزی بەربەرەکانێ لەنێو خەڵک‌دا بەزیندووی ڕابگیرێ." واتا هەمیشە دەبێ دەسەڵاتدار لە هێزی کۆمەڵانی خەڵکی بترسێ و حییسابیان لەسەر بکات. لەدرێژەدا دەڵێ: "ئەوەی دەبێتە هۆی شپرزەیی و لێکترازانی ڕیزەکانی بەربەرەکانی کۆمەڵگە، نەبوونی متمانە‌پێکردنە لەگەڵ یەکترییە." یانی کاتێک دەسەڵات هەست بەوە بکات لەکۆمەڵگەدا "بڕوا و متمانە" بایەخێکی نەماوە و کەس ناتوانێ پشت بەوەی دیکە ببەستێ، ئەوە جێژنی توتالیتەرە و قەیرانی ڕەشی کۆمەڵگەیە. باشترین پلان بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەم گرفتە چالاک کردنی دامەزاوە مەدەنییەکان و گەرم کردنی ڕەوڕەوەی خەباتی مەدەنی و هەروەها هاوتەریبی و هاوئاهەنگی چالاکی حیزب و پارتە کوردییەکانە لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی چالاکییە مەدەنییە ناوخۆییەکان.

کۆمەڵگە ئۆرگانیزمێکی زیندوە، مێشکی ئەو ئۆرگانیزمەش چینی هەڵکەوتەیە. ئەو چینەی بۆ هەرجۆرە پێشهات و خۆدەرخستنێکی چاوەڕوانکراو و چاوەڕوان‌نەکراو پێشەنگە. توتالیتەری ئیسلامی شیعە بۆ ئەوەی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بێ و هێژمۆنی و شکۆی ئەو چینە بشکێنی و کەسایەتییان بڕووخێنێت، چونکە چینی مامناوەندی و ئێلیتی کۆمەڵگە، ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵای پەروەردە و بارهێنانی ئەندامانی کۆمەڵگەیان لەئەستۆیە. توتالیتەری سانتڕاڵخوازی پارێزکار لەقورسایی و هێزی ئێلیت ئاگادارە. هەربۆیە خێرا کەوتە تێکشکاندنی ناوەندەکانی ئۆتۆریتەی ئەو چینە. بە دامەزراندن و ڕێکخستنی زانکۆکانی لاوەکی وەک "پەیامی نوور"، "ئازاد" و... پڕستیژی زانکۆکانی تێکشکاند و بە داخستن و تێکەوە پێچاندنی ڕێکخراوە خوێندکارییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگی خوێندکار و زانکۆکانی کپ‌کرد. بۆ نووسەران و بیرمەندانیش ئاستێکی تۆقێنەر و سانسۆری خەستی چێکرد و لەمپەری خستە بەردەم چالاکانی بواری نووسین و هونەرمەندانی کۆمەڵگە. لە کوردستان چونکە پێشینەی چالاکی حیزب و خەباتی مەدەنی لەئارادابووە و کوردستان بەستێنی لەبار بووە بۆ ئازادی و بزووتنەوە و بزاڤی حیزبایەتی و بەکردەوە مانایان بە پلۆڕالیزم و فرەڕەنگی داوە، هەربۆیە دەبینین ڕێکخستن و هەڵسووڕانی خەباتی شار و شاخ نەپساوە بووە و هەرێمێکی ئەکتیڤ و هەڵسووڕ بوونی هەبووە و خەباتی شار و شاخ هاوپێوەندییان هەبووە و زۆربەی تاکتیک و پلانەکانی دەسەڵاتی پاوانخوازی ئیسلامی/شیعە پوچەڵ کراوەتەوە. بۆیە دەبینین هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران کارەکتەرێکی زیندوو بووە و ئاکسیۆن و مانگرتنە گشتییەکان بووەتە نەریتێکی خەباتی مەدەنی و شەقامی شارەکان یەکێ لەناوەندەکانی دینامیزمی خەباتی مەدەنییە. دیتمان کاتێک "ژینا" لە ناوەندی دەسەڵاتی ئێرانی ئیسلامیدا ناجوامێرانە شەهید دەکرێ تاکی کورد و بەتایبەت جیلی نوخبەی کورد بێدەنگ نابێ و شکۆی هەژموونی قالۆرئاسای ئەو دەسەڵاتە فاشیستە دەشکێنێ و دەبێتە پێشڕەو و ئاوانگاردی شۆڕش و خەباتی جەماوەری. ئەوە شکۆی هێز و پوتانسیەلی وزە و ورەی گەلی کوردستانە کە جەماوەری ئێران دێنێتە سەر شەقام و خوێندکارانی زانکۆکانی ناوەند وەخەبەر دێنێ و ورەیان پێ دەبەخشێ. بەڵام خاڵی جێگای داخ و کەسەر ئەوەیە چینی ئێلیت و بەناو ڕووناکبیری ئێرانی/فارس قەت خۆیان ناشکێنن و دان بەو ڕاستییەدا نانێن کە لەلایەن نەتەوەی کوردەوە چەخماخەی شۆڕش لێدراوە. ئەگە لەلایەن دەسەڵاتی ئایینی ئێرانییەوە دوژمنایەتی دەکرێین جێگای گلەیی و سەرسووڕمان نییە چونکە دوژمن دەبێ دوژمنایەتیت لەگەێ بکا، بەڵام ڕوناکبیران و جیلی ئێلیتی ئێرانی/فارس کاتێ سەر هەڵدەسووڕێنن و حاشا لەڕاستییەکان دەکەن جێگای داخ و سەرسووڕمانە و ئالێرەدایە دەبێ تاکی کورد پێداچوونەوە بە تێفکرین و ئەندێشەی خەباتی خۆیدا بکا و خۆی لەو ڕاستییە نەبوێرێ کە نەتەوەی باڵادەست خاوەن مانیفێستێکی مێژووییە پاوانخوازییە و قەت نایهەوێ ببێتە پاشکۆی خەباتی کورد یان گەلانی دیکەی جۆگرافیای ئێران. سەیر ئەوەیە بەدرێژایی مێژووی سەردەمیانە و مۆدێڕنیتە قەت نەبووە لەخەباتی گشتی و جەماوەری ئێراندا نەتەوەی فارس پێشەنگ بن:

 ــ  لەسەردەمی مەشرووتەدا بەختیاری و ئازەری و کوردەکان بوونە سووتەمەنی ئەو شۆڕشە و لەئاکامدا هیچ دەسکەوتێکی سیاسیشیان بۆ دەستەبەر نەکرا.

 ـ  بەهەڵدێرانی ڕزاخانی میرپەنج ئەوە کورد و ئازەری بوون دوو دەسەڵاتی هەرێمی/نەتەوەییان دامەزراند و بەڕووخاندنیشیان تاقە تاکێکی فارس نەتەنیا دژکردەوەیان دەرنەبڕی بگرە خۆشحاڵیش بوون.

لەشۆڕشی گەلانی ژێردەستەی ئێرانیدا لەساڵی ١٣٥٧دا ئەگەر پاڵپشتی گەلانی ئێرانی نافارس نەبوایەت نیزامی پەهلەوی نەدەڕووخا.

 ـ فاکتی هەرەگرینگ، شۆڕشی چەکدارانەی ٤٦-٤٧ حیزبی دێموکڕات بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدایەوە و ناوچەیێکی بەرینی کوردستانی گرتەوە. ئەو شۆڕشە لانیکەم ١٨ مانگی خایاند بەڵام لە کولتووری سیاسی و ڕووناکبیریی ئێرانی و فارسیزمدا بوونێکی ئەوتۆی نییە و بایەخێکی بۆ دانەنراوە. بەڵام لەبەرانبەردا سەیر ئەوەیە ڕووداوی "سیاهکەل" لە ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٤٩دا سەرهەڵدەدا و سەرجەم ٢٢ کەس لەو سەرهەڵدانە ئامادەبوون و دوای پێکدادنێکی چەند ڕۆژە و بە کوژرانی ئەو پۆلە شۆڕشگێڕە لاوە چەپانە کۆتایی پێ‌دێت. لەو ساڵەوە هەتا ئێستا "سیاهکەل" هەر بەزیندوویی ڕاگیراوە و دەیان و سەدان فیلم و دەق و وتار و چیڕۆکی لەسەر نووسراوە و لە ئاوەزی فارسدا بەردەوام شرۆڤە و تاووتوێ دەکرێ. بەڵام جێگای داخ ئەوەیە ئێستاش لایەنێکی کەمی ئێرانییەکان لە شۆڕشی ٤٦-٤٧ کوردستان ئاگادارن و بە لۆکاڵی و نەتەوەیی! باسی دەکەن ڕاستە لەو پێناوەدا کۆمەڵگەی کورد و حیزبە سیاسییەکان هەتا ئاستێک تاوانبارن، بەڵام ئەوە دەرخەری بێ‌بایەخی و بەسووک چاو لێکردنی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی کوردە کە ئێرانییەکان بەو جۆرەی پێویستە لێی ناڕوانن و نیشاندەری پاڕادۆکس‌بوونی گوتار و کردادریانە.

لەلایەکی دیکەوە بەگشتی لە جۆغڕافیای ئێراندا بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی ئاریستۆکڕات و نالۆژیکانەیە کە نەتوانراوە خوێندنەوەیەکی ناناوەندی لێ بکرێ و کۆمەڵگەیەکی فرەڕەهەند بەرەو دێمۆکڕاسی بەرهەم بێنێ.

لە شۆڕشی ژینادا کوردستان سەلماندی کە دەروازەی شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەرە و خاوەن وێژمانی تایبەتییە و لەخۆی ڕادەبینێت هیوای بوون و هەرمان بە کۆمەڵگەی کوردستانی و ئێران ببەخشێ. لەهەمووان گرینگتر دەسەڵاتی ئۆلی شیعە زۆرباش لەو ڕاستییە ئاگادار بوەوە کە بەدرێژایی ٤٧ ساڵ تەمەنی نگریسی نەیتوانیوە دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد کپ بکات و نەیتوانی حاشا لەو واقیعە بکات کوردستان خاوەن حیزب و ڕێکخستنی سەردەمیانەیە و دێموکڕات‌بوون چەمکێکی حاشا هەڵنەگرە و لەتان و پۆی گەلی ڕۆژهەڵاتدا تەندراوە و کوردستان پاڕادایمێکی جیاواز و سەنگینە لەچاو کۆمەڵگەی پاسیڤی ئێرانی. بۆیە دەبینین و لەکەس شاراوە نییە قورسایی هێزی نیزامی لەکوردستان چەند قاتە و بە بچوکترین جووڵەی شەقامی شار و بە ڕاگەیندراوێکی حیزبەکانی کوردستان تاولەرز دایدەگرێ و دەکەوێتە پلان و پیلانی جۆراوجۆر. تەپک و بڵیندایێک نییە کە شوێنی پایەگایەکی داگیرکەرانی ئێرانی پێوە دیار نەبێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتە مەکۆیەکی سەربازی و بەتەواوەتی میلیتاریزە کراوە و تەنانەت زۆربەی بەڕێوەبەرانی ئیدارە و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە ئەندامانی سپا پێک هاتووە یان لەلایەن سپاوە چاوەدێری خەست دەکرێن.

باشترین میناک بۆ تێکڵاویی خەباتی شاروشاخ و گرینگی هێژمۆنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەناوخۆی کوردستاندا، داخوازی ئەو حیزبانەیە بۆ خەباتی مەدەنی وەک مانگرتن و دژکردەوە نیشاندان سەبارەت بە زوڵم و  زۆری لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی دەژەمرۆڤی ئیسلامی ئێران.

توتالیتاریزمی ئێرانی/شیعیزم، بەدرێژایی دەسەڵاتەکەی سەدان و هەزاران ناوناتۆرەی نەگونجاو و نابەجێی بۆ کورد و خەباتە ڕەواکەی هەڵبەستوە. جار نەبووە لە سەرهەڵدان و چالاکییەکدا پیلانێک نەگێڕێ و بەخەیاڵی خۆی بەلاڕێیدا نەبات. دیارە لە دوژمن و نەیار هەر ئەوە دەوەشێتەوە. ئەوە چینی هەڵکەوتە و ڕووناکبیر و خەباتکاری کوردە دەبێ تەتەڵەی ئەو دەسەڵاتە بکات و لەقاویان بدات و بە دوو قسەی خۆش فریو نەخوات. بۆ نموونە و لە دوامین هەڵوێستی بە کردەوەدا، ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کۆی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دژکردەوەنیشاندان لەمەڕ سزای نابەحەقی حوکمی ئێعدام بۆ دوو ژنەچالاکڤانی کورد (وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی) بڕیار درا، بازاڕ و شەقامی شارەکانی کوردستان دابخرێن و بایکۆتی دەسەڵاتی تاران بکەن، ئەگەرچی لەبەر زەبروزەنگ و هەڕەشە و گوڕەشە و گرتن و خولقاندنی کەشێکی ئەمنیەتی لەلایەن ڕێژیمەوە وەک چەندین جاری پێش خۆی بەڕێوە نەچوو بەڵام، هەمیسان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دووکان و بازار بە هێمای ناڕەزایەتی داخران. هۆکار چ بوو وەک جارانی پێشوو بەو گەرموگوڕییە ئەم چالاکییە بەڕێوە نەچوو، جگە لەو وردە هۆکارانەی باسمان کرد لە ژێرەوە ئاماژە بە هەندێک لایەنی دیکەش دەکەم:

یەکەمیان، هەر چالاکی و هەڵسووڕاندن و تێکۆشانێک دوای داڕشتنی پلان، پێویستی بە پڕۆپاگەندە و لێکدانەوەیەکی چڕی هەلومەرج هەیە. لەدنیای ڕاگەیاندنی خێرای ئێستادا دەبێ بۆ وەها کارێکی گرینگ دەستپێشخەربین. لەوپێناوەدا دەبوو ڕەوتە جۆربەجۆرەکان پێش ئەوەی ڕاگەیەندراوەکە بڵاو بکەنەوە لەڕاگەیەنە گشتیەکانی خۆیاندا و لەسوشیاڵ‌میدیادا بەهاوئاهەنگی و هەرکەسە لە شوێنی خۆی پڕۆپاگەندی بەربڵاویان بکردایە و باندۆڕی پلاتفۆڕمێکی بەرین و هاوبەشیان هەبا تاکوو لەباری ڕەوانییەوە گشتایەتیی جەماوەری کوردستان ئامادەی وەها دۆخێک‌ بن. بەڵام تەنیا لە ڕۆژی مانگرتنەکەدا بەخەستی و بە شێوەیێکی ڕاستەوخۆ لە ڕاگەیەنەکاندا تەبلیغیان بۆ دەکرد. ئەو کارە دەبوو چەند ڕۆژ پێشتر ئەنجام درابا.

دووهەم، دیارە لەوەختی هەستیاری وادا دوژمن بێکار دانانیشێ و بێ‌شک خەریکی پیلانگیڕی دەبێ و بەداخەوە لایەنەکانی بەرپرس دەبوو لەسەر هەست‌ بن و بە زیرەکییەوە بەرچاوڕوونی بدەن. دەسەڵاتی هیستریکخوازی ئیسلامیی ئێران هەستی بە جووڵەی فکریی حیزبەکان کردبوو، هەربۆیە پێش ٣ی ڕێبەندان کەیسی "نیان چەڵەبیان"ـی زەق کرد و شاری بۆکانی شڵەقاند و بەو هەواڵە دۆخی شار تەواو ماتەمبار ببوو. دیارە ئەو ڕووداوە یەکجار دڵتەزێن و جەرگبڕە، هەموو لایەکیش دەبێ ئەوە بزانین هاتنە ئارای وەها تاوانێکی قێزەون هەمووی دەگەڕێتەوە سەر سیستمی ئیسلامی/شیعیزمی ئێرانی. چونکە ئەو دەسەڵاتە ئەخلاق و موڕالی مرۆڤایەتی بەجارێ شپرزە کردوە و هەموو بەها ئەخلاقیەکانی ژێر پێ خستوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەڕەی بەوەها دۆخێکی نەخوازراو داوە و کۆمەڵگەی بەرەو لۆمپەنیزمێکی ڕەها هان داوە تاکوو ئانارشیست بوون ببێتە کولتوور. هانا ئارێنێت لە کتێبی "زەبروزەنگ"دا بەجوانی شرۆڤەی ئەم دۆخەی کردوە. هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەڕۆژەکانی یەک و دووی ڕێبەنداندا جەوێکیان ساز کرد کە بۆ ڕۆژی پێنجی ڕێبەندان لە بەردەرکی فەرمانداری بۆکان کۆبوونەوەی جەماوەری ساز دەدرێ بۆ ئەوەی داخوازی خەڵکی بەگوێی کاربەدەستان بگەیەندرێ. داخوازییەکیشیان خستە دەمی خەڵکەوە کە دەبێ بەردەباران! ببێتە سزای تاوانباران. شک لەوەدا نیە وەها تاوانێکی نەشیاو دوور لەئاکاری مرۆڤایەتییە و حەیوان وئاژەڵیش سڵ لەوەها کردەوەیێکی نانەجیمانە دەکاتەوە و دەبێ بە پێی یاسا ــ ئەویش یاسایێکی عەداڵەت‌تەوەر ــ دادگایی بکرێ. بەڵام ئەوەی کە دەبێ لەپێش چاوی خەڵکی بەردەباران بکرێن بانگەوازە بۆ پەڕەپێدان بە شەڕاژۆیی تاکوو شارێک، ناوچەیەک. گەڵێک و نەتەوەیەک  تووشی ترۆما و هیستریکی ڕۆحی ڕەوانی بکرێن. ئەوە  سناریۆیێکە لە داڵانی تاریک و زەینی ڕەشبینی تیئۆریسیەنەکانی کۆماری پەت وسێدارەدا دەئافرێندرێن.

جێی خۆیەتی بۆ ئەوەی ئەو سناریۆ ناجوامێرانەیەی دەسەڵاتی ڕەشەکوژی توتالیتێری ئێرانیمان باشتر بۆ دەر بکەوێ فاکتێکی مێژووی بهێنینەوە. دەکرێ هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێرانیدا بەدەیان فاکتی هاوشێوە و چەواشەکارانە دەستنیشان بکرێ. بەڵام هێنانەوەی فاکتێکی مێژوویی و دوورەدەست و چەندین دەیە لەوەپێش بایەخ و گرینگایەتی خۆی هەیە و دواتر ڕاڤە دەکرێ.

کەم نەبوون ئەو کەسانەی هەوڵێکی یەکجار زۆریان دا بۆ ئەوەی ڕەزا میرپەنج ببێتە شای ئێران و ڕێژیمی پەهلەوی دابمەزرێنرێ لەو بەینەدا بەگشتی چەند سەرکردە و خانێکی عێلی بەختیاری لەو پێوەندیەدا بەتەواوەتی تێکۆشان. یەکێ لەسەردارە گەورەکانی بەختیاری "سەردار ئەسعەدی بەختیاری" بوو. سەردار ئەسعەد بەتەواوەتی لەخزمەمەت ڕەزاخاندا بوو و خزمەتەکانی بۆ بەپایەگەیاندنی ڕەزاخان گەیشتبوە ئاستێکی لەڕادەبەدەر. خزمەتی سەردار ئەسعەد ئاسایی نەبوو بەڵکوو ئەو عاشق و شەیدای ڕەزاشا بوو و لە هیچ خۆشخزمەتییەک خۆی نەدەپاراست. هەرلەوپێناوەدا ڕەحمی بە عێلی خۆشی نەکرد و زۆربەی زۆری سەرۆک عێل و سەردارەکانی ڕاپەڕیوی بەختیاری لەدژی ڕەزاشای فریو دا و هەموویانی لەپێناو دەسەڵات سەرکوت کرد و بەکوشتی‌دان. دەستخۆشانەی ئەو خۆفرۆشییانە بەدەستەوەگرتنی وەزارەتی شەڕ بوو. سەردار ئەسعەدی عاشقی ڕەزاشا بەخەیاڵیشیددا نەدەهات ڕۆژێک بکەوێتە بەر غەزەبی شا و بەدەستی دوکتور ئەحمەدی لە زینداندا بکوژرێ. چونکە ئەو فەلسەفە و گشتایەتی دیکتاتۆڕی نەناسیبوو ساویلکەیی و پلە و مەقام وەها بەرچاویان تەنیبوو و نەیدەزانی لە قەوارەی دیکتاتۆڕ "متمانە" مانایەکی ئەوتۆی نییە و دیکتاتۆڕ بەقای بۆ کەس نابێ و حازرن نەزیکترین کەسایەتییەکانی دەورووبەری خۆشیان بکەنە قوربانی دەسەڵاتەکەیان. چونکە لەو دەسەڵاتانەدا شەهید د. قاسملوو گوتەنی : "تاک دەبێتە مۆرە." مۆرەش تا وەختایەک کەلکی هەیە تاکوو کاریان پێیەتی. سەردار ئەسعەد نەیدەدی خزمەتکارانی ڕەزاشا یەک لەدوای یەک گەردنیان دەکەوێتە بەرتیغی ڕق و بێ‌بەزەیی دەسەڵاتی موناڕشی پەهلەوی. یان ڕەنگە دواتر لەبەندیخانەی قەسردا ئەو ڕاستییەی بۆ مەعلووم بووبێ بەڵام تازە کار لەکار ترازاوە. مرۆڤی خۆبین و نەفس‌نزم هەتا مەرگی خۆی هەست پێ نەکات باوڕی هەر بەدەسەڵاتی کلۆنیالیزم هەیە.

شێخ خەزعەل، تەیموورتاش، نوسرەتولدەولە و دەیان کەسی دیکە هەموویان کەوتنە بەرشاڵاوی ڕەشەکوژیی ڕەزاشا، بەڵام سەردار ئەسعەد هەر وشیار نەبۆوە. ئاخریەکەی لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣١٢ لەکاتێکدا لە شاری گورگان شان بەشانی شا دەڕۆیشت و بەمنەتەوە هەنگاوی هەڵدێناوە قۆڵبەست کرا و لە زیندانی قەسری تارانیان کرد. ئاخرەکەی دوای چوار مانگ لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣١٣دا بە دەرزی ژەهریان کردە باسکی و بەجەزیا کوشتیان.

 سەردار ئەسعەد بەهۆی سەرداریەتیی بەشێک لەعێلی بەختیاری و هەروەها بەهۆی نزیکایەتی و وەزیر بوونەیەوە ناوێکی دیار و کەسایەتیێکی ناسراو بوو. هەربۆیە پێش ئەوەی هەواڵی مەرگی سەردار ئەسعەد ڕابگەیەندرێ، بۆ شوێنەونکێ و دیزەبەدەرخونە کردنی ئەو هەواڵە، ڕۆژنامە سەرنوخون و چڵپەخۆرەکانی ئەو سەردەمی تاران بە تین و تاوێکی سەیرەوە هەواڵێکی تەواو جیاوازییان بڵاو کردەوە تاکوو کوشتنی سەردار ئەسعەد بکەوێتە ژێر لچەوە. ڕۆژنامەکان کەوتنە باس و شەرحی "ئەسغەر ئاغا" قاتڵی بەناوبانگی ئەو سەردەم. کە دەستدرێژی کردبووە سەر دەیان منداڵ و تازەلاو و لاقەی کردبوون. هەواڵەکەیان هێندە بە بەربڵاوی بڵاو کردەوە کە دار و بەردیش باسی تاوانەکانی ئەسغەرئاغایان دەکرد. هەربۆیە نەتەنیا کوژرانی سەردار ئەسعەد کاری نەکردە سەر زەینییەتی خەڵکی بەڵکوو دوابەدوای کوژرانی سەردار ئەسعەد چەندین کەسایەتی و سەردارانی عێلی بەختیاری و تەنانەت برای سەردار ئەسعەد کە نوێنەری پاڕلمانیش بوو گیران و یان لەزینداندا ڕزێندران یان کوژران.

ڕەنگە بگوترێ فاکتی سەردەمی ڕزاشا چ پێوەندیێکی بە ڕووداووی ئێستاوە هەیە؟ بۆ ڕووداوێکی ئەم سەردەمە بۆ دەبێ باس لەمە بکرێ:

١. وەک دەبینین لە هەردوو سەردەمی پەهلەوی و دەسەڵاتی ئاخوندیدا یەک ڕەهەند و یەک ڕێچکەی کۆلۆنیالیستییان سەبارەت بە نەتەوەژێردەستەکانی جوغرافیای ئێران ڕەچاو کردوە و لەلای ئەوان ئیدیۆمی "متمانە" و "باوەڕ" مانایەکی ئەوتۆی نیە و نەتەوەی سانتڕاڵ‌تەوەری باڵادەست، نە بە خزمەتی تیۆری و بە زمانی، نە بەکرداری وپڕاکتیکانە هیچ متمانە و باوڕێکی بە نەتەوە ژێردەست و چەوساوەکان نیە و بەو ئاکارانە گەرەکیەتی مەزنایەتی و باڵادەست بوونی خۆی بسەلمێنێ و هەستی شایی‌بەخۆبوون لەناخی مرۆڤی ژێردەستەدا بخنکێنێ و ئەو باوڕە چەوتەی تێدا بگوورێنێ کە گەلۆ! من تاکێکی ژێردەستەم و ئەوە بەشی ئەزەلی و ئەبەدیمە. بەخۆ بقەبڵێنێ من خزمەتکاری ناوەندم و "قەوم" و "مەحەلی"م.

٢. فێڵ و دەهۆ لە هەردوو سەردەمی دەسەڵاتداریەتی ئێرانیدا لەسەر یەک ڕێچکە دەڕوات و ئامانجی هەڵخەڵەتاندن و فریو و دەهۆکردنە. هێنانەوە و هاوتەریب کردنی ئەو دوو فاکتە بۆ ئەوەیە تاکی کورد لەو ڕاستییە ئاگاداربێ نەیار و دوژمنی سەرەکی خۆی بناسێ و بزانێ نەتەوەی باڵادەستی ئێرانی لەهەر شکڵ و فۆڕم و لیباسێکی دەسەڵاتداریەتیدابێ خاوەن بیرۆکەی ڕاسیزمە و دژی فرەچەشنی و پلوڕاڵە و ئەوەی لەلای دەسەڵاتداری تاران گرینگ و پڕبایخە زمان و ناسنامەی فارسی/شیعی بوونە. چونکە گوتار و کرداریان یەک ناگرێتەوە و تەواو دژوازە. هەروەها ئەو ڕووداوە موهەندیسی کراوانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە لەوەها ڕێژیمێکدا، لە ئەساسدا "دەوڵەتی نهێنی پشت پەردە هەمەکارەیە. هەربۆیە کۆمەڵگە قەت نابێ بە قەول و بەڵێنی کاربەدەستانی ناوچەیی و ناوەندیش باوەڕ بکات. چونکە دەزانن ئەو قەول و بەڵێنانە هەتا بەرچۆکی خۆیان بڕناکات.

دەسەڵاتداران بۆ شوێنەونکردنی کار وکرداری قێزونیان چۆن بەدەزگا هەواڵدەری و پۆپۆلیستیەکانیانەوە هەواڵێ چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە تاکوو لەسەر زەینییەتی جەماوەری ڕەشۆکی کارتێکەری هەبێ و پڕۆپاگەندە و قەڵەم فرۆشان زەینی خەڵکی بەلاڕێدابەرن.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە. بۆچی دوژمن لەسەر شارێکی وەک بۆکان ئاوا سوورە و لەبەرانبەر هەڵسوکەوتی دانیشتوانیدا هەڵوێستەی دوژمنکارانەی هەیە. وەک دەزانین ئەم شارە یەکێ لەو شارە نیشتمانپەروەرانەیە کە بە تایبەت لە شۆڕشی ژینادا تەنگیان بە دوژمن هەڵچنیبوو و چوارقوڕنەی شار و دەورووبەری شاریان لێ کردبووە ئاگر و بەڕاستی دەسەڵاتی ڕزیوی داگیرکەریان هەراسان کردبوو و زیاتر لە بیست و یەک شەهیدی پێشکەشی بارەگای ئازادی کرد و وەک باقی ناوچەکانی کوردستان بە سەدان دەست بەسەرکراویشی هەبووە. ئێستاشی لەگەڵدابێ لەچوار دەروازەی هاتن و چوونی شاردا وەک سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ چوار خاڵی پشکنینی لێ دامەزراوە و بەوردی چاوەدێری خەڵک دەکەن. هەروەها جێی ئاماژەیە بەهۆی ئەوەی بۆکان جیرانی شارەکانی میاندواو و سایەنقەڵایە و لەباوەڕی چەوتی دەسەڵاتدارانی ناوچەدا ئەگەری ترس و دڵەڕاوکێی بۆ شارە عەجەمەکان هەیە. هەربۆیە هەمیشە پیلانگێڕی و ئاژاوە نانەوەی بەدەستەوەیە و تەنانەت لەباری ئەمنییەت و ئاسایشیشدا زۆر تێ‌ناکۆشێ و شار هەمیشە ڕەنگێکی ئاڵۆز و ناتەکووزی پێوە دیارە.

 بەگشتی ئەو ڕووداوانەی لەو چەند ڕۆژەدا وەها موهەندیسی کرابوو دانیشتوانی شار بە تێکڕا تەنیا باسی ئەو تاوانەیان دەکرد و لەدەرووندا دەکوڵان. پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێ بەرپرسانی گوێ لەمستی دەسەڵاتی تاران بەو سناریۆیە مێشکی خەڵکیان ژەهراوی کرد و تا ئاستێکیش سەرکەوتوو بوون. شرۆڤە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی وەها پیلانێک بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە بەچاوکراوەیی و بەرچاوڕوونیێکی وردبینانەوە هەڵسوکەوت بکەین و چکۆلەترین جووڵەی دەسەڵات بە هەند وەربگرین. یان باشترە بڵەین نەیاری خۆمان بەکەم نەزانین و دەبێ وەک داشی دامە لەسەری سوار بین. شۆڕشگێڕ و خەباتکاری سەرکەوتوو ئەو حیزب و لایەنانەیە کە ئەو خاڵە گرینگە ئاوێزەی گوێی بێ. سیاسەتی زۆربەی حیزب و پارتەکان بەوە ناسراوە کە خاڵی ئەرێنی خۆیان و خاڵی نەرێنی دوژمن تاوتۆێ دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا دەبێ خاڵی لاوازی خۆمان و خاڵی سەرکەوتووانەی دوژمن بەراورد بکرێ و پلان و تاکتیکی لەسەر دابڕێژرێ. هەروەها ئەو خاڵە گرینگەشمان لەبەرچاوبێ و بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی ڕوون بکەینەوە، خەباتی مەدەنی کات و ساتی بۆ نییە نابێ لە مانگرتنێکی گشتی، یان لەسەرهەڵدانێک و کۆبوونەوەیەکی ناحوکمیدا تاک بکرێت. بەڵکوو دەبێ کۆمەڵانی شار و دێ ئەوندە بزانن قسەکردن، لیباس لەبەر کردن، کڕین و فرۆشتنی شت و مەکی ناوبازاڕ و دەیان و سەدانی دیکە هەموویان پێوەندییان بە خەباتی مەدەنییەوە هەیە و لەڕاگەیەندنەکاندا ئەوەندە باسی خەباتی مەدەنی بکرێ تاکوو لەناخ و زەینی تاکی کورددا بەتەواوەتی بچەسپێندرێ و بەدایمە ئەو وێڕژەنە ئاپدەیت بکرێتەوە.

ژێدەر:

ــ چل ساڵ خەبات. بەرهەمی: دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملو.

ــ خشونت: هانا آرنت. مترجم: عزت اللە فولادوند.

ــ انقلاب: هانا آرنت . مترجم: عزت اللە فولادوند

ــ ٢١ درس برای قرن ٢١. اثر: یووال نوح هراری.... مترجم: سوددابە قیصری.

ــ اقتصاد و جامعە. اثر ماکس وبر............ مترجم: عباس منوچهر.

- نظریەهای جباریت از افلاطون تا هانا آرنت. اثر: د. راجر بوشە. مترجم: فریدون مجلسی.

-  ماجرای قتل سردار اسعد بختیاری.  گوشەای از تاریخ پهلوی. خاطرات علی صالح اردوان، ایلخان بختیاری.