
بێهزاد قادری
پێشەکی
لە ئەمڕۆدا، ژینگە لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، تەنیا پرسێکی سروشتی نیە، بەڵکوو پرسێکی ژیوارییە بۆ ژیان، ئابووری و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکە. پشتگوێخستنی ژینگە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوەکان و توندتربوونی قەیرانی بژێویی ژیان. پاراستنی ژینگە لە کوردستان واتە پاراستنی داهاتووی خەڵک و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
لەم پەیوەندییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەمیشە گرنگیی بە پرسی ژینگە، بەتایبەتی پرسی ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە. حیزبی دێموکرات، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراو، بەرنامە و لێدوانی میدیایی، پشتیوانیکردن لە تێکۆشەرانی ژینگەپارێزی لە نێوخۆ و گرێدانی ئەخلاقیی ژینگە بە ماف و ناسنامەی کوردەوە و...، لە ڕاستای زەقکردنەوەی گرنگیی ژینگە، هەنگاوی جیدیی هەڵگرتوە.
لەم وتارەدا، بە ئاوڕدانەوە لە "ژینگە، گرنگیی ژینگە لەم سەردەمەدا، ژینگە و سیاسەت و پرسی ژینگە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، دەپەرژێینە سەر بابەتی گرینگیدانی حیزبی دێموکرات بە پرسی ژینگە.
ژینگە
"ژینگە" ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک لە توخمە سروشتی و مرۆییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوالێتی و بەردەوامیی ژیانی گیانلەبەران و مرۆڤ هەیە. ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە "هەوا، ئاو، خاک، ڕووەکەکان، ئاژەڵان، سەرچاوە سروشتییەکان و تەنانەت وزەکانی سەر زەوی." بە دەربڕینێکی سادەتر، هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرمانە و دەرەتانی ژیان دابین دەکەن، بە بەشێک لە ژینگە دادەنرێن. مرۆڤیش نەتەنیا بەشێکە لە ژینگە، بەڵکوو کاریگەریی زۆریشی لەسەرە.
گرنگیی ژینگە لەم سەردەمەدا
لەم سەردەمەدا، زیاتر لە جاران هەست بە گرنگیی ژینگە دەکرێت. هۆکارەکانی ئەم گرنگییە بریتین لە:
- دابینکردنی ژیان و سەرچاوە پێویستەکان؛ ژینگە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە، هەوای پاک، خاکی بەپیت و خۆراکە. بەبێ پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە، مانەوەی مرۆڤ و زیندەوەرانی تر لە مەترسیدایە.
- کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستیی مرۆڤ؛ پیسبوونی هەوا، گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و خاک و لەنێوچوونی جۆراوجۆریی ژینگەیی، ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤ دروست دەکەن. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی داوە، "ساڵانە میلیۆنان حاڵەتی گیانلەدەستدان، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە."
- قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا؛ سەدەی بیستویەک لەگەڵ قەیرانێک بە ناوی "گۆڕانی کەشوهەوا" بەرەوڕووە. زیادبوونی گازە گەرمخانەییەکان لە چالاکییەکانی مرۆڤ، گەرمبوونی زەوی، توانەوەی سەرە سەهۆڵییەکانی جەمسەرەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و کارەساتی سروشتیی توندتر (وەک لافاو و زریان) بەشێکن لە نیشانەکانی ئەم قەیرانە. ئەم پرسە تەنیا پرسێکی ژینگەیی نیە، بەڵکوو مەترسییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنیشە.
- ڕەهەندە ئابووری و سیاسییەکانی ژینگە؛ تێکچوونی ژینگە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سامانە سروشتییەکان و قەیرانی ئابووری. ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی ئاو یان خاکی خۆیان لەدەست دەدەن، ڕووبەڕووی شەپۆلی کۆچ و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی نایەکسانی دەبنەوە. بۆیە پرسی ژینگە چیتر تەنیا مشتومڕێکی زانستی یان ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بووەتە پرسێکی ستراتیژیکی جیهانی.
ژینگە و سیاسەت
پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ئاڵۆزە، چونکە بڕیارە سیاسییەکان، لە پاراستن یان لەنێوبردنی ژینگەدا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. دەوڵەتەکان لە ڕێگەی سیاسەتەکانیان لە بوارەکانی "وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوە و گەشەپێدانی شارەکان"، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کوالێتیی هەوا، ئاو، خاک و پاراستنی سامانە سروشتییەکان هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ژینگە تەنیا پرسێکی زانستی یان ئەخلاقی نییە، بەڵکوو پرسێکی سیاسی و ستراتیژیشە.
لەسەر ئاستی نیشتمانی، دەوڵەتەکان لە پەرەپێدانی یاساکان بۆ پاراستنی سامانە سروشتییەکان، کۆنترۆڵکردنی پیسبوون و بەرەنگاربوونەوەی لەنێوبردنی دارستان و لەوەڕگەکان بەرپرسیارن. زۆرجار نەبوون یان لاوازبوونی یاسا ژینگەییەکان، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکان، پیسبوونی بەربڵاو و قەیرانی کۆمەڵایەتیی وەک کۆچی زۆرەملێ و هەژاری. لە لایەکی دیکەوە، گرنگیدانی سیاسی بە ژینگە دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەسەندنی بەردەوام، ئابوورییەکی سەوز و زیادبوونی خۆشگوزەرانیی گشتی.
لەسەر ئاستی جیهانییش، ژینگە بووەتە پرسێکی ژێئۆپۆلەتیکی. ئەو وڵاتانەی زۆرترین گازی گەرمخانەیی بەرهەم دەهێنن، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەیە و ئەمەش ناکۆکیی نێودەوڵەتی و فشاری دیپلۆماتیکی لێ کەوتووەتەوە. پەیماننامەکانی وەک "پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و ڕێککەوتنی پاریس" نموونەی هەوڵە سیاسییەکانن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی جیهانیی ژینگە. لە ئەنجامدا دەتوانرێت بگوترێت کە ئەمڕۆ ژینگە و سیاسەت پێکەوە گرێ دراون و هەرچەشنە پشتگوێخستنێک لە یەکێکیان، قەیرانی جیددی لە ئەوی تردا دروست دەکات.
پرسی ژینگە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پرسی ژینگە لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە یەکێک لە گرینگترین پرسە کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت ئەمنییەکانی ئەمڕۆ. چەند هۆکاری سەرەکی، گرنگیی ئەم پرسە نیشان دەدەن:
- لەنێوبردنی بەرفراوانی سامانە سروشتییەکان؛ ئێران بەهۆی کەشوهەوای وشک و نیمچەوشکەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی سەرچاوەی ئاوی سنووردار بووەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا، زیادەڕەوی لە دروستکردنی بەنداو و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی و لادانی ڕووبارەکان، بووەتە هۆی وشکبوونی تاڵاوەکان و لەنێوچوونی لەوەڕگە و دارستانەکان. لە کوردستان ئاگرکەوتنەوەى ساڵانەى دارستانەکان (کە زۆرینەیان بەئەنقەستن و دەستی داگیرکەریان لە پشتە)، بڕینی دارەکان و لەنێوچوونى لەوەڕگە شاخاوییەکان، مەترسییەکى زۆرى لەسەر هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیی ناوچەکە دروست کردووە. جگە لە لەنێوبردنی سامانەکان، ئەم وێرانکارییانە پەرە بە ڕۆچوونی خاک و زیادبوونی مەترسیی لافاو دەدەن.
- قەیرانی ئاو و هەڕەشەی سەر بژێویی خەڵک؛ شارە ناوەندییەکانی ئێران بەگشتی بەرەوڕووی قەیرانی ئاون. لەلایەکی دیکەوە لە کوردستان، کەمبوونەوەی بارانبارین، گۆڕانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداوی نازانستی، سیاسەتی هەڵە لە بەڕێوەبردنی ئاو و لە هەمووی گرنگتر، دزینی ئاوی کوردستان بۆ ناوەند، سەرچاوەی ئاوی کوردستانی سنووردار کردوە. وشکبوونی ڕووبار و کانیاوەکان بووەتە هۆی کۆچی گوندنشینەکان و دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئەمەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئابووریی کوردستان دروست کردوە.
- ئاگربەردانی بەئەنقەست لە ژینگەی کوردستان؛ لەم ساڵانەی ڕابردوودا، کوردستان شاهیدی ئاگربەردانی بەئەنقەست لە دارستان و لەوەڕگەکانی بووە. ئاگربەردانە بەربڵاوەکان لە ژینگە، دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، بەبێ بەرپەرچدانەوەی خێرا لەلایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی دەسەڵاتەوە، نیشانەیەکە لە سیاسەتی "زەویی سووتاو". سەرچاوە نێوخۆییەکان و شایەتحاڵەکان چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە بەشێک لەو ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن هێزە سەربازییەکان یان بەهۆی مانۆڕی سەربازییەوە دەستیان پێ کردوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پرسی ژینگە
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە بۆ ڕزگاریی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات، هەمیشە گرنگیی بە پرسی ژینگە و سروشتی کوردستانیش داوە و ئەم بابەتە لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی ئەم حیزبەشدا ڕەنگی داوەتەوە. وێڕای ئەمانە، حیزب هەمیشە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، پرسی ژینگەی زەق کردووەتەوە و خاوەندارێتیی لە ژینگە و ژینگەپارێزانی کوردستان کردووە. کە لە درێژەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرنگ دەکەم:
- ڕەنگدانەوەی پرسی ژینگە لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتدا؛ بەپێی ماددەی نۆزدەیەم لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات، پەسەندکراوی دوایین کۆنگرەی ئەم حیزبە (کۆنگرەی ١٧): "١- پارێزگاری لە سروشتی کوردستان، وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی، لە ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە (مەبەست، حکوومەتی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوویە). ٢- پارێزگاریی ژینگە، سەرچاوە سروشتییەکان، لێڕەوارەکان، دەریاچەکان و پارێزگاریی ئاژەڵان، بەتایبەتی ئاژەڵانی ڕاوی: باڵندە، پێڕۆ و ماسی، یەکێک لە ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەر بۆیە دەبێ لە ڕاوی بێسەرەوبەرەی ئاژەڵان پێشگیری بکرێت و لە هەڵبژاردنی جۆر و جێگەی پیشەیی تازە و لە لێدانی ڕێگا و کێشانی ڕێگای ئاسندا، پێویستە ژینگە لەبەرچاو بگیردرێت و دیمەنی سروشت تێک نەدرێت. ٣- حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی تەواو بە پەرەپێدانی پیشەی گەشتوگوزار دەدات و بینا و شوێنەوارە کۆنەکان دەپارێزێت. ٤- حکوومەتی کوردستان لە هەموو پڕۆژەیەکدا کە کاریگەریی لەسەر ژینگە هەبێت، بەتایبەتی لە بواری گەشەکردن و وەبەرهێناندا، لایەنی ژینگەپارێزی وەک پارامێترێکی بنەڕەتی، لەبەرچاو دەگرێت."
تێبینی: لە هەموو کۆنگرەکانی حیزبدا، باس لە پرسی ژینگە کراوە و لە بەرنامە و پێڕەوەکاندا ئاماژەی پێ کراوە.
- گرنگیدان بە ژینگە لە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبدا؛ حیزبی دێموکرات هەمیشە لە ڕادیۆ، ڕۆژنامە، تیڤی و سۆشیال میدیای خۆیەوە، بابەت و بەرنامەی تایبەتی لەسەر ژینگە و ژینگەپارێزی بڵاو کردووەتەوە و لەم ئەرکەش بەردەوامە. بۆ نموونە لە ڕابردوودا لە بەرنامەگەلی وەک "هەسارەی ژیان" و "ژیناک"، تایبەت پەرژاوەتە سەر پرسی ژینگە لە کوردستان.
- بانگەوازی گشتی بۆ بەرپرسیاریەتی لەهەمبەر ژینگەدا؛ حیزبی دێموکرات هەمیشە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی گشتی لە کات و ساتە تایبەتەکاندا، داوای لە خەڵکی کوردستان و ئەندامەکانی کردوە کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لەهەمبەر ژینگە هەڵسوکەوت بکەن، هەروەها سەرپێچیکاران و تێکدەرانی ژینگە لەقاو بدەن و بەکۆمەڵ هەوڵ بۆ پێشگرتن لە لەنێوچوونی سروشت بدەن. لە ڕاگەیەندراوەکاندا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئاگربەردانی بەئەنقەست لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، چالاکانی ژینگەپارێز دەکاتە ئامانج و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانیان و لەنێوبردنی سروشتی جوانی کوردستان.
- پشتگیریکردنی ژینگەپارێزانی نێوخۆ؛ ئەمساڵ و هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین ژینگەپارێزی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی کوردستان سووتان و گیانیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کرد. لەم پەیوەندییەدا حیزبی دێموکرات بە ئاشکرا هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان و ژینگەپارێزان دەربڕیوە. ئەم جۆرە هەڵوێستە جەخت لەسەر پابەندبوونی حیزب بە کۆمەڵگەی خۆی دەکاتەوە. شایانی باسە کە چەند کەس لەو ژینگەپارێزانەش کە گیانیان بەخت کردووە، بەفەرمی ئەندامی حیزب بوون و حیزبیش ئەمەی بۆ ڕای گشتی ڕوون کردووەتەوە. هەروەها هەمیشە حیزب دژی سەرکوت و گوشاری دەسەڵات و هەڕەشەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ژینگەپارێزان، بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵوێستی هەبووە.
- گرێدراویی پرسی ژینگە بە ناسیۆنالیزمی کوردی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە؛ حیزبی دێموکرات، وەک حزبێکی خاوەن ئاڕاستەیەکی ناسیۆنالیستی و دێموکراتیک، پاراستنی ژینگەی کوردستان بە بەشێک لە مافەکانی کۆمەڵگە و سروشت بە بەشێک لە شوناسی بەکۆمەڵی کوردستانییان دەزانێت. لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حیزبدا، کەڵکوەرگرتنی بەرپرسیارانە لە سامانە سروشتییەکان، پاراستنی لەوەڕگە، دارستان و ئاوەکان وەک بەشێک لە "ئابووریی کۆمەڵایەتی" و "دادپەروەریی سروشتی"، بابەتێکی گرنگە.
ئاکام
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەمیشە گرنگیی بە پرسی ژینگە، بەتایبەتی پرسی ژینگە و چالاکیی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و ئەمەی بە ئەرکی خۆی زانیوە. لەم بوارەدا حیزبی دێموکرات نەتەنیا کار لەسەر بەفەرهەنگکردنی پرسی ژینگەپارێزی لە کوردستان دەکات (لە ڕێگەی میدیاکانییەوە)، بەڵکوو ئەم پرسەی لە بەرنامەی پەروەردەیی خۆیشیدا گونجاندوە و کاری لەسەر دەکات. خەباتی حیزب بۆ کوردستان، تەنیا نەتەوەی کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو ژینگە و سروشتیش بەشێکە لەو پڕۆسەیە.