
ڕەحیم نزهتزادە
ڕێگایەک کە بە دڵی چیاکاندا تێدەپەڕێت
گەیشتن بە ئامانجێک، وەک گەیشتن بە لوتكەی چیاییەكە، کە لە دوورەوە لە نێو تەمومژی هەور و ڕووناکیدا خۆی دەنووێنێت. هەموو کەسێک دەتوانێت بیبینێت، هەموو کەسێک دەتوانێت ناوی بهێنێتە سەر زمان، بەڵام تەنها ئەوانەی وێرەكی تێپەربوون بە ڕێگا پڕ لە شاخ و پێچاوپێچی ئەویان هەیە، لەسەر بەرزایی ئەو لوتكەیە، شایانی وەستان دەبن. ئەم ڕێگایە، ڕێگایەکی ڕاست و ڕێک نیە؛ ڕێگایەکە بە دڵی چیاكاندا تێدەپەڕێت، بە پێچ و پەنا، ڕێگای فریودەر و هەڵدێری بێهەژمار، کە لە كەمیندان بۆ ئەوەی، ڕێگەپێوەر لەنێو ببەن.
لەم ڕێگایەدا هەر پێچێك، هەر دووڕێیانێك، تاقیکردنەوەیەكە بۆ پیوانی بڕوا، ئیرادە و وشیاری. هەر ڕێگا بەلاڕێگابەرەكانی ئەو ڕێگایە، ئەو بژاردەگەلە بریقەدار و سەرنجڕاکێشانەن، کە هەندێک جار کورتتر دێنە بەر هزر و چاو، بەڵام لە کۆتاییدا دەگەنە بنبەست یان هەڵدێرەوە. هەڵدێرگەلێك، کە ئەگەر هەر هەنگاوێک خلیسك ببات، بێبەزەییترین ساتگەلێكن، كە لە ناكاو ساڵانێک لە تێكۆشان و هەوڵدان، بەیەكجار دەخەنە نێو قوڵایی هەڵدێری لەبیرچوونەوەوە.
نهێنیی تێپەڕین بە سەلامەت
بە سەلامەتی بەزاندنی ڕێگایەکی لەو شێوەیە، هونەرێکە؛ هونەرێک کە بۆ هەموو ڕێبوارێک بەردەست نیە. ئەم هونەرە، تێکەڵەیەکە لە چوار گەوهەر:
دیدگایەك؛ کە ئامانجی مەبەست، وەک ئەستێرەی جەمسەری لە دڵی شەودا گەشاوە دەهێڵێتەوە.
سەبرێك، كە بەرگەی زریانەكان بگرێت.
نەرمی؛ كە وەك لقەكانی دارەبی لە بەرامبەر ڕەشەباكان بچەمێتەوە، بەڵام نەشكێتەوە.
هەروەها توانای، خوێندنەوە؛ پێش ئەوەی بكەویتە داوەوە، لە مەترسی ئاگادار بێتەوە.
کوردستان: قوتابخانەی تێپەڕین بەڕێگا سەختەکاندا"
ئەگەر بمانهەوێت خاكێك، کە بە سەدەكان لە ڕێگا پڕمەترسیدارەكاندا خەڵكەكەی، فێری هونەری تێپەڕینی بەسەلامەت بوون، بەنمونە بهێنینەوە، ئەو خاكە بێگومان کوردستان دەبێت. لە شاخە سارد و سەختەكانیەوە، ڕێپێوەرانێك سەریان هەڵداوە، کە ڕێگای خۆیان نەک لەسەر ڕێگا قیرتاوکراوەكان، بەڵکو لەسەر لێوارە ئاستەمەكان و تاشە بەردەکانی ئاڵاوتە بە خوێن، بونیات ناوە.
لە مێژووی هاوچەرخدا، تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەبەردەوام نموونەی زیندوو لەو هونەرە بوون. ئەوانەی لە پەنجاكان و شەستەكان و هەفتاكانی سەدەی ڕابردووی خۆریدا، لە بەرامبەر ئەو سوپا و سیاسەتانە، کە دەیانویست دەنگی ئازادی بێدەنگ بکەن وەستانەوە. کەسایەتییەکانی وەک شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە بە تێگەیشتنێکی سیاسی قووڵەوە، هەوڵی دا خوێنڕشتن بە دیالۆگ بگۆڕێت، بەڵام هەرگیز تەسلیمی ڕێبازی چەواشەکراوی موزایەدەکردن لەسەر ئامانجەكانی نەبوو. یان ئەو پێشمەرگانەی، کە لە سەرمای زستانە سەختەکانی شاخدا، بە پارچە نانێکی وشک و ئومێدێکی گەورەوە، درێژەیان بە ڕێگاكەیان دا، و هەڵدێرە قوڵەكانی نائومێدییان بەزاند.
ئەم تێكۆشەرانە دەیانزانی کە هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم ڕێگایە، دەتوانێت دوا هەنگاویان بێت؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چاویان هەمیشە لەسەر لوتکە بوو. ئەوان تێگەیشتن کە ئامانجی مەبەست، تەنها خاڵێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو پێگەیەكە، کە ڕۆحی مرۆڤی تێدا ئازاد دەكرێت.
بەلاڕێگابەرەكانی ئەمڕۆدا، هەڵدێرەكانی سبەی
لە جیهانی ئەمڕۆدا مەرج نیە بەلاڕێگاداچوونەكان، لە شێوەی خیانەتێکی ئاشکرا یان شکستی سەربازیدا بن. هەندێک جار وەک بەڵێنی سیاسیی بەدرۆ، پڕۆژەی ئابووریی گوماناوی، یان تەنانەت دروشمی گەورە و بریقەدار، بەڵام لە کردەوەدا بەتاڵ بەنێوەرۆكی حەقیقەت، خۆیان بەدەردەخەن. هەڵدێرەكانیش بەتەنیا لە بەرەکانی شەڕدا نین؛ دەتوانن لە مەیدانی بیرکردنەوە، فەرهەنگی، یان میدیادا بن، ئاستێك کە بە شێواندنی مێژوو و ناسنامە، ڕۆحی نەتەوەیەک بەرەو ڕووخان دەبات.
ئەزمونی ڕێپێوەرانی کوردستان فێرمان دەکات کە بۆ گەیشتن بە ئامانج، دەبێت بەبەردەوامی لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەم ڕێگایە دەمانباتە لوتکە، یان بۆ داوێنی بێكۆتای لاڕێگا؟ ئایا ئەم بڕیارە، لە هەڵدێر دوورمان دەخاتەوە، یان نزیكتر لە لێوارەکەی؟
پەیڤی کۆتایی پەیڤ
ئامانج ئەو خۆرەیە کە لە دوورەوە هەڵدێت، بەڵام بەهاکەی لە بڕینی ئەو ڕێگایەدایە کە بەسەریدا تێپەڕیوین. مێژوو، ناوی ئەو کەسانە دەئەسپێرتە یاد، كە نەک هەر گەیشتوونەتە ئامانج و مەبەست، بەڵکوو هاوكات بەبێ ئەوەی ڕۆح و شەڕافەتیان لە لاڕێگەكان و هەڵدێرەكان بەجێ بهێڵن، ڕێگای مەترسیشیان تێپەڕاندوە.
ئەو کەسانە شۆڕەسوارانی حیزبی دێموکراتن و لە ٨٠ ساڵەی دامەزرانی ئەم حیزبە خۆشەویست و جێگەی هۆمێدی خەڵکی کوردستانا، سڵاو لە ناو بیروباوەڕەکانی.