کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدرالیزم، نەتەوە غەیرە فارسەکان و مافی چارەی خۆنووسین

17:33 - 14 گەلاوێژ 2725

فێدرالیزم، نەتەوە غەیرە فارسەکان و مافی چارەی خۆنووسین

ئەسکەندەر جەعفەری

ئێران، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر نەخشەکان وێنا کراوە، وڵاتێکی مێژوویی نیە کە شوناسێکی یەکگرتووی هەبێت. بەڵکوو بەرهەمی شەڕ و داگیرکاریی سەربازی نەتەوەی سەردەست و سەرکوتکردنی چەند نەتەوەیە کە هەریەکەیان مێژوو و زمان و کولتوور و دەستەڵاتداریی سەربەخۆی خۆیان هەبووە. لە نێوەڕۆکی ئەم جوگرافیا هەڵبەستراوەدا، نەتەوەکانی کورد، عەرەبی ئەهواز، بەلووچ و تورکی ئازەربایجان بە زۆر خراونەتە ناو چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بە "ئێران" ناو دەبرێت، دەرئەنجامی سەرکوتکردن و لەنێوبردنی هەنگاو بە هەنگاوی دەستهەڵاتی ئەو نەتەوانە و کۆمارە دێموکراتیکەکانی ئەوانە؛ پڕۆژەیەک کە بە مۆدێرنیزاسیۆنی ساختەی پەهلەوی و سەرکوتی فاشیستی بەردەوام بوو و ئێستا لە شێوەی بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەریدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. تەنانەت ئەگەر نوێنەری ئەو نەتەوانە ئێستا بە دوای فێدێرالیزمدا بن، بەڵام دیسانیش چارەی خۆنووسین مافێک نیە نە لەوان بستێندرێتەوە و نە ئەوان بیری لێ نەکەنەوە. سەربەخۆیی کۆتایی کۆلۆنیالیزمە و نوێنەرانی ئەو گەلانە بە هەڵوێستەکانیان پێشانیان داوە کە پێیان وایە هەر کەس دژایەتیی سەربەخۆیی ئەو گەلانە بکات، پشتی کۆلۆنیالیستەکانی گرتووە.

ڕاستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە فارسەکان لە بنەڕەتدا گەلێک بوون کە لە باشوور یان ڕۆژهەڵاتی فەلاتی ئێراندا دەژیان. ئەوانیش خاکی خۆیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بە تایبەتی لەگەڵ دروستبوونی ئیمپراتۆریی هەخامەنش و پارت و ساسانی، هەوڵیان دا دەستەڵاتی خۆیان بە زەبری شمشێر بەسەر نەتەوە و میرنشینە سەربەخۆکاندا بسەپێنن. چەندین نەتەوە، لە مێزۆپۆتامیا تا ئەرمینیا، لە کوردستانەوە لە سەردەمی مادەکانەوە تا ئەهواز، لە بەلوچستانەوە تا قەفقازی باشوور، یەک بە یەک بوون بە کۆلۆنیی ئیمپراتۆرییە فارسەکان. هاوکات خەباتیان بەردەوام بوو و هەرجارەیان، خۆیان لە چنگی کۆلۆنیالیزم ڕزگار دەکرد. تەنانەت لە سەردەمی ئیسلامیشدا، بیرۆکەی سەپاندنی هێژموونی سیاسیی فارس بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا هەمیشە لە پشت مێشکی ناوەندگەراکاندا بووە و دواجار لە سەردەمی مۆدێرندا، لە شێوەی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسدا کارا کرایەوە.

بارودۆخی ئێستای ئێران بەرهەمی داڕمان و داگیرکاریی توندوتیژانەی پێکهاتەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەم‌دایە. لە نێویاندا کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ وەک یەکەم ئەزموونی دەستەڵاتداریی نەتەوەیی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا بە پشتیوانی خەڵک و ڕۆشنبیرانی کورد دامەزرا. کۆماری کوردستان تەنیا یازدە مانگی خایاند و دواجار بە لەشکرکێشیی سوپای پەهلەوی و لەسێدارەدانی سەرۆککۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد کۆتایی بە تەمەنی کۆماری کوردستان هات. بەڵام داگیرکردنی کوردستان تەنانەت پێش ئەوە دەستی پێ کردبوو. ڕەزاخان لە ساڵی ١٩٢١-ەوە بە هێرشەکەی بۆ سەر کوردستان، زۆرێک لە خان و پێکهاتە دەستەڵاتدارییە کوردییەکانی لە ناو برد و خستیە ژێر دەسەڵاتی تاران. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کورد پێشتر ئەزموونی دەستەڵاتداریی ماد و خانەدانەکانی دوای ئەوان و میرنشینی هەبوو.

لە ئەهواز شێخ خەزعەل حوکمڕانیی ناوچەکەی دەکرد. لەگەڵ لەشکەرکێشیی ڕەزاخان بۆ سەر ئەهواز، حکوومەتەکەی شێخ خەزعەل ڕووخێنرا و ئەهواز بە زۆر لکێنرا بە جوگرافیای "ئێران"ەوە. ئەم ناوچەیە کە لە بواری نەوتەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان بوو، لە ڕووی سەربازییەوە داگیر کرا و خەڵکی ئەهواز تووشی کۆلۆنیالیزمێکی توندی ناوخۆیی بوون. هەژاریی سەپێنراو، سەرکوتکردنی ناسنامەی عەرەب و کۆچی زۆرەملێ، بووە بەشێک لە واقیعی هەمیشەیی ئەو خەڵکە.

لە بەلووچستان، میرنشین و خانەکانی بەلووچ تا کۆتایی سەردەمی قاجار سەربەخۆیی نیمچە تەواویان هەبوو. بەڵام ڕەزاخان لە ساڵی ١٩٢٨ هێرشێکی بەرفراوانی لە ناوچەکە دەست پێ کرد و بەرخۆدانی چەکداریی بەلووچەکانی سەرکوت کرد و ناوچەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سوپای ئێران. زۆرێک لە سەرکردە نێوخۆییەکان لە سێدارە دران یان کۆچێنران و پێکهاتەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەلوچستان داڕما. لەو کاتەوە ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی-ئەمنیی داگیرکراو.

لە ئازەربایجانیش، کۆمارێک لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزرا. ئه م کۆماره بۆ یەکەم جار پەروەردەی زمانی تورکیی کردە فەرمی و کاروباری ناوچەکانی خستە بن دەستی ئازەرییەکان. بەڵام تەنیا ساڵێک دواتر و بە پاشەکشەی هێزەکانی سۆڤیەت و هاتنی سوپای پەهلەوی، کۆتایی بە تەمەنی کۆماری ئازەربایجان هێنرا و خەڵکێکی زۆر کوژران یان دەربەدەر کران. بەم شێوەیە بوو کە ئەزموونی سەربەخۆیی تورکەکانی ئازەری لە ئێران بە توندوتیژی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کۆتایی هات.

بەڵام کۆلۆنیالیزم تەنیا لە داگیرکاریی سەربازی و سەرکوتی سیاسی پێک نایەت. کۆلۆنیالیزمی ئێران لە کوردستان، بەلووچستان و ئەهواز بە هەژاریی سیستماتیک، بێبەشکردنی بەئەنقەست لە وەبەرهێنان و پێشکەوتن، دروستنەکردنی ژێرخانی کار و سەپاندنی بژێوی زەلیلکەر بەردەوامە. کۆلبەریکردن لە کوردستان و بەلووچستان ئەنجامی ویستی خەڵکەکە نیە. بەڵکوو دەرئەنجامی داخستنی ئابووریی ناوخۆیی کوردستان و بەلووچستان لە لایەن تارانە کە نەتەوە غەیرە فارسەکان تەنیا وەک سەرچاوەی داهات و شیاوی غەدرلێکردن دەبینێت. ئەو منداڵانە کە باوکیان لە شاخەکانی کوردستان لە کاتی کۆڵبەریدا دەکرێنە قوربانی و ئەو کەسانە کە لە کاتی تەقینەوەی تانکی سووتەمەنیدا لە بەلوچستان دەسووتێن، ڕاستەوخۆ قوربانیی ئەم سیستمە کۆلۆنیالیستیەن. هیچ کاتیش تاران وەک کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ، دانی بە ناسنامەکانیاندا نەناوە.

ئەم مێژووە هاوبەشە نیشانەیەکی ڕوونە کە شتێک بە ناوی "ئێرانێکی سروشتی" یان "ئێرانێکی مێژوویی" نەبووە و نیە. ئەوەی هەیە، دەرئەنجامی سەرکوتکردنی سیستماتیکی نەتەوەکانە کە هەر یەکەیان شایەنی دەوڵەتبوونە. پارتەکان، قاجارەکان، پەهلەوییەکان و شیعەکان بە ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرستانە و دروشمی "ئێرانی یەکگرتوو"، خاکی نەتەوەکانی دیکەیان داگیر کرد. ئەم پڕۆژە کۆلۆنیالیستییەی دەوڵەتی ناوەندگەرا لە تارانەوە دەستی پێ کرد، تا ئەمڕۆش ڕوانگەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی فارسدایە. بەشێک لە ڕەوتی ئەم ئۆپۆزسیۆنە کە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، هیچ کاتێک پشتیوانیان لە مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووس نەکردوە و بەردەوامیش لە دووبارەکردنەوەی هەمان چیڕۆکی کۆلۆنیالیزمدان: یەکپارچەیی خاک، یەکگرتوویی نەتەوەیی، ئێرانی یەکگرتوو.

نەتەوەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکی ئازەری چیتر فریو نادرێن. ئەوان خاوەنی ئەو خاکەن کە بە زەبری چەک و ستەمکاری بوون بە کۆلۆنیی پایتەختی فارسەکان. مێژوو و زمان و کولتوور و خۆڕاگرییان بەڵگەی مافی سروشتیی خۆیان بۆ سەربەخۆییە. وەک چۆن کەس بۆ سەربەخۆکردنی کۆلۆنییەکانی ئافریقا داوای مۆڵەتی لە فڕانسا و بریتانیا نەکرد، نەتەوە غەدرلێکراوەکانی یەخسیری نێو جوغرافیای ئێرانیش پێویستیان بە ڕەزامەندیی تاران نیە.