
خاکی گەوهەر
سۆران عەلیپوور
"ئێمە خاکمان لە باب و باپیرانەوە بۆ بەجێ نەماوە، خاک ئەمانەتیکە، نەوەکانی داهاتوو بە ئێمەیان سپاردوە."*
مێتۆلۆژیی یۆنانی کۆن وێنەیەکی ئاڵۆز و دەوڵەمەند لە خاک و سروشت وێنا دەکا، وەک سەرچاوەیەک بۆ ژیان، مەیدانی ڕمبازێنی خواکان و مەودای پێکگەیشتنی نهێنی و مەتەڵە هەڵنەهێنراوەکان. خاک تەنیا سەکۆی شانۆیەک نیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە مرۆییەکان، بەڵکوو هێزێکی زیندووی چالاکە کە فۆرم دەدا بە کردە، توانا و بڕستی خواکان. سروشت لە ئەفسانە یۆنانیەکانەوە بۆ دنیای مۆدێرنی ئێمە و بۆ سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی" ئەکتەرێکی هەمیشەیی مێژوو بووە، هێندێک جار سەرچاوەی بژێوی و شوێنێک بووە بۆ نیشتەجێبوون، زۆر جارانیش بارگاوی بووە بە هێما، نیشانە و واتای سێمبولیک لە نیو ئایین وئیمپراتۆرییەکان، سیاسەت و ئیدۆلۆژییە جیاوازەکان و ململانێی وڵاتان.
سووتانی دارستانەکان، بناری چیاکان و ژینگەی نیشتمانی کوردان جارێکی دیکە پرسی خاک دەباتە نێو بەستێنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی فراوانتر لە پرسی ئاگرکەوتنەوەیەکی سروشتی بۆ جۆرێک لە ئەکتی سیاسیی گرێدراو بە ناسنامە، داهاتوو و چارەنووسی گەلێک. خاک وێنەی مێتۆلۆژیی یۆنانی دەبێتە هێزێکی زیندوو، کە فۆرمە فیزیکییەکەی خۆی بەجێ دێڵێ و دێتە نێو چەقی ڕووداوەکان و سەکۆیەک بۆ هەزاران دەنگی ناڕازای و دروشمی ڕادیکاڵ، بەو جیاوازییەوە کە مەیداندارانی ئەوجارە لاوانی ژینگەپارێز و خەڵکی کوردستانن.
لە دەورانی پاشایەتی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییشدا سیاسەتێکی سیستماتیکی سێ لایەنەی بەئەمنیەتیکردن، بەتاڵانبردن و بێباک بوون لە چارەنووس و گوزەرانی دانیشتووان و خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەو دوو ڕێژیمەوە پەیڕە کراوە، "خاک" تا ئەوکاتەی هەڕەشە لە ناوەند و یەکپارچەیی دەکا دەبێ سیاسەتی "سەرزەوینی سووتاو" ی تێدا پیادە بکرێ و کەشێکی ئەمنیەتی و هیرارکییەکی سەربازی و پۆلیسی ستەمکارانەی بەسەردا بسەپێ، هەرکاتێکیش دەرفەتی بەتاڵانبردنی ئاو، سامانە سروشتییەکان، سەرچاوە کانزاییەکان و بەرووبوومی ڕووەکی و زیندەوەری هەبێ ئەوا بێ گوێدان بە ئێکۆسیستم و لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنە درێژخایەن و تەندروستییەکان بۆ هێشتنەوەی ژینگەیەکی ساغ و بەرهەمهێنەر، بێبەزەییانە دەست لە بینەقاقای سروشتی کوردستان دەنێن و تاڵانی دەکەن. ئەوە بێ ئەوەی خێروبێری بازرگانی بەو سروشتە بەجۆرێک بگاتە خەڵکی کوردستان. ئەو مێتۆدە کۆڵۆنیالیستیە لە لایەکەوە پەرە بە لەپەراوێزدا هێشتنەوەی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەدا، لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی تاڵانکردن و سووتاندنی سروشتەکەی لە هەوڵی لاوازکردن و لەنێوبردنی ئەو پەیوەندیە مێژوویی و ناسنامەییەدایە کە لە نێوان خەڵکی کوردستان و سروشتەکەیدا هەیە. لە سەد ساڵی ڕابردوودا "ناوەند" بە پشت بەستن بە وێژمانێکی داگیرکاریی وێنەی "ئەویتر" ی لە کورد دروست کردووە کە لەوێدا کورد بە بە پێی ڕیزبەندیەکی نادادپەروەرانە لە زمان و بەستێنی جۆراوجۆردا پێناسە کراوە، زۆر جاران ئەو وێنا کردنە لە کورد ڕاستەوخۆ گرێدراوەتەوە بە سروشتیی بوون و بێگانە بوونی کورد بە شارستانیەت، ئەو وێژمانە بە بەهێزبوونی بزووتنەوەی بەرەنگاریخوازی لە کوردستان گۆرانکاری بەسەرداهاتووە و میکانیزمی "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گشتیی" خستۆتە پێش سروشتی بوون و exotic بوونی کورد، لێرەدا سروشتی کوردستانیش وەک مەترسیەک بۆ سەر ناوەند پێناسە دەکرێ، بە تایبەت کە ماوەیەکی زۆر سروشتی کوردستان فاکتێکی یەکلایی کەرەوە بوو لە پەنادان و پاراستنی هێزە سیاسیەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازیە چەکدارییەکان. ئەگەر ئەو وێژمانە میکانیزم و مێتۆدی کارایی خۆی گۆریوە، بەڵام ئامانجە سەرەکیەکە کە پەراوێزکردن و بە "ئەویتر" کردنی کوردە لە بەرامبەر"من"ی خاوەن شارستانیەت و هێز و کلتووری باڵا، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
ئەوەی کە سووتانی دارستانەکان و ژینگەی سروشتی وڵاتان بەشێکن لە ئەنجامی گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان گومانێکی لەسەر نیە و کوردستانیش لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی چڕوپڕتر لەگەڵ ئەو کێشەیە دەست و پەنجەی نەرم کردوە، بەشێک لە ئەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییانە هاوکێشەیەکی تراژیدی نادادپەروەرانەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی کەمترین ڕۆڵیان لە ئاڵوگۆڕی ئاووهەوادا هەیە زۆرترین خەساریان لەو گۆڕانکاریانەدا بەر دەکەوێ. لە کوردستان دا ئەو نادادپەروەرییە جارێکی دیکە لە سەر ئاستی سیاسەتی حکومەتی ناوەندی بەرامبەر بە سروشتی ئێمە زەقتر بەرچاو دەکەوێ، لە سەروبەندی کارەساتە سروشتیەکاندا، سووتانی دارستان و بناری چیاکان و ژینگەی ئێمەدا ئەگەر زۆرجاران تاوانباری سەرەکی نەبن ئەوا بە شێوەیەکی پاسیڤ لێدەگەڕێن کە ئەو کارەساتانە زۆرترین خەساری گیانی و ماددیان لێ بکەوێتەوە، خۆ ئەگەر چالاکوانی ژینگەپارێز و خەڵکی خۆبەخشیش هەوڵی ساڕێژکردنی ئەو برینانە بدەن ئەوا مۆرکی سیاسی بوون و جاسوس بوونیان لێ دەدرێ و نەک هەر کارئاسانیان بۆ ناکرێ، بەڵکو دەکەونە بەر هەڕەشەی چاودێری کردن و دەسبەسەر دەکرێن.
ڕوویەکی ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، هەر لە هەڵمەتی لاوانی ژینگەپارێزی وەک چیاکۆ، حەمید و خەبات بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان تا بەخشینی گیانیان بێجگە لەوەی کە ئاماژەیە بە بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی لە ئاست سروشت و بوونەوەری کەژ و کێوەکانی کوردستان، هاوکات ئاماژەیە بەو وشیارییە بەرزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێک لە ناسنامە و چارەنووسی کورد بە سروشتی کوردستانەوە گرێ دەدات.
ڕوویەکی دیکەی ئەو پرسە غیابی بەئەنقەست و نابەرپرسیارانەی "ناوەند"ە کە لە کاتی قەیرانە سروشتی و ئەو کارەساتانەی بەرۆکی خەڵک دەگرێ ڕۆڵی تەماشەگەر دەگێڕێ، ئەوە تەنیا کەمتەرخەمیی بەرپرسان و کەلێن لە بواری خزمەتگوزاری و فریاگوزاریدا نیە، ئەوە ڕەنگدانەوەی ڕیزبەندییەکی نادادپەروەرانەی ناوەندە لە ئاست "پەراوێز" دا کە نە بۆخۆی دەیەوێ بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە نە خەڵکی کوردستانیش لە بەرپرسایەتییدا شەریک دەکا و تەنانەت لەمپەر دەخاتە ڕێێ چالاکوانانی ژینگە و هەڵمەتی خۆبەخشانەی خەڵکیش.
لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدانی ئەوجارەی ژینگەدا خەڵکی کوردستان بێجگە لەوەی خاوەندارەتییان لە ڕۆڵەکانی خۆیان کرد و بە شکۆووە بە خاکێکیان سپاردن کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بەخشیبوو، هاوکات پەنجەی تۆمەتباریشیان بۆ داگیرکەری ئێرانی درێژ کرد و بە تاوانباری سەرەکی ئەو کارەساتەیان ناساند. ئێمە دیتمان کە مەرگی نەخوازراوی سێ لاوەکەی شاری سنە وەک سەکۆیەکی دیکەی هاوخەمی، هاودەنگی و هەروەها ناڕەزایەتیی دەربرین لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە کەلکی لێوەرگیرا. لە یەکێک لەو سەکۆیانەدا خەڵکی سەقز بۆ هاودەردی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی سنەی زامداری دوای کۆستی سێ شەهیدی ژینگە، لە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە و سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی دەڵێن، نێوەرۆکی شێعرەکەی فایەق بێکەس بێجگە لە پەیامە بەرگریخوازیەکەی چەند وێنەیەکی جوانی لە سروشتی کوردستان تێدایە کە هەر بە ڕێکەوت ئاماژە بە پەیوەندی نێوان ناسنامە و شاخەکانی کوردستان دەکا:
"شاخی بەفرین و بەرزە
بۆ ڕابردوومان ڕەمزە
چیمەنی جوان و سەوزە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە"
چیاکۆ، حەمید و خەبات وەک فایەق بێکەس و زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ئاست گرینگیی شاخ و سروشتی کوردستان هۆشیارن و ئاگایان لەو پەیوەندیە ڕوحیە و مێژووییە هەیە کە شاخ بە زیندوومانەوە، خەباتی بەرەنگاریخوازی و ناسنامەی کوردانی بەخشیوە و لە بەرامبەریشدا دەزانن چیاکان هێمای ڕاوەستاوی و قەڵای بەردەوامین.
سیاسەتی هەڵاواردن و جیاکاری لە بواری ژینگەشدا ستەمێکی دیکەی ناوەندە کە وێرای جۆرەکانی دیکەی ستەمی ناوەند مەترسی لەسەر خاک و سروشتی کوردستان دروست دەکا، ئەگەر لە ڕابردوودا لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی کوردستان وەک بۆمبێکی چرکەدار کراو و مەترسی بۆ ئەمنیەت و یەکپارچەیی وڵات کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری و کلتووری کوردستانیان تەواو پۆلیسی کردووە، ئێستا لە بەکارهێنانی کەش و هەواو ژینگەی کوردستان وەک فاکتێکی ژیۆپۆلیتیک دژی خەڵکەکەی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیەکەی سڵ ناکەنەوە، بۆیە هەر کردەیەکی ژینگەخوازانە و ژینگەپارێزانە دەچێتە چوارچیوەی کردەیەکی سیاسی بۆ پاراستنی سروشت و ئەو هێما و ڕازە شاراوانەش کە ناسنامەی کورد بە خاکەکەیەوە دەبەستێتەوە.
***
* پەندێکی باوی ناو دانیشتووانی ڕەسەنی ئامریکایە.