کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی تەنیا هێرشی ئاسمانی ئێران چاوترسێن ناکات: هۆدان بۆ ستراتێژیی ناوچەی دژە فڕین

15:09 - 15 گەلاوێژ 2725

بۆچی تەنیا هێرشی ئاسمانی ئێران چاوترسێن ناکات: هۆدان بۆ ستراتێژیی ناوچەی دژە فڕین

 

ئورشەلیم پۆست – ئەی جەی یاف

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ماوەیەکی دوور و درێژە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران پشتی بە هەمان ڕێکار بەستوە: هێرشی ئاسمانیی سنووردار، ئابلۆقەی ئابووری و، نزیکبوونەوەی ناڕوونی سیاسی. بەڵام ئەوانە لە دەستەبەرکردنی گرنگترین ئامانج، واتە هەڵوەشاندنەوەی بەرزەفڕییە ناوکییەکانی ئێران و دابینکردنی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەدا ناسەرکەوتوون. بەرنامەی ناوکی ئێران درێژەی هەیە. سەرەڕای نسکۆی کاتی و کورتخایەن، ڕێژیم جار لە دوای جار پیشانی داوە خۆی دەگونجێنێ، نۆژەن دەکاتەوە و بەرەو پێش دەچێت.

هێرشە ئاسمانییەکان ڕەنگبێ چالاکیی سانتریفیۆژەکان وەدوا بخەن یان ببنە هۆی پەککەوتنی فڕۆکەخانەیەک، بەڵام ئەوان ناتوانن ببنە هۆی هەرەسهێنانی ویستی ڕێژیم، ئەوان هەروەها ناتوانن ڕەفتارە ناوچەییەکان و شەڕانگێزییەکەی بگۆڕن. هیچ نەبێ، ئەو تاکتیکانە مەترسی ورووژاندنی پشتگیریی جەماوەری نێوخۆ بۆ دەوڵەتێکیان هەیە کە نیوە گیان بووە، بەڵام هێشتا ڕەگی قووڵی داکوتاوە.

کاتی شکاندنی سووڕەکە هاتووە. ناوچەیەکی دژە فڕینی پشتگیریکراو لە لایەن هاوپەیمانانەوە لە ئاسمانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئێران، بە تایبەت لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانی کەمینەی کورد، بەلوچ و ئەوانی دیکەن، هەڵوێستێکی نوێێە کە دەبێ بێتە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەوانە شوێنی لەگۆترە نین. ئەوان لە ڕوانگەی جوغڕافیاییەوە گرنگ، لە ڕوانگەی سیاسییەوە هەستیار و، لە ڕوانگەی سیمبۆلیکەوە بەهێزن. کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان لێرە نە تەنیا پێش بە جموجۆڵی سەربازیی ئێران دەگرێت، ئەوە هەروەها دەبێتە هۆی ئافراندنی توێژێکی نوێی زەختی ئابووری و دەروونی بۆ سەر ڕێژیمێک کە هەر ئێستا لەرزۆک بووە.

ناوچەی دژە فڕین وەک ستراتێژیی گوشار

با بە ڕوونی بدوێین: ئەوە داوای داگیرکاریی نیە. ئەوە داوای سنووردار کردنی وردە. ئامانجی سەرەکی دابەزاندنی توانایی رێژیم بۆ کەڵک‌وەرگرتنی ڕەها لە ئاسمانی خۆی بۆ مەبەستی سەربازیی یان لۆجیستیکی لە ناوچە سنوورییەکان، ئەو شوێنانەیە کە ڕێژیم زۆر جار بێ سزادان کار دەکات. بە سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین:

- تێچووی چالاکیی بۆ یەکەکانی ئەڕتەش و سوپای پاسدارانی ئێران کە پشت بە ڕێگا ئاسمانییەکانی نێوخۆیی بۆ جووڵە و پشتیوانیی دەبەستن، بەرز دەکەیەوە.

- ڕێژیم ناچار دەکەیت ئاراستەی بودجە و جەختی ستراتێژیک بەرەو ئاسایشی نێوخۆیی بگۆڕێت، سامانە ئابوورییەکانی  تووشی ئالنگاریی دەکەیت و دۆخەکەی لە دەرەوەی وڵات لاواز دەکەیت.

- لە ڕوانگەی سیاسی و بازرگانییەوە ئێران تەریک دەخەیەوە، چونکە هێڵە ئاسمانییە مەدەنییەکان ئاراستەیان دەگۆڕن و وەبەرهێنەرانی بیانی دەسڵەمێنەوە.

لە ٢٠٢٥ و لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، کاتێک هێرشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بەرگریی ئاسمانیی، بنکەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان پەک خست، باڵادەستیی ئاسمانیی بۆ مایەکی کاتی دەستەبەر کرا. ئەو ئۆپەراسیۆنانە پیشانیان دا کە باڵادەستیی سنووردار بە سەر داڵانە سەرەکییەکانەوە، نە تەنیا مومکینە بەڵکوو دەتوانێ خێرا و بە وردی دەستەبەر بکرێت. ئەمجارەیان، بە هاوئاهەنگیی بەهێزتری ناوچەیی، هەواڵگریی، چاودێریکردن و دیدەوانیی باشتر و، ڕێسای وردتری تێوەگلان، دەکرێ بە شێوەیەکی کاریگەرتریش جێبەجێ بکرێت.

بەڵام بە پێچەوانەی جاران، ئەو هەلە نابێ لەکیس بچێت. بێتوو ئەوە بەردەوام بێت، نەک وەکوو ورووژاندن بەڵکو وەک مێکانیزمێکی جیبەجێ کردنی بەردەوام، دەتوانێ ببێتە ئامرازێکی ئەستاندنی ئیمتیاز، نەک تەنیا دەرفەتێکی قازانجی تاکتیکی.

بۆچی ئێستا؟ بۆچی ئەو ناوچانە؟    

چەند کەمینەی ئەتنیکی لە ئێران دەژین کە زۆرینەیان لە دەسەڵاتی ناوەندگەرای سەرەڕۆ ناڕازین. ناوچەکانی خاوەن کەمینە ئەتنیکییەکانی ئێران پاشگوێخراوترین شوێنەکان لە ڕوانگەی ئابوورین و سەرکوتی سیاسیی لەو شوێنانە بە چڕیی بەڕێوە دەچێت.

ناوچە کوردییەکان لە خۆرئاوا و بەلوچەکان لە خۆرهەڵات مێژوویەکی دوورودرێژی بەرخۆدان و ناڕەزایەتییان هەیە. ئەوان لە ڕوانگەی جوغڕافیایی لە هاوپەیمانەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان نزیکترن و لە چاو ئاسمانی ناوەندی ئێران هاسانتر چاودێریی دەکرێن و بەرگرییان لێ دەکرێت. ئەو ناوچانە هەروەها وەک داڵانی جمووجۆڵی نێوخۆیی سوپای پاسداران کەڵکیان لێ وەردەگیرێت و، بۆ تاقیکاریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ عێراق، سووریە و ئەفغانستان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. پێشگرتن بە بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو شوێنانە لە لایەن ڕێژیمەوە، سەرکوتی نێوخۆیی و تواناییەکەی بۆ دابین کردنی پێداویستیی هێزەکانی پێشووتر نێردراو و بەکرێگراوەکانی ئاڵۆزتر دەکات.

بەڵام لەوەش گرنگتر، پەیامێک بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە دەنێرێت کە بەرزترین نرخیان بۆ بەربەرەکانی دژی ستەمکاریی داوە. بە تایبەت کوردەکان، ئازایەتییەکی لە ڕادەبەدەر و جێی متمانە بوونیان وەک هاوبەشی ستراتێژیک بۆ ڕۆژئاوا پیشان داوە. لە شەڕ دژی داعش لە سووریە بگرە تا بەربەرەکانی دژی گوشاری ئێرانی لە نێوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا و بۆ جارێکی تر، ئەوان پاشگوێ خراون. ناوچەیەکی دژە فڕین لە خۆرئاوای ئێران ئەو پەیامە دەنێرێت کە ئەوان لەبیر نەکراون، کە گیانی ئەوان و ئاسمانی ئەوان گرنگە. ئێمە نابێت هەڵەکانی خیانەت دووپات بکەینەوە، بە تایبەت کاتێک کە جیی متمانەترین هاوپەیمانەکانمان هەر ئێستا زۆر لە بەشی خۆیان زیات قوربانییان داوە.

ڕاگەیاندنی هەڕەشەی ئێران کەلێنی بڕواپێبوونی هەیە     

لە کاتێکدا کە دەوری ناسەقامگیرکەری ئێران لە ناوچەدا بە شێوەی بەربڵاو دانی پێدا دەنرێ، لە بەغدا تا بەیرووت، لە پێتەختەکانی کەنداو و لەو دواییانەدا لە دیمەشق، جێگای داخە کە ئەوەی کە ئەو کەسایەتییەی بە دەنگی بەرز تێشک دەخاتە سەر هەڕەشەی ئێران زۆر جار چاوپۆشیی لێ دەکرێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نەتانیاهو لە هەشتاکانەوە لەبارەی ئێران هۆشداریی داوە. بەڵام چەند دەیە ئەزموونی سیاسی و ڕەوانبێژیی جەمسەرخولقێنانە بووتە هۆی وەلانانی ساکاری هۆشدارییەکانی، بە تایبەت لە لایەن بەشێک لە دنیای عەڕەب و تەنانەت لەنێو بەشێک لە بەردەنگە ڕۆژئاواییەکانیش، بە تایبەت لەژێر کەشوهەوای هەنووکەیی کە ئاکامی شەڕی ئێستای غەززەیە.

ئەو کەلێنی بڕواپێبوونە پێشی بە تەنگەتاویی هێندێک پرس گرتوە، تەنانەت کاتێک کە ڕاستییەکانی مەیدان نیگەرانییە سەرەکییەکە پشتڕاست دەکەنەوە: ئێران بەردەوام هۆی ناسەقامگیریی لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە. بۆ خەڵکێکی زۆر لە ناوچە، لە نێویاندا ئەوانەی کە ڕەنگبێ متمانە بە ئورشەلیم نەکەن، دەستێوەردانی ئێران تیۆری نییە، ئەو ڕاستییە. ئەوەی ئێستا پێویستە هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان ئەکتەرە چێگای بڕواکانە تا پەیامەکە بەرەو پێش بەرن، نەک بە لێدوانی زێدەڕۆیانە، بەڵکو کردەوەی هاوئاهەنگ.

ناوچەیەکی دژە فڕین دەرفەتێک بۆ ئەو مەبەستە دەستەبەر دەکات: ڕێکارێکی کردەنی و قابیلی سەپاندن کە بە دەنگێکی گەلێک بەرزتر لە ڕەوانبێژیی سیاسی دەدوێت.

پەیامێکی سیاسی و ئابووری      

ناوچەکانی دژە فڕین تەنیا ئامرازی سەربازیی نین. ئەوان لێدوانن. سەپاندنی یەکیک بە سەر خاکی ئێرانەوە ئەوە دەگەیەنێت:

- "تۆ ناتوانیت لە کاتێکدا نۆڕمە نێونەتەوەییەکان پاشگوێ دەخەیت، بێ لێپرسینەوە درێژە بە بەرنامە ناوکییەکەت بدەیت."

- "تۆ ناتوانی بێ لێپرسینەوە سپۆنسەری میلیشیایان بی و دراوسێکانت ناسەقامگیر بکەیت."

- "تۆ ناتوانیت لە کاتێکدا کە ئاسمانەکەتت کردووەتە داڵانی نائەمنیی ناوچەیی، لە پشت سنوورەکانت خۆت حەشار بدەیت."

بۆ ڕێژیمی ئێران، ئاسمان تەنیا بۆ جووڵە نییە، بەڵکو بۆ ڕەواییدانە. لەگەڵ کونتڕۆڵکرانی ئاسمانی بەشێک لە وڵاتەکەت لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە، ئیددیعای دەسەڵاتی بێ ئەملا و ئەولات بنکۆڵ کراوە و گوشەرەکە بەرەو هەڵکشانە. لایەنە دەروونییەکەی بەقەد لایەنە ئۆپەراسیۆنییەکەی گرنگە.

بێجگە لەوە، سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین قوڕگی ئابوورییش دەگوشێت. ئەو، هێڵە ئاسمانییەکان چاوترسێن دەکات، تێچووی بیمە بەرز دەکاتەوە و، ئاڵووێری بازرگانی کەم دەکاتەوە، کە هەمووی ئەوانە گوشاری نێوخۆیی لە سەر ڕێژمێک زیاد دەکەن کە هەر ئێستا لە ژێر گوشاری ئابلۆقان، هەڵاوسانی نرخەکان، ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نائارامیی لاوان دایە. چینی مامناوەندی ئێرانی، کە هەر ئێستا لە دەستێوەردانە دەرەکییەکانی ڕێژیم بێزار بووە، زۆر چاک تێدەگات کێ تاوانباری داخرانی ڕێگە ئاسمانییەکان و لاوازتر بوونی ئابورییە.

جیبەجێکردن و مەترسی

بەڵێ، ناوچەی دژە فڕین لە خاکی ئێران هەنگاوێکی بوێرانەیە. بەڵام بوێرانە بە مانای بێباکیی نییە. دەبێ هاوپەیمانییەک بۆ جێبەجێ کردنەکەی بوونی هەبێ، کە بە شێوەی دڵخواز لە هاوبەشەکانی کەنداو، ئەندامانی ناتۆ و، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچە، کە زۆرترین سوود لە خۆرهەڵاتێکی ئارام وەر دەگرن، پێکهاتبێت. ئەوە دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە پلاتیفۆرمەکانی هەواڵگریی، چاودێریکردن و دیدەوانیی لە ئاستی بەرزی ئاسمانەوە جێبەجێ بکرێت، وەکوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مانگی دەستکرد و فڕۆکەی ڕادار، بۆ چاودێریکردن و ئاشکرا کردنی پێشێلکارییەکان لە کاتی ڕوودانیاندا. 

ئەو سیستەمانە داپۆشینی ئاسمانیی بەردەوام دابین دەکەن، بێ پێویست بوونی گەشتی فڕۆکەی شەڕکەر بە شێوەی بەردەوام کە زەختی ئۆپەراسیۆنەکە کەم دەکاتەوە لە کاتێکدا کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان بەردەوام دەبێت. فڕۆکەی نادیار لە ڕاداردا کە لە سەر خاکی وڵاتانی هاوپەیمان جێگیر کراون لە حالی ئامدەباشیدا دەمێننەوە تا تەنیا لە کاتی پێویستدا وەڵام بدەنەوە.

ئێمە هەر ئێستا بەشێک لەوەمان دیتووە. فڕۆکەکانی ئیسڕائیل، ڕێگرییان لە فڕینی چەکوچۆڵی ئێرانی بە ئاسمانی سووریە و عێراقدا کردوە. فڕۆکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان پێشیان بە فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی سووریە گرتوە. ئەوانە گریمانە نین، بەڵکو هەر ئێستا ڕوو دەدەن.

ئاکامی ئەوە چی دەبێت

ئەوە پرسی گۆڕینی ڕێژیم نیە. ئەوە پرسی سنووردارکردنی ستراتێژیک بە هۆی باڵادەستیی ئاسمانییەوەیە. ئێران دەبێت تێ بگات تێچوویەک هەیە، نە تەنیا بە تەقاندنەوەی سانتریفیوژان و ڕووخاندنی بینایان، بەڵکو بە لەکیس چوونی سەروەریی، وەستانی پلانە سەربازییەکان و، لاواز کردنی کۆنتڕۆڵ بە سەر خاکی خۆیەوە.

خۆرهەڵاتی نێوەڕاست جەنگێکی دیکەی پێویست نیە. ئەو پێویستی بە ئامراز بۆ چاوترسێن‌کردن بێ قووڵترکردنی گرژییەکان، گوشار بێ ورووژاندن و، سنووردار کردن بێ ناردنی هێزی سەربازیی بۆ بەرەی جەنگە. ناوچەیەکی دژە فڕین لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئێران بۆ ئەو مەبەستە گونجاوە. ئەو هەنگاوە یاساییە، قابیلی جێبەجێ کردنە و، کاریگەرییەکی مەزنی هەیە، بێتوو ئێمە ویستی سیاسیمان بۆ جێبەجێ کردنەکەی هەبێ.

ئەگەر ئێمە بە ڕاستی دەمانهەوێت پێش بە بەرزەفڕییە ناوکییەکانی ئێران بگرین و پارێزگاریی لە ئاشتی ناوچەکە بکەین، دەبێ لە کۆتاییدا لە  هێرشی جاروبار بەولاوەتر بچین. ئێمە دەبێ بە شێوەی ستراتێژیک بیر بکەینەوە و، دەبێ بمانهەوێت کەڵک لەو ئامرازانەی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاسمان تەنیا بۆ سزادان وەرنەگرین، بەڵکوو بۆ وەرگرتنی ئیمتیازیش.

ئەوە جەنگ نیە. ئەوە گوشاری کۆنتڕۆلکراوە، کە بەسەر ئاسماندا دەسەپێنرێت، بە مەبەستی پارێزگاریی لە گیانی خەڵک و ڕێگریکردن لە ململانێی مەزنتر لە سەر زەوی.

... و ڕەنگبێ، تەنیا ڕەنگبێ، بە هاوسەنگیی دروستی هێز و سنووردار کردن، تەنانەت ساتەوەختی بەر یەککەوتن بکرێتە دەرفەتێک، بۆ ئێران، بۆ ناوچەکە و بۆ ئەو نەوانەی لە خوارەوە ڕا سەیری دەکەن.

"برینەکان ئەو شوێنانەن کە لەوانڕا ڕووناکی دزە دەکاتە ناوت." ڕوومی

ئێستا کاتیەتی.