
بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕەوتی پاشاخوازی لە ئێراندا
هەردی سەلیمی
بەبۆنەی دەرکەوتنی چەندین بارەی شاخوازەکان لە مونیخ و ئەو بابەتانەی لێی کەوتووەتەوە لێرەدا ئاوڕێک لە چییەتیی ئەم ڕەوتە دەدەینەوە و لە کۆتاییدا باسێک لە بێزاریی کوردستان لەم ڕەوتە دەکەین. ڕەوتی پاشاخوازان –لە ڕووی چییەتییەوە ناتوانین ناوی بزووتنەوەی لێ بنێین– ڕەوتێکی دژەشۆڕشی پیاوسالاری ئۆتۆریتەخوازی ڕزگاریخوازی نۆستالژییی بێهێزە؛ ئەم پەسنانەی کە وەپاڵی درا زیاتر شی دەکرێنەوە.
دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی هەر لە بنەڕەتڕا بە کۆدەتا و بە شێوەی بەستراوەیی و گوێلەمستانە بە دەسەڵات گەیشتوون، هەر بە کۆدەتا و بەستراوەیییش دەسەڵاتەکەیان ڕاگرتوە؛ لەگەڵ ئەوەش بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات پەروەردە کراون، نەک ڕووخاندن و لابردنی دەسەڵات، بۆیە چەمکی شۆڕشگێڕی لەلای ئەوان چەمکێکی نامۆیە و لەگەڵ بەرنامە و ئامانجەکانیاندا نایەتەوە. ئەوان لە ڕاستیدا خوازیاری لابردنی دەسەڵاتی هەنووکەیی نین، بەڵکوو خوازیاری تێپەڕین لەو دەسەڵاتەن و لەگەڵ گۆڕانی بنەڕەتیدا بێگانەن؛ بەم پێیەیە ئیدیعا دەکەین ئەوانە لایەنێکی دژەشۆڕش و کۆدەتاچین.
لە دوایین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێراندا ژنان و لاوان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا. ئەم دوو توێژەی کۆمەڵگەی ئێران لە ڕووی تێگەیشتن و ویست و داخوازییەکانیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێش کەوتوە و خۆی لانیکەم لە ڕووی تیۆریکەوە لە زنجیری پیاوانی کۆنسێرڤاتیست ڕزگار کردوە. ئەمە لە کاتێکدایە سیستمی پاشایەتی بەتەواوی سیستمێکی میراتگرانەی نێرتەوەرە، کە وا بەرهەمهێنەرەوەی ڕۆڵی باوک لە بنەماڵە و ڕووحانی لە ئایین و پیاو لە کۆمەڵگەیە و ناتوانێ لەگەڵ ئامانجی لاوان کە دەرچوون لەم کۆتانە و بازدان بەسەر ئەم لەمپەرانەیە، یەک بگرێتەوە. پاشاخوازەکان بە هەڵگرتنی دروشمی "مرد، میهن، آبادی" لە بەرامبەر دروشمی پێشکەوتنخوازانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا و هەروەها دیاریکردنی ڕۆڵی نوێی ڕەزا پەهلەوی لە کۆنفرانسی مونیخ کە خوازیاری ئەوە بوو پێی بڵێن "باوک"؛ بەتەواوی کەوتوونەتە دژایەتیی ویستی سەرەکیی بزوێنەرانی شۆڕش لە نێوخۆی ئێراندا.
وەک باس کرا ئەم ڕەوتە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات هەوڵ دەدەن، هەر بۆیە بەرنامەیان بۆ بەدەسەڵاتگەیشتن نیە، بەڵکوو بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتە! ئەوان لە جیات ئەوەی کەلێنی هێز پڕ بکەنەوە، خۆیان بە خاوەنی ئۆتۆریتە دەزانن! لە ئێستاوە پەتی سێدارەکانیان هەڵواسیوە و خوازیاری مەرگ و نەمان بۆ "ملا و چپی و مجاهد" و "تجزیەطلب" و هیی تریشن. ئەمە لە کاتێکدایە ئۆتۆریتە پێوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە نەک ڕەوتێکی خوازیاری گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام وەک وترا ئەوان هەمیشە خۆیان بەدەسەڵاتدار زانیوە.
ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و... تەنیا کۆمەڵێک چەمک نین، بەڵکوو ئەمانە بایەخگەلێکن کەوا دەستوێڕاگەیشتن بەم بایەخانە پێویستی بە خەبات و هەوڵێک هەیە کە درێژخایەن و بەردەوام و پێداگرانە بێت، نەک ڕزگاریخوازانە و یەکدابەدوو. ئەوەی باسی "یەک جار بۆ هەمیشە" دەکات، لە ڕاستیدا دەیهەوێ بڵێ یەک جار ئەلف لادەن، با بێ بێتە جێی؛ بۆیەشە خۆی بە ئەرکدار نازانێ لە بەرامبەر ویست و بایەخەکانی خەڵکدا و دەیهەوێ بە گۆڕینی ڕووکەشەکان درێژە هەر بەو بێدادییە بدات.
هەموو سەرمایەی ئەم ڕەوتە زەقکردنەوەی بەشێک لە ڕابردوویەتی. ئەو بەشەی وا سەرکوتی نەتەوەکانی تێدایە، ئەشکەنجەی ساواکی تێدایە، فەساد و گەندەڵیی سیستماتیکی دەربار و دەوروبەری تێدایە، نەبوونی ئازادییە دێموکراتیکەکان و نەبوونی یەکسانیی تێدایە، باس ناکرێت؛ بەڵکوو لە شاشەی "تونل زمان"ـەوە کارگە و سینەما و جادەی ئیسفاڵت و ژنانی ئازاد لە پۆشینی جلوبەرگ نیشان دەدات و ئەمەش بە نۆستالژی و حەسرەتێک بۆ ڕابردوو بە خەڵک دەفرۆشێ. لێرەدا پرسیارێکی سادە دێتە گۆڕێ: دەسەڵاتێک کە هەرگیز نەیگوتوە حیجابی زۆرەملێ دەسەپێنم بەسەر خەڵکدا و نەشیکردوە، بۆ ئەم نەکردنەی وەک ئیمتیاز و دەسکەوتێکی مەزن چاو لێ بکرێ؟ یان دەسەڵاتێک بە زیاتر لە پەنجا ساڵ دەرفەتەوە دوو جادەی ئیسفاڵت نەکردبێ و لەگەڵ ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆنی جیهانیدا چەند سینەمای دانەمەزراندبێ، ئەدی چیی کردوە؟
ئەم ڕەوتە بەخۆشییەوە هێزی نیە، لەجیات ئەوەش لە پێناو وەدەستهێنانی هێز و ڕێکخستندا چالاکیی هەبێ، خۆی بە خاوەنی ئۆتۆریتە پێناسە دەکات و دەشیهەوێ لە ڕێی پێوەندیگرتن بە فەرماندەکانی سپاوە تاکە تاکتیکی موبارزاتیی خۆی واتە کۆدەتا بە ئەنجام بگەیەنێ. ئەم ڕەوتە لە نەبوونی هێز و نەبوونی بەرنامە و نەبوونی خۆشەویستی لەنێو خەڵکدا دەناڵێنێ و هەر ئەم ڕاستییەش دەسکەوتێکی بەنرخە بۆ باقیی هێزە سیاسییەکان بەو مەرجەی وشیار بن و بەبەرنامە. لە بێهێزیی ئەم ڕەوتە هەر ئەوەندە بەس بێ کە تا ئێستاش نەیتوانیوە بۆ یەک جاریش مانگرتنێک بەڕێوە بەرێ و چوار دووکانی تاران دابخات.
لەبەر ئەوەی ئێمە هێزێکی سیاسیی چالاکی نێو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ئێرانین، ناکرێ بە لێکدانەوەی ساکارانەی وەک "کارمان بە خۆمان بێ و چمان لە خەڵک داوە" لە ئاست جموجۆڵەکانی دەوروبەرمان کە بێگومان کاریگەرییشیان لەسەرمان دەبێ، بێدەنگ بین و بێهەڵوێست؛ لەبەر ئەوەیە هەوڵ درا لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوەیەک لەسەر چییەتیی ئەو ڕەوتەی کە خوازیاری بەدەسەڵاتگەیشتنە بدرێ، بەڵام لەبیرمان بێ دنیای سیاسەت، دنیای کردەوە و دژکردەوەیە، هەڵوێستگرتن و ڕوونکردنەوە و تەبیینیش بەشێک لە دژکردەوە و تەنانەت کردەوەشە.
وەک دوایین بەشی بابەتە دەبێ بگوترێ کوردستان کە چالاکترین بزوێنەری ناڕەزایەتییەکانە بەدژی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا، یەک سەدەیە بە شێوەی سیستماتیک لە مافە نەتەوەیییەکانی بێبەش کراوە و لە ڕاستیدا پێش لەوەی ئەم بێمافییە لە چاوی کۆماری ئیسلامی ببینێ، لە چاوی دەسەڵاتی ناوەندگەرای فاشیستیی پەهلەویی دەبینێ؛ ئەو دەسەڵاتەی وا ڕووخێنەری کۆماری کوردستان بوو. وێڕای ئەوەش کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە پێشکەوتنخواز و موتەرەققییە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەسەڵاتی میراتگرانە و نادێموکراتیک و ناعادڵانەدا دانووی ناکوڵێ؛ کوردستان گۆڕستانی فاشیستانە، نەک بەهەشتی تەراتێنیان.