
حیزبی دێموکرات و گرینگیدانی بە پرسی کۆمەڵایەتی
جەلیل گادانی
ئاماژە: ئەم وتارە کە دوایین نووسینی نەمر جەلیل گادانیە و دوو حەوتوو دوای کۆچی دوایی ئەو بڵاو بۆوە، بۆ کتێبی "حیزبی دێموکرات، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی"، تایبەت بە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب نووسرابوو
هێشتا ساڵێکی تەواو بەسەر هاتنی هێزی هاوپەیمانانی شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ ئێران بە تایبەتی داگیرکردنی باکوور و ڕۆژئاوای ئێران لەلایەن ئەڕتەشی سوور کە بوونە هۆی نەمانی هێزی نیزامیی ڕەزاشای دیکتاتۆر لە بەشێک لە کورستان تێنەپەڕیبوو، پیاوانی تێکۆشەری کورد لە شاری مەهاباد کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردیان لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١دا دامەزراند.
چونکو حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو کۆمەڵە دامەزراوە، بە پێویست دەزانم ئاماژە بە هێندێک لە کارەکانی بکەم. تێکۆشانی ئەو کۆمەڵە لە ناوچەی موکریان زۆر زوو پەرەی ئەستاند. حکوومەتی تاران لە کردەوەدا حاکمییەتی خۆی لەم دەڤەرە لەدەست چوو بوو. بەشی زۆری ئەرکەکانی حکوومەتی کەوتبوە سەرشانی خەڵک خۆی. لەو سەردەمیشدا کۆمەڵە ژ- ک یەکەم حیزبی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. وێڕای تێکۆشانی سیاسی و پەرەدان بە هەستی نەتەوایەتی لە زۆر شوێن بە تایبەتی لە شاری مەهاباد، زێدی لە دایکبوونی، زۆربەی گرفتەکانی خەڵکیان حەل دەکرد. بە تایبەتی لە دوو بواری فەرهەنگی و ئاسایشەوە هەنگاوی بەنرخی هەڵێناوە.
"قۆڵسوور"ەکانی ژ-ک خۆبەخشانە شەو و ڕۆژ ئامادەی خزمەت بوون، ئەرکی ئەمنییەت و ئاسایشی شاریان وەئەستۆ گرتبوو، هەموو کات ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک بوون کە ڕەنگبوو لە لایەن هێندێک عەشیرەتی هەلپەرست بۆ تاڵان و بڕۆ بکرێتە سەرشار.
لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بنکەی تایبەت داندرابوون. شەوانەش بە شێوەی گەڕۆک لە کوچە و کۆڵان و شەقامەکان ئەرکی پێ ئەسپێردراویان ئەنجام دەدا. ئەگەر ڕووداوێک لە دوور و نیزیک تەنانەت لە دێهاتی دەوروبەریش ڕووی دابا بە هانای خەڵکەوە دەچوون.
هێندێک بنیادی حکوومەتی وەک سەربازخانە کە ئەو هەمووە هێزەی تێیدابوو بە دوو بۆمبی گچکە و کەم هێزی تەیارە ڕەشەکەی سۆڤییەت کونە مشکیان لێ ببوو بە قەیسەری و هەڵاتبوون و چۆڵیان کردبوو، یا سیلۆ و ژاندارمەری کە بێخاوەن مابوونەوە، هەرچەند هێندێکیان تاڵان کرابوون، بەڵام ژ- ک پارێزەری تایبەتی بۆ دانابوون تا ساختومانەکان وێران نەکرێن و لەوەی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی چۆلبوونیاندا تاڵان کرابوون زیاتر وێران نەکرێن. بۆ نموونە هەر سەربازخانەکە دواتر کرایە پێشمەرگەخانە.
لە بواری فەرهەنگیشەوە مەجالیان نەدا ئەو خوێندنگانەی هەبوون دابخرێن و ئەندامانی فەرهەنگیی شار کە زۆریان ببوونە ئەندامی کۆمەڵەی ژ- ک نەیانهێشت قوتابییەکان لە خوێندن دواکەون، بەڵکوو هەنگاوی گەورەشیان هەڵگرت.
بە دانانی دوو قوتابخانەی شەوانە بە ناوەکانی "گەلاوێژ" و "ئازادی" بۆ فێرکردنی زمانی کوردی کە تا ئەودەم خوێندن و نووسین بە کوردی بە تەواوی یاساغ بوو خزمەتێکی باشیان بە لاوان کرد.
یەک لەو مەدەرسانە "گەلاوێژ" لە خانووی حاجی ئەحمەد گادانی لە گەڕەکی قووڵە قەبڕان، بە سەرۆکایەتیی مەلا عەبدوڵلا داوودی، ناسراو بە خاڵە مەلا یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ- ک و دووهەمیان لە گەڕەکی هەرمەنیان بە ناوی "ئازادی" لە کوچەی محەممەدی مەولوودی بە لێپرسراوی فەرهەنگیی بەوەج "عەلی گولجەبینی" بەڕێوە دەچوون. جگە لە چەند مامۆستای خۆجێیی بەڕێزان؛ ڕەوانشادان عوسمان دانش، محەممەد تۆفێق وردی، کەریم زەند، نووری ئەحمەد تەها بە نۆبە لەو دوو قوتابخانەیە دەرسیان دەگوتەوە.
ئەو بەڕێزانە توانییان لە ماوەیەکی کەمدا پۆڵێک لاو بەچەشنێک فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بکەن کە پاش تەواوبوونی دەورەکەیان هێندێک لەوان بوونە مامۆستای کوردی گوتنەوە و خزمەتی باشیان کرد.
وابزانم زیاتر بە مەبەستی تەمرینی حکوومەتداری بوو کە ژ- ک میرمیرێنی نەریتی کۆنی کوردیی زیندوو کردەوە.
یەکیان بە میرایەتیی مستەفا سیاسەری لە گەڕەکی هەرمەنیان و ئەویتریان لە گەڕەکی ڕزگەریان بە میرایەتیی حەمەدەمین یا حەمەی حەسەن زارا بەڕێوە دەچوو.
ئەو دوو میرانە جو بەرگی تایبەتییان بۆ ساز کرابوو. هەرکام پۆلێک لاوی بەوەج و کارگێڕ یان قۆڵسووری ژ-ک یان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت لە دەور بوو، هەر حوکمێکی کردبایان بەڕێوە دەچوو.
کۆمەڵەی ژ- ک بەهێنانە سەرشانۆی دوو نمایشی "سوڵتان سەلاحەدین" و "دایکی نیشتمان" لە مەهاباد و نەغدە و شنۆ و بۆکان، کە لە هەر کام لەو شارانە چەند ڕۆژ نیشان دران، کاریگەریی زۆری لە سەر گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی و بڕوابەخۆ بوونی خەڵک کرد.
چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری بەپێزی "نیشتمان" وەک یەکەم بڵاڤۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵات و ئۆرگانی کۆمەڵە لەو سەردەمەدا یەک لە کارە بەرچاوەکانی فەرهەنگی و ڕووناکبیریی سەردەم بوو کە بۆ چاپکرانی چەند ژمارە دەچوونە تەوڕێز و لە ڕێگەی دۆستانێک کە دەستیان دەکاری چاپ و چاپخانەدا بووە، چاپیان دەکرد و دەیانهێناوە کوردستان و بڵاویان دەکردەوە.
لەڕاستیدا خەڵک ئەوەندەیان بڕوا بە کارەکانی ژ- ک هەبوو کە نەتەنیا بە قسەی "فەرماندار"ی دیاریکراوی حکوومەتی ئێرانیان نەدەکرد کە لەوکاتدا لە سەرۆک عەشیرەتەکان دادەندران، بەڵکووو یەک دوو جار بە خۆپیشاندان لە شار وەدەریان نان.
بە هاتنی قازی محەممەد بۆ نێو کۆمەڵەی ژ- ک و بوونی بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، وەزعی ژ- ک زۆر بەرەو پێشتر چوو. هەم وەزنی چووە سەر و هەم کەسایەتییەکانی کوردستان لە دوور و نیزیک ڕوویان تێکرد. هەر وەک هێندێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری پێشبینییان کردبوو دوای ماوەیەک قازی محەممەد بوو بە مۆرەی هەرە گرینگی ئەم ڕێکخراوەیە.
دوای یەک دوو سەفەر بۆ ئازەربایجانی سۆڤییەت و نیزیکیی دۆستانە دەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لە لایەک و پاش تەکبیروڕایەکی زۆری بەڕێوەبەرانی ژ- ک، بە حوکمی پێویستیی هەلومەرج و زەمان، بە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری ڕێبەڕانی کۆمەڵە، ئەو ڕێکخراوە بوو بە "حیزبی دێموکراتی کوردستان ."
ئەو حیزبە مۆدێرنە بە ڕاگەیاندنی بەرنامەیەکی ٨ مادەیی کە لە ١/ ٨/ ١٣٢٤ بە واژۆی دەیان کەس لە ڕێبەڕان و کەسایەتییەکانی کۆمەڵە چاپ و بڵاو کرایەوە بوونی خۆی ڕاگەیاند. لەو ڕاگەیاندراوەدا بەشی بەرچاوی پێویستییەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگە گونجابوو.
لە ماوەیەکی کورتدا ئەو حیزبە کە لە سەر بنەمای کۆمەڵە دامەزرا، یەکەم کۆنگرەی هەر لە شاری مەهاباد بەست و دوای خستنە بەر باسی بەرنامەکە و باس و خواسێکی زۆر لە سەری، هەر لەم کۆنگرەیەدا گرینگیی زۆر زیاتر درابوو بە ٢٢ مادە کە دواتر لە مانگی سەرەماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی دا بڵاوکرایەوە کە بریتی بوو لە چوار فەسڵ و ٢٢ مادە.
هەر لەو کۆنگرەیەدا قازی محەممەد وەک سەدری حیزب و ڕێبەڕ و ٢٣ کەس ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. لەو بەرنامە نوێیەدا هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو، کە ئێستاش لە زۆر وڵات پیادە کراوە پێشبینی کرابوو. بۆ نموونە ئاماژە بە چەند خاڵ لەو بەرنامە دەکەین کە زیاتر باری دێموکراتی و کۆمەڵایەتیی دەگرتەوە:
١- ناوی حیزب: حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
بە باوەڕی من لێرەدا بۆیە ئاماژە بە ئێران یان بەشێک لە ئێران نەکراوە کە کوردستان بە یەک خاک و یەک نەتەوە دەناسێندرێ.
٢- حیزب لە سەر ئەو بناخەیە دامەزراوە: "حەقیقەت، عەداڵەت، تەمەدون."
هەموو نیزامنامە و قانوونەکانی حیزب پاش پەسند کران لە کۆنگرە، جێبەجێ ئەکرێن.
بەم واتایە بۆ یەکەم جار حیزب لە ڕێبەریی تاکەکەسی و عەشیڕەتی و کوێخامەنشی و شێخایەتی دەردەچێ و بەشێوەی دێموکراتیک و بڕیاری گشتی بەڕێوە دەچێ.
٤- هەروەها لە کوردستان ئەبێ لە سەر بنچینەی دێموکراسی، قازانجەکانی کۆمەڵانی خەڵک ڕەچاو بکرێ. ئەبێ بێ گوێدانە جیاوازیی میللی و قەومی و مەزهەبی، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ مەجلیسی شوڕای میللی مافی وەک یەکیان هەبێ.
٥- ئامانجی حیزب بریتییە لە پەرەپێدانی دێموکراسی، لە سەر ئەو بنچینەیە تێدەکۆشێ بۆ خۆشی مرۆڤایەتی.
٨- یەکەمین هەنگاوی حکوومەتی میللی ئەوەیە دەس دەکا بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
٩- ئەبێ هەموو مەئمورانی کیشوەری و سیاسی و دایرەکان و کشتوکاڵ کورد بن. لە ئیداراتدا دەبێ بە زمانی کوردی بنووسرێ.
١٠- حیزب تێدەکۆشێ بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ ماشێن بکڕێ و هەوڵ ئەدا ئەو بەروبوومەی جوتیاران بەرهەمی ئەهێنن، بەباشی بفرۆشرێ.
١١- حیزب تێدەکۆشێ بۆ ئاوەدانی و پاراستنی لەشساغی دێهات و بۆ نەهێشتنی ئەو کۆسپانەی لە ڕێی هاتوچۆ لە دێیەک بۆ دێیەکی دیکە.
١٢- حیزب بەبێ جیاوازی نەتەوایەتی و قەومی و مەزهەبی حیمایەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و لەشساغیی هەموو زەحمەتکێشان دەکات کە لە کوردستان دەژین.
١٣- بە مەبەستی پەرەپێدانی زانست و شارستانیەتی نێو خەڵکی کوردستاندا خوێندنی قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی ئەکرێتە ئیجباری و لە هەموو قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی دەرس دەخوێندرێ.
١٩- حکوومەتی میللی بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی خەڵکی کوردستان بە ڕیگای هەرزان و ڕەحەت، بەتوندی دژی سەلەم و گرانفرۆشی و موحتەکران ڕادەوەستێ.
٢١- ئەبێ لە هەموو کاروباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ژنان وەکو پیاوان مافی وەک یەکیان هەبێ.
٢٢- ئەبێ مافی کەمە نەتەوەکان کە لە کوردستاندا ئەژین، وەکوو ئازەربایجانی، ئەرمەنی و ئاشووری بەتەواوی دابین بکرێ.
بە باوەڕی من نوقستانیی گرینگی ئەو بەرنامە ئەوەیە کە مادەی ٥ی بەرنامەی پێشوو هەڵگیراوە کە بریتی بوو لە: "دەبێ لە سەر ئەساسی قانوونێکی گشتیی نێوان لادێی و خاوەن مڵکدا ڕێککەوتنێک پەسەند بکرێ کە دواڕۆژی هەر دوو لا دابین بکرێ.
بەمجۆرە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بە جێی ئومێدی هەموو کوردێکی خاوەن هەست. لەڕاستیدا نەک هەر درێژەدەری هەموو کارە باشەکانی "ژ-ک " بوو، بەڵکوو گەلێک مەسەلەی نوێی هێنا ئاراوە کە لەگەڵ دنیای مۆدێرن و پێشکەوتوو دەگونجا و بێگومان نە لە حکوومەتی تاران بەڵکوو لە سیستەمەکانی پاشایەتی و کۆماریی دەوروبەر باسیشیان لێ نەدەکرا.
ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە توانی لە دونیای قەیراناویی ئەو سەردەمەدا بە باوەشی گەرم چەند هەزار کەس لە بنەماڵە و جەنگاوەرانی پەڕیوەی دوای نسکۆی شۆڕشی بارزان وەرگرێ کە دوای هێرشی دڕندانەی ئەڕتەشی حکوومەتی پاشایەتیی عێراق و پشتیوانیی هێزەکانی بریتانیا ڕوویان کردە ڕۆژهەڵات. هەر لە شنۆوە تا بۆکان لە شار و گوندەکانی کوردستان جێگیریان بکا و بەو پەڕی دڵئاوڵاییەوە و بە هیمەتی خەڵکی دڵسۆز لەو وەزعە شپرزەیەی هەیان بوو ڕزگاریان بکا و بەپێی ئیمکاناتی ئەو سەردەم دەیانمەزرێنێ و دواتریش ڕاستەوخۆ لە کۆماری کوردستاندا بەشداریان بکا.
بێگومان لوتکەی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کەلک وەرگرتن لە هەلومەرجی گونجاو و دەرفەتی هەڵکەوتوو، دامەزراندنی کۆماری کوردستانە. گەرچی ئەو کۆمارە بە پیلانی دوژمنانی تەمەنێکی زۆر کورتی هەبوو، بەڵام بە بۆنەی ئەو ڕەفتار و کارە باش و ناوازانەی کە لە ئەو ماوە کورتەی بوونیدا ئەنجامی داون بۆتە مادەیەکی مێژوویی جێی شانازیی کورد و کوردستانیان.
بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماریش جگە لە هێندێک کاری گرینگی سیاسی و ڕێکخراوەیی وەک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەشێوەی ڕەسمی، ئامادەکردنی پێشمەرگەخانە بۆ پەروردەکردنی هێزی پارێزەری نیشتمان، لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتیشەوە هەنگاوی گرینگی وەک دانانی چاپخانە، بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردستان و بە ڕۆژانە کردنی مەدرەسەی شەوانەی گەلاوێژ و ڕەسمیەت دان بە خوێندنی زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکان هەڵێنرانەوە. لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئەوە بوو کە توانی ئاشتەوایی و برایەتی لەنێو ئەو هەموو عێل و عەشیرەتانە پێک بێنێ کە پێشتر بە دەسیسەی دوژمنانی کورد پێکەوە زۆر ناتەبا بوون و بەنرخی ئەو یەکدڵی و برایەتی و تەباییە توانی کۆماری کوردستان دامەزرێنێ.
ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانەی لە ژێرەوە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەم کە لە تەمەنی کورتی یازدە مانگەی کۆماریدا بەپێی بەندەکانی بەرنامەی حیزب بەڕێوە چوون. بێگومان ئەگەر هیممەت و ئیرادەی بەڕێوەبەران و ئەندامانی دڵسۆزی حیزب نەبا و باوەڕی قووڵ بە پیادەکردنی ئەو بەرنامە نەبایە لەو ماوە کەمەدا بە ئاکام نەدەگەیشتن.
١- بۆ یەکەم جار بەشدارکردنی ژنان لە کاری کۆمەڵایەتیدا و دامەزراندنی "حیزبی ژنان" یان "یەکیەتی یایانی دێموکرات".
٢- بەرچاوگرتنی مافی زەحمەتکێشان شار و دێ.
٣- ڕەسمیت پێدانی ڕێکخراوی لاوانی دێموکراتی کوردستان .
٤- بەڕێکرانی پەنجا تا شەست کەس لە لاوە خوێندەوارەکان بۆ باکۆی پێتەختی ئازەربایجانی سۆڤییەت و تەورێز بۆ خوێندن.
٥- ڕەسمیەت دان بە خوێندنی دەرس بە زمانی کوردی لە هەموو خوێندنگاکان و نووسینی کاروباری ئیداری بە زمانی کوردی لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار.
٦- بایەخدانی بە کردوە بە مافی کەمایەتییەکانی ڕەگەزی و ئایینی، دانانی مەکتەب و خوێندن بە زمانی خۆیان.
٧- یەک ڕەنگ و یەک فۆرم کردنی جلوبەرگی هەموو قوتابیان لە سەر تێچوی کۆمار.
٨- ئیجباری کردنی خوێندن بۆ هەموو ئەو کچ و کوڕانەی دەگەیشتنە تەمەنی خوێندن.
٩- دانانی کلاسی شەوانە بۆ خوێندنی گەورە ساڵان.
١٠- دانانی فەقیرخانە و کۆکردنەوەی سواڵکەران و بەخێوکردنیان.
١١- دانانی رادیۆی F.M بۆ ئاگادارکردنی خەڵک لە ڕووداوەکان.
١٢- یەکێک لەو کارانەی کۆمار کردی و تا ئەو دەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ دەوڵەتێک نەیکردبوو ئەوە بوو کە هەموو ئەو لاو و تازەلاوانەی کە لە بەر بێ ئیمکاناتی و بێکاری و نەداری لە کوچە و کۆڵانان یا لە بازار دەخوڵانەوە و سواڵیان کۆ دەکردوە، بە سەر ماڵە دەوڵەمەندەکاندا دابەشی کردن کە وەک منداڵەکانی خۆیان سەیریان بکەن و هەروەک کوڕ و کچانی خۆیان بە خێویان کەن و بیان نێرنە خوێندنگە. هێندێک لەوانە دواتریش درێژەیان بە خوێندن دا و پێگەیشتن.
هەرچەند تەمەنی کۆمار ئەوەندە کورت بوو نەیتوانی هەڵبژاردنی پاڕڵەمان بەڕێوە بەرێ، بەڵام بەگوێرەی پێویست لە لایەن دەوڵەتی کوردییەوە بۆ نرخی کەلوپەل پێشگیری لە گرانفرۆشی و زۆر مەسەلەی دیکە بڕیار دەدرا و لە ڕێگای ڕۆژنامە و ڕادیۆ و بڵیندگۆکانی دامەزراو لە مەیدان و شەقامەکانی شار یا بەشێوەی بانگەواز خەڵک لەو بڕیارانە ئاگادار دەکران. هەر بڕیارێکی درابا بە سەرڕاستی بەڕێوە دەچوو.
لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا هەنگاوی باش هەڵگیرا، بۆ نموونە شوێنی سینەما سازکردن دیاری کرا و کەرەستەشی بۆ ئامادە کرا، بەڵام فریای سازکردن نەکەوت. یان بۆ نموونە، ئاوەڕۆی شاری سابڵاغ بە درێژایی سێ کیلومیتر زیاتر لە دووسەد ساڵ هەر وا بەسەر ئاواڵەیی مابۆوە لە باشووری شار تا باکوور بە نێوەڕاستی شاردا دەڕۆیشت و بۆگەنیوی بێزارکەر بوو، بە نێوەڕاستی بازری شاریشدا تێدەپەڕی. بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا بە خشتی سوور و خەڕپشتە و تاق هەموویان داپۆشی و شاریان لەو زەلکاوە ڕزگار کرد و دیمەنێکی تازە لە پاک و خاوێنیان بە شاردا.
لە بواری پزیشکییەوە سەرەڕای ئەوەی شار تەنیا دوکتورێکی بەناوی "وێنەتان" لێ بوو، نەخۆشخانەی شێروخۆرشید تەنیا نەخۆشخانەی شار بوو کە ١٠ تا ١٥ قەرەوێڵەی زیاتر نەبوو، بە دەردی خەڵک ڕادەگەیشتن و دوکتورێکی ئەڕتەشی ئیرانیش بە ناو "موبەسیری" کە لە شەڕەکانی سەقزدا بەدیل گیرابوو ئیزنی پێدرا کاری پزشکی بکا و دواتریش چەندین ساڵ لە مەهاباد مایەوە و کاریگەری زۆر باشی لەسەر ئەم بابەتەوە هەبوو.
دوای کۆماریش کە حیزب هاتەوە سەر پێ و تێکۆشانی دەست پێکردەوە، ڕێبەرانی کاتی و ئەندامانی حیزب زۆر جار ڕێنوێنی و هاوکاریی خەڵکیان دەکرد. حیزب لە نێو خەڵکدا وا جێگای خۆی کردبۆوە کە لە کاندیدای حیزب لە مەهاباد بۆ پەرلەمانی دەورەی ١٦ ، شادڕەوان "سارم خانی سادق وەزیری" دەنگی یەکەمی هێناوە. بەڵام سەڵاحییەتی لە لایەن حکوومەتەوە ڕد کرایەوە و کەسێکیان لە جێگای ناردە پاڕلەمان کە خەڵک نە دیبوویان و نە دەیانناسی.
هەروەها جوتیارانی بەشێک لە ناوچەکانی مەهاباد و بەتایبەتی بۆکان کە ساڵی ٣١ لە بەرامبەر دەرەبەگە ستەمکارەکاندا ڕاوەستان و ڕاپەڕین، حیزب هاوکاریان بوو. دواتریش کە هیزی ژاندارم و سوپای ڕێژیم سەرکوتیان کردن زۆر لەوانە لە لایەن مالیکەکانەوە لە گوندەکانیان دەرکران و هێندیکیان ماڵیشیان تاڵان کرا. بەڵام حیزبی دێموکرات بە ئەرکی خۆی زانی بە دەنگیانەوە چوو، ئەو غەدرەی لێیان کرابوو لە ڕێگای ڕۆژنامەکانی تارانەوە لە قاو دا و بە خەرجی خۆی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابین کردن تا خەریکی درێژەدان بە کەسب و کار و فەلاحەتی خۆیان بن.
هەر لە شاری مەهاباد و لە بەهاری ١٣٣٢ لە لای باشووری مەهابادەوە سێڵاوێکی سامناک هات و بەشێکی زۆر لە ماڵەکانی دوو گەرەکی"خڕێ" و "هەرمەنیان" پڕ ببوون لە ئاو و زیانی زۆریان پێ گەیشت. بەڵام بە هیممەتی ئەندامانی حیزب و لاوانی دێموکرات هەر بە کەرەسەی سەرەتایی ئاوی ماڵەکانیان بەتاڵ کرد. لە بەهاری ١٣٤٧ کە سێڵاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد هەستا و بەشێک لە ماڵەکانی سەر ڕێگەی خۆی داگرت، بەکردەوە هەر ئەندام و لاوەکانی حیزب لە مەیدانی هاریکاریدا بوون و کاربەدەستانی حکوومەت چاولێکەر بوون.
لە شوڕشی هەژدە مانگەی ٤٧-٤٦ یش هەرچەند بەڕواڵەت دامودەزگاکانی دەوڵەتی دەسەڵاتی تەواویان هەبوو، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانەی پێشمەرگە هاتوچووی دەکردن گرفتە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەکانی خۆیان دەبردە لای بەرپەرسان و پێشمەرگەکانی ئەو سەردەم تا چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە و ڕێگە حەللی موشکلەکانیان نیشان بدەن.
سەرەڕای ئەوەی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی لە دوای کۆمارەوە هیچکات خۆشییان لە خۆیان نەدی و ئەندام و لایەنگرانی بەشیان زیندان و دەربەدەری بوو، چەند جار بە کۆمەڵ گیراون، هێندێک لەوان ئێعدام کراون یا بە دەیان ساڵ لە بەندیخانەکاندا مانەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و لە خەبات نەوەستاون.
هەر ئەندامانی حیزب بوون کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ یەکەم خۆپیشاندانیان لە سێ ڕۆژەی فەوتی هاوڕێ عەزیز یووسفی لە شاری مەهاباد وەڕێ خست و بەدوای ئەودا جەماعەتێکی ٤٠ کەسی گیران. بەڵام زۆر زوو ئەو خۆپیشاندانە هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە و دەنگی خۆیان بە دژی ڕێژیم تێکەڵاو بە دەنگی گەلانی دیکەی ئێران کرد.
دەتوانم بڵێم ئەندامانی حیزبی دێموکرات یەکەم بەدیهێنەری شوڕای خەڵکی لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە شار و دێ بوون.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشیش ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو لە هێندێک شاری وەک مەهاباد و بۆکان بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانە کە لە ئاکامی شەڕ پێفڕۆشتنی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی نەغەدە و سەقز ئاوارە بوون کۆمیتەی هیمدادی پێک هێنابوو تا بتوانێ جێگە و ڕێگایان بۆ دیاری بکا و بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی خەڵک بە کەم و کورتیش بێ ئیمکاناتی ژیانیان بۆ پەیدا کردن و پێیان ڕاگەیشتن.
لەو هەلومەرجە سەختەشدا حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی خۆبەخشانە کلاسیان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی دانا. هەرچەند نیگەرانی شەڕ پێفڕۆشتنی کۆماری ئیسلامی بە کورد لە گۆڕێدا بوو، بەڵام بە هاوکاریی مامۆستا هێمن، مامۆستا حەسەن قەزڵجی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و چەند کەس لە فەرهەنگییانی مەهابادی وەک حەسەن سنجانی و ئەحمەد کاکە مەمی هەوڵ درا کتێبی دەرسی پۆلی یەکەمی سەرەتایی ئامادە بکەن.
دوای دامەزراندنی حکوومەتی کاتی بە سەرۆکایەتیی مێهدی بازرگان هێندێک لە دەرەبەگەکانی ناوچەکانی شنۆ، پیرانشار و سندووس خەریک بوون دەببە بەو جوتیارانە بکەن کە لە دابەشکردنی زەمانی شادا پارچە زەوییەکیان وەدەست کەوتبوو و لێیان بستێنەوە. حیزبی دێموکرات نوێنەری ئەو جوتیارانەی بانگ کردە مەهاباد بۆ ئەوەی داواکاریی خۆیان بە حکوومەت و خومەینی بگەیەنن و نەهێڵێ غەدریان لێ بکرێ و بەڕێیان کردن بۆ تاران. بە فەرمانی حیزب، نووسەری ئەو دێرانە کە لەو کاتدا هەم بەرپرسی ڕێکخراوی حیزب لە تاران و هەم بەرپرسی کۆمەڵی کوردەکانی دانیشتوووی تاران بووم کە تازە پێکمان هێنابوو، ئەو نوێنەرانەم لە پێشدا برد بۆ لای سەرۆکی حکوومەت و هەم بردمن بۆ قوم بۆ لای خومەینی کە قەولیان پێدان پێش لە دەستدڕیژیی دەرەبەگەکان بگرن و نەهێڵن زەوییەکانیان زەوت کەنەوە.
هەر ئەو خزمەتە کۆمەڵایەتیانە و سیاسەتی دروستی حیزب بوونە هۆی ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێر و کاندیدای حیزب بە دەنگی پێویست لە ورمێ سەرکەوێ. دواتریش لە هەڵبژاردنی دەورەی یەکەمی پارلمان لە کۆماری ئیسلامیشدا کە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٨ بەڕێوەچوو، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان کاندیداکانی حیزب سەرکەوتوو بوون و لە زۆربەی شارەکان هەڵبژێردران؛ کە دیارە نەگەیشتنە مەجلیس.
یا لە شەڕی بە سەر کوردستاندا سەپاوی سێ مانگەدا دێهاتی کوردستان ببێتە پشت و پەنای پێشمەرگە و حیزب و بە هاوکاریی خەڵک و فیداکاری پێشمەرگە توانی پاشەکشە بە خومەینی بکا و بە درۆ داوای وتووێژ بکا. (هەرچەند قەولەکانیان نەبردە سەر و بە دوای وەخت دا دەگەڕا تا ئەڕتەش ڕازی بکا هاوکاریی بکا و خۆشیان تەیارتر کەن). بۆ ماوەی چەند مانگ شەڕ ڕاگیرا و خومەینی هەئیەتێکی بێ دەسەڵاتی بۆ وتووێژ ناردە مەهاباد. لە داخوازییەکی ٢٦ مادەییدا ئاکامی ئەم وتووێژانە نێردرا بۆ سەروک کۆمار (بەنی سەدر) و خومەینی، بەڵام قبووڵی نەکرد.
هەرچەند حیزبی دێموکرات دواتر بەو مەبەستەی کە نییەت پاکیی خۆی لەم وتووێژانەدا بسەلمێنێ، کۆی ئەو ٢٦ مادەیەی لە شەش مادەدا گونجاند و بۆی ناردن. بەڵام دیسانیش ئاکامی نەبوو، چونکە خومەینی شەڕی بە نیعمەت دەزانی. بۆیە جارێکی دی بە ئیمکاناتی نوێ و ڕازیکردنی ئەڕتەش بۆ هاوکاریی سپای پاسداران و شەڕکردن دەگەڵ کورد بە ئاشکرا شەڕی بە کورد فرۆشتەوە و بە هەموو هێزیەوە لە چەند لاوە هێرشی کردە سەر کوردستان.
ئەوە لە کاتێکدا بوو کە کوردستان نەک هەر خۆی خەریکی دێموکراتیزەکردنی کوردستان بوو، بەڵکوو ببوو بە پەناگای هەموو ئەو هێزانەی لە دەست خومەینی تاران و باقی شوێنەکانی وڵاتیان بەجێ هێشتبوو.
بە دوای ئەو هێرشەدا گەمارۆی هەمەلایانە خرایە سەر کوردستان. ژیان لە شار و دێ یەکجار سەخت بوو لە هەلومەرجێکی وەهادا کە دەفتەری سیاسی نەیدەویست بۆ پێشگیری لە کوشتار و وێرانی شارەکان بڕیاری دابوو لە شاردا شەڕ نەکا، لە شار دوور کەوتبوونەوە، لە پێشدا لە ئەشکەوتانی دۆڵی شێخان لە مەنگوڕایەتی و دواتر لە گوندی شیوەجۆی گەورکایەتی سەردەشت نیشتەجێ ببوون.
هەر لە دۆڵی شێخان بیرۆکەی دانانی "ڕادیۆ دەنگی کوردستان" هاتە ئاراوە و بەزەحمەتی زۆری ڕەوانشادان؛ ئەندازیار خەیاتی، کاک خەلیل گادانی و سەید ڕەسووڵی دەهقان لە ڕۆژی ٢٧/ ٣/ ١٣٥٩ ئامادە کرا و بە پەیامی شەهید دوکتور قاسملوو دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کرد کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە سەر کاروباری حیزب و ورەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هەبوو. ئەوە ماوەی چل ساڵە سەرەڕای سەدان کەند و کۆسپی سەر ڕێگا لە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی بەردەوامە.
لەوهەلومەرجەدا زۆرجار خەڵک بۆ گازندە و گرفتەکانی خۆیان ڕوویان لە حیزب دەکرد. زۆرکەس لە شار و دێ دەهاتن و زۆربەشیان ڕوویان لە سکرتێری حیزب بوو، حەزیان دەکرد دوکتور قاسملوو ببینن. وای لێ هات لە بەر دیتنی خەڵک و وڵامدانەوەیان بەڕێوە بردنی ئەرکەی خۆی بۆ بەزەحمەت بوو.
لە کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی بیر لەوە کراوە ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە کە بتوانین وەڵامدەری داواکاری خەڵک بین و ئەو زەحمەتە لە سەر شانی دوکتور هەڵگرین. دوای کۆنگرەی پێنج لە سەر پێشنیاری نووسەری ئەم دێڕانە، دەفتەری سیاسی بڕیاری دا حیزب کۆمیسیۆنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانە پێک بێنێ.
شەهید دوکتو قاسملوو عادەتێکی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو هەر کەس پێشنیاری بۆ کارێک کردبا و بە دڵی با، دەگەڵ پەسندکردنی پێشنیارەکە دەیفەرموو: "زۆر باشە و بۆخۆشت بەرپرسیارەتییەکەی وەئەستۆ بگرە".
هەر لەوکاتەوە من کە لە شەڕی سێ مانگە ڕا هەتا دوای کۆنگرەی پێنج بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزب بووم، ڕاسپێردرام ئەو کۆمیسیۆنە پێک بێنم. هەرچەند لەپێشدا هێندێک ئۆرگانی وەک نەخۆشخانە و دەرمانگا و تاق و لۆق مەدرەسە و بەندیخانە هەبوون، بەڵام بە سیستم نەکرابوون و زیاتر بە سەلیقەی شەخسی کارەکان دەکرا. نووسەری ئەو دێڕانە لە ماوەیەکی کەمدا گەڵاڵەی چلۆنایەتیی بەڕێوەبردنی ئەو کۆمیسیۆنەی ئامادە کرد کە پاش تێڕوانینی پێویست پەسند کرا.
ئەو کۆمیسیۆنە بەپێی گەڵاڵە و ئاییننامە لە حەوت بەش پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە:
١- کۆڕی پەروردە و فێرکردن ٢- قەزایی ٣- شەهیدان ٤- دەرمانی ٥- بەشی شووراکان ٦- زەوی و زار ٧- ڕێگەوبان.
لە ماوەی یەک - دوو مانگ دا بۆ هەرکام لەو بەشانە سمیناری بەرین بە بەشداریی کەسایەتیی پسپۆر و زانستی و بەئەزمووون پێکهاتن و بیر و ڕایان لە بەرچاو دەگیرا و هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی یاساکانی پێشووی حکوومەتی و نەریتە باشەکانی کوردەواری و هەلومەرجی ئەوکاتی کوردستان بە تایبەتی بەشە ڕزگارکراوەکەی گەڵاڵەیەک ئامادەکراو بە دوای پەسندکردنی لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە بە کردەوە پیادە کرا.
دیارە لە بنەڕەت ڕا ئەوانە هیچکام کاری حیزب نەبوون، بەڵام لە لایەک هەڵوێستی نابەرپرسانە و دوژمنکارانەی ڕێژیم و بە تایبەتی شەڕ پێفرۆشتن و گەمارۆ هەمەلایانەکانی، لە لایەکی دیکەوە فیداکاری و ئامادەیی ئەو خەڵکە بێبەش کراوە لە هەموو مافەکانی، ئەوەی دەخواست کە حیزب گرفتەکانیان پاشگوێ نەخا، دەبوو لە لایەک بە هێزی پێشمەرگە تا ئەو جێگایەی دەتوانێ بەرەنگاری دوژمن بێتەوە و نیشتمان بپارێزێ و لە بواری کۆمەڵایەتیشەوە بە دامەزراندنی ئەو کۆمیسیۆنە بە هانایانەوە بچێ.
گەڵاڵە پەسندکراوەکانی هەرکام لەو حەوت بەشە ئەوەندە عادڵانە داڕێژڕابوون و پیادەکران کە زۆر جێگەی ڕەزامەندیی خەڵک بوون و ئەوەی کراوە لە زۆر شوێن ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە و بۆ بەڕژوەندی جەماور کەڵکیان لێ وەردەگیرێ.
پێویستە وەبیر خوێنەرانی بەڕێزی بێنمەوە کە لە زۆربەی کۆمیتە شارستانەکان کەس و بەشی تایبەت دیاری دەکران کە وەک بەشێک لە کۆمیسیۆن ئەرکەکانیان بەڕێوە بەرن.
بۆ ئەوەی بەپێچەوانەی گەمارۆی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی و خۆدزینەوەی لە دانی بودجەی دیاریکراوی ئەو بەشە لە کوردستانی ئازادکراو و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست کارەکان هەرچی باشتر بەڕێوە بچن، بۆ هەر کام لەو بەشانەی باس کران دەورەی تایبەت لە لایەن پسپۆڕانەوە بۆ ئامادەکردنی کادری لێزان دادەندرا و تێکۆشەرانی بە ئیمان بە تایبەت لاوە دڵپاک و دەرسخوێن و کورد پەروەرەکانی کوردستان بە هەستی خاوێن و لێهاتوویی و ئیمانی پتەوی کوردایەتی لە هەموو بوارەکاندا پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی دەورە ئەرکی پێ سپێردراوی خۆیان بەڕێوەبرد.
بۆ وێنە لە ماوەی یەکساڵدا لە بەشی هەرە زۆری کوردستانی ئازاد شوڕاکانی خەڵکی بەشێوەیەکی دێموکراتیک دامەزران و کارەکانیان ڕادەپەڕاند.
زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستا بۆ دەرس گوتنەوەی زمانی کوردی و باقی دەرسەکان بۆ پێڕاگەیشتنی نیزیکەی ١٠-١٢ هەزار قوتابی بە تایبەت لە گوندەکان پەروردە کران. ئەوەندەی من لەبیرمە هەر لە ماوەی ئەو سێ چوار ساڵەدا ئەو کتێبانە بە کوردی ئامادە و چاپکراون، مامۆستا و قوتابی کەڵکیان لێ وەردەگرتن:
١- خوێندنی زمانی کوردی بۆ پۆلی یەک ٢- ئەژمێری یەک ٣- زانستی ئەزموون ٤- ئەژمێری دوو ٥- ژیان و خەبات بۆ گەورە ساڵان ٦- وەرگێرانی علوومی فارسی بۆ پۆلی ٢ی سەرەتایی لە فارسیەوە بە کوردی ٧ - چاپ کردنی کورتەی زانستی.
هەر لەو ماوەدا دەیان کادری دەرمانی لە ژێر دەستی دوکتورە کوردەکان و دوکتور و پەرستارەکانی دوو ڕێکخراوی A.M.i و ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بۆ پێڕاگەیشتن بە کاروباری دوو - سێ نەخۆشخانە و نیزیکەی ٢٠ دەرمانگای شۆڕش لە ناوچە ئازاد کراوەکان - ئەو بەشە بێجگە لە عەمەلیاتی پێشمەرگە بریندارەکان و بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵک بوون. چوونکە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەت خەڵکدا بوون. پێموانییە خەڵکی ناوچەکان هیچکات خزمەتەکانی نەخۆشخانەی حیزب لە بەیرەم، قالوێ، سوێناس، کانیزەرد، دەشتێ، کارێزە، بۆڵێ و کۆیە و شوێنەکانی دیکە لە بیر بەرنەوە.
هەروەها بۆ بەشی قەزایی جگە لە پەسندکردنی یاسای سزادانی گشتی، دەیان کادری قەزایی خاوەن بەرپرسایەتی لەژێر چاوەدێریی هاوڕێیانی پسپۆڕدا پەروردە دەکران. بێجگە لە پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی چەند هەزار دیلی شەڕی ڕێژیم لەو ماوەیەدا و ئازادکردنی بەشی هەرە زۆریان؛ کە دەردەکەوت بە چاو بەستراویی و بێ خەبەری فریوی ڕێژیمیان خواردبوو و هاتبوونە شەڕی کورد.
پێوەندیی مرۆڤانە و جوانمێرانەی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ بەندییەکان بە شێوەیەک بوو کە بە هیچ جۆر لەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بەرئاوەرد ناکرێ. لە بەندیخانەدا جگە لە ڕوونکردنەوەی بەندییەکان لەسەر ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی و ئاخوندە خوێنڕێژەکان و ئامۆژگاری پێویست، کلاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزییان بۆ دادەندرا و ڕۆحی هاوکارییان تێدا بەهێز دەکرا. زۆربوون ئەو بەندییانەی دوای ئازاد بوون دەهاتنە ڕیزی حیزب و دەبوونە پێشمەرگە. هێندێک لەوان گیانبازیشیان کردو شەهید بوون. خەڵک بۆ چارەسەری گرفتەکانی خۆیان ڕوویان لە ناوەندە قەزایی و نوێنەرانی لە کۆمیتەی شارستانەکان دەکرد. قانوونی سزادانی گشتی بۆ خزمەت بە خەڵک و ژینگە دامەزرا بوو. بڕینی دار و لێڕەوار، ژن هەڵگرتن، گەورە بە چووکە بەمێرددان، بەرخوێندانی کچ بۆ برا، بەرتیل وەرگرتن هەموو ئەو نەریتە کۆن و خراپانەی کوردەواریی قەدەغە کرابوو، هەر تاوانێک سزای خۆی بۆ دیاری کرابوو. ئەو بەشەش خزمەتێکی باشی بە کۆمەڵگە بەگشتی و ژنی غەدرلێکراوی کورد بە تایبەتی کرد.
کێشەی زەوی و زار کە لە سەرەتای شۆڕشدا وەزعێکی نالەباری پەیدا کردبوو، هەر ئاغا بوو لە ڕەعیت ڕۆدەهات و هێزە چەپڕەوەکانیش دواتر بە کەیفی خۆیان و بێ بەرنامە دەستیان لەو مەسەلەیە وەردەدا و بە گوریسان زەوییان لە یەکێ دەستاند و دەیاندا بە یەکی تر و ئاڵۆزیی لەسەر ساز دەبوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای موتاڵا و لێکدانەوەی بۆچوونی ئەرباب و ڕەعیت و کەسانی پسپۆڕی ئەو بابەتە بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزعیەتی تایبەتیی کوردستان بەرنامەی پێویستی بۆ ئەو ئەرکە داڕشت و خستیە نێو چوارچێوەیەکی ئوسوولی و بەپێی وەزعییەتی هەر ناوچەیەک زەوی و زاری زیاتر لە حەدی نیسابی بەشێوەیەکی عادڵانە بە نێو قەرە و جووتیاراندا بەش کرد. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران هێکتار زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا دابەش کرا. هێندێک جار مالک بۆخۆی داوای دەکرد با کوڕەکانی حیزب بێن لە گوندەکەی ئەوانیش ئەو کارە بکەن. ڕەنگە زۆر سەیر بێ لە تەواوی ئەو دابەشکردنەی زەویدا دوو سکاڵا بە کۆمیسیۆنی زەوی و زار و قەزایی گەیشت کە یەکێکیان بە قازانجی خاوەن مڵک و یەکێکیان بە سودی جوتیار یا قەرەیەک حوکمیان لەسەر درا.
بەشی ڕێگەوبان بە سەدان کیلۆمێتر ڕێگای خاکی لەو ناوچە شاخاویانەدا بۆ هاسان کردنی هاتووچۆی گوندیەکان لە ناوچە ئازاد کراوەکان لێدا. هەر بۆ ئەو مەبەستە چەند پردی گرینگ دروست کران یا چاک کرانەوە بۆ نموونە پردی قەڵاتاسیان لە ناوچەی سەردەشت. ئەو پردە زیاتر لە ١٠٠ ساڵی تەمەن بوو، بەڵام سەرەکەی چەپەر بوو. نە لە زەمانی قاجار و نە لە زەمانی پەهلەویدا و نە لە زەمانی کۆماری ئیسلامیدا دەستکاری نەکرا. بەشی ڕێگەوبانی حیزبی دێموکرات بە هیممەتی خەڵک چەپەری کردە چۆمەنتۆ.
بۆ شەهیدانیش هەواڵی شەهید بوونیان لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان ڕادەگەیەندرا، ژیانامەیان ئامادە دەکرا. تا کەم بوون ساڵ بە ساڵ لە ڕادیۆ یادیان دەکرایەوە. هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی وێنەکانیان دەدرا. جارجار پیشانگای وێنەشیان دادەندرا.
یەکەم پیشانگا بەر لە شەڕی سێ مانگە لەلایەن لقی حیزب لە تاران لە شوێنێکی هەڵکەوتوو لە مەیدانی کەنەدی بە ٥٠ تا ٦٠ وێنەی شەهیدانی زەمانی کۆمار و شەهیدانی شۆڕشی ٤٧-٤٦ دانرا و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزار کەس هاتنە تەماشا و دوایە هەر ئەو وێنانە بۆ شارەکانی مەهاباد، بۆکان و کرماشان گوێزرانەوە و نوێنگەیان پێدانرا و پێشوازیی گەرمی لێکرا.
تا شەهیدەکان کەم بوون و لە ڕۆژهەڵات بووین بەگوێرەی ئیمکان یارمەتییەکی ڕەمزی بە بنەماڵەی شەهیدەکان دەدرا. لە کوردستانی باشووریش بۆ ماوەیەک ئەو بنەماڵانەی بۆ سەردان دەهاتن ئەو یارمەتییە ڕەمزییەیان دەدرایە.
یەکەم کتێبی شەهیدانیش لە ساڵی ١٣٦٨ لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان (ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ) لە ٤٦٣ لاپەڕەدا بە وێنەی هەزاران شەهید بە ناوی " شەهیدانی نەمری حیزب و گەل" چاپ و بڵاوکرایەوە کە تا ئەوکات هیچ حیزبێکی کوردستانی کاری ئاوایان بۆ شەهیدەکانیان نەکردبوو.
هەموو ئەو حەوت بەشەی کۆمیسیۆنی کاروباری کۆمەڵایەتی لە لایەن بەشی نوێنەرانی کۆمیسیۆن لە کۆمیتە شارەستانەکان ڕاپۆڕتی تێکۆشانی مانگانەی خۆیان دەناردەوە ناوەندی کۆمیسیۆن تا ڕادەی چوونە پێشی کارەکانیان دیار بێ و هۆی جێبەجێ نەبوونی بەشەکەی دیکەش دیاریی بکرێ و ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە.
دەتوانین بڵێین دوای کۆمارە ساواکەی کوردستان ئەوە مەیدانێکی کردەوەی دەوڵەتداری بوو کە بە سەر حیزبدا سەپێندرا بوو، بەڵام سەرەڕای کەمی ئیمکانات و نەبوونی پارەی پێویست ئەرکەکان بەباشی و رێژەیی بەڕێوە چوون و جێگای ڕەزامەندیی خەڵکی گەمارۆدراوی کوردستان بوون.
ئاماژە: ئەم وتارە کە دوایین نووسینی نەمر جەلیل گادانیە و دوو حەوتوو دوای کۆچی دوایی ئەو بڵاو بۆوە، بۆ کتێبی "حیزبی دێموکرات، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی"، تایبەت بە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب نووسرابوو