
(ڕاپەڕینی ژینا وەکوو نموونەیەکی کەموێنە!)
عەلی لەیلاخ
سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە گرنگترین ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بەرانبەر بە دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بوو، و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بەشێکی زۆر لە خەڵک و بەتایبەتی هەڵسووڕاوانی سیاسی بە دوای وڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێن، کە بۆچی سەرەڕای بەربڵاویی ئاستی خۆپێشاندانەکان و بەردەوامبوونی تا چەندین مانگ و تەنانەت دەنگدانەوەی بەرینی جیهانی، بەڵام دیسانەکە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەی لەم کێشەیەش ڕزگاری بوو؟
سەرەتا با بزانین ناولێنانی ئەم ناڕەزایەتییە لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا چەندە پێناسەی شۆڕش (ئینقلاب) لەخۆ دەگرێ، و ئەساسەن جیاوازیی شۆڕشەکان لەگەڵ ڕاپەڕینەکان چین؟ کۆماری ئیسلامی لەسەر چ کۆڵەکە و بە کام دارەڕا تا ئێستا خۆی ڕاگرتوە؟
ئەگەر بمانهەوێ بە زمانێکی سادە باس لە جیاوازییەکانی ئینقلاب لەگەڵ سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بکەین، هەر بەپێی پێناسە و ئەزموونی جیهانی ئەوەیە کە "شۆڕش" بەرهەمی ناڕەزایەتی و تووڕەییەکی پەنگخواردوویە، کە ڕێبەرایەتیی دیاریکراوی هەیە و لە ڕێگای ڕەفتاری جەماوەری و ڕادیکاڵییەوە بە مەبەستی هەڵتەکاندن و سەرووبنکردنی ڕێژیمی دەسەڵاتدار، ڕوو دەدا و بەرچاوترین ئەو شۆڕشانەی کە بە چاوگەی شۆڕشەکانی دیکە دەناسرێن لە مێژوویی جیهاندا، بریتین لە: شۆڕشی فەڕەنسا (۱۷۹۹–١٧٨٩) و شۆڕشی ١٩١٧ی زایینی لە ڕووسیە، و هەتا ئەوەی پێوەندیدارترە بە ئێمەوە بێ، واتە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا.
خاڵی هاوبەشی سەرنەگرتنی کۆیی گشتیی ڕاپەڕینەکانی ئێران کە تا ئەمڕۆ بەرچاوترین و بەربڵاوترین بووە، دەتوانین بەم شێوەیە گەڵاڵەی بکەین:
. گشتگیر نەبوونی ناڕەزایەتییەکان و تووڕەیی کۆمەڵایەتی
سەرەکیترین ماتریاڵی شۆڕشەکان، تووڕەیی و بەشداریی خەڵکە، بە مەبەستی لادان و لەنێوبردنی دەسەڵاتی سەرەڕۆوە.
هەردوو حەوتوو دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کاتێک کە خومەینی لە مەدرسەی "رفاه"وە فەرمانی حیجابی ئیجباری لە شاری تاران دەکرد، لە ڕۆژی ١٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، نزیک بە ٨٠٠٠ هەزار ژنی کارمەند و فەرمانبەر بە دژی ئەو یاسایە دەستیان کرد بە خۆپێشاندان و تا ئەمڕۆکە، واتە ساڵی ١٤٠٤، زیاتر لە ١٣ زەنجیرە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی چووکە و بەربڵاو لە ئێران و کوردستان بە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چووە، و تێچوویەکی قورس و خوێناویی لەسەر دەستی خەڵک داناوە.
لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی هەتاوییەوە، دەتوانین بڵێین ڕێژەی بەشداریی خەڵک و بەربڵاویی خۆپێشاندانەکان لەچاو ساڵانی پێشوو زیاترە، بەڵام هەمان چارەنووسیان بەسەر هاتوە. ئەویش مودیرییەتی ئەو قەیرانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر بووە. هۆکاری سەرەکییەکەی ئەمەیە کە هیچ کات ئەم ناڕەزایەتییانە بەربڵاو و بەردەوام و گشتگیر نەبوون و چینی"خۆڵەمێشی" غائیبی گەورەی ئەم ناڕەزایەتییانەن کە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکاندا ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە.
"چینی خۆڵەمێشی" ئێران و" ئاساییکردنەوەی خەراپەکاریی "ئارێنت"ی
هانا ئارێنت، فیلسووفی ئاڵمانی لە کتێبی "ئایشمەن لە ئۆرشەلیم"دا باس لە ئاساییبوون و جێگرتنی نەگبەتی و خراپە دەکات لە کۆمەڵگەدا و بەو پێیە "بێتەفاوەتی تاکەکان" لە بەرانبەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان بە هۆکاری سەقامگیریی تۆتالیتەر دەزانێ. بەش و پشکی بەرچاوی خەمساردان بە نیسبەت ڕەوشی هەنووکەیی (وضع موجود) بە چینی خۆڵەمێشی پێناسە دەکا.
ئارێنت دەڵێ:"پەیتا پەیتا درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگە، تەنیا جێکەوتنی درۆی لە کۆمەڵگە لێناکەوێتەوە، بەڵکوو چیتر خەڵک بڕوای بە قسەی کەس نامێنێ". ئەم وتەیە لەگەڵ دۆخی خەڵکی ئێران ڕاست دێتەوە و، پێویستی بە توێژینەوەی کۆمەڵناسانەیە.
خەڵکێک کە گرنگایەتیی بە بەرژەوەندی تاکی بدا، خەڵێک کە لە پرسە سیاسییەکان دووری گرت و ڕێگای دا بڕیاری بۆ بدەن، خەڵکێک کە تەماحی ئابووری وەپێش ویست و مافی سیاسی خست، ئیتر لە تاکێکی شوێندانەرەوە کە ڕەنگدانەوەی هەبێ لە ڕووداوەکان، بەرەبەرە دەبنە چینی خۆڵەمێشی و ناڕاستەوخۆ، دوورەپەرێزی ئەوان لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان بە قازانجی دەسەڵاتە و با لەگەڵ دەسەڵاتیش نەبن.
ڕاستە لە ڕاپەڕینی ژینادا سەرەتا هەموو چین و توێژەکان بەشدار بوون بەتایبەتی لە کوردستان، بەڵام نەبوونی پرۆژەی ڕوونی سیاسی، پەرتەوازەیی و تەنانەت سەنگەری دروشم لە یەکترگرتنی ئۆپۆزیسیون و نەبوونی ناوەند و مەرجەعێکی کارا بۆ ڕێکخستن و ئاراستە بەخشین بە شەقام، هۆکاری سەرەکی بوون لە چۆڵبوونی شەقام و دوورگرتنی چینی خۆڵەمێشی. لە مێژوویی سەرهەڵدانەکانی ئێرانیش، پاش شۆڕشی ٧٥ی هەتاوی، ئەم چینە یان سەیرکەری ڕووداوەکان بوون، یان لە نێوەڕاستی ڕێگاکەدا کشاوەنەتەوە. هۆکارکەشی جیا لە سیاسەتی سەرکوتی حاکمییەت، دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ڕێبەریی لە شۆڕشەکان.
کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەمی لە ڕاپەڕینی ژینا دەستی کرد بە ورووژاندنی هەستی خەڵکی خۆی و دوو سیاسەتی پێڕەو کرد. هاوشان لەگەڵ خەڵکانی دیکە، تەنانەت لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات بە قامکدانان لەسەر هەستی ئێرانگەریی (فارسی- شیعە) و دروشمی "مەرد، مەیهن ئابادی" لە بەرانبەر بە "ژن، ژیان، ئازادی" دانا و، حەقیقەتی ڕاپەڕینی ژینای بە ئاژاوەیەک بۆ لێدان لە بنەما ئیسلامی و ئێرانییەکان ناوبرد و هەبوونی دەستی دەرکیی وێرانکەر و "تەجزیەتەڵەبی" دووپاتە ورووژاندەوە.
لە بەرانبەر پیلانەکانی ڕێژیم، بێپلانی لە ڕاپەڕینی ژینا، دەستی دەسەڵاتی ئاوەڵاتر کرد، ئەم بێپلانییە بریتیی بوو لە: تەسککردنەوەی ویستی نەمانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی دروشمی سێنفی و ڕەگەزی و بەستنەوەی بە شێوەی جلوبەرگ، ئەمەش جۆرێک کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر چینی خۆڵەمێشی دانا، کە بۆچی تێچوو بدەن؟ لە کاتێکدا جلوبەرگی ئەوان هێندەش نەبەستراوەتەوە بە دەسەڵاتەوە، بەڵکوو بەشێک لە عورف و فەرهەنگی ئەوانە! کەواتە مافە بنەڕەتییەکانی ڕاپەڕینی ژینا بەرەبەرە پەراوێز خراون، و جێگەی خۆیاندا بە داواکاریی و دروشمی چینانیەتی و دابەزاندنی ڕەفتاری ڕادیکاڵی سەر شەقامەکان، تا ئاستی تەوس و تەنز و هەواڵی درۆ! کە دواتر دەپەڕژێمە سەر ئەم خاڵانەش.
ڕاپەڕینی ژینا تا کاتێک کارایی خۆی هەبوو کە، دروشمەکان سیاسی و بەشێوەی بەربڵاو خەڵک لە بێتەفاوەتی لەهەمبەر "جێکەوتنی خراپەکاری" هاتبوونە دەرەوە و ترسێکی گەورەی خستبووە جەستە پرتووکاوی کۆماری ئیسلامییەوە، بەڵام کەلکی خراپوەرگرتن لە سۆشیال مێدیا و کاریگەریی نەباشی "کەڵە مێدیا"کان و لە لایەکی دیکەش دەزگای بەربڵاو و خاوەن ئەزموونی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی لە کوێرکردنی ڕێگاکە و بەلاڕێدابردنی ئەو ڕاپەڕینە کە ماتەوزەی "شۆڕش"ێکی بنەڕەتی تێیدا هەبوو، بووە هۆی دامرکانی بڵێسەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە.
سەرکوت و تۆقاندنی خەڵک وەکوو چەکێکی بەهێز
سەرجەم حکوومەتە ناوەندییەکان لە مێژووی ئێراندا و بەتایبەتی لە سەفەوی بەملاوە بە زەبروزەنگ و کوشتن، دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتوە و درێژەیان بە دەسەڵات داوە.
کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە ڕێژیمێکی تایبەت و دەسەڵاتێکی جێڕامانە.
بە گشتی زۆرداری ئەو ڕێژیمە وەکوو دیکتاتۆرەکانی دیکە، فراوانیی هێز و پۆلیسی سەرکوتکەرە، کە هەر لە سەرەتای ئینقلابەوە بەشێوەی بنچینەیی بناغەی هێزی خۆیانیان لە دامەزرانی سپای تێرۆریستی پاسداران و لقەکانییەوە بەتایبەتی "بەسیج" داڕشت و پەرەیان پێدا .
فراوانی و باوەڕمەندبوونی چەکدارەکان و هێزەکانی ڕێژیم تا ڕادەیەک بووە، کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، تەنیا بەرگرییان لە دەسەڵات نەکردوە، بەڵکوو بەتوندترین شێوەی بەرژەوەندیی و قازانجی خۆیانیان پاراستوە. چونکە نەبوونی پرۆژەیەکی ڕوونی سیاسیی هەنووکەیی و بەرنامە بۆ دواڕۆژ ئەوانی خستۆتە خانەی بەرگرییەوە. هەتا خەمساردی و خۆدزینەوە لە سەرکوت! نەمانی کۆماری ئیسلامی بە نەمانی خۆیان و بنەماڵەیان دەزانن. بۆیە لە هیچ چەشنە توندوتیژییەک سڵ ناکەن، بەتایبەتی کە خەڵکی سەرشەقام دەستیان بەتاڵ بێ و تەنیا لە دروشمدا ڕادیکاڵ بن.
نموونەی جێیوەبیرهێنانەوەی خوێناویکردنی شەقامی ناڕەزایەتییەکان دەتوانین ئاماژە بە ڕاپەڕینی ژینا بکەین کە لەو شەش مانگەدا کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە لێدان و کوشتن، کۆتاییان نەکرد و ئەم چاوترساندنە لە تەکانەوەی خەڵک لە شەقام زۆر ئاساییە. بەتایبەتی دەزگای پڕوپاگاندای بەهێزی ڕێژیم ژێرپێستی ڕادەی توندوتیژیی و ڕەفتاری تەجاوزکارانەی خۆی بە مەبەستی تۆقاندنی خەڵک بڵاو دەکردوە.
ئەمانە بەشێک لەو هێزانەن کە بە دڕندەیی لە ڕادەبەدەر "ڕاپەڕینی ژینا"یان سەرکوت کرد: فەرماندەریی ئینتزامی، سپای تێرۆریستیی پاسداران، هێزە وشکانییەکانی ئەڕتەش، پۆلیسی بەرگری، پۆلیسی ئاگاهی، پۆلیسی ئاسایشی گشتیی، پۆلیسی کەشی بەرهەمهێنان و ڕاگواستنی زانیاریی (فەتا)، هێزە تایبەتەکان (یگان ویژە)، نوپو (هێزە تایبەتەکانی ویلایەت) گوردانەکانی ئیمام عەلی، نخسا (هێزە خۆڕسکەکانی سپای ئیسلام) کە قاسم سولەیمانی کاتی خۆی دایمەزراندبوو، هەتا تێڵابەدەستەکانی دیکە.
لەبیرمان نەچێت کە سەرجەم ئەم هێزانە، تەنیا هێزی ئەمنیییەتی و ئینتیزامی نین، بەڵکوو بەشێکی گرنگن لە قاچاخچییەتی و مافیای ئابووریی وڵات، هەربۆیە بۆ پارووی چەورتر، دەستیان لە خوێنی خەڵک و گیرفانی ڕێژیمە.
چاوەڕوانیی "ئیسلاح" و ئیسلاحتەڵەبی حکوومەتی
هەر بەپێی ستراکتۆری شەرقییانەی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی شیعەگەرایی چاوەڕێکردنی "ڕزگاریدەر" و سپاردنی عیلاجی کێشە و گرفتەکان بە دەستی قەزا و قەدەر، لەسەر دابەزینی ئیرادەی جەمعی و هزری گشتیی کۆمەڵگە کاریگەریی نەرینی داناوە.
لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕوانگەیەش تەنانەت "سیاسەتی چاوەڕوانی" شتێکی نامۆ نەبووە، لە گۆڕەپانی سیاسەتی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە کە بەتایبەتی بە گۆڕینی سەرۆککۆمارەکانی ئامریکا زیاتر شاهیدی دەبین و لە ٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە زۆرێک لە چاوەکان سەیرکەری ئاسمان بوون کە هێرشی هەوایی ئیسڕائیل و ئامریکا، کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ، ئەم هێرشەش ڕووی دا، بەڵام بۆ پەڕوپۆکردنی ڕێژیم بوو هەتا ڕووخاندنی ڕێژیم کە دیسانەکە نەبوونی "پرۆژەی سیاسی" بۆ جێگرەوەی ڕێژیم و ناڕوونی لە چارەنووسی بەرژەوەندییەکانیان پاش کۆماری ئیسلامی، پرسی ڕووخانی لە لایەن زلهێزانەوە سڕ کرد.
لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنانەت خۆدی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵک ناتوانێ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە مسۆگەر بکات و پێویست بە دەستی دەرکییە و کاتێک باس لە دەستی دەرکیش دەکرێ خۆدی ڕەخنەگرانی ئەم بابەتەش لە دەروەی کۆماری ئیسلامی و بە ناو ئۆپۆزیسیۆن کەم نین.
ئەمە زەروورەتێکی هەنووکەییە زۆرینەی ویست لەسەر تێپەڕبوون لە گشتییەتی ڕێژیم بێ هەتا مانەوە لە "وەهمی"چاکسازیی حکوومەتی و وادەی "ئیسڵاح"کردنی گرفتارەکان. کە بە چاوخشاندنێک بە ڕاپەڕینەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بۆمان دەردەکەوێ کە ویست و ئیرادەیەکی گشتگیر نەبووە بۆ گۆڕینی ڕێژیم. ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە و باڵی بەناو ئیسڵاحخواز لە ڕووداوەکان دەکەونە نێوانی خەڵک و دەسەڵاتەوە. ڕاستە کە بەشێکیان بەجیددی ڕەخنەگری نیزامن، بەڵام لە ڕووداوەکانی هاوشێوەی "ژینا" ناچنە بەرەی شەقامەوە، بەڵکوو ئەوان دەزانن لە دواڕۆژدا نوێنەر و دەمڕاستی شەقام نین و بوونی خۆیان لە مانەوەی دەسەڵاتدا دەبیین. ڕۆڵی ئەوان بە لیدەر و ڕۆژنامەنووسانیان لە هێورکردنی دۆخی ڕادیکاڵی ڕاپەڕینەکان و هیوابەخشین بۆ "ساڕێژ"ە لە جیاتی ڕووخانی ئێگجاری.
ڕێبەریکردن و "پلان"ی سیاسی
نەبوونی پلانی سیاسی کە هەمان "پرۆژەی سیاسی"یە لە ئینقلابەکانەدا بەرچاوە هەم وەکوو خۆی گرنگە و هەم لە گرێدانی خەڵکی سەرشەقام خاڵێکی جەوهەرییە.
"پرۆژەی سیاسی" لیدەر و ڕێبەریی خۆی هەیە و دەبێتە هۆکاری کۆکردنی زۆرینەی خەڵک بە دەور مەبەست و ویستێکی دیاریکراو و پێش لە پەرشوبڵاوییەکانی شەقام دەگرێ.
کاتێک داواکارییەکان تەنیا سێنفی بێ، بێگومان سێنفێکی دیار دەگرێتەوە و کە خۆدی ئەو سێنفەش هەموویان بەشدار نابن، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی بۆ دەسەڵات ئاسانترە. خوێناترینی خۆپێشاندانی سینفی لە ئێران، ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تاران بوو، کە تەنانەت نەبووە پرۆژەیەکی سیاسی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گشتیی بە دژی دیکتاتۆری و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین. بۆ نموونە: ساڵی ٥٧ی هەتاوی دروشمەکان و داواکارییەکان یەکێک بوون و پرۆژەی سیاسیش نەهێشتنی ڕێژیمی پاشایەتی بوو، کە خومەینی بە سادەیی گوتی:"شاە باید برود"
ئەم "شا دەبێ بڕوات" خومەینی و شوێنکەوتووانی کردە براوە و لە هەنگاوی دیکەدا بۆ ئەرخەیانی خەڵک و بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی، باسی لە یەکسانیی ئیسلامی و پێدانی "ئاو و بەرقی" بەخۆڕایی کرد! دیسان ئەمەش ڕیشەی لە فەرهەنگی ئێرانیدا هەیە و کولتووری چاو لەدەستبوون! نەیانپرسی لە کوێی دنیا و کام وڵاتی پێشکەوتوو بەرهەمە پیشەییەکان بەلاش و بەخۆڕایی دەدرێتە خەڵک!؟
لێرەش پێویستی بە ڕاوەستان و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژووییە، بۆ باشتر ناسینی خەڵک و دەسەڵات لە مێژووی ئێراندا.
مێژووی ئێران لانیکەم لە سەفەوییەوە کە بنە و بنچینەی کۆماری ئیسلامییە (ئێرانی-شیعەگەرایی) هیچکات خاوەنی حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێز و کارامە و خەڵکدۆست نەبووە. بەپێچەوانە بانگەشەی پاشاخوازان، کۆی دەسەڵاتدارانی ئێران نە خاوەنشکۆ بوون و نە غەیرەتی ڕاگرتنی دەسەڵاتی پاشایەتییان هەبووە، بەبێ کارتێکەریی و دەستێوەردانی دەرەکی. مێژووی گوشراوی ئەم فەترەیە لە مێژوویی ئێران لێوانلێوە لە تاڵان، تەجاوز، کوشتن و بڕین و ملکەچکردن بۆ ڕۆژاوای گەشکردووی پاش شکستەکانی شەڕی سەلیبی و شۆڕشی پیشەسازی.
بەپێی کتێبی"کۆمەڵناسیی بژاردەکوژی لە ئێران" لەکاتێکدا ڕۆژاواییەکان بە پشتبەستن بە کارو زانست خۆیان تەیار دەکرد بۆ داگیرکردنی دنیا، لە ئێران حکوومەتەکان بە دەستی کەسێکی عەیاش و حکوومەتێکی سەرەڕۆ بە نێوخۆی وڵات و ملکەچ بە دەرەوە (وەکوو کۆماری ئیسلامی) بووە. پاش سەفەوییە کە بە زەبری شمشێر شیعەگەریی لە ئێران چەسپاندو و دەسەڵاتی بۆ حکوومەتیی ئایینی خۆشکردن. ئێمە شاهیدی بە لوتکەگەشتنی حکوومەت و سیلسیلە گەندەڵەکانین کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر زەینی تاک و کۆمەڵگەی ئێرانی کاریگەریی نێگەتیڤیان داناوە.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە نادرشای ئەفشار کە ئێرانییەکان بانگەشەی شکۆمەندانەی بۆ دەکەن، لە ڕاستیدا لە ماوەی ١٢ساڵ دەسەڵاتداریەتیی، جگە سەرەڕۆیی و کوشتن و بڕینی خەڵکی بێتاوان هیچی دیکەی بەناو "اقتدار" نەبووە.
تەنانەت کەریمخانی زەند لەپێناو گرێبەست لەگەڵ ئینگلیزییەکاندا، بری ٢٠٥٠٠ڕۆپیەی بەرتیل وەرگرتوە و ئەوپەڕیی نەهامەتییە کەسێک کە خاوەنی وڵاتێکی گەورە و بەرین بێ، ببێتە بەرتیلخۆری وڵاتی دیکە. کەواتە شاکانی ئێران، زۆربەیان پارێزەرانی بەرژەوەندیی وڵاتانی کۆلۆنیالیزم بوون. ئەم شێوە حاکمییەتەش بێگومان لەسەر کۆمەڵگە کاریگەریی هەبووە و ئیرادەی سەرهەڵدان و ملنەدانی جەمعیی ئێرانییەکانی خەساندوە. بۆیە دەتوانین بڵێین بێمانا نیە، کە وادەی دڵخۆشەکەرانەی "ئاو و کارەبا" بەخۆڕایی، ڕێفۆڕم و دیدی ڕەخنەگرانە و هەوڵدان بۆ پلۆرالیزمی سیاسی و فەرهەنگی لە بیری خەڵک بردەوە.
ئەم ئەریستۆکراسییە مەزهەبییە کە خومەینی ڕێکخەری بوو، ئێستاش هەر ئەستۆندێکی بەهێزی نیزامە و ڕاپەڕینەکان بەبێ پلانێکی دیار و کارا بۆ ڕووبەڕووبووە لەگەڵ حاکمییەت سەرناکەوێ. کاتێک خاڵە بنەڕەتییەکانی نیزامێک بناسی دەتوانی بۆ لێدانی "پرۆژەی سیاسی"ت هەبێ سەرتر لە ویستی سینفی و داواکاریی چین و توێژ. ئەم پرۆژە سیاسییە غایبێکی گەورە بووە لە کۆیی ڕاپەڕینەکانی ئێران و کوردستانیش بە هۆکارگەلێک ناتوانێ پرۆژی سیاسیی خۆی لەو بەستێنەی ئێستای ئێراندا جێبخات.
غایەتی ڕاپەرینی ژینا "کیانێکی ئازادکراوی کوردی و دەسەڵاتێکی سێکۆلار" بوو کە لانیکەم خۆدی ئەم دوو ویستەش نەبوون بە ویست و خوازی لایەنە سیاسییەکانی کورد بۆ داڕشتنی "پرۆژەی سیاسی".
کەڵە مێدیاکان و هەواڵی وەهماویی و تەوسی ناپێویست و بەرانبەر یەک وەستانی ئێمەش
کە خۆپێشاندانێک لە ئێران ڕوو دەدا، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی، لە هێندێک مێدیا و سۆشیال مێدیادا وا دەردەکەوێ ئەوە بە سووک و ئاسان کۆماری ئیسلامی ڕووخاوە و ئێمە بەجێ ماوین! هیچ هەواڵێکی درۆ خەڵکی خەواڵوو ڕاناچڵەکێنێ و تەنیا هەستی "وەهم" ویستییان پاراو دەکا. کە دەنووسرا ئەوە چەند بەرپرسی "کشوری و لشکری" ئێران هەڵهاتوون کەس نەبوو پرسیار بکا، کوا سەرچاوەی ئەو هەواڵە و کوا وێنە و فیلم؟ لایەنێک دەڵێن: ئەمە بەشێکە لە شەڕی ڕەوانی بۆ ئەوەی خەڵک سوورتر بکات و بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی و هیوادارتر بجووڵێنەوە. بەڵام ڕای من وایە کە کاریگەریی نێگەتیڤ و نە باشی هەیە و خەڵک دەڵێن مادام لە لێواری ڕووخانە ئیتر چ پێویست بە مانگرتن یا خۆپێشاندان دەکا.
کاتێک کە ئەم ڕاپەڕینە سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و گەیشتە شارەکانی دیکەی کوردستان، ڕاست لەو سەروبەندەدا پێویست بوو بزاڤی کوردی باوەڕبەخۆبوونی مودیرییەتی هەبێ، دەبینین دیسان کە بە کەوچکە ئاوێکی ناڕوون کەوتنە ملەکردن و لە جیاتی پێکەوە کارکردن کاریان بۆ ئەوی "دیکە" دەست پێکرد! لە کاتێک کە دەبوا پەرە بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بدرێت و تەنانەت لە چوارچێوی کوردستان وەکوو سەنتەرێکی دێموکراتیک ڕووی قسەی لە دەرەوەی کوردستانیش بێ بۆ نموونە بەلووچستان، بەپێچەوانە نەتەنیا پەرەی پێ نەدرا، بەڵکوو سڕ کرا، و هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسایەتییەکەی هەڵنەگرت. کەواتە جێی گلەیی نیە، ئەگەر زۆربەی خەڵک لە ڕووداوەکانی دیکە "سەیرکەر بن هەتا کاراکتەر" !
هاوکات کە لە کوردستان دروشمی "کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان" نمەنمە کەم کرایەوە و لەجیاتی ئەو دروشمە "اینجور برات نمیرە بالا" بوو بە ترێندی سۆشیال مێدیا و یەکڕێزیی سەر شەقامە خوێناوییەکانی نیشتمان لە جیهانیی خەیاڵی سۆشیال مێدیا بەشبەش کران و، لە بەرانبەر یەک دانران. هەستی تۆڵەستاندنەوەش تا ئاستی تانە و لاتاوی سیاسییانە دابەزی. لە تاران و شارەکانی دیکەش هەموو ئامانج و دوورە دیمەنەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە تا لە لۆی لەچک و درێژ و کورتی مانتۆوەکان کورتکرایەوە. دیسان دەسەڵات پرسی ژن و سەرپۆشی کردە ئامرازی سەرپۆش دانان لەسەر ماهییەتی خراپکارنە و گەڕاندنەوەی مەشروعییەتی سیاسیی خۆی. بە بەردەوامیش لە ڕاگەیاندنەکانی غەیرە کورد ! لە جیاتی باسکردن لە شێوەی ئیدارەی ئێران دوای ڕووخان و پرسی نەتەوەکان و مافە بنەڕەتییەکان. پەیتا پەیتا وەکوو تیزر ئەمە نیشان دەدرا، کە ئەوە کیژۆڵەیەک بە هەڵهاتن لە مەندیلی مەلایەک دەدا و وەکوو ڕەفتارێکی بوێرانە و شۆڕشگێڕانە دادەنرا.
ڕاستە ئاخۆند لە ئێران و کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی دواکەتوو و ڕقئەنگیز و زاڵم دەکا. بەڵام کەس ئەم پرسیارەی نەکرد، ئاخۆ دەکرێ لە مەندیل و سەروێنی "گوڵپایەگانییەکان و ڕێشەهرییەکان و قادر قادرییەکان بدرێ؟ یان نە، ئەوان شارۆماندانە لەسەر شەقام نین!
ئایا ئەمە جێگۆڕینی ئیعتراز نیە لەگەڵ (تعرض) و دەسدرێژی بە شارومەندێک لە شەقامە و بەتەنیا دەڕواتەوە؟ خودی فۆکۆسکردن لەسەر چینێک و مانەوە لە وێستگەیەک بەناوی ناڕەزایەتی مەدەنی، دەرفەتی بە ڕێژیمدا بۆ کەلکوەرگرتن لە ڕووداوەکان و کەمتەرخەمییەکان.
چونکە کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕێژیمی ناوازە و حکوومەتێکە کە بە چاوگەی (ئیسلامی شیعە، ئیرانشاری) ئابدەیەت دەبێتەوە. ئەم ڕێژیمە بە ڕواڵەت دێموکراتیک و بە نێوەڕۆک پاوانخواز لە زانستی سیاسیدا، ڕێژیمی "دووفاق یا تێکەڵە (Hybrid Regime) پێدەگوترێ کە هەم خاوەنی موئەسەساتی خەڵکتەوەرە، وەکوو "پارلەمان و هەڵبژاردن و چاودێری بەسەر پرۆسە دێموکراتیکەکان"ە هەمیش پاوانخواز و، تەکڕەهەندییە!
لەواقیعدا لەم چەشنە ڕێژیمانە کە کۆماری ئیسلامی باشترین نموونەیەتی، هەموو ئەو ناوەند و سەنتەرانە ڕواڵەتن و بڕیاری نەهایی لە زۆر بابەت کە هەمان "حوکمی حکوومەتی"یـە لە لایەن "نایەبی ئیمامی زەمان"ەوە جا چ لە حوسێنییەی ئیرشادەوە بێ، یان لە حەشارگە و ژێر زەمینییەک بێ، کە لە دەروەی تاران دەردەچێ و بەسەر خەڵکدا فەڕز دەکرێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەم ئەو ساختارە تێکلاوەییە، کە جیاوازی دەکاتەوە لەگەڵ "بەعسی عێراق" و "کۆرەی باشوور" هەم بەرهەمی پاشخانێکی ئایینی و ئێرانییە، کە لە کاتی پێویست بە شوێنکەوتووانی خۆی کە ڕێژەیان کەم نیە ئاراستەیەکی خوازیاری خۆی دەبەخشێ و ڕەتی ڕووداوەکان دەگۆڕێ.
دوکتور سمایل بازیار لە وتارێکدا لەژێر ناوی "ڕۆڵی ڕووحانییەتی شیعە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوییدا" دەڵێ: "ڕووحانییەتی شیعە لە مێژوویی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ئێراندا پاشخانێکی چەندسەد ساڵەی هەیە و، هەر لە سەردەمی سەفەوییەوە (١٥٠١ی زایینی) کە مەزهەبی شیعە بە زەبری شیعە بوو بە مەزهەبی فەرمی لەو کاتەوە کولتووری سیاسیی ئێران لەسەر دوو کۆڵەکەی مەزەهەب و دەوڵەت ڕاوەستاوە." هەروەها دەڵێ: ڕووحانییەت لە سەردەمی پەهلەوی بە کەلکوەرگرتن لە تەزادی نێوان سوننەت و پرۆژەی مودێڕنیزاسیۆنی حەمەڕەزاشا"کە بێ دیققەتی و ناڕێکی هەبوو لەگەڵ ستراکتۆرە نەریتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی (ئیسلامی- شیعە) ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ ورووژاندنی هەستی ئایینی خەڵک و جێخستنی ڕوانگە و مەرامی خۆیان.
بەپێی ئەم وتەیە دەبینین لە قوناغە هەستیارەکاندا شوناسی ئێرانی (ئیسلامی – شیعی) دەبێتە دەزۆێکی بەهێز و نادیار لە گرێدان یان پەلکێشکردنی خەڵک (لە توێژی خۆڵەمێشییەوە هەتا بژاردەکان) بۆ مانەوەی دەسەڵات! نووسەرێکی ئامریکایی بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل دەڵێ: زۆر بەلامەوە سەیرە کە خانمێک کە دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە دەستی ڕێژیمی تاران ئێعدام کراوە، هاتووەتە لام کڕووزاوەتەوە بۆ ئەوەی لە بابەتێکدا هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسڕائیل و ئامریکاوە مەحکووم بکەم!
دەمهەوێ بڵێم خۆدی ئەم پاشخان و ڕوانینە ناڕەزایانی ڕاستەقینەی سەرشەقام و بەتایبەتی خەڵکی کورد و ڕاپەڕینەکانی بەتەنیا دەهێڵیتەوە و زۆرجاریش کۆسپ و لەمپەر ساز دەکا.
چڵەپۆپەی ورووژاندنی هەستی پۆپۆلیستی و ئێرانشاری (شیعە- پارسی) هەم لە ڕاپەڕینی ژینادا دیتمان و هەم لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل.
ئاکامگیری: ناسین و وەردانەوەی خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی حاکمییەت، ڕێژەی فریوخواردن و بەلاڕێدا چۆنی ڕاپەڕێنەکان کەم دەکاتەوە، و هەڵگرتنی دروشمێکی ڕوون و سیاسی نەک کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی لە قوناغی ئێستادا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر سیناریۆیەکی دیکە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی زەروورەتە. شۆڕشەکان کاریان ڕاماڵینە و ئاوەدانکردنەوەی وڵات لە باری سیاسی و پێکەوە ژیان قوناغێک دواترە. لە ئێستاوە پێویستە بزاڤی کوردی مەرجەعییەتێکی دامەزراوی بەسەر ئەساسی بەرژەوەندی نەتەوەیی هەبێ بۆ هاتنەئارای هەر ئەگەرێکی دیکە لە ئێران و کوردستان بە جارێکتر نەڵێین ئێمە وەکوو لایەنی کوردی ئامادەگییمان نەبوو. بەڵکوو دەبێ خۆمان و بزاڤەکان بزوێنەر بین، نەک هەر بمانبزوێنن.
لە دیالۆگی فیلمی "ئۆپراسیۆنی نەهایی" کە باس لە شوێنهەڵگرتن و ڕفاندنی "ئادۆڵف ئایشمەن" لە لایەن دەزگای سیخۆڕی مووسادەوە دەکات. شەوی پێش عەمەلیاتەکە سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسڕائیل بە گروپی ڕاسپڕدراو دەڵێ: ئەم ڕیسکە مەترسیدارە بۆ ئاسایشی ئەمڕۆ و دواڕۆژی گەلەکەمانە، کەواتە هەوڵ بدەن سەربکەون.
ئێمەش ئەگەر لە ڕاپەڕینەکان و ڕووداوەکاندا ڕەچاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکەین لە ئێستاو بۆ دواڕۆژ، بێگومان سەردەکەوین.
***
ژێدەر:
- چەند ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ڕادیۆ فەردا
- "جامعەشناسی نخبەکشی"، عەلی ڕەزاقوڵی، چاپی بیست و ششم
- "ڕۆڵی ڕووحانییەت لە بزاڤی مەشرووتە و لە شۆرشی ٥٧"، دکتور سمایل بازیار
- ماڵپەڕی b.b.c