کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەقبەستوویی ڕێژیم لە بەرامبەر گەمارۆکان؛ داڕمان لە نێوەوە

20:05 - 25 رەزبەر 2725

ئەیوب مەحموودزادە

زیاتر لە چوار دەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی، وڵاتی خستۆتە سەر ڕێگای قەیرانی بێهەژمار. ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە نەک هەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیرە، بەڵکوو لە نێوخۆدا ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیددی بۆتەوە. گەمارۆی بەرفراوانی نێودەوڵەتی، گەندەڵیی پێکهاتەیی و بەڕێوەبردنی ناکارامەی سەرچاوەکان، بۆتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە تاڵاوێکدا گیر بخوات کە دەرچوون لێی ئەستەمە. لێرەدا باسێک لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم قەیرانە و دەرئەنجامەکانی و ئاسۆکانی داهاتووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەین.

ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی سزاکان

گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران لە سەرەتادا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا سەپێندرا. سیاسەتی شەڕەنگێزی و ڕەفتاری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ گرووپی١+٥ ڕێگری لە دووبارە بنیاتنانەوەی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد. کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨دا دەریخست کە متمانە بە ڕێژیمی تاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ کەمترین ئاست نزم بۆتەوە.

ئەمڕۆ سزاکان لە ڕووی پانتاییەوە فراوانتر بوون و کەرتەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا و گواستنەوە دەگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی نەک هەر ناتوانێ ئابووریی خۆی گەشە پێبدا بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ ئابوورییەکەی زیاتر دادەتەپێ.

دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک

ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری گەمارۆکاندا زیانێکی زۆری بەرکەوتوە. دابەزینی هەناردەکردنی نەوت، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتن بە تۆڕە بانکییە نێودەوڵەتییەکان و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، سەقامگیریی ئابووری خستۆتە مەترسییەوە. هەڵاوسانی بەرز، کەمبوونەوەی توانای کڕین و داڕمانی چینی ناوەند، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی بەربڵاوی لێکەوتۆتەوە.

هەروەها پشتبەستنی بودجەی وڵات بە نەوت و خراپ بەڕێوەبردنی سامانەکان بۆتە هۆی شکستهێنانی هەموو هەوڵێکی حکومەت بۆ چاکسازیی ئابووری. لەڕادەبەدەر چاپکردنی پارە، دروستکردنی ڕۆیشتنی پارەی ئازاد و سیاسەتی کرێ، ئابووریی ئێرانی لە بازنەیەکی خراپدا گیر کردوە و لێکەوتەکانی لە ئاستی کۆمەڵگەدا تەواو بەرجەستەن.

گۆشەگیریی سیاسی و نێودەوڵەتی

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە یەکێک لە دابڕاوترین وڵاتەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. تەنانەت هاوپەیمانە ناوچەییەکانیش بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانە و پشتیوانییەکانی لە گرووپە نیابەتییەکان، خۆیان لێ دوور خستۆتەوە. لە گۆڕەپانی جیهانیدا ئێران بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سەرکوتکەری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ناسراوە و چەندین بڕیارنامەی نێودەوڵەتی دژی دەرچووە.

ئەم گۆشەگیرییە نەک هەر ئیعتباری سیاسیی ڕێژیمی کەم کردۆتەوە، بەڵکو بژاردە دیپلۆماسییەکانی سنووردار کردوە و تێچووی ستراتیژیشی زیاد کردوە. تەنانەت وڵاتانی زلهێزی وەک ڕووسیە و چین ئامادە نین بەبێ مەرج پشتیوانیی تاران بکەن و زیاتر لە ڕەچاوکردنی سیاسیی ئێران لە خەمی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیانن.

گەندەڵیی پێکهاتەیی و ئابووریی سێبەر

یەکێک لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی سزاکان، گەشەی ئابووریی سێبەر و گەندەڵیی بەربڵاو لە دامودەزگاکانی حکومەتدایە. سپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوە داراییەکانیان لە تۆڕەکانی قاچاخ و فرۆشتنی نەوتی نافەرمی کەڵک وەردەگرن. جگە لە پارەدارکردنی چالاکییە ناوچەییەکان، ئەم تۆڕانە کەلێنی چینایەتیشیان زیاد کردوە؛ چینێکی بچووکی سەر بە حکومەت سامانی بێئەژماری هەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی دانیشتووان لەگەڵ هەژاری و بێکاریدا دەجەنگن.

ئەم ڕەوتە متمانەی گشتی کەم کردۆتەوە و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی زیاد کردوە، کە ئەمەش سەرچاوەی گوشارە بۆ سەر دەسەڵات و هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر بەردەوامیی ئەم حکومەتە.

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی گشتی

سزاکان و سیاسەتگەلی هەڵەی ئابووری، ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە زیاد کردوە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، مانگرتنی کرێکاران و کۆچی دەستەبژێری کۆمەڵگە لە وڵاتەوە، نیشانەکانی قەیرانی ڕەوایی ڕێژیمە.

لە هەمانکاتدا هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگەی سەرکوتکردن و سانسۆرەوە تەنیا توندوتیژی زیاد کردوە و قەیرانەکەی قووڵتر کردۆتەوە. بێتوانایی ڕێژیم لە وەڵامدانەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک، ڕاستەوخۆ بۆتە هۆی دابەزینی ڕەوایی نێوخۆیی.

سزاکان: هۆکارێکە بۆ گوشار یان داڕمان؟

گەمارۆکان لە سەرەتادا ئامرازێک بوو بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵات، بەڵام ئەمڕۆ بۆتە فاکتەری داڕمان. ئابوورییەکی گرێدراو بە نەوت، گەندەڵیی پێکهاتەیی و بەڕێوەبردنی ناکارامە، وایکردوە کۆماری ئیسلامی نەتوانێت بەرگەی گوشارە درێژخایەنەکان بگرێت. دابەزینی بەرهەمهێنان، هەڵاتنی سەرمایە، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و زیادبوونی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕێژیم لە لێواری داڕمان‌دایە.

ئەنجامەکانی داهاتوو

بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئێستا و سەرکوتی نێوخۆیی و دەستێوەردانی ناوچەیی، تەنیا ڕووخانی ڕژێم خێراتر دەکات. بەبێ ڕیفۆرمی بنەڕەتی و گۆڕانی ڕەفتار لە ئاستی نێودەوڵەتی و وەڵامدانەوەی ڕاستەقینە بۆ پێداویستییەکانی خەڵک، کە وەها گۆڕانێك لەگەڵ سیستمی دوگمی کۆماری ئیسلامی ناتەبایە، ئەم حکوومەتە لە نێو تاڵاوێکی گەمارۆ و گەندەڵیدا نوقم دەبێت. گەمارۆ و گوشارە نێودەوڵەتییەکان ڕەنگە لە کورتخایەندا کاریگەریی سنوورداریان هەبێت، بەڵام لە درێژخایەندا پێکهاتەی سیستەمەکە دەشێوێنن و زەمینە بۆ داڕمانی ئەو سیستەمە خۆش دەکەن. ئێران ئەمڕۆ لە حاڵەتێک‌دایە کە یان دەبێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە باوەش بگرێت یان لە نێوەوە دادەڕمێ؛ کە هەروەک گوترا بە سەرنجدان بە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، داڕمان لە نێوەوە ئەگەرێکی بەهێزی بەردەم کۆماری ئیسلامییە.