
دیلان هەردی
سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا لەدوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی)، سیاسەتێکی ئەمنییەتییە. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەگەر گوێ لە بەرپرسانی ئەمریکا بگرین، دەستەواژەیەک بەردەوام دووپات دەکەنەوە: "هەڕەشەی ئێران". هەم بۆ کۆمارییەکان و هەم بۆ دێموکراتەکان، ئێران وەک هەڕەشە ناو دەبردرێ، بەڵام ئەوەی ئەو دوو لایەنە لێک جیا دەکاتەوە، شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هەڕەشەیە. کۆمارییەکان لە گوتارەکانیاندا بڕوایان بە ڕێکاری توندە بەرامبەر بە ئێران، هەرچەندە لە کردەوەدا زۆر جار ژێربەژێر پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەبووە. لە کاتێکدا، دێموکراتەکان پێیانوایە ڕێکاری توند هەڕەشەی ئێران زیاتر دەکا. بۆیە هەوڵ دەدەن ڕێکاری دیکە بگرنە بەر. سەرەڕای ئەوە، تا ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم، هیچکام لە حکوومەتەکانی ئەمریکا نەک هەر خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نەبوونە، بەڵکوو هەوڵی نەگۆڕانیشیان داوە. ئیدارەی دووهەمی تڕامپ کە درێژ کراوەی هەمان ئیدارەی یەکەمە، لە ستراتێژیی ئاسایشی نەتەوەییدا پێداگری لەسەر چەند بابەتی وەک "لە پێشدا ئەمریکا"، "بەرگریی لە نیشتمان"، "نیشاندانی هێزی ئەمریکا" و "ئاشتی لە جیهان" دەکا. بە پێی ئەم ستراتێژییە، وڵاتانی جیهان بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەبن: دەستەی یەکەم، وڵاتانی دوژمن وەکوو ئێران و کۆریای باکوور کە ئەمریکا دەبێ وەکوو دوژمن ڕووبەڕوویان ببێتەوە. دەستەی دووهەم، وڵاتانی ڕکابەر وەکوو چین و ڕووسیا کە ئەمریکا دەبێ لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕکابەرییان بکا. دەستەی سێهەمیش وڵاتانی هاوپەیمانن کە پەیوەندیی سیاسی، ئابووری، نیزامی و ئەمنییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە. لە ئیدارەی دووهەمی تڕامپدا، هەندێک گۆڕانکاریی لەو دەستەبەندییەدا دەبیندرێ، ئەویش ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمێکی "ئابووریتەوەر" بەسەر ئیدارەی تڕامپدا زاڵە کە گۆڕانکاریی لەو دەستەبەندییانەدا دروست کردوە. واتە وڵاتان بەپێی ڕادەی بەرژەوەندیی ئابوورییان بۆ ئەمریکا، دەستەبەندی کراون. لەو سۆنگەیەوە، دێموکراتبوون و هاپەیمانیبوونی سیاسی و نیزامی لەگەڵ ئەمریکا، چیتر بۆ تڕامپ پێوەر نین. عەڕەبستان و قەتەر و ئیماڕات بۆ ئیدارەی تڕامپ لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی وەکوو ئورووپا و کانادا گرنگترن. بەڵام ئێران لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدا جێ دەگرێ؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە، پێویستە بگەڕێینەوە دواوە و بە خێرایی ئاوڕێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکانی دیکەی ئەمریکا لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە بدەینەوە. لەبەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی تڕامپ لە درێژەی سیاسەتی ئیدارەکانی پێش خۆیدایە. لەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، هەر کام لە ئیدارەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی جیاوازییان لە بەرامبەر ئێران گرتۆتە بەر کە هەر کام لە بەستێنێکی تایبەت بەو سەردەمدا داڕێژراوە. هەتا سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ی زایینی و ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران لە بەستێنی شەڕی سارددا دادەڕێژرا. ئەو سەردەمە هەموو هەوڵی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئێران نەکەوێتە باوەشی سۆڤیەتەوە. ئەگەرچی ئیدارەی جیمی کارتێر تا دوایین ڕۆژەکان پشتیوانی لە ڕێژێمی شا دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشت کە شا توانای ڕاوەستان لە بەرامبەر خەڵکی نییە. دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، کارتێر هەوڵی دا پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دروست بکاتەوە، بەڵام بە بارمتە گرتنی دیپڵۆماتە ئەمریکییەکان لە لایەن توندئاژۆکانی ئێران، ڕیگر بوو لەو پەیوەندییە. دوای کارتێر، ڕۆناڵد ڕەیگان لە دەیەی هەشتای زایینیدا، بۆ ئەوەی ئێران لە شەڕ لە بەرامبەر عێڕاقدا شکست نەخوا و بە ناچار نەکەوێتە باوەشی سۆڤیەتەوە، بە فڕۆکەی ئەمریکی مووشەکی ئەمریکی دەنارد بۆ تاران تا لەدژی عێڕاق کەڵکیان لێ وەربگرێ. ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە ئابڕووچوونێکی گەورە بوو بۆ ڕەیگان کە تا ئەمڕۆش بە ناوی دۆسیەی "ئێران ـ کۆنترا" باسی لێوە دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە، ڕەیگان پشتیوانی لە عێڕاق دەکرد تا ئەویش لە بەرامبەر ئێراندا نەدۆڕێ. لە ڕوانگەی حکوومەتەکەی ڕەیگانەوە، لاوازبوونی ئێران یان عێڕاق لە شەڕدا دەبوویە هۆی ئەوەی یەکێکیان بکەوێتە باوەشی یەکیەتیی سۆڤیەتەوە. ئەوەش دەستی سۆڤیەتی دەگەیاند بە کەنداو. هەر بۆیەش شەڕی نێوان ئێران و عێڕاق بەبێ بردنەوەی هیچکامیان هەشت ساڵ درێژەی کێشا. چونکە ئەمریکا نەیدەهێشت هیچکامیان بدۆڕێن. دوای ڕەیگان، جۆرج بووشی یەکەم کە بە نزیکترین سەرکۆماری ئەمریکا لە ڕێژیمی ئێران دەناسرێ، دەیویست لە ئێران نزیک بێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوە بوو دەیویست سەرنج بخاتە سەر عێڕاق. ئەو هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام نەیهێشت ڕێژیمی سەددام بڕووخێ، چونکە ترسی ئەوەی هەبوو عێڕاقی زۆرینە شیعە بکەوێتە ژێر دەەسەڵاتی ئێران. دوای بووش، بیل کلینتۆن وەک دێموکراتێک، ئەو ڕەوتەی گۆڕی. ئەو ئێران و عێڕاقی خستە دەروەی گرنگایەتیی ئەمریکا و هەر دوو وڵاتی خستنە پەڕاوێزەوە. ئەو ئێرانی بە وڵاتێکی "سەرەڕۆ" ناو هێنا کە دەبوایە ناچار بکرێ بچێتە نیو چوارچێوەی پڕۆژەی "پەرە پێدانی دێموکراسی" لە جیهاندا، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەممەد خاتەمیدا لە ئێران، پەیوەندیی لەگەڵ ئێران دروست کرد. بە دەسەڵات گەیشتنی جۆرج بووشی دووهەم کۆمەڵێک ڕووداوی بە دواوە بوو، وەکوو هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی عێڕاق و ئاشکرا بوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران. هەرچەندە ئەمریکا لە شەڕەکاندا سەر کەوت، بەڵام هێژمۆنیی ئێران بەسەر ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا، ئەمریکای بە تەواویی خستە ئاڵنگارییەوە. ئەوەش وای کرد، دوو خولی سەرۆکایەتیی جۆرج بووشیش بەبێ کارێکی ئەوتۆ لەدژی ئێران کۆتایی پێ بێ. بە دەسەلات گەیشتنی باڕاک ئۆباما وەکوو دێموکراتێک هاوکێشەکەی گۆڕی. ئۆباما سەرەتا پەیامی ئاشتی بۆ ئێران نارد، بەڵام ئێرانییەکان سەرنجیان پێ نەدا. قۆناغی دووهەم، سەپاندنی سزای ئابووری بوو بەسەر ئێراندا. ئۆباما پێی وابوو تەنیا سزای ئابووری دەتوانێ ئێران بەچۆکدا بێنێ. ئەو توانی نەک هەر سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بسەپێنێ، بەڵکوو توانی هەموو کۆمەڵگای جیهانیش لە دژی ئێران تەیار بکا. سزاکانی سەر ئێران لە ئیدارەی ئۆباما، قورسترین سزای هەموو مێژووی نێوان ئێران و ئەمریکا بوون. ئەوە وای کرد ئێران مل بۆ دانوستان بدا و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥دا بە زۆرینەی مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێ. بەڵام ساڵی ٢٠١٦ کەسایەتییەکی جیاواز سوکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکای گرتە دەست، ئەویش دۆناڵد تڕامپ بوو. ئەو نەک هەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک هاتە دەر، بەڵکوو بە دروشمی "گوشاری لەڕادەبەدەر" جگە لە گەڕاندنەوەی سزاکانی پێشوو، هێندەی دیکە سزای خستە سەر ئێران. لە ڕاستیدا تڕامپ لە تاکتیکی ئۆباما تێگەیشتبوو و دەیزانی ئێرانییەکان تەنیا بە سزا ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا دەبن. ئامانجی تڕامپ ئەوە بوو کە ئێران مل بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بدا کە تێیدا بابەتی بەرنامەی مووشەکی و تێرۆریزم و پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیلی تێدا بێ، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە تڕامپ ئەو پێگەیەی ئۆبامای لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەبوو تا وڵاتانی جیهان لەگەڵ خۆی بخا. ئەوە وای کرد کە بۆ نیشاندانی هێزی خۆی، دەست بۆ کاری دیکە ببا، کە ئەویش کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس بوو. ئیدارەی دووهەمی تڕامپیش لە یەکەم ڕۆژەکانیدا دووبارە هەمان سیاسەتی سزا ئابوورییەکانی گرتە بەر، کە ئەمجارە بووە هۆی ئەوەی ئێران مل بۆ دانوستان بدا، بەڵام ئێران هیچ کارتێکی لە دەستدا نەبوو کە کایەی پێ بکا، جگە لە کاتکوشتن. بۆیە تڕامپ دووبارە گەڕایەوە بۆ بژاردەی سەربازی، ئەویش وەشاندنی گورزی سەربازی بوو لە ڕێگای ئیسڕائیلەوە. بەڵام دەبوایە قارەمانی شەڕەکە تڕامپ بێ. هەر بۆیە ڕێک ئەو کاتەی ئیسڕائیل نەیتوانی بنکە ئەتۆمییەکانی ژێر زەوی بکاتە ئامانج، ئەمریکا هات و کارەکەی کۆتایی پێ هێنا. بەڵام گورزی سەربازی بە واتای شەڕی گەورە یان جەنگ نییە. چونکە هەر وەک باسم کرد، گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران تا ئێستا لە بەرنامەی ئیدارەی تڕامپدا نییە. بەڵکوو هەروەک ئیدارەکانی دیکەی ئەمریکا، تڕامپیش تەنیا خوازیاری گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمی ئێرانە. بۆ ئەمریکا، مانەوەی ڕێژیمی ئێران سوودەکانی زیاترن لە زیانەکانی. یەکەم ئەوەی کە، هیشتنەوە یان ساز کردنی دوژمنی دەرەکی کردەوەیەکی سیاسیی باوە کە هەموو حکوومەتەکان لە جیهان کەڵکی لێ وەردەگرن بۆ گرێدانی هاوڵاتیانی خۆیان لە حکوومەت. واتە هاوڵاتیان لە ترسی هێرشی دەرەکی پەنا بۆ حکوومەتەکەیان دەبەن و زیاتر گوێڕایەڵ دەبن. دووهەم درووستکردنی پێویستییە لە خۆی، بەو واتایە کە وڵاتانێکی دیکە هەن وەکوو وڵاتانی عەڕەبی و ئیسڕائیل کە بۆ خۆ پاراستن لە هێرشی ئێران دەکەونە باوەشی ئەمریکا و ناچارن گوێڕایەڵی ئەمریکا بن. سێهەم، فرۆشتن و خوردکردنەوەی چەکە بەو وڵاتانە کە ئێران وەک هەڕەشە دەبینن. ئەوەش داهاتێکی ئێجگار زۆری بۆ ئەمریکا هەیە. چوارەم، گۆڕینی کێشەی عەڕەب و ئیسڕائیلە بۆ هاوپەیمانیی نێوان عەڕەب و ئیسڕائیل و جێگرتنەوەی بە کێشەی عەڕەب و ئێران. پێنجەم، گۆڕینی کێشەی نیوان ئیسلام و ڕۆژئاوایە بۆ گۆڕینی کێشەی نێوخۆیی موسوڵمانان، واتە کێشەی شیعە و سوننی.
بەو ئەنجامە دەگەین کە سیاسەتی ئیدارەی تڕامپ هەمان سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکایە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران. واتە دابڕان نییە لە سیاسەتی حکوومەتەکانی پێشوو. ئەگەرچی ئەو سیاسەتە لەسەر بنەمای نەهێشتنی "هەڕەشەی ئێران"ـە، بەڵام بە واتای گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نییە، بەڵکوو گۆڕینی ڕەفتاری ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا و کەڵک وەرگرتنە لەو هەڕەشەیە بە مەبەستی سیاسی و ئابووری و نێونەتەوەیی کە دەبێتە هۆی زاڵبووونی زیاتری ئەمریکا بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لەوانەیە یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەو سیاسەتە، گوێڕایەڵبوونی تەواوی گرووپە ئیسلامییەکانی سووریا بێ کە خۆی لە ئەحمەد شەرعدا دەبینێتەوە، کاتێک لە تیرۆریستێکەوە دەبێتە ئەو کەسەی ئەمریکا دەیهەوێ. بەڵام ئەوە دەتوانێ گرووپە توندڕەوەکان هان بدا کە زیاتر گرنگیی بە توندوتیژی بدەن، لەبەر ئەوەی پێیان وابێ لە کۆتاییدا ئەمریکا و ڕۆژئاوا دانیان پێدا دەنێن. پرسیارێک دەمێنێتەوە کە تا چەندە ئەو سیاسەتە دەتوانێ بەردەوام بێ؟ چونکە نەگۆڕینی ڕێژیمی ئێران لەوانەیە لەدوای تڕامپ هاوکێشەکە بگۆڕێ.