کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی ژینا: دوو پارادایمی جیاواز

09:23 - 4 خەزەڵوەر 2725

ئارام کەیخوسرەوی

ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١هەتاویی هەواڵێکی بەپەلە زۆربەی مێدیاکان و سۆشیاڵ مێدیای کوردیی و ئێرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد. هەواڵە سەرەتاییەکان شتێکی نوێ نەبوو، گرتن و دەستبەسەرکردنی کچان و کوڕان لەژێر سێبەری دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بابەتێکی باو و ئاشنا بوو. ئاشنایەتییەک کە زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ڕووداوانە بایەخی هەواڵیشیان نەمێنێت. واتە گرتن و دەستبەسەرکردن وەک بابەتێکی ئاسایی لێ هاتووە. مەرگ و کوشتن خراپەیەکە مرۆڤی ژێردەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە بەردەوام لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

کوشتن و مەرگ بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی. واتە لە پانتایی جوگرافیایی ئێراندا و لەژێر دەسەڵاتداریی ڕێژیمێکی ملهۆڕ وەک کۆماری ئیسلامی دیاردەی مەرگ و کوشتن نەک کردە و بابەتێکی ئاوارتە، بەڵکوو وەک کردەیەکی ئاسایی لێ هاتووە. کاتێک کردەیەکی دژە مرۆییانە، خراپەیەک بەردەوام دووپات و چەندپاتە دەبێتەوە، دۆخێک دێتە ئاراوە کە دۆخی «ئاساییبوونەوەی خراپە»یە. یەک لە کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ساڵەی تەمەنیدا ئاساییکردنەوەی کوشتن و قەتڵی دژبەرانی خۆی بووە. ئەم ئاساییکردنەوە بۆ ئەو نەتەوانە کە لەژێر داگیرکەریی ڕێژیم-حەقیقەتی ئێرانی بە دەسەڵاتداریی کۆماریی ئیسلامیدان زیاتر نۆرماڵیزە و ئاسایی بووەتەوە. کوشتنی دەیان و سەدان کەس لە ئازادیخوازان، بەدەستهێنانی پەلەی یەکەمی لەسێدارەدان، کوشتن لەژێر ئەشکەنجە و... هتد. بێجگە لەوەی گرتنی گیانی مرۆڤەکان و سڕینەوەی دژبەرانی خۆی بووە، دەرەنجامێکی دیکەشی بووە، ئەویش ئاساییکردنەوەی مەرگ و کوشتن بووە. ئەستەمە، ڕۆژانە لە مێدیاکان و سۆشیاڵ مێدیادا هەواڵی لەسێدارەدان و کوشتنی مرۆڤێک لە لایەن ئەو ڕێژیمەدا نەبینین و بەر گوێمان نەکەوێت. بەڵام لە دۆخێکدا کە خراپەکان، مەرگ و کوشتن ئاسایی بوونەتەوە؛ کوشتنی چ کەسێک و کێ دەتوانێت کۆمەڵگەیەک ڕاچڵەکێنت و ئەو قامکەی کە بەردەوام لەسەر مۆبایلە ژیرەکاندا بەسەر هەواڵی کوشتنی کۆڵبەران، گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە سووڕانەوەیەک دەگوزەرێت، ڕابوەستێت و ڕایچڵەکێنێت و ویژدانی مێژوویی و نەتەوەیی بەربینگی پێ بگرێت؟

ئەو هەواڵەی کە سەرەتا وەک هەواڵێکی ئاسایی و وەک دەیان و سەدان هەواڵی لەو چەشنە کە ڕۆژانە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە باس دەکرێن، بڵاوبوویەوە هەر زوو سەرنجی کۆمەڵگە، هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە کوردستان بۆ لای خۆی ڕاکێشا. سەرنجڕاکێشانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کچەکە. کچە کوردێک لە تاران بەهۆی لێدان و توندوتیژی هێزەکانی ئێران لە بەشی چاودێری تایبەتی یەک لە نەخۆشخانەکانی تاران‌دایە. بڵاوبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ژینا ئەمینی هەر زوو سەرنجی سۆشیاڵ مێدیای کوردیشی بۆ لای خۆیی ڕاکێشا. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر زوو بە پارڤەکردنی وێنەی ژینا ئەمینی و نووسراوەی جۆراوجۆر کاردانەوەیان نیشان دا. لەم نێوەدا دێرە شێعرێکی شێرکۆ بێکەس واتە: «تاران بە دەم کەسەوە پێناکەنێ، بە دەم مەرگەوە نەبێت». و هەروەها شێعری «لەوێ مەمرە جانی جانان...» ڕۆڵی بەرچاوی بینی. لەم دوو شێعرە جوگرافیا و ناسنامە دەورێکی کاریگەر دەبینن. لە یەک لە شێعرەکان بە دیاریکراوی نێوی تاران هاتووە و لە یەک لە شێعرەکان وشەی «لەوێ» هاتووە کە ئاماژە بە جوگرافیایەکە. سۆشیاڵ مێدیای کوردیی بە شێوەیەکی بەرچاو هەر دووی ئەم شێعرانە بەکار دەهێنێت.

لێرە بەدواوە کوردبوون وەک ناسنامەی نەتەوەیی ژینا و تاران وەک جوغرافیای ڕووداوەکە سەرنجی زیاتر دەخرێتە سەری. بەدەر لە نییەتی نووسەری ئەو دێڕە دەبێت ئەو شێعرە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە نییەتی نووسەر شرۆڤە بکرێت. تاران لە یەکەم ڕوانیندا شارێکی گەورەی ئێرانە، بە حەشیمەتێکی زۆرەوە و دەکرێت لە لای هەندێک کەسیشەوە وەک شارێکی جوان و دەلال یان ناخۆش و وەڕەزکەر پێناسە بکرێت. بەڵام کاتێک لە سۆنگەی کوردبوونەوە و لە دەلاقەی کوردستانەوە چاو لە تاران دەکرێت، تاران جوگرافیا و شارێکی ئاسایی نیە. تاران لە پرسپێکتیوی کوردستانەوە خاوەنی ناوەڕۆکێکی سیاسییە. ناوەڕۆکێک کە لەم دێڕە شێعردا لە ڕێگای «مەرگەوە» پیشان دراوە. کورد لە پرسپێکتیوی کوردستانەوە بەردەوام تاران وەک مەرگ و کوشتن و لەسێدارەدان و... دەبینێت. زەقبوونەوەی کورد بوون و تاران لە ڕاستیدا زەقبوونەوەی پەیوەندییەکی مێژووییە. پەیوەندییەک کە وەبیرهێنەرەوەی پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو، باندەست و بندەستە. لە چرکەی کوشتنی ژینا ئەمینی وەک کوردێک لە تاران یادگەی کۆیی بندەست و کوژراو وەبیری ئەم پەیوەندییە دەکەوێتەوە. بڵاوبوونەوەی قسەیەکی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنی کە وتوویە: «ئێمە لێرە غەریبین» زیاتر ئەم پەیوەندی و ئانتاگونیستەی نێوان کورد بوون و تاران زەق دەکاتەوە. ئەم غەریبییە وەک غەریبییەکی مێژوویی و پیشاندەریی فۆرماسیونی نێوان باندەست و بندەستە.

ئەم ڕووداوە چرکەی لادرانی پەردە و دەرکەوتنی ئەم پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییەیە لە نێوان کوردستان و ئێران بوو کە لەو دێڕە شێعرەدا لە تاران وەک هێمای ئێران کەلک وەرگیراوە. ژینا پەیوەندییەکی ئاشکرا کرد کە سەدان ساڵ لە ڕێگای هێزی سەخت و نەرمە هێزەوە حەشار درابوو و لە جێی ئەوە حەقیقەتێکی تر لە بەرژەوەندی داگیرکەر و هێشتنەوەی پەیوەندیی باندەست و بنەدەستی سەپاندە بوو. لەم چرکە هەستیارەدا هەموو شتێک دەست بە دەستی یەک دەدا تا حەقیقەتی ئەم پەیوەندییە داگیرکەرانە ڕوون ببێتەوە. ئەو کچە کوردەی کە بە دەستی هێزەکانی ناسراو بە «گشتی ئێرشاد» بە شێوەیەکی دڕندانە گیانی لێ ئەستێندراوە خاوەنی دوو نێوە. نێوێکی کوردی و نێوێکی ئێرانی. نێوە کوردییەکەی پیشاندەریی نەتەوەی بندەست و کولتوورێکی تایبەتە و نێوە ئێرانییەکەی پیشاندەری هێزی نەتەوەی باڵادەستە و کولتوورێکی ترە. «ژینا» واقیعی ڕاستەقینەی ئەو کچە کوردەیە کە لە تاران گیانی لێ ئەستێندراوە و «مەهسا» حەقیقەتی ساختە و سەپێنراوە کە دەرخەری پەیوەندیی نێوان باندەست و بندەستە. ئەم دوو ناوە مانایەکی بەرفراوانتر دەگرن و لە ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش کارەساتی ٢٢ی خەرمانان زیاتر ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە. ژینا لێرە تاکە کەسێک نیە، وەک چۆن مەهساش تاکە کەسێک نیە. ژینا ئاماژەیە بۆ ئێمەیەکی گشتی کورد و مەهساش ئاماژەیەکە بۆ ئەوانی گشتی ئێرانیی و پەیوەندی نێوان «ئێمە» و «ئەوان.» ژینا یان ئەو ئێمە گشتییە وەبیرهێنەرەوەی هەموو ئەو ڕەنج و کوێرەوەری و کوژران و ماڵ وێرانی و بێ ماف بوونەیە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەشی ئێمە بووە. ئەمەش تەنیا هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو سیاسەت و ڕەوتە داگیرکەرانەی دەگەڕێتەوە کە سەدان ساڵە دەیەوێت ژیناکان بکات بە مەهسا. لە ڕاستیدا هەرچەند کە هەر دوو نێوەکە ئاماژە بە کەسێکی دیاریکراو دەدەن، بەڵام ئەم دوو نێوە باس لە دوو گوتار، دوو ڕەوت، دوو سیاسەت و دوو خوێندنەوەی دژ بە یەک دەکەن. مەهسا نوێنەری کولتووری داگیرکەر و کۆلۆنیالە کە دەیەوێت پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراو وەک خۆی بمێنێتەوە و ژینا کە نوێنەری کولتوور و گوتارێکی ترە. گوتارێک کە دژی داگیرکەرییە. پەیوەندیی نێوان ئەم دوو گوتارە پەیوەندییەکی ئانتاگونیستیی و مێژووییە کە لە چرکەی ژینادا خۆی زیاتر دەردەخات.

 ٢٢ی خەرمانان هەر لە سەرەتاوە بەم ئانتاگونیسمە و بەم جیاوازییە جەوهەرییەوە دەستی پێ کرد و تا کۆتاییش ئەم جیاوازییە مایەوە. لە خۆپیشاندانەکاندا، لە هێزە سیاسییەکاندا، لە ئەکادیمیسییەن و... ئەم جیاوازییە بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەرخست. واتە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ هاوبەشیەتی درا تووشی شکست هاتن، بەشێکی بەرچاوی ئەم شکستانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە بنەڕەتی و ئانتاگونیسمیانە کە ئاماژەم پێ دان. ئەم جیاوازییە هۆکارێکە تا نەتوانین ڕووداوەکانی پاش گیانبەختکردنی «ژینا ئەمینی» کە لە ئێران و کوردستان هاتە ئاراوە لە یەک سۆنگەوە بخوێنینەوە. هەر هەوڵدانێک بۆ یەکپارچەکردنی ئەم ڕووداوانە هەوڵدانێکی نەزۆک و شکست خواردووە. مێدیا، بیرمەند و ئەکادیمیسیەنی سەر بە نەتەوەی سەردەست هەوڵێکی تەواو دەدا تا ئەم ڕووداوانە ببەستێتەوە بەگشتییەتێک بە ناوی ئێران. یەک وەک درێژەی شۆڕشی مەشروتییەت نێوە دەبات، یەک وەک شۆڕشی نەتەوەیی و یەک وەک هەوڵدانی سەد ساڵەی ئێرانییەکان بۆ دێموکراسی و دادپەروەریی، یەک وەک درێژەی بزووتنەوەی سەوز و یەک وەک درێژەی خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ٩٨ و ٩٦ی هەتاویی یان بە لەونە چەپەکەیدا وەک «شۆڕشی برسییەکان»، «شۆڕشی ماندووەکان» و... هتد. بیرمەند و مێدیاکار و نووسەری نەتەوەی سەردەست خۆی لەو جیاوازییە جەوهەرییە دەدزێتەوە و دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو وەک خۆی بمێنێتەوە. لە ڕاستییدا ئەوەی لە کوردستان ڕوویدا هەمان شت نەبوو کە لە ئێران ڕووی دەدا. یان ئەگەر واوەتر بچین، دەکرێت بڵێین ئەوەی لە جوگرافیای نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران ڕووی دا لەگەڵ ئەو شتەی کە لە ئێران هاتە ئاراوە جیاوازییەکی بنەڕەتی بوو.

خۆپیشاندانەکانی پاش گیانبەختکردنی ژینا هەر یەکە و خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆ بوون، ناسنامەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و بەلووچستان جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ ئێران بوو. لێرە نامەوێت نکۆڵی لە هاوبەشییەکان بکەم، بەڵام بزوێنەریی ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران دوو سەرچاوەی جیاواز و دابڕاو لە یەکتریان هەبوو. بۆیە هەر خوێندنەوەیەک سەبارەت بە خەرمانانی ١٤٠١ بە بێ ڕەچاوکردنی ئەم جیاوازییە؛ خوێندنەوەیەکی ناتەواو و نەزۆک دەبێت. بێجگە لەوە ناهاوسەنگییەک دەبینرێت کە ناکرێت کۆی ئەو ڕووداو و بەسەرهاتە وەک یەک بخوێنرێنەوە. ئایا ئەوەی لە شەقامەکانی تاران دەبینرا هەمان شت بوو کە لە شارەکانی کوردستان دەبینرا؟ ئایا دەکرێت بەوەی تاران بڵێین شۆڕش و بەوەی کوردستانیش بڵێین شۆڕش؟ ئەم جیاوازییانەش دیسان ڕێگرن لەوەی کۆی ئەو ڕووداوانەی کە لە خەرمانانی ١٤٠١ دەستی پێ کرد بە شێوەی یەکپارچە و یەکدەست بخوێنینەوە. بۆ میناک ئەو شتەی کە لە کوردستان و بەلووچستان هاتە ئاراوە دەکرێت وەک ڕاپەڕینێکی گشتیی بخوێنرێتەوە، لە حاڵێکدا ئەوەی کە لە تاران دەبینرێت زیاتر وەک ناڕەزایەتیی خۆی دەردەخات، ناڕەزایەتییەک کە زۆر جار توانایی خۆدەرخستنی بۆ شەقامەکان نیە، واتە نابێت بە خۆپیشاندان و تەنیا ناڕەزایەتییەکە کە لە ماڵ و لە سۆشیاڵ مێدیا بە شێوەیەکی پاسیڤ خۆی نیشان دەدات.

دوو پارادایمی جیاواز: خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانە

لە ڕاپەڕینی ژینا بەدواوە-لە پێش ئەویشدا-ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەند لە بەرانبەر پرسی «ئێرانیبوون» و «کوردستانیبوون» بەرهەم هاتوە؛ دووانەیەک کە وەک پرسێکی ئانتاگۆنیستی لە لایەن دەستەبژێری ئەمڕۆی کوردستانەوە جەمسەر بەندی کراوە. ئەم هەوڵانە زیاتر خۆی لە دوانەی «کۆیلە و سەروەر»، «داگیرکراو و داگیرکەر»، یان بە واتای شمیتییەکەی «دۆست و دوژمن» دەناسێتەوە. ئەم هەوڵانە بە جەختکردنەوە لە سەر ئەمری سیاسی دەیەوێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی هۆکاری یەکنەگرتنی کوردستان و ئێران-چ لە ئاستی کۆمەڵگە و چ لە ئاستی هێزە سیاسییەکاندا-باس بکات.

وەک دیارە، ئەم هەوڵانە زۆرتر لە بەستێنی فەلسەفەی سیاسیدا هاتوونەتە کایەوە و کەمتر ئاوڕیان لە ڕەهەندی کۆمەڵناسی، بەتایبەت کۆمەڵناسیی سیاسی داوەتەوە. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا گۆڕانێکی پارادایمی هەیە کە تەوەری سەرەکی ئەم پارادایمە پرسی فەرهەنگییە. پرس گەلێک وەک واتا، چۆنیەتی پێناسەکردنی خۆ، جەستە، ڕەگەز، کۆمەڵگە گچکەکان وەک هاوڕەگەزخوازان و ناسنامە، کە هەموویان پرسێکی کۆمەڵایەتین زیاتر تیشکیان خراوەتە سەر. ئەگەر تایبەتمەندی سەرەکی کۆمەڵناسی سیاسی کۆن ململانێی چینایەتی و ئایدیۆلۆژی لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان، حیزبەکان، ڕووناکبیران و... هتد بووبێت، لە کۆمەڵناسی سیاسی نوێدا زیاتر تاک، یان کۆمەڵگە بچووکەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سلێبرێتییەکان گرنگییان هەیە. کۆمەڵێک دیاردەی نوێ، ناسنامەی نوێ، پرسی نوێ، و تەنانەت تاکێکی نوێ بە کۆمەڵێک خواستی نوێوە هاتوونەتە کایەوە. ئەمانە ئەو دیاردانەن کە هەندێک جار وەک «سیاسەتی ناسنامە» ناو دەبرێن، یان وەک فۆکۆیاما دەڵێت: "تەوەری سەرەکییان پرسی «تیمۆس» یان کەرامەتە" ئەم باس و بابەتە نوێیە پەیوەندی بە پرسی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. پەیوەندی چڕ و پڕیان لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمەوە نیە. دوکتور قاسملوو لە کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک، پرسی نەتەوەیی و پرسی کۆمەڵایەتی لە یەک جیا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی تێدەکۆشین، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆمەڵایەتی یان دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پاش ڕزگاری نەتەوەییەوە، سۆسیالیزمی دێموکراتیک بە ڕێگەچارە دەزانین". لێرە دەکرێت سنووری پرسی کۆمەڵایەتی بەربڵاوتر بکەین و بڵێین ئەم پرسە، پرسی ژن، جەستە، و... هتدیش لە خۆ دەگرێت. بەڵام چارەسەرکردنی پرسی کۆمەڵایەتی بە مانای چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی نیە. دەکرێت لە کۆمەڵگەیەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پرسی ژن و تەنانەت ئەو ناسنامە نوێیانە وەک کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازن چارەسەر بکرێت، بەڵام پرسی نەتەوەیی لە جێی خۆت بمێنێتەوە. بۆیە پرسی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی جیاوازن. ئەم جیاکارییە لە سەردەمی نووسینی کورتە باسدا، هەڵگری جیاوازی و ململانێی نێوان هێزە چەپ و نەتەوەییەکان بووە. لە لایەکەوە بەرەی چەپ دەیەوێت، پرسی کۆمەڵایەتی بخاتە پێش پرسی نەتەوەییەوە، وەک پێشخستنی خەباتی چینایەتی، دژایەتی کردنی بورژوازی کورد و یەکخستنی کرێکاران و لە لایەکی دیکەوە بەرەی نەتەوەیی هەوڵێکی پێچەوانە دەدات. لێرە دوو گێڕانەوەی گەورە هەیە: خەباتی چینایەتی بە ڕێبەریی کرێکارانەوە و گێڕانەوەی نەتەوەیی بە ڕێبەریی نەتەوەیەکی یەکەوە. پاش هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت و لاوازی بەرەی چەپ، ئەم لێکدژییە شێوازێکی دیکەی بە خۆوە گرتووە. ئەم شێوازە نوێیە زیاتر وەک سیاسەتی ناسنامە دەناسرێت. سیاسەتی ناسنامە پرسێکی کۆمەڵایەتییە. پرسی جەستە، هاوڕەگەزخوازیی، فرەیی، جیاوازی و بە فەرمی ناسینی ناسنامە و تاکە پەراوێزخراوەکان دیارترین بابەتەکانی نێو ئەم شێوازە نوێیەن. بێجگە لەوە سیاسەتی ناسنامە دژی گێڕانەوە گەورەکانە و هەوڵی شکاندنی ناسنامە کۆییەکان دەدات.

لە لای گیدنز، ئەم پرسە وەک سەرهەڵدانی شێوازێکی دیکە لە سیاسەت کە وەک «سیاسەتی ژیان» ناوی دەبات، دەناسرێت. سیاسەتی ژیان تایبەتی دۆخی پاش ئایدیۆلۆژییە؛ واتە دۆخێک کە ژیان، تاک و کەسایەتی گرنگتر لە هەر چەشنە ئایدیا و مەرامێکە. گیدنز سیاسەتی ژیان لە بەرانبەر سیاسەتی ڕزگاریخواز پێناسە دەکات. ئەگەر بەپێی ئەم چوارچێوەیە تەماشای پەیوەندی کوردستان و ئێران بکەین، دەبینین کە لە هەر دوو لایەن پارادایمی سیاسی جیاواز زاڵە: لە کوردستاندا هێشتا سیاسەتی ڕزگاریخواز زاڵە؛ لێرە بە دیاریکراوی پرسی ڕزگاری نەتەوایەتی لە ئارادایە. لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا، بە تایبەتی لە نەسڵی نوێ و بەشێکی زۆری شارنشینان، پارادایمی سیاسەتی ژیان خۆی نیشان داوە. ئازادی کەسی، شێوازی ژیان، جلوبەرگ و... هتد، گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش بەپێی ئەم پارادایمانە جیاوازن. بزووتنەوە لەنێو سیاسەتی ڕزگاریخوازدا بەپێی نەریتی خۆیی خاوەنی ڕێبەرایەتییەکی سیاسییە و ئامانجی دیاریکراوی هەیە. بەڵام بزووتنەوە لەنێو پارادایمی سیاسەتی ژیاندا زۆر جار خاوەنی ڕێبەرایەتی نیە. پەیوەندییەکان لێرە پەیوەندییەکی ئاسۆیین و خاوەنی هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی نین، و خوازیاری دامەزراندنیش نین. لەم کۆنتێکستەدا، ئیتر وەک پێشوو بزووتنەوەکان بە شوێن گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە نین؛ خۆڕێکخستن لە چوارچێوەی ڕێکخراو یان حیزب و دامەزراوەیەکی سیاسی گرنگی خۆی لە دەست داوە. ڕەنگە گرنگترین ئامانجیان بە گوتەی کاستڵز؛ گۆرێنی بایەخ و ئێژاییەکانی کۆمەڵگە بێت. بۆیە لە ڕوانگەی کاستڵزەوە پرۆسەی بزووتنەوەکە خۆی ئامانجە: «چەشنێک هێنانی داهاتوو بۆ ئێستا». ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ئەو بزووتنەوانە کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە و حیزب یان کەسایەتییەکەوە بە دووی ئامانج و گۆڕانێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتن. ئەوەی لە ڕاپەڕینی ژینا لە ئێراندا بەپێچەوانەی کوردستان ڕووی دا دەبێت لەم چوارچێوەیەدا بخوێنرێتەوە.

بۆیە کاتێک لە ڕاپەڕینی ژینادا هەندێک ئەکت و ڕەفتاری ئێرانییەکانمان دەبینی، پێمان سەیر بوو. زۆر جار ئەمانەمان وەک “داڵنگاندنی ڕاپەڕینەکە” پێناسە دەکرد. کاتێک ڕاپەڕینەکە کز بوو و فەزاکە هێور کرایەوە و ژنانی ئێران بە بێ حیجاب دەرکەوتن، ئێمە وەک کوردستان پێمان وا بوو خیانەتمان لێ کراوە. خیانەتێک نەکرابوو؛ ئێمە لە دوو فەزای فکری و سیاسی جیاوازدا دەژین. لەوێ پرسێکی کۆمەڵایەتی هەیە. ناسنامەیەکی نوێ هەیە، تاکێکی نوێ هەیە کە خوازیاری خودموختاری لە ئاستی کەسی دایە. پرس گەلێکی ڕۆژانە وەک شێواز و ستایلی ژیان، جلوبەرگ و ململانێیەک لەگەڵ هەر چەشنە ئۆتۆریتەیەک (نەریت، بنەماڵە، قوتابخانە و... هتد) کە بیهەوێت سنووری ئەم خودموختارییە بەرتەسک بکاتەوە. واتە بە دووی گۆڕینی بایەخە نەریتی و باوەکانی کۆمەڵگەیە و خوازیاری بەفەرمی ناسینە. بەڵام لە کوردستان پرسێکی کۆیی چارەسەرنەکراوی هەیە، وەک نەتەوە. گوتاری زاڵ لەم فەزایە گوتاری ڕزگاریخوازییە. لێرە مەبەست ئەوە نیە کە کوردستان دوورگەیەکی تەریک کەوتوە و هیچ‌کام لەم پرسانە، ویست و داخوازی خەڵکی کوردستان نین؛ بەڵام لە کوردستان گێڕانەوەیەکی گەورە هەیە؛ گێڕانەوەیەک کە لە چوارچێوەی ڕزگاری نەتەوەییدا پێناسە و پۆلێنبەندی کراوە. بۆیە هێژموونی ئەم گێڕانەوەیە بەسەر هەموو ئەکت و بزاڤێکی کۆمەڵایەتیدا دیارە.