هاوکات لەگەڵ دیداری سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا و چین لە پێکەن، ڕێبەرانی ٢٦ وڵاتی جیهان ڕۆژی پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای گەڕانەوەی دۆخی ئاساییان بۆ هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز کرد.
ئەم بەیاننامەیە لەلایەن وڵاتانی وەک بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ژاپۆن، کانادا، قەتەر، بەحرەین و کۆرەی باشوورەوە واژۆ کراوە.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە جەختیان لەسەر پێبەندیی خۆیان بۆ بەکارهێنانی هەموو توانا دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی دەریاوانی لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا کردووەتەوە.
هەروەها ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری لە پێکهێنانی "هێزێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی و بەرگریی" دەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتییەکان.
لەم پێوەندییەدا، دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە "شی جینپینگ"یش ئارەزوو دەکات گەرووی هۆرمۆز بە کراوەیی بمێنێتەوە و پێشنیاری هاوکاریی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی بەرگریی بریتانیاش ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی ئەم هێزە نێودەوڵەتییە کاتێک دەست پێ دەکات کە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی بەردەوام بێتە ئاراوە و بارودۆخەکە بۆ هاتوچۆی ئازاد گونجاو بێت.