ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا، دەیان کادری دەرمانی بەهۆی هاوکاریکردن و خزمەتکردنی خۆپیشاندەرانی بریندار ڕاپێچی گرتووخانەکان کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ڕابردوودا، لانیکەم ۸۳ کادری کەرتی تەندروستی لە ۳۳ شاری جیاوازی ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، کە تا ئێستا تەنیا ۴۷ کەسیان ئازاد کراون و چارەنووسی نیوەیان نادیارە.
ئەم شەپۆلە فراوانەی دەسبەسەرکردنە، پزیشکان، پەرستاران و تکنیککارانی گرتووەتەوە. تاران بە ۱۶ دەسبەسەرکراو و تەورێز بە ۸ کەس، لە پێشەنگی ئەو شارانەن کە کادری دەرمانیان تێدا سەرکوت کراوە.
هۆکاری سەرەکیی دەسبەسەرکردنی ئەم پزیشک و پەرستارە مرۆڤدۆستانە، پابەندبوونیان بووە بە بەها پیشەیی و ئەخلاقییەکان؛ لەوانە چارەسەرکردنی بریندارانی ڕاپەڕینەکە لە ماڵەکاندا، ڕێگریکردن لە ڕفاندنی برینداران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەنێو نەخۆشخانەکان و نەدانی ناوی خۆپیشاندەرە بریندارەکان بە دەزگا سەرکوتکارەکانی ڕێژیم.
ئەمەش جارێکی تر دەموچاوی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە دژە مرۆییە نیشان دەدات کە تەنانەت پزیشکانیش لە سەرکوتکردن بەدەر ناکات.