کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ڕاستەقینەی هەژاری زۆر لەو ڕێژەیە بەرزترە حکوومەتی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند

21:18 - 7 خەزەڵوەر 2725

سلێمان تاشان

لە سایەی سەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر و دەستکورتر دەبن و ئەوەی دەستیان دەکەوێت نەک بەشی بژێوییان ناکات بەڵکوو دەبێت لە دەمیان بگرن و لە سفرەی کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی ژیانی کولەمەرگی پێ بەڕێ بکەن. ئەو ئامارە نوێیانەی لە لایەن حکوومەتی ئێران سەبارەت بە هەژاری بڵاو کراونەتەوە لەگەڵ واقیعی ئابووری و ئامارە ڕاستەقینە جیهانییەکان یەک ناگرنەوە و حکوومەت بەو ئامارە نوێیەی بڵاوی کردۆتەوە ویستوویەتی ئەمە پێشان بدات دۆخی ئابووریی وڵات جێگیرە و جڵەوەکەی هێشتا لە دەستیان دەرنەچووە.

فاتیمه‌ موهاجیرانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران هەفتەی ڕابردوو بە فەرمی نرخی هێڵی هەژاریی وڵاتی بۆ ساڵی 1403 ڕاگەیاند و گوتی  هێڵی هەژاریی ساڵی ڕابردوویان به‌ شه‌ش میلیۆن و 128 هه‌زار و 739 تمه‌ن داهاتی مانگانەی تاک دەستنیشان کردووە و به‌راورد به‌ ساڵێک پێشتر، دوو میلیۆن و 330 هه‌زار تمه‌ن زیاد كراوه‌. ئەو هەواڵەکەی بە شێوەیەک بڵاو کردەوە وەک ئەوەی هێڵەکەیان کۆنترۆڵ کربێت و ڕێگەیان نەدابێت لەچاو ساڵان ژمارەی زیاتری خەڵک کەوتبنە ژێر هێڵی هەژاری و لە کۆتاییدا ئاماژەی بە هەمان 30%ی ڕێژەی هەژاری لە ئێران کرد کە چەند ساڵێکە ڕادەگەیەنرێت.

هێندەی پێنەچوو ژمارەیەک لە ڕۆژنامەکان لەوانەش دنیای ئیقتساد ڕێژەی هەژاری لە ئێرانیان بە 36% ناو برد و ئاماژەیان دا ئەو ڕێژەیە لە هەژاری بەرزترین ڕێژەیە کە لانیکەم لە دەیەی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.

بەڵام وێنە ڕاستەقینەکە لێڵە و ڕێژەی هەژاری لە ئێران زۆر لەو ڕێژەیە بەرزترە کە میدیاکانی ئێران بڵاوی دەکەنەوە و هەر خۆی پێوەری شەش میلیۆن تمەن بۆ دەستنیشانکردنی هێڵی هەژاری بەو ئامانجە بووە لە هاوکێشە بیرکارییەکەدا دەرەنجامی هەژاری جێگیر پێشان بدرێت.

ئەگەر پێوەرە جیهانییەکانی هەمان ساڵ بۆ ئەو پرسە لەبەر چاو بگرین و بمانەوێت کەمێک لە لێڵیی وێنەکە ڕوون بکەینەوە بۆمان دەردەکەوێت دۆخەکە زۆر لەوە شپرزەترە بیری لێ دەکرێتەوە.

بانکی جیهانی سێ ستانداردی جیاوازی بۆ هێڵی هەژاری دەستنیشان کردووە، یەکەمیان بریتییە لە 2.15 دۆلار بۆ داهاتی ڕۆژانەی تاک کە تایبەت کراوە بە وڵاتانی هەژار، دووەم نرخ بریتییە لە 3.65 دۆلار بۆ وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی و 6.68 دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەیە کە داهاتیان لەسەرووی مامناوەندییە و 20 دۆلاریش بۆ ئەو وڵاتانەیە کە داهاتیان زۆرە.

سەیر لەوەدایە حکوومەتی ئێران خۆی وڵاتەکەی لە خوارەوەی وڵاتانی مامناوەندی و نزیک لە وڵاتانی هەژار پۆلێن کردووە لە کاتێکدا ئێران لە ڕاپۆرتە جیهانییەکان لە گرووپی ئەو وڵاتانەیە کە داهاتیان سەرووی مامناوەندییە و ئەگەر بڕیار بێت ڕێژەی ڕاستەقینەی هەژاری بۆ ئێران لێک بدرێتەوە دەبێت بۆ داهاتی ڕۆژانەی تاک 6.68 دۆلار بە پێوەر وەرگیرێت.

تێکڕای نرخی دۆلار لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران 68 هەزار تمەن بووە و ئەگەر ئەو بڕەی حکوومەتی ئێران بۆ هێڵی هەژاری دەستنیشانی کردووە لەبەر چاو بگرین بۆمان دەردەکەوێت هێڵی هەژاری بریتی بووە لە سێ دۆلار داهاتی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک و هەموو ئەوانەی لەم بڕە پارەیە کەمتریان دەست کەوتووە لە ژێر هێڵی هەژاریدا جێیان کراوەتەوە.

شەش میلیۆن تمەن ئەگەر دابەشی 30 ڕۆژ بکرێت ئەوا ڕۆژانەی داهاتی تاک دەبێتە 200 هەزار تمەن و ئەو بڕە داهاتە دەبێت لەو ساڵەدا بەشی خواردن و خواردنەوە و کرێی خانوو و دەرمان و خوێندن و گەشت و سەرجەم خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی کەسێک بکات کە شتێکی ئەستەمە و بەهۆیەوە دەتوانرێت تەنیا چوار ''پوفەکی خانەوادگی''  پێ بکڕدرێت.

ئەگەر بێلایەنانە بمانەوێت ڕێژەی ڕاستەقینەی هەژاری لە ئێران دەستنیشان بکەین ئەوا دەبێت ستانداردی سەرووی مامناوەندیی نرخەکەی بانکی جیهانی بۆ ئێران بە پێوەر وەربگرین کە 6.68 دۆلارە و بەپێی تێکڕای نرخی تمەن لە ساڵی 1403 دەیکردە 455 هەزار تمەن.

بەمە بۆمان دەسەلمێنرێت کە ئێران کەمتر لە نیوەی ستانداردی بانکی جیهانی بۆ دەستنیشانکردنی هێڵی هەژاری لە ئێران لەبەر چاو گرتووە و هێڵی راستەقینەی هەژاری دەبێت زۆر بەرزتر بێت.

سزا ئابوورییه‌كان، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌لێشاوی سه‌رمایه‌ و پاره‌ له‌ ئێران، به‌رزیی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و پاشەکشەی کەرتە جۆراوجۆرە ئابوورییەکان هۆكارگه‌لێكن كه لەپاڵ ناکارامەیی سیاسی‌ وایان كردووه‌ ئابووریی ئێران بۆ دواوە بگەڕێتەوە.

دابەزاندنی ڕێژەی هەژاری و گواستنەوەی خەڵک لە خوار هێڵی هەژاری بۆ سەرووی هێڵەکە بە دەستکاریکردنی ئامار و فێڵی بیرکاری ناکرێت بەڵکوو پێویستی بە گەشەی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کار، دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان و بووژانەوەی بازاڕ و کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان و لە سەرووی هەمووان کارگێڕیی تۆکمەی ئابووری هەیە کە دەمێکە ئێران لێی بێبەرییە.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتە نێوخۆیی و جیهانییەکانی ئاستی گەشەی ئابووریی ئێران و سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە پرسی ئەتۆمیی و خراپتربوونی دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران لە هەموو ڕەهەندەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و بێبەهابوونی زیاتری دراوی نیشتمانی، دەبێت ڕێژەی هەژاری لەمساڵدا زۆر بەرزتر لەم ڕێژەیە ڕابگەیەنرێت.

مانگی ڕابردوو ناوەندی توێژینەوەی په‌رله‌مانی ئێران خۆی بڵاو كرده‌وه‌، گه‌شه‌ی ئابووریی وڵاته‌كه‌ له‌مساڵدا بۆ خوار سفر دابه‌زیوه‌، هه‌مان ناوه‌ند ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی ساڵی ڕابردووی ئێرانی به‌ 3.1% ڕاگه‌یاندبوو، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له‌ گه‌شه‌ی ئابووری پێوه‌ندی به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران لە ساڵەکەدا هه‌بوو بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەمڕۆ حەوتی خەزەڵوەرە ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەر بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووی بە 48.6% ڕاگەیاند کە واتای ئەوە دەگەیەنێت خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەم مانگەیان دەبێت داهاتیان لەچاو ساڵی ڕابردوو بەهەمان ڕێژە بەرز بووبێتەوە بەڵام داهات جێگیرە و نرخەکانیش ڕوویان لە هەڵکشان.

جگە لەمە نرخی دۆلار لە بازاڕ 108 هەزار تمەنە کە 50 هەزار تمەنی زیاترە لە تێکڕای نرخی دۆلار لە ساڵی 1403 و لە پاڵ 48.6%ی هەڵاوسان و هەر بە پێوەرەکەی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەکی کەمی دانیشتووانی ئێران لە سەرووی هێڵەکە خۆیان پێ ڕادەگیرێت و زۆرینەی ڕەها دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بە ستانداردی جیهانیش دەبێت دۆخەکە زۆر قەیراناویتر بێت.