بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوای بەربڵاوتربوون و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڕەشەی ڕفاندن و تێرۆریان لە چالاکانی سیاسیی خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەرێمی کوردستان کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" شوناسی ئەو چالاکە سیاسییانەی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە: سیرووس ڕەبیع بەیگی، سەعدوڵڵا جەهانگیری، شۆڕش شابازی، بێهنام جەماڵی، عەلیڕەزا ئیلامی، نادر ئیلامی، مستەفاحەیدەری، ئەیووب فەتحوڵڵاهی خەڵکی ئیلام و ئاوات سارووج خەڵکی کرماشان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا، پێشتریش چەندین جار بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە نێوخۆی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.
هەروەها پێشتریش چەند چالاکێکی سیاسیی دیکەی خەڵکی ناوچەکانی خوارووی کوردستان بە ناوەکانی پەژار مەلەکی، شەهریار تەهماسبی و یووسف نەزەری بەهۆی گوشار و هەڕەشەکانی ڕێژیمەوە لەڕووی ناچارییەوە زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە و پەڕیوەی هەرێمی کوردستان بوون.