
باباعەلی مێهرپەروەر
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٨٠ ساڵ بەسەر تەمەنی ڕۆژنامەی کوردستان، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی لە دەستەی نووسەران و بەڕێوەبەران و ئامادەکارانی ئێستای ئەو ڕۆژنامەیە و حیزبی دێموکرات دەکەم و سەری ڕێز و قەدرزانی لەبەرانبەر هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ماوە دوور و درێژ و پڕکەندولەندەدا ئەرکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستانیان لە قۆناغە جیاواز و هەلومەرجە دژوارەکاندا لە ئەستۆ بووە، دادەنوێنم. ئەگەر لەخۆبوردوویی و فیداکاریی ئەو مرۆڤانە نەبوایە، بێگومان ئەو ڕۆژنامەیەش نەیدەتوانی درێژە بە بەرپابوونی خۆی بدا.
ئەگەر بە پێوەری تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چاو لە ڕۆژنامەی کوردستان، سەرەڕای ناوەکەی وەک "ڕۆژنامە" بکەین، ناتوانین لە دەستەی ڕۆژنامە سەیری بکەین، هەرچەند لەوانەیە لە قۆناغێکدا، بۆ نموونە سەردەمی کۆماری کوردستان، بەهۆی ئەوەی حیزبی دێموکرات بۆ خۆی حاکم و بەڕێوەبەری کاروباری کۆمار بووە، تا ڕادەیەک ئەو ئەرکەی گێڕابێ. بەستراوەیی ڕۆژنامەی کوردستان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی سیاسی و خوازیاری دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی تایبەتی بەو ڕۆژنامەیە بەخشیوە و بەناچاری چارەنووسی هاوشێوەی چارەنووسی حیزبەکەی لێ هاتووە کە هیچ کاتێک لە ماوەی تەمەنی دوور و درێژیدا لە لایەن ڕێژیمەکانی پاشایەتی و دواتر کۆماری ئیسلامی، نەک بە فەرمی دانی پێدا نەنرا، بەڵکوو وەک دژبەر و نەیاری خۆیان پێناسەیان کرد و لە یاسا دەرچوو لە قەڵەمیان دا. بۆیە تێکۆشان لە نووسین و بەڕێوەبەری و چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەیە وەک تێکۆشان لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبێکی نایاسایی سەیر دەکرا و دەکرێ و ئێستاشی لەگەڵ بێ سزای توندی بەدواوەیە. تەنیا کاتێک حیزب و ڕۆژنامەکە تا ڕادەیەک توانیبێتیان تێکۆشانی ئازادانەیان هەبێ، ئەو کاتانە بووە کە لەو ناوچە جوگرافییە، دەسەڵات و حاکمییەتی ڕێژیمە ناوبراوەکان یان هەر نەبووە یا زۆر کز و لاواز و یان بەپێی هەلومەرجێکی تایبەت و بۆ ماوەیەکی سنووردار کەشوهەوایەکی نیمچە دێموکراتیک لە وڵاتدا هەبووبێ و تا ڕادەیەک بوار بۆ بڵاوکرانەوەی ئازادانەی ڕۆژنامەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕەخسابێ. بۆ نموونە سەردەمی سەرۆک وەزیریی دوکتور "موسەدیق"، کە بەداخەوە ئەویش دوای کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی کۆچیی هەتاوی، خۆری ئازادی لە پشتی کێوەکانی دیکتاتۆریدا ئاوا بوو و جارێکی دیکە حیزب و ڕۆژنامەکە تێکۆشانی نهێنییان دەست پێکردەوە. ئەرکی سەرەکیی ڕۆژنامەی کوردستان وەک ئۆرگانی حیزبی، پتر بریتییە لە: هاندان و ڕێنوێنیی کادیر و ئەندامانی حیزبەکە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەییی نێوخۆیی حیزب، لە ڕێگای ڕێنوێنییەکانی حیزبی و پاراستنی کەشوهەوای دێموکراتیک لە نێوخۆی حیزبەکەدا. تەحلیل و شیکردنەوە و لێکدانەوەی دروستی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب بەرانبەر ڕووداوەکان و بابەتەکانی ڕۆژ، سەرچاوەیەک بوو بۆ ئەوەی ئەندامانی حیزب باشتر بتوانن هەم بەرگری لە سیاسەتەکانی حیزب بکەن، هەم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای حیزبەکەیان دەستیان پڕتر بێ، ئەو کاتە ئەندامێکی حیزبی دەتوانێ لەگەڵ نەیاران یان ڕکەبەرەکانی حیزب دیالۆگێکی شیاوی هەبێ، کە ئاگادارییەکی زۆرتری سەبارەت بە بەرنامە و ئامانج و تاکتیک و ستراتیژیی حیزبەکە هەبێ. باشترین سەرچاوەش بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژنامەی کوردستان!
ئەندامانی حیزب پێویستییەکی زۆریان بە فێربوون و ئامووزشی سیاسی هەیە کە ڕۆژنامەی کوردستان دەتوانێ لەو بوارەدا هەنگاوی گرنگ هەڵبگرێ. هەواڵی ڕاست و دروست لە کۆبوونەوەکانی حیزبی وەک کۆنفڕانسەکان، کۆنگرە، پلینۆمەکان و کۆبوونەوە حیزبییەکان بڵاودەکرێتەوە و بێگومان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا ڕەنگ دەداتەوە، و سەرچاوەیەکی جێی دڵنیایە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەو هەواڵە حیزبییانە. ئەندامانی حیزب دەتوانن ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربارەی ئەو ڕووداوانە دەرببڕن. شرۆڤە و لێکدانەوەی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگایان ڕۆژنامەی کوردستانە. ڕۆژنامەی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە ئۆرگانی حیزبێکی سیاسییە و لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی نایاسایی و تێکۆشان لە ڕیزی ئەو حیزبەدا سزای بەدواوەیە، بۆیە کۆمەڵێک کێشە بۆ چاپ و گەیاندنی بە دەست خوێنەرانی کە پتر ئەندامان و لایەنگرانی نهێنی لە نێوخۆی وڵاتن، دەخوڵقێنێ.
بوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەی کوردستان بەلای کەسێکەوە لە نێوخۆی وڵات بەسە بۆ ئەوەی بکەوێتە بەر زەبروزەنگ و ئەشکەنجە و ئازار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. گەیاندنی ڕۆژنامەکە بۆ نێوخۆی وڵات لەگەڵ مەترسیی گەورە بەرەوڕوو بوو. بۆیە ئامادەکردنی ڕۆژنامەکە زۆر دژوار نەبوو، دژواریی سەرەکی گەیاندنی بەدەست ئەندامان و لایەنگرانی نهێنی بوو. هەروەها کاتی خۆی بۆ گەیاندنی ڕۆژنامەکە بە ئەندامانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت لە ئورووپا، کەند و کۆسپی گەورەی لەبەردەم بوو و حیزب ناچار بوو چەند ژمارەیەک لە ڕێگای جۆراوجۆر بنێرێت بۆ دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە فەڕانسە، و لەوێ بە تیراژێکی زۆر کۆپی دەکرا و پاشان لە ڕێگای پۆستەوە بۆ کۆمیتەکانی حیزبی لە وڵاتان بە مەبەستی گەیاندن بە دەست ئەندامانی حیزب دەنێردرا. هەرچەند لە ڕووی ئەمنییەوە کێشەیەکی نەبوو، بەڵام ماوەیەکی چەند مانگی دەخایاند تا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەی کوردستان بگەییشتایەتە دەست ئەندامان و لایەنگران.
لە قۆناغێکی دواتردا ڕۆژنامەکە بە شێوەی فاکس دەنێردرا بۆ کۆمیتەکان و لە هەر وڵاتێکدا بە هۆی کۆمیتەکان تەکثیر و بڵاو دەکرایەوە. دیارە لە چاو پێشوو باشتر بوو. بەڵام دوای ئەوەی کە ئینتێرنێت هاتە ئاراوە و دەرەتانی ئەوە ڕەخسا کە ڕۆژنامەکە لەسەر سایتەکانی فەرمیی حیزب دابنرێ، کێشەی گەیاندن کۆتایی پێ هات. بەتایبەت تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی ئەمنی لە نێوخۆی وڵات سەبارەت بە ڕۆژنامەکە بۆ ئەندامان نەما و دەیانتوانی ئیستیفادەی لێ بکەن بێ ئەوەی مەترسییان لەسەر بێ.
ئەرشیڤکردنی ڕۆژنامەکە لە هەلومەرجی تاراوگەیی و شەڕی چەکداریی حیزب کێشەیەکی دیکە بوو، بەڵام هەر وەک باسمان کرد بە هاتنە کایەی ئینتێرنێت و بەفایلکردنی مەجازیی بابەتەکان ئەو کێشەش چارەسەر بوو. لە هەلومەرجی خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی، دابینکردنی نووسەر و ئامادەکار بۆ ڕۆژنامەکە ئاستەنگێکی دیکە بوو بەڵام بەو حاڵەش بەخۆشییەوە وەشاندنی ڕۆژنامەی کوردستان پەکی نەکەوت و ئەو کەلێنەش هەر چۆنێک بوو پڕ دەکرایەوە. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبێکی سیاسییە کە ناچارە نێوەرۆکی بابەتەکانی ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حیزب بێ یان لانیکەم دژایەتییەکی زۆری لەگەڵ سیاسەتەکانی حیزب نەبێ، بۆیە ڕۆژنامەی کوردستان نەیدەتوانی وەک سکۆی ئازاد و ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ بڵاوبکرێتەوە. بەو حاڵە تا ڕادەیەک مەجال و دەرەتانێک بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونی جیاواز بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەسەلە کە بەرپرسایەتییەکەی دەخرایە ئەستۆی نووسەرەکەی، چەند لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەکە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرا. ئایا ئێستاش ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەچێ؟ نازانم. .
بۆ ماوەیەک ڕۆژنامەی کوردستان پاشکۆیەکی تایبەت بە منداڵانی بڵاو دەکردەوە. گرنگتر لەوەش ئەوە بوو کە هەرچەند بابەتەکان لەژێر چاودێری و ڕێنوێنیی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەران ئامادە دەکران، منداڵەکان بۆ خۆیان بابەتەکانیان دەنووسی و بەرهەمی خودی منداڵان بوو. هەموو جارێک منداڵەکانی نێو حیزب چاوەڕوانی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان و بابەتەکانی خۆیان بوون و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە هاندانی منداڵان بۆ ئامادەکردنی بابەت، جا چ وێنەکێشان بوایە یان بەرهەمی دیکە بوایە، هەبوو. جگە لەو پاشکۆیە ڕۆژنامەکە لاپەڕەگەلێکی بۆ کەسانی خاوەن بەهرەی ئەدەبی، جا چ بەرهەمەکە شێعر یان چیرۆک یان هەر بابەتێکی دیکە بوایە، تەرخان کردبوو. خاڵێکی دیکە کە پێویست دەکا ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە چ کەسانێک کە وەک نووسەری بابەتەکان چ ئەو کەسانەی کە بە کاری فەنی لە تایپ و چاپ و... سەرقاڵن، وەک خۆبەخش و پێشمەرگەئاسا کار دەکەن و ڕەنج و ماندووبوونیان جێی ڕێز و پێزانینە. بەبێ فیداکاری و لەخۆبردویی ئەو کەسانە ڕۆژنامەیەک بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان بوونی نەدەبوو.