
د. قادر وریا
بەرایی: تەمەنێک لەگەڵ "کوردستان"دا
بۆخۆشم زەحمەتە بە دیاریکراوی بڵێم چەند ساڵ یان چەند دەیە لەگەڵ ڕۆژنامەی"کوردستان"دا ژیاوم، چونکە تەنیا سەرەتاکەی دیارە و کۆتایییەکەی هێشتا نەهاتووە، لەوانەیە هەتا دەشمرم هەر نەیەت. لە ڕەشەمەی ١٣٦٦ەوە (مارسی ١٩٨٨) کاتێک ژمارە ١٣٥ی "کوردستان" ئامادە دەکرا، هاوکاریی من لەگەڵ "کوردستان" دەستی پێکرد، سەرەتا وەک هەڵەچن و وەرگێڕ؛ بەڵام هەر لە دەسپێکەوە بە نووسین تێیدا بەشدار بووم، بە جۆرێک کە هەر لە یەکەم مانگەکانەوە، شانازیی ئەندامەتیی دەستەی نووسەرانی "کوردستان"م پێ برا، ئەویش لەژێر سەرپەرستی و ڕێنوێنیی دوو سیمای دیار و بەتوانای بواری نووسین و داڕشتنی ئەدەبیاتی سیاسیی حیزب، د.سادق شەرەفکەندی و مامۆستا عەبدولڵا حەسەنزادەدا.
ساڵان هاتن و چوون، دەتگوت مانەوە لەم ڕۆژنامەیەدا لە نێوچاوانم نووسراوە. بۆخۆشم بەهۆی خۆشەویستیی نووسین و بەختیاریی خۆ دیتنەوە لە فێرگە و لەنێو کۆڕی کۆمەڵێک مرۆڤی تایبەتدا، گەیشتبوومە ئەو قەناعەتە کە دەبێت لە "کوردستان" بمێنمەوە، خەیاڵی دوورکەوتنەوە لێی، وەلا بنێم و پتر شان بدەمە بەر ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی. هێشتا سێ ساڵ تێوەرنەسوڕابوو و نەشببووم بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب، کە ئەرکی جێگریی بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیم کە بەکردەوە دەبووە بەڕێوەبەری نووسین و جێگری سەرنووسەریش، کەوتە ئەستۆ. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو "سەرنووسەر"ەکان کە هەمان ئەندامانی دەفتەری سیاسیی دەستنیشانکراو بۆ بەرپرسایەتیی کۆمیسیۆنی چاپەمەنی بوون، یەک بە دوای یەکدا دەهاتن و دەڕۆیشتن، ئەوەی هەر لەجێی خۆی و لە پۆستی خۆیدا دەمایەوە، من بووم.
لە ڕەشەمەی ١٣٦٦ەوە هەتا لەتبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرماوەزی ١٣٨٥ (مارسی ١٩٨٨- دێسەمبری ٢٠٠٦) واتە لە ماوەی ١٩ ساڵدا ، شایەدی هاتن و چوونی پێنج کەس لە حەوت ئەندامانی دەفتەری سیاسی وەک بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کوردستان" بووم کە بریتی بوون لە بەڕێزان: د.شەرەفکەندی، مامۆستا حەسەنزادە، کاک مستەفا هیجری، کاک حەسەن شەرەفی و کاک عەلی مێهرپەروەر. د.قاسملوو لە یەک ساڵ و سێ مانگی پێش شەهید بوونیدا چەند جار لەگەڵ نووسەرانی ڕادیۆ و بڵاوکراوەکانی حیزب (کوردستان و گۆڤاری تێکۆشەر) کۆبوونەوەی پێکهێنا و لەسەر "چۆن بنووسین؟" و "چی بنووسین؟" ڕێنوێنیی کردین، بەڵام بە داخەوە شانازی و شانسی ئەوەم نەبوو ئەو سەرنووسەری ڕۆژنامە و بەرپرسی کۆمیسیۆنەکەمان بێت و من وەک هاوکاری ڕاستەوخۆ لە خزمەتیدا بم.
لە دوای لەتبوونی حیزبی دێموکراتیشەوە هەتا نیوەی یەکەمی ٢٠١٣ (بۆ ماوەی نزیک بە ٧ ساڵ) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (وەک بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان)، لە دوای ٢٠١٣ەوە هەتا ئەم ساڵانەی دواییش وەک ئەندامی دەستەی نووسەران لە خزمەت "کوردستان"دا بووم. بە کورتی ئەو کاتەش کە تێکۆشان و بەرپرسایەتیم لە ئۆرگان و بەشێکی دیکەی حیزبی دێموکرات بووە، هەموو کات بە نووسین و وەک کەسێکی هەموو کات ئامادە بۆ هاوکاری لەگەڵ هەر کام لە بەرپرسانی یەکەمی ئەم ساڵانەی دوایی ڕۆژنامەی "کوردستان" (هاوڕێیان عەوڵا بەهرامی، کوێستان فتووحی، سیامەک قەویپەنجە، حەسەن شێخانی و عەلی بداغی)، لەخزمەت "کوردستان"دا ماومەوە. بەم جۆرە بەبێ ئەم چەند ساڵەی دواییش بە لانی کەمەوە بە چڕی و دانەبڕاوی سی (٣٠) ساڵێک ڕابردووی کارو تێکۆشان و بەرپرسایەتیم لە "کوردستان"، یان هاوکاریی ڕۆژانە و نزیکم لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیەدا هەیە. لەم بارەیەوە لە حیزبی دێموکراتدا لەوانەیە هەتا ئێستا بێ ڕکابەربم!
لە ماوی ئەو سی و چەند ساڵەدا لەگەڵ دەیان هاوڕێ کە کاری ئامادەکردن و کاری تەکنیکیی ڕۆژنامەیان کردووە، هاوکار بووم. لە نێویاندا زۆر کەس هەبوون کە لە باری سیاسی، زمانەوانی، داڕشتن، وەرگێڕان، نووسین و ڕۆژنامەنووسییەوە لێیان فێربووم، یان تێیاندا بووە هاوکاری دڵسۆز و ئەرکناس بوون و بە یارمەتی و هاوکاریی ئەوان توانیبووم شان بدەمە بەر بەرپرسایەتیی بەڕێوەبردنی ڕۆژنامەی "کوردستان" و چاپەمەنیی حیزب. هەمیشە بە ڕێز و ئەمەگناسییەوە یادی هەر دوو دەستەی ئەو مرۆڤانە دەکەمەوە.
بەم پێشەکییەوە چ وەک شایەتحاڵ، چ وەک بەرپرسایەتی و بەشدار بوون لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە پێنج سەد ژمارەی "کوردستان"دا، بۆ خستنەڕووی باسێک کە لە مێژووی ئەم ڕۆژنامەیەدا هەتا ئێستا کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە؛ لەوانەیە کەسێکی گونجاو بم؛ ئەو باسەش هەوراز و لێژ و دژواریی کاژفڕێدان و نوێبوونەوە لە "کوردستان" لە مەودای ساڵانی ئاماژەپێکراودایە.
"کوردستان" وەک بڵاوکراوەی ئۆرگان
"کوردستان" لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە من تێیدا ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆرم لەسەر شان بووە، هەر وەک ئێستا، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات و تەنانەت ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکەش بووە. ئۆرگانی حیزبێکی سیاسی بوون، جۆرێک ئەرکدارکردن و سنووردارکردنی ئەو ڕۆژنامەیەیە. هەر کەس بەرپرسایەتیی یەکەمی لەم جۆرە ڕۆژنامانەدا هەبێت، لە لایەک دەبێ لەو چوارچێوەیەدا کە ڕێبەریی حیزبەکەی بۆ ڕۆژنامەی ئۆرگان دیاریی کردووە، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، لە لایەکی دیکەوە دەبێت سەرنج بداتە پێشنیاز و چاوەڕوانی و ویستی هاوکاران و خوێنەرانی ڕۆژنامەکەی و، هاوسەنگییەکی پێشڕەوانە و ڕوو لە پێشەوە لەنێوانیاندا دروست بکات.
"ئۆرگان" بوون و کولتووری جارانی حیزبایەتی لە ناوچەی ئیمە و هەلومەرجێک کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژنامەی "کوردستان"ی تێدا بڵاو دەکردەوە، سەردەمێک جۆرێک چەقبەستوویی و نەگۆڕبوونی فۆرم و ناوەرۆک و پرەنسیپەکانی بەسەر ئەم ڕۆژنامەیەدا سەپاندبوو. هەوڵ دەدەم هێندێک لایەنی ئەم چەقبەستووییە و بەدرەنگەوە ملدانی "کوردستان" بۆ گۆڕان و نوێبوونەوە، بە یارمەتیی ئەو شتانەی لەبیرمن، دیارە بە هێندێک خۆسانسۆرکردنەوە(١) بگێڕمەوە.
جایزنەبوونی ناوهێنانی بەرپرسانی حیزبی لە ڕۆژنامەدا!
لە وەدەرکەوتنی بنکە و ناوەندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە- بە لانی کەمەوە- هەتا سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی، لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا، پێم وانییە جگە لە ناوی سکرتێری گشتیی حیزب -چەند حاڵەتێکی تایبەتی لێ دەرچێت- ناوی هیچ ئەندامێکی زیندووی دیکەی ڕێبەریی حیزب، تەنانەت ئەندامانی دەفتەری سیاسییش، هەروەها ناوی هیچ نوێنەر و بەرپرسێکی حیزبی لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا هەبێت(٢)! لە چەندین ژمارەی ئەو ساڵانەی"کوردستان"دا، ڕاپۆرتی تێکۆشانی کۆمیتەکان و نوێنەرایەتییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە حیزبییەکان لە کوردستان، بڵاو بووەتەوە، بەڵام لە جیاتی هێنانی ناوی بەرپرسانێک کە وتار یان پەیامیان لەو کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمانەدا پێشکەش کردووە، نووسراوە: "ئەندامێکی دەفتەری سیاسی" یان "نوێنەری حیزب لەو ولاتە" ئەو شتەی وت، یان ئەو کارەی کرد. هەروا بزانە ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی یان ئەو نوێنەرەی حیزب، ناوی نەبووە!!
ئایا لەم بارەیەوە بڕیارێکی نووسراوی ئۆرگانێکی حیزبی هەبوو؟ یان بەپێی قانوونێکی نەنووسراو، ئەم نەریتە داکەوتبوو؟ بۆخۆم پێم وایە ئەم نەریتە هیچ بڕیارێکی ڕەسمی و نووسراوی دەفتەری سیاسی یان کۆمیتەی ناوەندیی لە پشت نەبوو. سەرچاوەکەی جۆری بیرکردنەوەی زاڵ و باوی حیزبە چەپ و ستالینییەکانی ئەو سەردەم و پێشتر بوو کە وەک میرات بۆ حیزبی دێموکراتیش مابۆوە؛ عەقڵیەتێک کە پێی وابوو "تاک" تەنانەت لە بەرزترین پلەکانی بەرپرسایەتییشدا، هەر دەبێت دیار نەبێت و ئەوەی دەبێت دیار بێت، خودی حیزبەکەیە. نەک هەر لە ڕۆژنامەی "کوردستان"، لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانیشدا، ساڵانێک هەر بەم جۆرە ناوی کەسایەتی و کەسە زیندووەکانی حیزب نەدەهات. ڕەنگە بگوترێت ئەدی ئەگەر وایە بۆچی سکرتێری گشتیی حیزب، ناوی دەهات؟ وەڵامی من ئەوەیە، نەدەکرا تەنانەت ناوی سکرتێری گشتییش لە ڕاگەیەنەکانی حیزبدا نەهێنرێت، لانی کەم دەبا یەک کەس ناوی هەبا.
لێرەدا پێم خۆشە بەبیر بێنمەوە کە د.قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزب، بۆ خۆی بەتوندی دژی تاکپەرستی بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ شەخسی خۆیدا بوو. یەکەم کەس بوو کە دژی دانان و هەڵاوەسینی وێنەی خۆی لە بنکە حیزبییەکان و هەروەها دژی دانی دروشمی "بژی قاسملوو" لەلایەن خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەنگی ناڕەزایەتیی بەرز کردەوە. بۆیە خۆبواردنی ڕاگەیەنەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوهێنانی کەسایەتییەکانی دیکەی حیزب، ناکرێت لەسەر ویستی د.قاسملوو بووبێت، یان د.قاسملوو بۆخۆی حەزی لەوە کردبێت کە تەنیا ناوی ئەو دیار بێت و بەس. بە ڕوونی نازانم ئەم نەریتەچۆن لە حیزبدا جێگیر ببوو، لەوانەیە لە سەرەتادا بەرهەمی سەلیقەی بەرپرسێکی ڕاگەیاندنی حیزب بووبێت و دوایە هەر بە بەریەوە چووە و دووپات بووەتەوە و بەم جۆرە بووە بە یاسایەکی نەنووسراو.
بابەتەکانی ڕۆژنامە، ناوی نووسەریان بەسەرەوە نەبوو!
هەتا کۆتاییەکانی پاییزی ١٣٧٥ (نۆڤەمبری ١٩٩٦)، جگە لە شێعری شاعیران، سەرجەم ئەو بابەتانەی لەم دەورەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بڵاو ببوونەوە، بەبێ ناوی نووسەرەکانیان چاپ ببوون(٣). تەنانەت پەخشانە ئەدەبییەکانیش تاق و لۆق نەبێ، ناوی نووسەریان بەسەرەوە نەبوو. بۆ ئەم نەریتەش، هیچ بڕیار و یاسایەکی پەسندکراو لەلایەن ئۆرگانێکی حیزبییەوە نەبوو. بۆخۆم وای بۆ دەچم کە بیرکردنەوەی ڕێبەریی هەتا ئەو کاتی حیزب بەم جۆرە بووە: ئێمە هەموومان ڕۆڵەی ئەم حیزبەین و ڕۆژنامەکەش ڕۆژنامەی حیزبە. لە ڕۆژنامەی حیزبدا، تاک بۆی نییە قسەی خۆی بکات، جا کاتێک قسەکەی، قسەی حیزبە، چ پێویست دەکات ناوی خۆی هەبێت!
ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە نووسین و ڕۆژنامەنووسیی حیزبی، وای کردبوو لە وتار و بابەتی سیاسیی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا، جێناوی "من" جێگای نەبێت. هەموو دەربڕینەکان بە ناوی کەسی یەکەمی کۆ واتە "ئێمە" بوو. ئەگەر پێویست با، دەبا پەنا ببەینە بەر دەستەواژەی وەک "ئێمە پێمان وایە"، "بە باوەڕی ئێمە"، "حیزبی ئێمە"، "سیاسەتی ئێمە"، "ڕوانگەی ئێمە" و ...هتد. ئەگەر بمان نووسیبا "من پێم وایە" یان "بە گوێرەی لێکدانەوەی من"، بە شتێکی خۆپەرستانە، دوور لە تەوازوع و وەک شتێکی سەیر و نامۆ دەهاتە بەرچاو، لە پێداچوونەوەی سەرنووسەردا خەتێکی سووری بەسەردا دەکێشرا و دەکرایەوە بە ''ئێمە پێمان وایە" یان "بە گوێرەی لێکدانەوەی حیزبی ئێمە". خۆ ئەگەر ڕێگاش بە نووسەر درابا بنووسێت "بە باوەڕی من"، بەو هۆیەوە کە ناوی نووسەر لەگەڵ بابەتەکەدا بڵاو نەدەبۆوە، ئەو "من"ە دەبووە مەتەڵ و هەر لەجێی خۆیدا نەبوو.
لەم جۆرە ڕۆژنامەنووسییەدا، نووسەر خاوەنی مافێکی مەعنەویی دیاریکراو نەبوو، بەرهەمەکەی بە گەرووی ئاشی حیزبدا دەچوو و دەبووە ماڵی حیزب. خوێنەریش هیچ کات نەیدەتوانی نووسەر بناسێت. لەوانە بوو خوێنەران بە یارمەتیی شێوازی نووسینەکان، جیاوازیی لە نێوان نووسەرەکاندا بکەن، بەڵام هەر نەیاندەزانی خاوەنی نووسینەکان، چ کەسانێکن. ئەگەر کەسانێک لە نووسەرانی ئەو سەردەم بە دوای نووسینی خۆیاندا بگەڕێن، یان یەکێکی دیکە بیهەوێ نووسینەکانی کەسێکی دیاریکراو لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئەو کاتی "کوردستان"، بناسێتەوە و کۆیان بکاتەوە، پێموانییە دەسکەوتێکی زۆریان هەبێت.
وێنەی کەسەکان لە ناوەکانیشیان ونتر بوو!
شتێکی سروشتی و چاوەڕوانکراوە لە کولتوورێکدا کە ناوهێنانی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی حیزبی لە ڕۆژنامەی ئۆرگاندا جایز نەبێت، بڵاوکردنەوەی وێنەشیان مانای نابێت. هەر بە شێوەیەکی گشتی لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا سەرەتاکانی حەفتای هەتاوییەوە، هەموو جۆرە وێنەیەک- نەک تەنیا وێنەی کەسایەتییە حیزبییەکان- لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بە کەمی بڵاو دەبووەوە. ناکرێت تەنیا کولتووری حیزبی وەک هۆ و سەرچاوەی ئەم ڕاستییە بناسێنم. لانی کەم دوو هۆکاری دیکەش هەبوون: یەکەم، ئیمکاناتی تەکنیکیی چاپی ڕۆژنامەی "کوردستان" لەبەشی زۆری ئەم ماوەیەدا، زۆر سادە و سەرەتایی بوون و بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە، گونجاو نەبوون. هۆی دووهەم، لایەنی ئەمنیەتیی ئەو پرسەیە. حیزبێک کە دژی ڕێژیمێکی خوێنڕێژ و سەرکوتکەر خەبات دەکات، ئەگەر پێشی بڵاوبوونەوەی وێنە و زۆر ناسرانی بەرپرسان و تێکۆشەرانی خۆی بە گشتی بگرێت و ڕێوشوێنی تایبەتیش لەم بارەیەوە بگرێتە بەر، لەجێی خۆیدایە.
لەگەڵ هەر دووی ئەم هۆیانەشدا، ناکرێت لە کاریگەریی ڕوانین و تێگەیشتنی چەقبەستووانە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ بەکارهێنانی وێنەدا کەم بکەینەوە، چونکە ئەوکاتانەش کە ئیمکاناتێکی باشتری چاپ و بڵاوبوونەوە هەبوو، وەک بەهار و هاوینی ١٣٥٨- ئەو کاتەی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە شاری مەهاباد دەردەچوو- دیسان هەر هەوڵ دراوە کەمترین وێنەی کەسایەتییە زیندووەکانی حیزب، تەنانەت وێنەی سکرتێری گشتیی حیزبیش، بڵاو بێتەوە. لە بەرامبەردا بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدەکان بە شتێکی ئاسایی دەزانرا. دەکرێ بیرکردنەوە و عەقڵیەتی ئەو سەردەمی بڕیاربەدەستان بەم جۆرە بخوێنینەوە: شەهیدەکان پیرۆزن چونکە لە پێناوی حیزب و نەتەوەکەیاندا مردوون، بەڵام ئەوانەی زیندوون و ئێستا لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەیاندان، کێ دەڵێت هەتا سەرهەروا بە باشی دەمێننەوە؟ بۆچی بە ناوهێنان و وێنە بڵاوکردنەوەیان پیرۆز بکرێن؟!
بڵاوکراوەی ئۆرگان و بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن لە حیزب؟!
"ئۆرگان"ی حیزب، یانی زمانحاڵ و بڵاوکەرەوەی بیری حیزب؛ ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە کە بریتییە لە ناساندنی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب و داکۆکی لێکردنیان. هەر شتێک لە ڕۆژنامە یان بڵاوکراوەی ئۆرگانی حیزبێکدا بڵاو ببێتەوە، لەسەر ئەو حیزبە دەبێتە ماڵ و بە سیاسەت و هەڵوێستی ئەم حیزبە دەژمێردرێت. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە واتای ڕۆژنامەی ئۆرگان، بووە بە هۆی ئەوە نەک هەر بیروڕای جیاواز و، بە تایبەتی بابەتی ناتەبا لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب، ڕێگای بڵاوبوونەوە لە "کوردستان"یاندا نەبێت، بەڵکوو ئەگەر جارێک لە جارانیش، بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامە، نووسینێکی لەم چەشنەیان لەدەست دەرچووە و بڵاو بووەتەوە، لە ژمارەی دواتردا، ناچار بن- بۆ ئەوەی لای خوێنەران و لایەنە سیاسییەکان، بەهەڵە تێگەیشتن ڕوو نەدات- ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەم کەمتەرخەمییەی خۆیان بڵاو بکەنەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنەدا، بابەتی تەنز و ڕەخنەگرانەش کە ڕووی ڕەخنەکە و ئامانجی تەنزەکە خودی حیزبەکە و ئۆرگان و کەسایەتییەکانی بن، تەنانەت لە چوارچێوەیەکی تەسکیشدا مەجالی هەڵدان و بەردەوامییان پێنەدراوە. پاساودانی ئەم ڕێگرییە بەم جۆرە بووە کە بڵاوکراوەی ئۆرگان نابێ نوێنگە و نیشاندەری خاڵە لاوازەکانی حیزب بێت، لە حیزبەکەی خۆی لە هەڵلا بدات و بیانوو بداتە دەست دوژمنان و نەیارانی حیزب. دوای کۆنگرەی حەوتەم، لە چەند ژمارەیەکی "کوردستان"دا، هێندێک کورتە نووسینی ئەدەبیی ڕەخنەگرانە -کە نێوەرۆکەکەیان بۆ نموونە ڕەخنە لە بێ نەزمی و کەمتەرخەمی لەنێو پێشمەرگەدا بوو- بڵاو بوونەوە، بەڵام دواتر وشکاویان هات. چەند ساڵ دواتر، نووسەرەکەیان بۆی باس کردین کە لە کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسیدا، بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێوەندیدار بە پێشمەرگە، ناڕەزایەتیی لەم جۆرە نووسینە دەربڕیوە و بۆ ئیعتیباری حیزب و هێزی پێشمەرگە بە زیانباری زانیون، ئەویش ناچار وازی لەم جۆرە نووسینە و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەدا هێناوە.
فۆرم و نێوەرۆکی "کوردستان"، ملکەچی هەلومەرجی خەبات
ڕووداوە سیاسییەکان و جێگۆڕکێیە جۆگرافیاییەکانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، شەقڵی خۆیان لەسەر فۆرم و قەوارەی "کوردستان" بەجێ هێشتووە. هەرچی "کوردستان" لە شار و هەلومەرجی ئاسایی زیادتر دوور کەوتووەتەوە، فۆرم و قەوارەکەی بچووکتر و کەلوپەلی چاپ و بڵاوکردنەوەی سادەتر بووە. بەم هۆیەوە کە مەبەستی سەرەکی، گەیاندنی شتە هەر پێویستەکان لە دۆخێکی دژواردا بووە، لە نێوەرۆکیشدا "کوردستان" چار نا چار زیاتر سیاسی بووە و کەمترفریای شتی دیکە کەوتووە. ئەو بابەتانەی بڵاوی کردوونەوە، بە زۆری بەیاننامە و پەیامەکانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، وتاری پێوەندیدار بە ڕووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان، کورتە و هەڵبژاردەی چالاکی و قارەمانەتییەکانی پێشمەرگە و لەقاودانی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەڵکی کوردستان بووە.
فۆرمی بابەتەکانی ڕۆژنامە بە زۆری بەیاننامە، وتار و هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ بوون. هێندێک جاریش پەیام و وتووێژی رادیۆیی سکرتێری گشتیی حیزب بۆ "کوردستان" گوێزراوەتەوە. شێعر، نەک بە شێوەی هەمیشەیی، بەڵکوو بە ڕێکەوت و بەپێی هەبوونی جێگا و لاپەڕەی بەتاڵ، لە "کوردستان"دا ئاوڕی لێدراوەتەوە، ئەویش شێعری شاعیرانی ناسراو و جێکەوتوو نەک شێعری شاعیری تازە و کەم ناسراو. پەخشانی ئەدەب و کورتەچیرۆک یان بیرەوەریی ئەدەبییش- هەر کات لە دەستەی نووسەراندا، نووسەری ئەو بوارە هەبووبێت- لە ژمارەکانی ئەو کاتی "کوردستان"دا، بەرچاو دەکەون. لەسەر یەک شێعر و نووسینی ئەدەبی، بابەتێکی هەمیشەیی ڕۆژنامە نەبوون و لاپەڕەی تایبەتیان بۆ تەرخان نەکراوە. زمان و ڕاوێژی نووسین، فەرمی و جیددی بوون؛ نێوەرۆکی بابەتەکان پێوەندییەکی کەمیان بە نێوخۆی حیزب و ژیانی ڕۆژانەی تێکۆشەران و تاکەکانی نێو حیزب و بنەماڵەکانیانەوە هەبوو. زیاتر دەرەوەی حیزب، دەبووە سوژە و هەوێنی نووسین.
هەستکردن بە پێویستیی گۆڕان و بەرەژانی نوێبوونە
دەیەی٩٠ی زایینی، (حەفتای هەتاوی) دەکرێت بە دەیەی بەرەژانی نوێبوونەوەی "کوردستان" ناو بەرین. لەم دەیەدا کۆمەڵێک هۆکار دەستیان دابووە دەستی یەک بۆ ئەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان"یش لەم چەقبەستووییە بێتە دەر و بەرەبەرە لەگەڵ گۆڕانەکانی سەردەم خۆی بگونجێنێت. ئەم هۆکارانە بریتی بوون لە:
١-ویستی نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەکە. زۆربەی ئەو کەسانەی دەستەی نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەی "کوردستان"یان پێکدێنا، بۆ خۆیان خوێنەرێکی باشی چاپەمەنی بە زمانەکانی کوردی و فارسی بوون. ئێمە، چاپەنیی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکانیشمان دەدیت و دەخوێندەوە. بەشێک لەو بڵاوکراوانە لەگەڵ ئەوەی هی ڕێکخراوە چەپ و کۆمونیستییەکانیش بوون، بەڵام بابەتەکانیان بە ناوی نووسەرەکانیان بڵاو دەکردەوە و تەنانەت ڕێگایان بە بڵاوبوونەوەی ڕوانگەی جیاواز و دژ بە یەکتریش دەدا. خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە و ئاشنابوون لەگەڵ جیهانێکی فراوانتری نووسین و بڵاوکردنەوە، ئاسۆی ڕوانینی ئێمەی بۆ جۆری نووسین و باشتر کردنی ڕۆژنامەکەی خۆمان دەگۆڕی.
٢- جێگیربوون لە دەشتی کۆیە و دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی باشتری چاپ و بڵاوکردنەوە. هەر لە ساڵی یەکەمی نیشتەجێبوون لە دەشتی کۆیە ( هاوینی١٣٧٢ی هەتاوی/١٩٩٣ی زایینی)، دەفتەری سیاسی ڕەزامەندیی بۆ کڕینی چەند دەزگای کۆمپیوتێری ماکینتوش بۆ کۆمیسیۆنی چاپەمەنی دەربڕی و لە ژمارە ٢٠٧ەوە (ڕەشەمەی ١٣٧٢، مارسی ١٩٩٤) "کوردستان" بە کۆمپیوتێر تایپ و مۆنتاژ کرا. ماوەیەک دواتر، ڕێبەریی حیزب دەزگایەکی ئۆفسێتی دەستی چەندەمیشی لە بەغدا کڕی و لە قەڵای دێموکرات دایمەزراند. ئەم کەرەستە نوێیانە دەستی بەشی تەکنیکیی ڕۆژنامەیەیان بۆ بەکارهێنانی وێنە و ڕەنگی جیاواز لە ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکانی حیزبدا هەتا ڕادەیەکی باش ئاوەڵا دەکرد و دەبوونە هۆی ئەوە ڕوخساری "کوردستان" بە شێوەیەکی هەستپێکراو (بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو) بگۆڕێت.
٣- بەرەوژوورچوونی چاوەڕوانیی خوێنەرانی "کوردستان" لە ڕۆژنامەکەیان لە باری نێوەرۆکەوە. خوێنەرانی "کوردستان" بە زۆری کادرەکان، پێشمەرگەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، یان دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون. ئەوان بە دیتنی ئەو هەمووە چاپەمەنییە کوردی و فارسییە و ئەو جۆراوجۆرییەی لە باری فۆرم و نێوەرۆکەوە هەیانبوو، چاوەڕوان بوون "کوردستان"یش گۆڕانی بەسەردا بێت و ئەگەر نەشتوانێت پێشبڕکێیان لەگەڵ بکات، لانی کەم هێندێک نوێ ببێتەوە.
٤- لە نێوخۆی ئێرانیش بە دوای گەشەی بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازی، چاپەمەنییەکانی ئێران لە ڕووی گوتار و نێوەرۆکی ڕەخنەگرانە و ڕۆشنگەرانە، هەروەها لە باری جۆراوجۆرییەوە، گەشە و گۆڕانێکی زۆریان بەسەردا هاتبوو. بزووتنەوەی فەرهەنگی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکی خۆگرتن وپەلهاویشتن بوو. خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران قۆڵیان لە بەڕێخستنی بڵاوکراوە خوێندکارییەکانی خۆیان هەڵماڵیبوو. وێڕای ئەمانەش نەوەیەکی نوێی پەروەردەبوو لەم کەشوهەوا سیاسی و فەرهەنگییە تا ڕادەیەک نوێیەی ئێران و کوردستاندا ڕوویان کردبووە ڕیزە ئاشکراکانی حیزب، ژمارەیەک لەوانیش لە ڕاگەیەنەکانی حیزبدا ئەرکیان پێ سپێردرابوو. هەمووی ئەم ئاڵوگۆڕ و چاوەڕوانیانە، لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بووژانەوەیەکی فەرهەنگیی گشتگیر و لە ڕۆژنامەی "کوردستان"، پێکهێنانی گٶڕان لە فۆرم و نێوەرۆکیاندا دەویست.
٥- پەیدابوونی ئەنترنێت لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی کۆتایی ئەم دەیەدا. ئەم دەسکەوت و پێشکەوتنە لە بواری پێوەندییەکاندا، بەرەبەرە دەرەتانی بۆ ڕۆژنامەی "کوردستان" پێکهێنا کە هەم وەک سەرچاوەیەک بۆ وێنە و هەواڵ و بابەتی بە سوود، هەم بۆ زووتر گەیشتنی نوسخەی "کوردستان" بە دەرەوەی وڵات، سوودی لێوەربگرێت.
هەنگاوەکان و نموونەکانی نوێبوونەوە
دیاریکردنی ساڵ یان مانگ و ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ دەسپێکی قۆناغی گۆڕان و نوێبوونەوەی "کوردستان"، هاسان نییە، بەڵام دەکرێ کۆمەڵێک هەنگاو و ئاڵوگۆڕ لە دەیەی حەفتای هەتاوی (٩٠ی زایینی) و ساڵانی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا ئاماژە پێ بکەین کە ملدان بۆ گۆڕان و نوێبوونەوەی "کوردستان" دەسەلمێنن:
- ئاوڕدانەوە لە تێکۆشەرانی دێرینی حیزب و وەرگرتنی لێدوان لەوان لە بۆنەکانی وەک پەنجا ساڵەی دامەزرانی حیزب، یادی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و...هتد و بڵاوکردنەوەی وێنەیان.
- لە بۆنەی وەک بیرەوەریی دەرچوونی یەکەم ژمارەی "کوردستان" (هەم لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هەم لەم دەورەیەی هەتا ئێستاش بەردەوامە)، بە ڕێزەوە ئاوڕ لە نووسەران و هاوکارانی پێشووی ئەم ڕۆژنامەیە درایەوە. ئەوانەی لە ژیاندا مابوون، داوای نووسینیان لێکرا و لێدوانیان لێوەرگیرا یان وتووێژیان لەگەڵ کرا.
- نەک هەر وێنەی ئەو کەسایەتییانەی لە ڕۆژنامەدا بە ئەرێنی باسیان دەکرا، بەڵکوو وێنەی ئەو کەسانەش کە دەکەوتنە خانەی دوژمن و نەیاری حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردستان، لەگەڵ بابەتی پێوەندیداردا بڵاو (بۆ نموونە وێنەی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی) دەکرایەوە.
- ڕەزامەندی نیشاندانی دەفتەری سیاسیی حیزب لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ناوی ئەسلی یان خوازراوی نووسەری بابەت لە ڕۆژنامەدا.
- لاپەڕەکانی تایبەت بە ئەدەب و هونەر بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە "کوردستان" زیاد کران و بابەتگەلی ئەدەبی و هونەری بوون بە بەشێکی هەمیشەیی لە نێوەرۆکی ئەم ڕۆژنامەیە.
- "کوردستان" لە بڵاوکراوەیەکی مانگانەوە کرا بە دوو ژمارە لەهەر مانگێکدا، بۆ ماوەیەکیش سێ ژمارەی لەمانگێکدا بڵاو دەکرایەوە.
- لە توێی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی تێکۆشان لە دەرەوەی وڵات، ناوهێنانی نوێنەران و بەرپرسانی بەشی پێوەندییەکان،بەرە بەرە بووە بە شتێکی ئاسایی. بۆ یەکەم جار "کوردستان" بڵاوکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی حیزب لە دەرەوەی وڵاتی بەخۆوە دیت.
- بزووتنەوەی فەرهەنگی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام گرنگیی پێدرا. کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکانی نێوخۆی وڵات و چالاکییە فەرهەنگییەکان ئاوڕیان لێدرایەوە. "کوردستان" ناساندنی گۆڤار و بڵاوکراوە فەرهەنگییەکان و کتێبی تازە چاپکراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد بە ڕواڵێک.
- دوای وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات (٤) لە بەفرانباری ١٣٧٥، نووسەران و کادری فەننیی "کوردستان" ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی "ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر" تێکەڵ بە نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون. بە پێی زۆربوونی قەڵەمەکان و جۆراوجۆریی بەهرە و سەلیقەکان و هاوکات سەرهەڵدانی پرسە نوێیەکانی کوردستان و ناوچە، بوارەکانی نووسین و وەرگێڕان لە "کوردستان"دا فرەیی و دەوڵەمەندییان بە خۆیانەوە دیت.
- وەرگێڕان لە زمانی ئینگلیزییەوە، بە تایبەتی بە هەوڵ و زەحمەتی نەمر مامۆستا فەتاح کاویان بایەخی پێدرا و کەم ژمارەی "کوردستان" هەبوو، دەقێکی وەرگێڕدراو لە زمانی ئینگلیزیی تێدا نەبێت.
لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە سەرماوەزی ١٣٨٠ (ژمارە ٣٣١) گەورە کرایەوە و وێنەی ڕەنگی لە لاپەڕی یەکەم و دوالاپەرەدا گرنگیی پێ درا؛ هەروەها ستوون و گۆشەی تایبەت و جێگیر لە ڕۆژنامەدا برەویان پێدرا.
- نووسین و سوژەکانی ڕۆژنامە ئاوڕیان لە ژیانی ڕۆژانەی تێکۆشەرانی حیزب و بنەماڵەکانیان و خۆزگە و ئازارەکانیان دایەوە. سەرکەوتنی لاوان و منداڵانی ئەو بنەماڵانە لە بوارەکانی خوێندن و وەرزش و...هتد لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا ڕەنگیان دایەوە، هەروەها تیشک خرایە سەر تێکۆشان و چالاکیی دامەزراوە فەرهەنگی و سینفییەکانی حیزب.
- لە جۆزەردانی ١٣٨١ (ژوئەنی ٢٠٠٢) پاشکۆی "دنیای منداڵان" لەدایک بوو و لەو کات بە دواوە بە شێوەی مانگانە بڵاوکرایەوە.
- کۆمیسیۆنی چاپەمەنی و دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان"، بە شێوەی جۆراوجۆر بوون بە پشتیوان و هاوکاری ئۆرگان و بەشە پێوەندیدارەکان بۆ بەڕێخستنی بووژانەوەی فەرهەنگی لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، وەک بەڕێخستنی پێشبڕکییەکانی ڕۆژنامەنووسیی دیواری، پێشانگەی وێنە و چاپەمەنی، پێکهاتنی فستیڤاڵە هونەری و ئەدەبییەکان، پێشبڕکێی زانیاری، سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی گۆڤاری "لاوان"، لەدایکبوونی گۆڤاری 'ژنان" و...هتد.
- ڕۆژنامەی "ئاگری"، بە زاری کورمانجیی ژووروو و بە ئەلفوبێی لاتین، له یهكی نوامبری ٢٠٠٣ی زایینی (سهرماوهزی ١٣٨٢ی ههتاوی) لە داوێنی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا، لە دایک بوو. ئەمە یەکەم جار بوو نووسین و بڵاوکردنەوە بە زاری کرمانجیی ژووروو دەهاتە نێو کارنامەی چاپەمەنیی حیزب.
هەڵوێستی ڕێبەریی حیزب هەمبەر گۆڕان و نوێبوونەوە لە "کوردستان"دا
دەکرێ بڵێم زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕانە لە خوارەوە ڕا، واتە لە لایەن ڕاگەیاندنکارانی حیزب بە تایبەت نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە، ڕووبەڕووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کرانەوە. دەفتەری سیاسیی حیزب بۆخۆی بۆ زۆربەیان دەستپێشخەر نەبوو، بەڵام لە درێژەی پێداگرییەکان و دوای چەند جار کۆبوونەوەی بیروڕاگۆڕینەوە، ڕەزامەندیی لەگەڵ هێندێکیان دەردەبڕی و بە دابینکردنی پێویستییەکانیان، پشتیوانیی لێدەکردن.
ئەوەی بەداخەوە هەتا لەتبوونی حیزبی دێموکرات هەر جێبەجێ نەبوو، ڕێگاپێدانی بڵاوبوونەوەی بیروڕای جیاواز (جیاواز لە سیاسەتی ڕەسمیی حیزب) لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بوو. دوای لەتبوون "کوردستان"ی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بڕیاری دا لاپەڕی تایبەت بۆ بیروڕای جیاوازی سیاسی تەرخان بکا. بە شێوەیەکی گشتی و هەمیشەییش بواری بۆ بڵاوبوونەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لەم ڕۆژنامەیەدا خوڵقاند. هێندێک جاریش بۆ ئەوەی لای خوێنەر بە هەڵە تێگەیشتن ڕوو نەدات و سیاسەت و هەڵوێستی حیزب لە بۆچوونی شەخسی و تایبەتی کەسەکان جیا بکەنەوە، لەگەڵ ئەم نووسینانەدا وەبیری دەهێنایەوە کە وەک ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز ئەم جۆرە نووسینە بڵاو دەکرێتەوە و مەرج نییە "کوردستان" لەگەڵ بۆچوونەکانیان هاوڕا بێت.
دوا وتە:
پڕۆسەی گۆڕان و نوێبوونەوە لە "کوردستان"دا، بە خۆشییەوە لە دوای ئەو ساڵانەش، نەوەستاوە و هەر درێژەی هەبووە. ئەوە کە ئەمڕۆ ئەم ڕۆژنامەیە هەروا بەردەوامە و بە شانازییەوە یادی هەشتا ساڵەی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی خۆی دەکاتەوە، بەرهەمی خۆگونجاندنی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکان و گۆڕان و نوێبوونەوەی بەردەوام بە پاراستن و دەوڵەمەندکردنی ئەرک و بنەما و ئامانجە ڕەسەن و بەرزەکانیەتی.
لە یادی ٨٠ ساڵەی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی "کوردستان"ی زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە ئاست دامەزرێنەران و پێشەنگانی ئەم ڕۆژنامەیە، هەروەها لە ئاست هەموو ئەو مرۆڤە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرانەی لە ماوەی ئەم هەشت دەیەدا، ئەرک و بەرپرسایەتییان لەم رۆژنامەیەدا لەسەر شان بووە و خزمەتیان کردووە، بە تایبەتی ئەوانە وا کە شەهید بوون، یان مەرگی ئاسایی لە ئیمەی ستاندوون، سەری ڕێز داەنوێنم.
"کوردستان" هەر بەردەوام و مەشخەڵە ڕووناکیدەرەکەی هەروا گەشاوە بێت.
***
١- خۆسانسۆرکردنەکەم دوو هۆی هەیە، هەم دەمەوێ نووسینەکە لەمە درێژتر نەبێتەوە، هەم خۆ دەپارێزم لە ورووژاندنی باسێک کە لەوانەیە هێندێک کەس، لێکدانەوەیەکی تایبەت و ناڕاستی بۆ بکەن.
٢- لەکاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ئەرشیڤی ڕۆژنامەی "کوردستان"م لەبەردەست نەبوو، بۆیە نووسیومە "پێم وانییە"، ئەگەر دەستم بەو ئەرشیڤە ڕاگەیشتبا و ژمارەکانی پێشووم چاو لێکردباوە، لەوانەبوو بە دڵنیایی زیاترەوە، لەم بارەیەوە حوکم بدەم. مەبەستم لەو چەند حاڵەتە تایبەتەش زیاتر لەکاتی شەهید بوونی دوو سکرتێری گشتیی حیزبدایە کە ناوی چەند هاوڕێی بەرپرسی حیزبی بە هۆکاری پێوەندیدار بە ڕێوڕەسم و بەرنامەکانی پێوەندیدار بەو دوو ڕووداوە هاتووە.
٣- ئەم حوکمە "کوردستان"، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ) ناگرێتەوە. چونکە ئەو "کوردستان"ە چەند ساڵێک بوو وتار و بابەتەکانی خۆی (جگە لە بەیاننامە و ڕاگەیەندراوەکان)ی بە ناوی ئەسلی یان خوازراوی نووسەرەکانیان بڵاو دەکردەوە.
٤- ڕۆژنامەی "کوردستان"لە سێ جیابوونەوەی مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (جیابوونەوەی گرووپی حەوت کەسی لە جۆزەردانی ١٣٥٩، جیابوونەوەی "ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ" لە دوای کۆنگرەی هەشتەم و لەتبوونی حیزب لە سەرماوەزی ١٣٨٥، لەهەر دوو لا (حیزبە سەرەکییەکە و لایەنی جیابۆوە) هەر بە "کوردستان" بڵاو بووەتەوە. دیارە "کوردستان"ی گرووپی حەوت کەسی تەنیا چەند ژمارەی لێ بڵاو بۆوە و تەمەنێکی کەمی هەبوو، بەڵام دوو "کوردستان"ەکەی دیکە، هەتا یەکگرتنەوە درێژەیان کێشا.
٥- کوردستان" لە سەرەتادا بە شێوەی مانگانە گۆڤارێکی ڕەنگیی١٢ لاپەڕەیی بە ناوی "دنیای منداڵان" وەک پاشکۆی خۆی بۆ مندالان بڵاو دەکردەوە، دواتر "دنیای منداڵان" وەک گۆڤارێکی سەربەخۆ و بڵاوکراوەی ناوەندی منداڵپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، درێژەی بە ژیانی خۆی دا.
٦- "ئاگری" لە سەرەتادا بەشێوەی مانگانە بڵاو دەبۆوە، بەڵام دواتر بووە بە حەوتوونامە، هەتا ئێستا بەردەوامە و زیاتر لە ٥٠٠ ژمارەی دەرچووە.
٧- ئاوڕدانەوەی من لە هەوراز و نشێوەکانی چەند دەیەی رابردووی ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئەو بەشە لە مێژووی"کوردستان" ناگرێتەوە کە دوای لەتبوونی حیزبی دیموکرات، وەک ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، بڵاو دەبۆوە. چونکە لە نێویدا نەبووم و زانیاریی پێویستم لەسەر ئالوگۆری پێکهاتوو لە ڕێوشوێنەکانی بڵاوبوونەوە و ئامادەکردنیدا نەبوو.