کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدیل‌سازیی میدیا و ڕاپەڕینی بێ سەرکردە: خەباتی ڕاستەقینە لە بزووتنەوەی ئێستای ئێراندا

17:19 - 19 بەفرانبار 2725

کامران ئەمین ئاوە

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دەیان شاری ئێران، بەشێک لە میدیای ڕاستڕەوی پاشایەتیخواز و تەلەفزیۆنەکانی وەک 'ئێران ئینتەرناشناڵ' جارێکی دیکە بۆ شێواندنی ڕەوتی واقیعیی خەباتی خەڵک هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە. ئەم دەزگا میدیاییانە بە گەورەکردنەوەی هەندێک دروشم و وێنە، بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییەکان کە لە تووڕەیی کەڵەکەبووی زیاتر لە چوار دەیەی سەرکوت و هەژاری و هەڵاواردن و ستەمکاریی ئایینی سەرچاوەیان گرتووە، لە پڕۆژەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی "پەهلەوی"دا بەرتەسک و بچووک بکەنەوە؛ وەک ئەوەی خەڵکی ئێران هاتبێتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی فەرشی سوور بۆ شازادە ڕابخات و پێشوازی لە ڕزگارکەرێکی خەیاڵی بکات.

بێ گومان ڕەوتی پاشایەتیخواز، وەک هەر ڕەوتێکی سیاسی دیکە، ڕێژەیەکی سنووردار لایەنگریان لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە. بەڵام بانگەشەی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەیەک کە بە خوێنی لاوان، ژنان و چینی خوارەوەی کۆمەڵگە گەشەی کردووە، لە ڕاستیدا لە شێواندنێکی بە ئاشکرا و دەستبەسەرداگرتنی خەباتی خەڵک زیاتر، ناکرێ ناوێکی دیکەی لەسەر دابنرێت. خەڵکی ئێران نەک بە فەرمانی "ڕێبەرێکی خوسەپێن" و نە بە هیوای بەرهەمهێنانەوەی یەکێک لە کۆنەپەرستانەترین شێوەکانی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکوو دژی تەواوی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و هەموو جۆرەکانی ستەمکاری - چ ئایینی و چ میراتی - ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

لە فەزای مەجازیدا ئەو هێزانەی کە لە سەرچاوەی دارایی گەورە و ئامێری میدیایی پیشەیی بەهرەمەندن، بە ئەنقەست بەدیلێکی ساختە و درۆیین بۆ پەهلەوی دروست دەکەن. ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەی ئێران نییە، بەڵکوو هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لادان و دواجار بێلایەنکردنی بزووتنەوەیەک کە سروشتێکی ڕادیکاڵ و دادپەروەرانە و دژە دەسەڵاتخوازانەی هەیە. ڕاستییە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە: بزووتنەوەی ئێستای ئێران، بزووتنەوەیەکی خۆکرد و جەماوەری و بێ سەرکردەیە کە لە خوارەوە و لە دڵی کۆمەڵگەوە سەری هەڵداوە و شەرعیەتی خۆی نەک لە کەسایەتییەکانەوە، بەڵکوو لە شەقامەکان وەردەگرێت.

بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە نەبوونی سەرکردایەتی ڕێکخراو و شکڵگرتوو یەکێکە لە لاوازییە جیدییەکانی ئەم بزووتنەوەیە؛ لاوازییەک کە ئەگەر پڕ نەکرێتەوە، دەتوانێت مەیدان بۆ پڕۆژەی ڕاستڕەو و دژە شۆڕش بکاتەوە. ئەزموونی کوردستان و ڕۆڵی مێژوویی حیزبەکانی لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و داوای مانگرتن و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەری خەڵک نموونەیەکی ڕوونی دەسەڵاتی ڕێکخستنی سیاسییە. مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤، دوابەدوای بانگەوازێکی هاوبەشی حەوت حیزبی کوردستانی، نیشانی دا کە چۆن ڕێکخستن دەتوانێت ناڕەزایەتییەکی پەرشوبڵاو بگۆڕێت بۆ هێزێکی کاریگەر و ئیفلیجکەر. ئەمڕۆ و لەم کاتە مێژووییەدا، پێویستی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە هێزە چەپ، پێشکەوتنخوازی نەتەوەیی و سەرتاسەرییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک هەست پێدەکرێت. بەرەیەکی لەو شێوەیە نەک هەر لە پێشەنگایەتیکردنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە دیاریکردنی تێڕوانینی داهاتووی دوای ڕووخانی ئەم نیزامەش دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت. پەرشوبڵاوبوونەوەی هێزە چەپەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییە لاوازکەرەکان لە دوای شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ وە، تێچووی زۆری بەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی ئێراندا سەپاندووە؛ ئەو تێچووانەی کە دووبارەبوونەوەی ئەوان ئیتر ڕەوا نییە.

بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە داڕشتنی پلاتفۆرمێکی ئاڵۆز، نوخبەگەرانە و ئەبستراکت پێویست ناکات. خودی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پوخت و چڕترین دەربڕینی داخوازییە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە. کۆبوونەوە لە دەوری ئەم دروشمە و خەباتکردن بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی سکولار و ناناوەندی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەتوانێت بناغەکانی گواستنەوە بۆ دەسەڵاتێکی فرەچەشن و دیموکراتیک دابین بکات.

لە بەرامبەر بەرەیەکی یەکگرتووی ڕاستی پاشایەتیخواز و ئایینی کە هەردووکیان هەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فۆرمەکانی هەژموونی کۆن دەدەن، تاکە ڕێگای بەرەوپێشچوون، پێکهێنانی بەرەیەکی گشتگیر لە هێزە چەپ و دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکانە. کاتی ئەوە هاتووە دەمارگرژی و خۆویستی و پێشداوەرییە سیاسییەکان وەلا بنێین و هەنگاوی کردەیی و بوێرانە بەرەو ڕێکخستن و یەکخستن و سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵی بزووتنەوەکە بنێین. داهاتووی ئێران لە گرەوی گەڕانەوە بۆ ڕابردوودا نییە، بەڵکوو لە گرەوی پێشڕەوییەکی ڕادیکاڵ بەرەو ئازادی و یەکسانیدایە.