کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: پچڕاندنی ئینتێرنێت هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی کوشتاری خۆپیشاندەران لە ئێران

19:36 - 20 بەفرانبار 2725

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە پچڕاندنی سەرتاسەریی ئینتێرنێت لە ئێران، کارێکی ئەنقەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا.

بە گوتەی ڕێبێکا وایت، توێژەری بەشی تەناهیی دیجیتاڵی  لێبوردنی نێودەوڵەتی، بێبەشکردنی خەڵک لە ئینتێرنێت نەک هەر ڕێگری لە دەستڕەسی بۆ زانیاری و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەکات، بەڵکو خۆی پێشێلکارییەکی توندی مافی مرۆڤە و ڕێگری لە بەڵگەمەندکردنی کوشتارە نایاساییەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکات.

لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژەدان بە ئەزموونی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ و ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا، جەختی کردەوە کە پچڕاندنی ئینتێرنێت هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی سەرکوتکەران لە سزادان.

ئەم ڕێکخراوە مافپەروەرە وێڕای هۆشداریدان لە زیادبوونی قوربانییە مرۆییەکان، داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێی ئینتێرنێت و هەڵوێستی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی سەرکوت و ڕشتنی خوێنی زیاتر.