
ئاگری باڵەکی
جوگرافیایەک لە "نا"ی بەردەوام
مێژووی سیاسیی ئێران لەنیو سەدەی ڕابردوودا، گەواهی ئەوە دەدات کە کوردستان تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکوو "مەغزێکی سیاسی" و قوتابخانەیەکی ئازادیخوازییە. لە کاتێکدا زۆرێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی تاران لە ساڵی ١٩٧٩دا لە نێوان چەپڕەوی و ئیسلامیزمدا سەرگەردان بوون، کورد تاک نەتەوە بوو بە وشیاریی پێشوەختە مەترسییەکانی "ویلایەتی فەقێهـ"ی ناسی. بایکۆتی ڕێفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ و گوتنی "نا" بە کۆماری ئیسلامی، بەردی بناغەی خەباتێکی ٤٧ ساڵە بوو کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بۆ کورد، پرسی سەرەکی تەنیا ڕووخانی ڕێژیمێک نیە، بەڵکوو گۆڕینی ئەو پارادایمە ستەمکارەیە کە جارێک بە "تاجی پاشایەتی" و جارێک بە "مەندیلی مەزهەبی" دەیەوێت ناسنامەی نەتەوەکان بسڕێتەوە. کورد لەم مێژووەوە فێربووە کە ڕووخساری دەسەڵاتدارەکان هەرچییەک بێت، ئەگەر عەقڵیەتی ناوەندگەرایی نەگۆڕدرێت، جەوهەری ستەم وەک خۆی دەمێنێتەوە.
مێژووی خەبات: لە ڕەتکردنەوەی ١٩٧٩وە تا بزووتنەوەی ژینا
خەباتی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەوە دەستی پێ کرد. کاتێک خومەینی فەرمانی "جیهاد"ی دژی کوردستان دەرکرد، کوردەکان نەک تەنیا لە سەنگەری بەرگریی چەکداریدا، بەڵکوو لە پێگەی سیاسییەوە داوای دێموکراسی بۆ ئێران و فیدڕاڵیزمیان بۆ کوردستان دەکرد. ئەم قۆناغە مێژووییە پێمان دەڵێت کە کورد هەر لە سەرەتاوە خاوەنی پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون بووە. ئەم خەباتە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هیچ کاتێک نەوەستاوە. کۆماری ئیسلامی لە زۆرێک لە بەڵگەنامە ئەمنییەکان و دانپێدانانی بەرپرسە باڵاکانیدا، هەمیشە ئاماژەی بەوە کردوە کە "کوردەکان تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی سازماندراون". ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد خاوەنی "تەشکیلات" و ڕێکخستنی جەماوەرییە، شتێک کە زۆرێک لە ڕەوتە ناوەندگەراکان لە دەرەوەی وڵات تەنیا خەونی پێوە دەبینن. توانای کورد لە پەکخستنی ژیانی گشتی لە ڕێگەی مانگرتنە گشتییەکانەوە، گەورەترین چەکی سیاسی بووە کە ڕێژیمی تووشی شۆک کردوە. لە کاتێکدا تاران لە خەونی چاکسازی و بزووتنەوەی سەوزدا بوو، کوردستان هەر لە سەنگەری "ڕەتکردنەوەی ڕەها"دا مابووەوە و باجی ئەم جێگیربوونی هەڵوێستەشی بە سێدارە و زیندانی و تیرۆر داوە.
ئامارەکان: تێچووی داینەمۆبوونی شۆڕش
لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، کوردستان نەک هەر شوێنی دەسپێک بوو، بەڵکوو داینەمۆی بەردەوامیی شۆڕشەکە بوو. باجێک کە کورد لەم پێناوەدا دای، لە ئامارەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت:
- خوێنی ڕژاو: لە کۆی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان، پارێزگاکانی کوردستان و بەلووچستان زۆرترین ڕێژەیان هەبوو. تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا زیاتر لە ١٢٠ کەس لە شارە کوردییەکان بە فیشەکی ڕاستەوخۆ شەهید کران.
- زیندانیانی سیاسی: ڕێژەی دەستبەسەرکراوانی کورد کە تێپەڕی لە ٧٠٠٠ کەس کرد، نیشانی دا کە ڕێژیم چەندە لە "سازماندەهی" کورد دەترسێت.
- مانگرتنی یەکدەست: کوردستان توانی ١٠ مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە ببات. ئەم مانگرتنانە بە داواکاری ڕاستەوخۆی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوو، کە ئەوەش یەکدەنگیی نێوان گەل و لایەنە سیاسییەکانی سەلماند.
ئەم ئامارانە تەنیا ژمارە نین، بەڵکوو گوزارشت لە قورسایی قوربانیدانی نەتەوەیەک دەکەن کە لەپێناو ئازادیی هەموو گەلانی ئێراندا سینگی دایە بەر فیشەک، بەڵام لە بەرانبەردا لە لایەن مێدیای ناوەندگەراوە وەک "پەراوێز" مامەڵەی لەگەڵ کرا.
تەپۆڵکەسازیی مێدیایی: شەڕی تەکنەلۆژیا دژی ڕاستی
لە کاتێکدا کورد لەسەر زەوی و لەنێو شەقامەکاندا قوربانیی دەدا، لە دەرەوەی وڵات شەڕێکی مێدیایی دژی ئەم نەتەوەیە دەستی پێکرد. مێدیا سەتەلایتەکان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و سپۆنسەری دارایی گەورە، هەوڵیان دا لە کەسایەتیگەلێکی وەک کوڕی شای پێشوو، "شاخێکی دەستکرد" دروست بکەن.
ئەمە پڕۆسەی "حەزفی مێدیایی" بوو. ئەو مێدیایانە وێنەی کەسایەتییەکیان گەورە دەکردەوە کە تەنانەت نەیدەتوانی ١٠٠ کەس لە تاران بهێنێتە سەر شەقام، بەڵام دەنگی حیزبە کوردییەکانیان کپ دەکرد کە شارەکانیان پەکخستبوو.
ئەم "تەپۆڵکەسازییە" وای کرد کە کورد و نەتەوەکانی دیکە وەک "سەربازی سەر شەقام" ببینرێن و کاتێک دەهاتە سەر بڕیاردانی سیاسی، ڕەهایان بکەن. ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ساردبوونەوەی کورد لە ئیدامەی ناڕەزایەتییەکان. کورد بینی کە مێدیاکان دەیانەوێت خوێنەکەی بکەنە ڕیکلام بۆ کەسانێک کە نەک تەنیا نوێنەرایەتی ناکەن، بەڵکوو لە ئێستاوە هەڕەشەی حەزفکردنی لێ دەکەن.
بەراوردکاری: یەک گوتار لەژێر دوو ناودا (تەجزیە - جوداییخوازی)
دەسەڵاتی "ویلایەتی فەقێهـ" و "ناسیۆنالیزمی پاشایەتی" کاتێک دێتە سەر پرسی نەتەوەیی بۆ کورد، هیچ جیاوازییەک لە نێواندا نییە. هەردوو ڕەوتەکە یەک زمان و یەک چەک بەکاردەهێنن:
لە ڕوانگەی مەندیلەوە: هەر داواکارییەکی کورد بە "تەجزیەخوازی" و "هاوکاری لەگەڵ بێگانە" و "دژایەتی خودا" ناوزەد دەکرێت. کۆماری ئیسلامی ئەم چەمکانە بۆ شەرعییەت دان بە سەرکوت و سێدارە بەکاردێنێت.
لە ڕوانگەی تاجیشەوە: نیزامی پاشایەتی بە ناوی "پاراستنی یەکپارچەیی خاک"، هەر باسێکی فیدڕاڵیزم و مافی نەتەوەیی بە "خەیانەت" و "جوداییخوازی" دەزانن. ئەوان وشەی "تەجزیە"یان کردووەتە چەکێک بۆ ترساندنی شەقامی ئێرانی لە نەتەوەکان. ئەم بەراوردکارییە نیشان دەدات کە ئەگەر "تاج" بگەڕێتەوە، هەمان سیاسەتی سڕینەوە و حەزفکردن بەردەوام دەبێت. کورد تێگەیشت کە گۆڕینی تاج بە عەمامە، تەنیا گۆڕینی ڕەنگی جلی زیندانەوانەکانە، نەک شکاندنی دیوارەکانی زیندان. مێتۆدی حەزفکردنی مێدیایی کە پاشایەتییەکان پەیڕەوی دەکەن، ڕێک هەمان مێتۆدی کۆماری ئیسلامییە بۆ بێدەنگکردنی ئەویتر.
مەترسیی حەزفی فیزیکی لە سێبەری حەزفی مێدیاییدا
ئەو عەقڵییەتەی کە ئەمڕۆ لە مێدیاکاندا ڕێگری لە دەنگی کورد دەکات، بەیانی کە دەسەڵاتی گرتە دەست، پەنا بۆ "حەزفی فیزیکی" دەبات. کوڕی شای پێشوو بە وەلانانی هەموو جەریانە ڕەسەنەکان و بەکارهێنانی هەمان مێتۆدی "تەکفیری سیاسی"ی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەیەکی ڕوونی دا بە کورد کە داهاتوویەکی دێموکراسی لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا مەحاڵە. کاتێک ئۆپۆزیسیۆنێکی دەرەوەی وڵات لە ئێستاوە ڕێز لە حیزبە مێژووییەکانی کوردستان ناگرێت، چۆن دەتوانرێت متمانەی پێ بکرێت کە لە داهاتوودا پەنا بۆ چەک و سەرکوت نابات؟ ئەمە خاڵی جەوهەریی ساردبوونەوەی گەرموگوڕیی کورد بوو؛ پاشەکشەیەکی ژیرانە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان لە تەڵەیەکی نوێ.
یەکگرتوویی بێ یەکسانی؛ دروشمێکی بێ نێوەڕۆک
دواجار دەبێت جەخت لەسەر ڕاستییەکی جەوهەری بکرێتەوە: یەکگرتوویی بەبێ یەکسانی، تەنیا تەڵەیەکە بۆ نەتەوە چەوساوەکان. دروشمە بریقەدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا دەربارەی "اتحاد" (یەکگرتوویی)، تەنیا ئامرازێکن بۆ شەرعییەت دان بە ستەمکاریی نوێ. یەکگرتووییەک کە تێیدا کورد و بەلووچ و تورک ناچار بن ناسنامەی خۆیان بشارنەوە، یەکگرتوویی نیە، بەڵکوو کۆیلایەتییەکی مۆدێڕنە. یەکسانی واتە دانپێدانان بەوەی کە ئێران موڵکی هەمووانە و کوردستان مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. تا ئەو کاتەی ناوەند دان بە مافی نەتەوەکاندا نەنێت، و تا ئەو کاتەی کورد وەک شەریکی سیاسی نەبینرێت نەک وەک ئامرازی سەر شەقام، هیچ یەکگرتووییەک بوونی نابێت. کوردستان ٤٧ ساڵە لە خەباتدایە و باجی داوە. گۆڕینی "تاج" بە "عەمامە" کێشەی نەتەوەی کورد چارەسەر ناکات. کورد بۆ سیستەمێک خەبات دەکات کە تێیدا هیچ کەس و نەتەوەیەک بەهۆی زمان و ناسنامەیەوە حەزف نەکرێت. تا ئەوکاتە، کوردستان وەک قەڵایەکی خۆڕاگر دەمێنێتەوە و چیتر نابێتە سووتەمەنی بۆ پڕۆژەیەک کە مۆری "ناوەندگەرایی و ستەمکاری" لێدراوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کورد تەنیا کاتێک دێتە مەیدان کە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئازادی و یەکسانی هەبێت، نەک بۆ گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە دیکتاتۆرێکی دیکە.