ڕۆژنامەی «ها ئارێتس»ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل بەهۆی پێشبینییەکان بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاستی ئامادەباشیی خۆیان گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەرچەندە هێشتا نیشانەیەکی ڕوون لەسەر بڕیاری کۆتایی واشینگتن لە ئارادا نییە، بەڵام بەرپرسانی تەناهیی ئیسرائیل ئەگەری هێرشەکە بە جیدی وەردەگرن و خەریکی ئامادەکردنی هێزە چەکدارەکان و بەرەی نێوخۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی جیاواز. سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە هێشتا ئاستی ناڕوونی و دڵنیانەبوون لە دۆخەکە بەرزە.
بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێشبینیکراو نین؛ بۆیە تەنانەت ئەگەر بڕیاری هێرشەکەش درابێت، ڕەنگە لە دواساتدا بگۆڕدرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا ئەگەری هەیە تاران بۆ تۆڵەکردنەوە ئیسرائیل بکاتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی. بەڵام هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تاران تەنیا لە کاتێکدا پەلاماری ئیسرائیل دەدات کە هێرشەکەی ئەمریکا درێژخایەن بێت، یان تاران هەست بکات مەترسیی جیدی لەسەر مانەوەی دەسەڵاتەکەی دروست بووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر کردووە و ناوەندە فریاگوزارییەکانیش بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی مووشەکی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هاوکات ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان پەرە بسێنن، ڕەنگە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بەتایبەت حوسییەکانی یەمەن، ڕۆڵێکی زیاتر ببینن.