کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین دەرفەتی ڕۆژاوا؛ چۆن پەرگالێکی نوێی جیهانیی دروست بکەین، بەر لەوەی زۆر درەنگ بێت (٣-١)

09:48 - 2 رێبەندان 2725

فارین ئەفەیرز – ئالێکساندەر ستوب

و: لە ئینگلیزییەوە کەماڵ حەسەن‌پوور

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دنیا زیاتر لە ٣٠  ساڵی پێش ئەو ماوەیە گۆڕاوە. هەواڵدەرییەکان بە لێشاو هەواڵی شەڕ و کارەسات بڵاو دەکەنەوە. ڕوسیە ئوکراین بۆمباران دەکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی تەقینەوەیە و، چەندین شەڕ لە ئەفریقا لە ئارادان. لەگەڵ چوونە سەری ڕێژەی کێشەکان، ، وێدەچێت دێموکراسییەکان بەرەو نەمان بچن. سەردەمی پاش جەنگی سارد کۆتایی هاتووە. سەرەڕای هیواکانی دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، جیهان لە پێشوازیی لە دێموکراسی و سەرمایەداریی بازاڕ یەکتری نەگرت. لە ڕاستیدا، ئەو هێزانەی قەرار بوو دنیا لێک نێزیک بکەنەوە، بازرگانی، وزە، تەکنەلۆژی و زانیاریی، ئێستاکە خەریکی پارچە پارچە کردنین.

ئێمە لە دنیایەکی نوێی پشێویدا دەژین. پەرگالی لیبڕاڵ، پشت‌ئەستوور بە یاسا کە دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووهەم سەری هەڵدا ئێستا خەریکە بمرێت. هاوکاریی فرەلایەنە جێگەی بۆ کێبڕکێی فرەجەمسەر چۆل کردووە. وێدەچێ ئاڵووێرە هەلپەرستانەکان لە بەرگریی لە یاسا ناودەوڵەتییەکان گرینگتر بن. لەگەڵ دیاریکرانی چوارچێوەی جوغڕافیای سیاسی بە ڕکابەریی نێوان چین و وڵاتە یەکگرتووەکان، کێبڕکێی زلهێزەکان گەڕاوەتەوە. بەڵام ئەوە تەنیا هێز نییە کە پەرگالی جیهانیی دادەڕێژێت. هێزە مامناوەندەکانی کە خەریکی سەرهەڵدانن، لە نێویاندا برازیل، هیندوستان، مێکزیک، نیجریە، عەڕەبستانی سعودی، ئەفریقای باشوور و تورکیە، کاریگەریی یەکلاکەرەوەیان لەو ئاڵوگۆڕەدا دەبێت. ئەوان بەیەکەوە ئامرازی ئابووری و هێزی جوغڕافیای سیاسی ئەوتۆیان هەیە کە پەرگالی جیهانیی بەرەو سەقامگیریی یان گێژاوی مەزنتر بەرن. ئەوان هەروەها هۆی داوا کردنی ئاڵوگۆڕیان هەیە: سیستەمی فرەلایەنی پاش جەنگی جیهانیی دووهەم وەها دانەڕێژرا تا بە شێوەی شیاو ڕەنگدانەوەی پلەی ئەوان لە دنیادا بێت و دەوری ئەوتۆیان پێ بسپێرێت کە شایانی بوون. کێبڕکێیەکی سێ گۆشە کە من بە جیهانی ڕۆژاوا، جیهانی ڕۆژهەڵات و جیهانی باشوور ناوی دەبەم خەریکی سەرهەڵدانە. لەگەڵ هەڵبژاردنی بەهێز کردنی سیستەمی فرەلایەن یان سیستەمی فرە جەمسەر، جیهانی باشوور بڕیاردەر دەبێت ئاخۆ جوغڕافیای سیاسیی سەردەمی داهاتوو بەرەو هاوکاریی، پارچە پارچە بوون یان زاڵبووندا بشکێتەوە.

وێدەچێ پێنج یان دە ساڵی داهاتوو دیاریکەری پەرگالی دنیا بۆ دەیەکانی دواتر بێت. کاتێک پەرگالێک جێگیر دەبێت، وێدەچێ بۆ ماوەیەک خۆ بگرێت. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، پەرگالی نوێ دوو دەیە خۆی گرت. پەرگالی دواتر، پاش جەنگی جیهانیی دووهەم، چوار دەیە خۆی گرت. ئێستا، ٣٠ ساڵ دوای کۆتایی جەنگی سارد، دیسان خەریکە شتێکی نوێ سەر هەڵدەدات. ئەوە دوایین دەرفەت بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایە تا باقی دنیا بەو قەناعەتە بگەیەنن کە ئەوان توانایی گفتوگۆ لە جیات خۆدوان، یەک نەوایی لەجیات دووڕوویی و، هاوکاریی لەجیات زاڵبوونیان هەیە. بێتوو وڵاتان لەجیات هاوکاریی کێبڕکێ هەڵبژێرن، تەنانەت دنیایەکی خاوەن کێشەی مەزنتر چاوەڕوانمانە.

هەموو وڵاتێک خاوەن بڕیارە، تەنانەت وڵاتی بچووکی وەک هی من، فینلەند. شاکلیلەکە گەیاندنی دەستڕۆیشتوویی بۆ ئەوپەڕیەتی و، زەخت هێنان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان بەو ئامرازانەیە کە لەبەر دەستدان. بۆ من، ئەوە بە مانای ئەوەیە هەرچی لە دەستم بێت دەیکەم بۆ پاراستنی پەرگالی لیبڕاڵی جیهان، هەر چەندە ئەو سیستەمە لە ئێستادا هێندە مۆد نەبێت. دامەزراوە ناودەوڵەتییەکان و نۆرمەکان چوارچێوەی هاوکاریی جیهانیی دەستەبەر دەکەن. پێویستە ئەوان بەڕۆژ بکرێنەوە و چاکسازییان تێدا بکرێت تا باشتر وەڵامدەری هێزی ئابووری و سیاسیی پەرەئەستێنی جیهانی باشوور و جیهانی ڕۆژهەڵات بن. ڕیبەرانی ڕۆژاوا زۆر دەمێکە باسی تەنگەتاویی چاک کردنی دامەزراوە فرەلایەنەکان وەک نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە. ئێستا، دەبێ ئێمە ئەو کارە بکەین، بە هاوسەنگ کردنەوەی هێز لەناو نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکە ناودەوڵەتییەکانی دیکە وەک ڕێکخراوی بازرگانیی جیهان، فاندی دراوی ناودەوڵەتی و، بانکی جیهانی. بە بێ ئەو ئاڵوگۆڕانە، ئەو سیستەمە فرەلایەنەی کە هەیە، هەرەس دەهێنێت. سیستەمەکە بێخەوش نییە؛ ئەو کەمایەسی خۆڕسکی هەن و قەت ڕەنگدانەوەی دنیای دەوروبەری نییە. بەڵام جێگرەوەکەی گەلێک خراپترە: خولگەی جیا جیای دەسەڵات، ئاژاوە و پشێوی.

 

مێژوو کۆتایی نەهات  

من ساڵی ١٩٨٩ لە زانستگەی فرمەن لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەستم کرد بە خوێندنی زانستی سیاسی و پەیوەندییە ناونەتەوەییەکان. پاییزی ئەو ساڵی دیواری بەرلین ڕووخا. ماوەیەکی کورت دواتر، ئاڵمان یەکی گرتەوە، ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئورووپا لە ژێر کۆت و بەندی کۆمۆنیزم ڕزگاریان بوو و، ئەو دنیایەی سەردەمێک دوو جەمسەر بوو، بە کێبڕکێی نێوان یەکێتیی سۆڤیەتی کۆمۆنیست و دیکتاتۆڕ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی سەرمایەدار و دێموکراتیک، بوو بە دنیایەکی یەک جەمسەر. ئەوسا وڵاتە یەکگرتووەکان بوو بە زلهێزی بێ ڕکابەر. پەرگالی لیبڕاڵی ناودەوڵەتی بردبوویەوە. ئەوکاتی من لە خۆشییان شاگەشکە بووم. من و زۆر کەسی دیکەش ئەو کاتی پێمان وابوو لە سەرەتای دەستپێکی سەردەمێکی گەشاوەتر داین. زانستوانی سیاسی فرانسیس فوکویاما ئەو چرکەساتەی بە "کۆتایی مێژوو" ناو برد و، من تەنیا کەس نەبووم کە پێی وابوو سەرکەوتنی لیبڕالیزم گومانی تێدا نییە. زۆربەی دەوڵەت-نەتەوەکان بەردەوام بەرەو دێموڕاسی، سەرمایەداریی بازاڕ و ئازادیی وەردەسووڕان. بەجیهانیبوون دەبووە هۆی وابەستەیی ئابووری بە یەکترەوە. پارچە پارچە بوونی پێشوو قەرار بوو نەمێنێت و دنیا یەک بگرێت. تەنانەت لە کۆتایی دەیەدا، کاتێک بەڵگەنامەی دوکتۆرام لە هاوپەیوەستبوونی ئورووپا لە خوێندنگەی ئابووری لەندەن وەرگرت، ئەو داهاتوویە وێدەچوو فرە نێزیک بێت.

بەڵام ئەو داهاتوویە قەت ڕووی نەدا. دەرکەوت کە سەردەمی تاکجەمسەریی کورتماوەیە. دوای هێرشی تێرۆریستیی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ڕۆژاوا پشتی لەو بایەخە بنەڕەتییانە کرد کە ئیدیعای دەکرد پشتگیرییان دەکات. ئەرکدارییەکەی بەرانبەر بە یاسای ناودەوڵەتی هاتە ژێر پرسیار. دەستێوەردانەکان بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان و عێراق شکستیان هێنا. داڕمانی دارایی جیهانی لە ٢٠٠٨ زەرەرێکی مەزنی لە ناوبانگی مودێلی ئابووری ڕۆژاوا، کە لەسەر بازاڕەکانی جیهانیی دامەزرابوو، گەیاند. وڵاتە یەکگرتووەکان چیدیکە بە تەنیا بڕیاردەری سیاسەتی جیهانی نەبوو. چین، بە بەرهەمهێنان، هەنرادەکردن و گەشەی ئابووری فرە بەرز، وەک زلهێزێک سەری هەڵدا و ڕکابەرییەکەی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان لەو کاتییەوە بەسەر جوگڕافیای سیاسیدا زاڵە. لە دە ساڵی دواییشدا دامەزراوە فرە لایەنەکان لە پەلوپۆ کەوتوون، گومانداریی و بەریەککەوتن لە پەیوەندیی لەگەڵ بازرگانیی ئازاد پەرەی ئەستاندووە و، کێبڕکی لەسەر تەکنەلۆژی چڕتر بووەتەوە.

جەنگی هەمەلایەنەی دەستدرێژیکارانەی ڕوسیە دژی ئوکراین لە فێبریوەری ٢٠٢٢، زەربەیەکی خوێناویی دیکە لە پەرگالە کۆنەکە بوو. ئەوە یەکێک لە ئاشکراترین پێشێلکارییەکانی سیستەمی پشت ئەستوور بە ڕێساکان دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووهەم و بێگومان خراپترینیان بوو کە ئورووپا دیتبووی. ئەو ڕاستییە کە تاوانبارەکە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی دامەزرابوو، زۆرتر شایانی ئیدانە کردن بوو. ئەو دەوڵەتانەی کە قەرار بوو سیستەمەکە بپارێزن، بوونە هۆی تێکڕمانی.

 

فرەلایەنی یان فرەجەمسەری

بەڵام، پەرگالی ناودەوڵەتی لەنێو نەچووە. لەنێو داروپەردووەکەیەوە، لە فرە لایەنییەوە بەرەو فرە جەمسەرییەوە دەچێت. فرە لایەنیی سیستەمێکی هاوکاریی جیهانییە کە لەسەر دامەزراوە ناودەوڵەتییەکان و ڕێسای هاوبەش دامەزراوە. پرینسیپە سەرەکییەکانی سەرجەم وڵاتان بە شێوەی یەکسان دەگرێتەوە، بێ لەبەر چاو گرتنی قەبارەیان. بە پێچەوانە، فرە جەمسەری، دەسەڵاتێکی فرە جەمسەرە. پێکهاتەی دنیایەکی فرە جەمسەر لەسەر چەند جەمسەر دامەزارە کە زۆر جار دەگەڵ یەکتر خەریکی کێبڕکێن. مامەڵە و سازانەکانی نێوان ژمارەیەکی کەم یاریکەری پێکهاتەیەکی ئەوتۆ، بەردەوام ڕێسا و دامەزراوە گشتییەکان لاواز دەکەن. فرە جەمسەری دەتوانێت ببێتە هۆی ڕەفتاری تایبەت یان هەلپەرستانە و ڕیزێک هاوپەیمانیی کاتی کە لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتان لە چرکەساتی دروستبوونی هاوپەیمانییەکاندا. دنیایەکی فرەجەمسەر مەترسی ئەوەی هەیە کە وڵاتە بچووک و مامناوەندەکان بەجێ بمێنن و زلهێزەکان بە بێ بەشداریی ئەوان لەگەڵ یەکتر بسازێن. لە کاتێکدا فرەلایەنی دەبێتە هۆی نەزم، فرە جەمسەری دەبێتە هۆی پشێوی و ناتەبایی.

ئێستا گرژیی پەرەئەستێن لە نێوان ئەوانەی برەو بە فرەلایەنی و پەرگالێکی دامەزراو لەسەر سەرەوریی یاسا دەدەن و ئەوانەی باسی فرە جەمسەری و سەروداگەریی دەکەن لە ئارا دایە. وڵاتە بچووکەکان و هێزە مامناوەندەکان، هاوتەریب لەگەڵ ڕێکخراوی هەرێمیی وەکوو یەکێتیی ئەفریقا، ڕێکخراوی نەتەوەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا، یەکێتیی ئورووپا و بلۆکی باشووری ئەمریکا، مەرکۆسور، لایەنگری فرەلایەنین. چین، بە نۆرەی خۆی، برەو بە فرەجەمسەریی لەگەڵ شێوازگەلی فرەلایەنی دەدات؛ ئەو بە ڕواڵەت لایەنگری تاقمی فرەلایەنە وەک بریکس، هاوپەیمانیی ناڕۆژاوایی کە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی بەازیل، ڕوسیە، هیندوستان، چین و ئەفریقای باشوورن و، ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای کە لە ڕاستیدا دەیهەوێت یاریدەدەری سەرهەڵدانی پەرگالێکی فرەجەمسەر بێت. وڵاتە یەکگرتووەکان لە پێداگرییەکەی لەسەر فرەلایەنی بە قازانجی سەوداگەریی دوور کەوتووەتەوە بەڵام هێشتا بەرانبەر بە دامەزراوەی هەرێمیی وەک ناتۆ ئەرکدارە. زۆرێک لە وڵاتان، ىچووک و هەروەها مەزن، بەدوای شتێکەوەن کە دەکرێ ناوی بنرێ سیاسەتی دەرەوەی فرە پاڵنەر. ئامانجی ئەوان، لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە لەجیات چوونە پاڵ بلۆکێک، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەند لایەن پەرە پێ بدەن.

لە سیاسەتی دەرەوەی سەوداگەرانە یان فرەپاڵنەردا بەرژەوەندیی زاڵە. بۆ وێنە، وڵاتانی بچووک، زۆرجار لە نێوان زلهێزەکاندا هاوسەنگیی ڕادەگرن: ئەوان دەتوانن لە هێندێک پرسدا هاوڕای چین بن و لە هێندێکی دیکە هاوڕای وڵاتە یەکگرتووەکان بن، هەمووی ئەوانە لە کاتێکدایە کە دەیانهەوێ هیچ لایەنێک بە سەریاندا زاڵ نەبێت. بەرژەوەندییەکان پاڵنەری هەڵبژاردنە کردنییەکانی وڵاتانن و، ئەوە بەتەواوی ڕەوایە. بەڵام هەڵوێستێکی ئەوتۆ پێویست ناکات ببێتە هۆی دوور کەوتنەوە لەو بایەخانە کە گشت وڵاتێک لە هەموو کارێکدا دەبێ لەبەر چاویان بگرێت.   تەنانەت سیاسەتێکی دەرەوەی سەوداگەرانە پێویستە پشت بە هێندێک بایەخی بنەڕەرتی ببەستێت. لە ناویاندا سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان، قاچاخ کردنی کەڵک وەرگرتن لە هێز و، ڕێز گرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان. زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بەرژەوەندیی ئاشکرایان لە پاراستنی ئەو بایەخانە و دڵنیا بوون لە سزادانی پێشێلکارەکانیدا هەیە.

زۆرێک لە وڵاتان فرەلایەنی بە قازانجی ڕێککەوتن و سازانی تایبەت ڕەت دەکەنەوە. بۆ وێنە، وڵاتە یەکگرتووەکان، جەخت لەسەر ڕێککەوتنی بازرگانی و ئاڵووێری دوولایەنە دەکات. چین کەڵک لە دەستپێشخەریی پشتێند و ڕێگا، بەرنامەی ژێرخانە زەبەلاحەکەی لە وەبەرهێنانی جیهانیدا وەردەگرێت تا ڕێخۆشکەری هەم دیپلۆماسی دوولایەنە بێت و هەم ئاڵووێری ئابووری. یەکێتیی ئورووپا رێککەوتنی دوو لایەنەی بازرگانیی ئازاد دادەڕێژێت کە ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی لەبەرچاو ناگرێت. ئەوە، تەقریبەن لە کاتێکد اڕوو دەدات کە جیهان لە هەموو کاتێک زۆرتر پێویستی بە فرەلایەنی هەیە تا ئالنگارییە هاوبەشەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کەمایەسییەکانی گەشەسەندن و، ڕێسادانان بۆ تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکان چارەسەر بکات. بە بێ سیستەمێکی بەهێزی فرەلایەن، هەموو دیپلۆماسییەک دەبێتە سەوداگەرانە. دنیایەکی فرەلایەن چاکەی گشتیی دەکاتە بەرژەوەندیی خۆت. دنیایەکی فرەجەمسەر بەکورتی لە سەر بەرژەوەندیی خۆت دامەزراوە.