کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئێران، فەلسەفە، سیاسەت و کوردستان!؟

18:41 - 24 رەشەمه 2725

ئیبراهیم فەڕشی

 

باس لە شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بووەتە هەواڵی سەرەکیی میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی جیهان؛ چەند ڕۆژە ناوی کوردستان تێکەڵ بە شەڕەکە کراوە. بۆچوونی سیاسی، حیزب، دەوڵەت و پەرلەمان لە ئورووپا یەکتر ناگرنەوە. بەشێکیان گرێدراوی سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیلن و ئەم هێرشانە بە بەرحەق دەزانن. چەپی ئورووپا ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەن و بە شەڕی ئیمپریالیستی دەزانن و بۆ ئەوەش ئاماژە بە شیلی و ڤیێتنام و کودەتا دژی موسەدیق، شەڕی عێراق، لیبی و ئەفغانستان دەکەن!

فەیلەسووفان بۆ نایاساییبوونی ئەم هێرشانە، پشت بە پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای بنەڕەتیی وڵاتان و مافی خەڵک و سەروەریی سیاسی، ئەخلاق و پرەنسیپ دەبەستن و پێشێلکردنی هەرکام لەو لایەنانە بە نادروست دەبینن. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی خەڵک نییە، کە ٤٧ ساڵە لێی بێدەنگن. بە وتەی ئەوان، بۆ دەوڵەتان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران گرنگترە لە مافی مرۆڤ و ئازادی. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن لەو دوو ڕۆژەی دەیان هەزار کەس کوژران، بۆچی هیچ کردەوەیەک بۆ پێشگیری لەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و ئورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەبینرا؟

ڕیچارد دەیڤید پرێشت (Richard David Precht) دەبێژێ: حکوومەتی ئەمریکا دەوڵەتی موسەدیقی ڕووخاند و دوای ڕووخانی حکوومەتی شا، بۆ ئەوەی لایەنگرانی موسەدیق نەیەنە سەر کار، حکوومەتی ئیسلامییان بەسەر خەڵکدا داسەپاند و ئێستاش مەبەستی ئەمریکا ڕزگاریی خەڵکی ئێران نییە؛ بەڵکوو مەبەستی ئابووری، سیاسی، جیۆپۆلیتیک و کێبەرکێی ناوچەیی لەگەڵ هێزەکانی تری وەک چین بۆ ئەوان گرنگترە. فەیلەسووف ڕیچارد دەیڤید پرێشت  وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە نییە کە کۆتایی شەڕ و ڕێژیمی ئێران چۆن دەبێ؟ ئەو دەبێژێ کاتێک ئەمریکا و ئورووپا و ئیسرائیل باس لە کۆتایی ڕێژیم دەکەن، بەڵام ئەوان هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ دوای ڕێژیم نییە؛ پرێشت دەڵێ نازانم چی دەبێت و چی دێتە پێش.

بەرپرسانی ئورووپا سیاسەتی ڕوون لە خۆیان نیشان نادەن. ئیسپانیا پشت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێ، سێ وڵاتی ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە خۆ لە پشت ئەمریکا و ئیسرائیل دەبیننەوە و لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان دەبێژێ ئێمە بە هیچ چەشنێک بەشداریی شەڕ نابین. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئاڵمان لە چەندین قۆناغی جیاوازدا، یەکێک لە شەریکە سەرەکییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران بووە و تەنانەت لە کاتی گەمارۆکانیشدا، هەندێک لە کۆمپانیا ئاڵمانییەکان لە ڕێگەی بانکەکانی وەک بانکی ئورووپا-ئێران لە هامبوورگ یان لقی تری بازرگانی لە وڵاتانی کەنداو، پەیوەندییە ئابوورییەکانیان پاراستووە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئاڵمان پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە. مێرتس، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئاڵمان (CDU) کە کاندیدی بەهێزە بۆ پۆستی ڕاوێژکاری باڵا، دەبێژێ: پرسیاری بێوەڵام لەسەر ئەو شەڕە زۆرە، ئەوەش لە کاتێکدا بەهۆی داخرانی ڕێگای هورمز بۆ پاپۆڕەکان، نرخی بەنزین و شتومەک ڕۆژانە لە ئورووپا هەڵدەکشێ. لە لایەکی تر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دەرکردنی بەیاننامە، هیچ کاریگەرییەکی نەماوە.

ئەوانەی تا ئێستا وەدەنگ هاتوون و ژمارەیان لە چەند تاکەکەس تێناپەڕێ، بۆچوونی کلاسیک لە چوارچێوەی تێگەیشتنی سەردەمی ڕۆشنگەریدا دەنوێنن کە لە پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای وڵاتاندا بە شێوەی گشتی هاتووە. گۆڕانکارییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو، پاش یازدەی سێپتێمبەری ٢٠٠١ و هێرش بۆ ئەفغانستان، عێراق، لیبی، شەڕی یووگۆسلاڤی و شەڕی ئۆکراین، تێگەیشتنی کلاسیکی ژێرپێ خستووە و دامودەزگای جیهانیی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی تری تووشی قەیران و بێکەڵکی کردووە. وڵاتان بەپێی مەیل و بەرژەوەندیی خۆیان دەجووڵێنەوە و پابەندی بە پرەنسیپ و پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیتر "مانای" نەماوە.

سۆلڤایگ ڕیچتەر (Solveig Richter)، لێکۆڵەری بواری ئاشتی دەبێژێ: "تێگەیشتن لە مافی خەڵک تێکدراوە". ئەم تێکدانە نەک لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو، بەڵکوو لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە بازنەی دەوڵەتان، سیاسەتپێشە، سەربازی و ڕۆشنبیران لە ئارادا بووە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خەڵک و نەتەوەکان؛ بۆ وێنە مافی نەتەوەیی کورد وەک یەک نەتەوە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی وەک بریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیە، ئەمریکا و ئەوانی تر تا ئێستا پێشێل کراوە. لە بازنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ماف بە گرێدراوی بەرژەوەندیی لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی نێو ئەو ڕێکخراوەیە ماوەتەوە. هەر بۆیە مافی نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد، کە ڕێفراندۆمی ٩٨٪ (نەوەد و هەشت لەسەدی) خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە پشت بوو، هیچ بایەخێکی پێنەدرا.

نوام چامسکی (Noam Chomsky)، فەیلەسووفی ئەمریکایی، بەردەوام ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا گرتووە و تا ئەو شوێنە چوو کە بکەوێتە سەنگەری ئێران و چاو لە هەموو تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە بپۆشێ. ئەو لە هەمان کاتدا پشتیوانیی لە باکووری کوردستان دەکرد و بەردەوام ڕەخنەی لە حکوومەتی تورکیە دەگرت و بە شێوەیەکی بەرچاو لایەنگری ڕۆژاوای کوردستان و ئەو سیستمە بوو کە لەوێ دامەزراوە. ئەو لە هەمان کاتدا دژی چالاکیی سەربازیی پارتی کرێکاران بوو. ئەو باسی لە کوردی ڕۆژهەڵات کردووە کە بە توندی دەچەوسێنرێنەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کورد "دەبێ لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو بن". چامسکی لەپاڵ ئێرانی دژی ئیمپریالیستدا خۆی بینیوەتەوە و باس لە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەکات؛ ئەمەش تێگەیشتنی ئەو چەپانە دەنوێنێ کە خۆیان بە لایەنگری مافی کورد لە قەڵەم دەدا و شەڕی چەکدارییان لەگەڵ ڕێژیم دەکرد، بەڵام لە وەرچەرخانێکی بەپەلەدا کەوتنە پشتگیری لە "ئێرانی دژی ئیمپریالیست" و لە درێژەدا سەریان بە دەستی هەمان ڕێژیم تێدا چوو! ئەمڕۆش چەپی ئێران لە گێژاوێکی سیاسییدا خۆیان دەبیننەوە و بەشێکیان پێیان وایە ڕۆژیان لەتەک کوڕی ئەو کابرایە هەڵدێ کە دەیان ساڵ لە دژی وەستان و بەشداریی ڕووخانی ڕێژیمەکەی بوون. گویدۆ شتاینبێرگ (Guido Steinberg) وەک زۆر سیاسی و فەیلەسووف دەبێژێ: "باوەڕ ناکەم هێرشی ئاسمانی، دێموکراسی بۆ ئێران بهێنێ..."

گرفتی ئەم خێڵە هەمەلایەنە کە خۆیان لە چەند مەتەرێزێکدا دەبیننەوە، نەزانی نییە. ئەوان خاوەنی تیۆری، ئایدیۆلۆژی و زانینن؛ ئەوەی نییانە پابەند نەبوونە بە بایەخ و کەسایەتیی سەربەخۆی خۆیان و خاوەنی دووفاقەیی لە ئەخلاقدا بوونە! ئەو تیپانە (سیاسی، زانستپێشە، فەیلەسووف و کەسانی باڵای کۆمەڵگە) خۆ لە ڕاستییەکان دەدزنەوە و بەپێی بەرژەوەندی و پارێزگاری لە پۆست و پێگەی خۆیان دەجووڵێنەوە. ئەو کەسانە بەردەوام جێگەیان لەنێو میدیادا دیارە و کەسایەتیی ڕاستەقینەیان ناکەوێتە بەرچاو و بە باشترین شێوە میدیا بەکار دەهێنن. سیاسییەکانی نێو دەوڵەتان، پەرلەمان، دامودەزگاکان، ڕۆشنبیران، نووسەران و فەیلەسووفانی لەو چەشنە جیهانی ئێمەیان پێکهێناوە؛ پۆزیسیۆن و بەرژەوەندیی خۆیان و دەستە و گرووپەکەیان بایخی زۆرترە وەک لە پابەندی بەو تیۆریانەی فێری بوون. بەشێک لەوان بە هەموو شێوەیەک بە باشی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکاندا ڕێک دەخەن.

یوورگن هابێرماس (Jürgen Habermas) باس لە دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات؛ تێگەیشتنی سەرەکیی ئەو لە ئینتگراسیۆنی خەڵکانی ئورووپا و ناسنامەی ئورووپی و جیهانیدا دەبینرێتەوە. ئەو سەبارەت بە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا و شەڕی ئێستا هیچی نەگوتووە. لەمەڕ کارەساتەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، پشتیوانیی لە ئیسرائیل کرد دژی هێرشەکانی ئێران و مافی خۆپاراستنی ئیسرائیلی بە هەموو شێوەیەک بەرامبەر ئێران و حەماس هێنایە زمان. هابێرماس هەرچەند ئاشنا بە مەسەلەی کورد بووە و دۆستی کوردی لە زانکۆی هایدێلبێرگ هەبووە، بەڵام بە نووسین و بە گوتن باسی لە کورد نەکردووە.

ماتیاس کونتسل (Matthias Küntzel)، پۆلیتۆلۆگ و مێژوونووس کە پێشتر کتێبی لەسەر نازیزم و جوو، نازیزم و ئیسلام، ئاڵمان و پێوەندیی ئێران نووسیوە، بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئایدیۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران بەو ئەنجامە گەیشتووە کە کاکڵی ئەو ئایدیۆلۆژییە لە خۆیدا دژی جوو و ئیسرائیلە و وەک مەترسی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل لێکی دەداتەوە. لەو گۆشەنیگایەوە بە توندی ڕەخنە لە حکوومەتی ئاڵمان دەگرێ کە سەرەڕای ئەم ڕاستییە، شەریکی نزیکی بازرگانی و ئابووریی ڕێژیمی ئێران بووە و هەیە. پێشتر نووسەری ئەم دێڕانە لە چەند بابەتێکدا بە بەرفراوانی باسی ئەم شەریکایەتییەی کردووە کە مێژووەکەی لە ڕێژیمی ئیسلامی درێژترە؛ ئاڵمان زیاتر لە سەد و بیست ساڵە ئیسلامی بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی بەکار هێناوە و لە سەردەمی هێتلێردا بەڵێن بە موفتیی موسڵمانان درا کە جووی باڵکان سەرجەم قڕ بکەن.

شەڕەکە بەشێکی کەوتووەتە نێو ماڵی کوردی بێوڵات، کە هیچ نوێنەرێکی لە دامودەزگا نێونەتەوەییەکاندا نییە و لایەنی سەربەخۆی سیاسی و کرێگرتەی دەوڵەتان نییە و بە وتەی چامسکی "یەکگرتوو نییە". کورد لەم جیهانە ئاڵۆزەدا کە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێکی جیدیی نەبووە، دەبێ چی بکات و چۆن بە مافی خۆی بگات؟ بەتایبەت کاتێک ئاوڕ لە هاوپەیمانییەکانی خۆی لە ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژاوا دەداتەوە. هەر بەشێکی کوردستان بە خەڵکەکەیەوە، کراوەتە بارمتەی دەستی دەوڵەتانی تورک، فارس و عەرەب کە دژی کورد هاودەست و هاوپەیمانن. کورد جیا لە یەکگرتوونەبوون، هێشتا خاوەنی ئەو بەرنامە و ستراتیژییە نییە کە خۆی وەک یەک نەتەوە، یەک خاک و یەک جوگرافیا نیشان بدات.

دیالۆگی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی خۆیدا بەرتەسک ماوەتەوە. لە کاتی کارەساتەکاندا هەر ناوچەیەک لە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بە تەنیا دەمێنێتەوە. کورد لە جیهانی نێوخۆ و جیهانی دەرەوەدا وەک یەک نەتەوە دەرناکەوێت و وەک چوار پارچەی ئاڵۆز دەکەوێتە بەرچاو؛ سیمای یەک نەتەوە لە خۆی نیشان نادات و جیهانی سیاسەت، دیپلۆماسی و بازرگانی حیسابی بۆ ناکات، مەگەر بۆ کاتە گونجاوەکان کە سوودی خۆیانی تێدا بێت.

ئاڵۆزییەکانی کورد لە خۆیەوە دەست پێ دەکات، کاتێک خۆی وەک یەک نەتەوە، یەک خاک و یەک سیما نانوێنێ! شەڕی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە دەستکردە، بۆ کورد وەک پرسیار دەمێنێتەوە و لەوە ناچێت خەونی دێموکراسییکردنی ئێرانی یەکپارچە بێتە دی. دواڕۆژی ئێران، بەتایبەت ئێستا کە بێپلانی لە هەموو لایەکەوە زاڵە و ستراتیژییەکی ڕوونی شەڕ لە ئارادا نییە، ئەم پرسیارە جیدیتر دەکاتەوە کە کورد دەبێ چی بکات؟ ئایا بێدەنگی، چاوەڕوانی و ناڕوونیی بەرنامە و ستراتیژی، کورد بەرەو کوێ دەبات؟!

 

ـ سەرچاوەی قسەی کەسانی نێو ئەم نووسراوەیە: میدیای ئەڵمانی، ئینتەرنێت، یوتیووب و کتێبی ئەو کەسانە.