
حەسەن قارەمانی
نزیکەی نیو سەدەیە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی تاکڕەوی کۆماری ئیسلامیدایە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆڕشی ١٩٧٩وە، نەک هەر لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی خۆیان، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی دێموکراسی، فرەخوازی و جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت لە سەرتاسەری ئێراندا خەباتیان کردووە. سەرەڕای ئەمەش، زۆرجار لە هاوکێشە و سیاستە نێودەوڵەتییەکاندا خەباتەکەیان پشتگوێ خراوە و پەراوێز کەوتووە.
ئەمڕۆ کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیسان کەوتووەتە بەردەم ئەگەری گۆڕانکاریی گەورەی جیۆپۆلیتیکی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژاوا گەیشتوونەتە لووتکە، ئورووپا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ستراتیژی و ڕەوشتیدایە. ئایا دەوڵەتانی ئورووپا هەر تەنیا لە ڕوانگەی بەرنامە ئەتۆمییەکە، سیاسەتی ئەمنی و دابینکردنی وزەوە سەیری داهاتووی ئێران دەکەن؟ یان دواجار دان بەوەدا بنێن کە سەقامگیریی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا، تەنیا بە پاڵپشتیکردنی هێزە دێموکراتیکەکانی نێو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە دی، کە تێیدا کورد ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی دەگێڕێت؟ پێویستە سیاسەتی ئورووپا بەرامبەر بە ئێران سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە؛ بە جۆرێک کە مافەکانی نەتەوەکانی ئێران بخاتە چەق و ناوەندی بڕیارەکانی و دان بەوەدا بنێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە ڕێکخراوترین و یەکگرتووترین کاراکتەرە دێموکراتەکانی نێو ئێرانە.
کۆماری ئیسلامی و نیو سەدە چەوساندنەوە:
ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، خاوەنی سیستمێکی سیاسیی تایبەت بووە کە تێیدا دامەزراوە ئاینییەکان بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا زاڵن. ئەم سیستمە لەسەر بنەمای بیردۆزی "ویلایەتی فەقیهـ" داڕێژراوە، کە تێیدا ڕێبەری باڵای ئاینی، دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی وڵاتدا هەیە. بە درێژایی دەیان ساڵ، ئەم دەسەڵاتە پێکهاتەیەکی سەرکوتکەری وای پەرە پێ داوە کە تێیدا ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، نەتەوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێز خراون.
نەتەوە بندەستەکان – بەتایبەت کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکمەن – پشکی شێریان لەو ستەمە بەرکەوتووە. لە کوردستاندا، دەوڵەت سەرکوتی سیاسیی لەگەڵ پەراوێزخستنی ئابووریدا گرێ داوە. ئەم ناوچەیە سەرەڕای هەبوونی سامانێکی سروشتیی زۆر، وەک یەکێک لە دواکەوتووترین ناوچەکانی ئێران هێڵدراوەتەوە. کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی لەسەدا ١٥ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن. داواکارییە سیاسییەکانی ئەوان لە مێژوودا بریتی بووە لە: دابینکردنی مافە کولتوورییەکان، خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی، سیستەمی فیدراڵی (ئۆتۆنۆمی) و بەشداریی دێموکراتییانە، کە ئەمەش بە واتای جیابوونەوە نایەت. سەرەڕای ئەمەش، داواکارییەکانی کورد لە دوای شۆڕشەوە بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراونەتەوە. هەر لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕێژیمی نوێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی دژی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەست پێ کرد، کە لەو هەڵمەتانەدا هەزاران کەس بوونە قوربانی.
کەلەپووری سیاسیی کورد: دێموکراسی و فرەخوازی:
بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران، لەمێژە بەهۆی پێداگریی توندی لەسەر بەها دێموکراتیکەکان، لە زۆرێک لە بزووتنەوەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن جیا دەکرێتەوە. نموونەی هەرە دیاری ئەم ڕەسەنایەتییە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. ئەم حیزبە بە ڕێبەریی ڕووناکبیری کارێزماتیک، دوکتور عەبدولڕەحمان دوکتور قاسملوو، دیدێکی سیاسیی پەرە پێ دا کە چارەنووسی کوردی بە دێموکراسی بۆ هەموو ئێرانەوە گرێ دابوو.
دوکتور قاسملوو جەختی لەوە دەکردەوە کە خەباتی کورد تەنیا بۆ مافە نەتەوەییەکان نییە، بەڵکوو بۆ گۆڕانکاریی دێموکراتیکی سەرتاسەرییە لە ئێراندا. ئەو داکۆکیی لە سیستەمێکی ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی لە چوارچێوەی ناناوەندێتی (لامەرکەزی) دەکرد کە تێیدا پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان بتوانن لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دێموکراتیکدا پێکەوە بژین. ئەو دیدگا مرۆڤدۆستانەیە بە کارەسات کۆتایی هات؛ کاتێک لە ساڵی ١٩٨٩دا لە ڤیەننا و لە کاتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێراندا، دوکتور قاسملوو تیرۆر کرا. ئەم تیرۆرە بوو بە نیشانەی ئەوەی کە ڕێژیم بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە فرەیی سیاسی قبووڵ بکات. سەرەڕای ئەمەش، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام بوون لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی جەخت لەسەر سێکۆلاریزم، یەکسانیی ڕەگەزی و مافی نەتەوەکان دەکەنەوە. لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار ئایدۆلۆژییە توندڕەو و ئایینییەکان زاڵن، بزووتنەوەی کوردستان پەرەیان بە کولتوورێکی سیاسیی پێشکەوتنخواز داوە.
کوردستان؛ سەنگەری پێشەوەی دێموکراسی لە ئێراندا:
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، کوردستانییەکان هەمیشە لە ڕیزی یەکەمی ئەو کەسانەدا بوون کە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون. لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ٢٠٠٩، ٢٠١٧ و بەتایبەتی لە شەپۆلی مەزنی ساڵی ٢٠٢٢دا کە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا، شارەکانی کوردستان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕا. ژینا ئەمینی کە خۆی کچێکی کورد بوو، کوژرانی لەلایەن "پۆلیسی ڕەوشت"ەوە بوو بە سیمبولی دڕندەیی ئەم ڕێژیمە. ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بە توندترین شێوە سەرکوت کران. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان فیشەکی جەنگییان دژی خۆپێشاندەران بەکار هێناوە و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵیان ئەنجام داوە. سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بزووتنەوەکانی ژنان و گرووپە خوێندکارییەکانی کورد، وەک کاراکتەری سەرەکی لە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی ئێراندا ماونەتەوە.
هەڵە ستراتیژییەکانی ئورووپا:
ئورووپا لەمێژە سیاسەتێکی دووفاقەی بەرامبەر بە ئێران پەیڕەو کردووە. لە لایەکەوە حکوومەتە ئورووپییەکان ڕەخنەیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ گرتووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان خستووەتە پێش هەموو شتێکەوە. زۆرجار دانوستانی ئەتۆمی و پرسی وزە، کارنامەی سیاسیی ئەوانی داگیر کردووە.
بەڵام ئەم ستراتیژە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دەیان ساڵ دیپلۆماسی، نە بووەتە دەوڵەتێکی دێموکرات و نە سەرکوتکارییەکانیشی کەم کردووەتەوە. جگە لەوەش، ئورووپا زۆرجار ئاییندەی سیاسیی ئێرانی وەک بابەتێک بینیوە کە تەنیا پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکاوە هەیە؛ ئەمەش وای کردووە ڕۆڵێکی ناچالاک و بێدەنگ لە گۆڕانکارییە سیاسییە درێژخایەنەکانی ئێراندا بگێڕێت. کەچی ئاییندەی ئێران پرسێکی ئورووپییە؛ چونکە ناسەقامگیری لە ئێراندا کار دەکاتە سەر بازاڕەکانی وزە، کۆچبەری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە ئەمانەش ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ئورووپا.
تێنەگەیشتن لە ناناوەندێتی (لامەرکەزییەت):
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم داڕشتنی ستراتیژێکی واقیعی، ئەو تێڕوانینە هەڵەیەیە کە گوایە دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان یان خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری. بەڵام ئەزموونی مێژوویی پێچەوانەکەی سەلماندووە. کاتێک دەوڵەتەکان مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکان پشتگوێ دەخەن، ململانێکان قووڵتر دەبنەوە. بەڵام کاتێک ئەم مافانە بە شێوەیەکی یاسایی دەناسرێن، ململانێکان لە چوارچێوەیەکی دێموکراتیکدا چارەسەر دەکرێن. ئەزموونی وڵاتانی وەک سویس، کانادا و هەندێک سیستەمی فیدراڵی نیشانی دەدەن کە دابەشکردنی دەسەڵات دەبێتە هۆی سەقامگیری. ئێرانی داهاتوو ئەگەر دان بە هەمەجۆریی نەتەوەکانیدا (کورد، بەلووچ، عەرەب و هتد) بنێت، زۆر سەقامگیرتر دەبێت.
کورد؛ هاوپەیمانی سروشتیی ئورووپا:
کورد لە مێژوودا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپیدا هەبووە. دەیان ساڵە ڕووناکبیران و چالاکانی کورد کارلێکیان لەگەڵ دامودەزگاکانی ئورووپادا هەیە و گوتاری سیاسیی کوردیش کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیرۆکە ئورووپاییەکان سەبارەت بە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سێکۆلاریزم. بۆیە ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە کە زۆرێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد، ئورووپا وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە بۆ بونیادنانی ئێرانێکی دێموکرات دەبینن. بەڵام ئەم پەیوەندییە پێویستی بە هەنگاوی بەرامبەر هەیە؛ ئورووپا دەبێ دان بەوەدا بنێت کە کورد تەنیا کەمینەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکوو کاراکتەرێکی سیاسیی کاریگەرە لە داهاتووی ئێراندا.
کێشەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران:
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووە. زۆرێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان هێشتا خاوەن ڕوانگەیەکی ناوەندگەرای توندن و ئامادە نین دان بە مافە نەتەوەییەکاندا بنێن. تەنانەت هەندێک لە لایەنە پاشایەتییەکان، باسیان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان کردووە لە داهاتوودا. ئەم ڕێبازە مەترسیی بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو دیکتاتۆرییەتەی هەیە کە لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. بۆیە گواستنەوە بۆ دێموکراسیی ڕاستەقینە، پێویستی بە پەیمانێکی سیاسیی نوێ هەیە کە تێیدا هەموو نەتەوەکان وەک هاوبەشی ڕاستەقینە بناسرێن.
ئورووپا چی پێ دەکرێت؟
ئورووپا هێشتا دەرفەتی ئەوەی هەیە ڕۆڵێکی بونیادنەر بگێڕێت:
١. پێویستە حکوومەتە ئورووپییەکان لە هەموو گفتوگۆکانیاندا، بە ڕوونی پشتگیری لە بنەماکانی دێموکراسی و مافی نەتەوەکان بکەن.
٢. دەست بکەن بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوە دێموکراتیکەکان، لەوانەش حیزبە سیاسییەکانی کوردستان.
٣. پشتگیری لە مۆدێلەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و گەرەنتیی دەستووری بۆ مافی نەتەوەکان بکەن.
کۆتایی:
ئێران لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. یان دەبێ لەسەر ڕێگەی تاکڕەوی و ناوەندگەرایی بەردەوام بێت، یان بەرەو دێموکراسییەکی گشتگیر هەنگاو بنێت. کورد لە ئێران بۆ ماوەی پێنج دەیە، کۆڵەکەی سەرەکیی خەبات دژی دیکتاتۆری بووە. ئەزموونی ڕێکخراوەیی و بەها دێموکراتیکەکانی کورد، دەیانکاتە یاریزانێکی سەرەکی لە ئایندەی وڵاتدا.
چاوپۆشیکردن لە ڕۆڵی کورد لەلایەن ئورووپاوە، نەک هەر شکستێکی ڕەوشتییە، بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژیشە. بەبێ کورد، دێموکراسیی ڕاستەقینە لە ئێراندا نایەتە دی و بەبێ دێموکراسیش، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەرگیز ئەو سەقامگیرییە بەدەست ناهێنێت کە خەڵکی ناوچەکە و ئورووپاش پێویستیان پێیەتی.