
د. ئارەزوو نستانی
هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لێکەوتەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە کە کاریگەری نەتەنیا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەسەر ئابووری جیهانی داناوە. داخستنی گەروی هورموز لەلایەن ڕێژیمی ئێران بەڕووی کەشتیڕانیی جیهانی، زیانی گەورەی بە ئابوری جیهان گەیاندوە؛ لەلایەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان وەک گەورە هاوردەکارانی نەوت و وڵاتانی کەنداو وەک گەورە هەناردەکارانی نەوت بە خودی ئێرانیشەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتوە. دورگەی هورموز وەک ڕێڕەوێکی گرینگی دەریایی شوێنی گواستنەوەی نزیکەی ٢٠ لەسەدی نەوت و گازی جیهانە و هەروەها گرینگترین دەرچەیە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستی.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەرکات تووشی فشاری سیاسی یان سزای ئابووری بووبێتەوە، بە تایبەت لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانی پڕۆگرامی ناوکی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەنێو ڕێگاکان و گەروە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان کردووە، وەک گەرووی بابولمەندەب وگەرووی هورموز. ئەم ڕەفتارە سیاسییەی ڕێژیمی ئێران، بە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما بنچینەییەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێ. ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (١٩٨٢)، کە بە وردی ماف و سنوورەکانی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشان کردوە، بە گرینگترین سەرچاوەی ڕەواییەتی ئازادیی گواستنەوەی دەریایی دادەنرێ. ئەم ڕێککەوتنامەیە بە شێوەیەکی ڕوون دان بە مافی تێپەڕینی ئازادی ئامرازەکانی گواستنەوە دەنێ وەک مافێکی بنچینەیی نێودەوڵەتی کە بە هیچ شێوەیەک نابێ پێشێل بکرێ.
گەروی هورموز، کە لەنێوان شانشینی عومان و ئێراندا هەڵکەوتووە، گرێبەندییەکی ستراتیژیی گرنگ درووست دەکات لەنێوان کەنداو و دەریای عومان و دەریای عەرەبدا. ئەم گەرووە بەهۆی پێگەی ستراتیژیی لە گواستنەوەی نەوت و سەرچاوەکانی وزەدا، بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە لە ئاستی جیهاندا دادەنرێ. داخستنی ئەو گەروە بەڕووی هاتوچۆی دەریایی، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی جیهانی لە بازاڕی وزەدا و بەردەوامیی ئەو دۆخە کاریگەریی مەترسیداری بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت لەلایەک و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەلایەکی دیکەوە لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ هەناردە کردنی نەوت پشت بەو گەرووە دەبەستن وەک عێڕاق، کوێت، قەتەر و بەحرەین.
لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای دەستپێکردنی جەنگی حەماس و ئیسڕائیل، کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی ڕانەگەیەنراودا پشتیوانی لە میلیشیا چەکدارەکان دەکرد و هانی دەدان بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سوور و ئاوی کەنداودا، بۆ ئەوەی بەرپرسیاریەتی یاسایی ڕاستەوخۆ نەگرێتە ئەستۆ. لە وەها دۆخێکدا سەلماندنی تاوان و تۆمەت لە چالاکییە خرابکاری و تیرۆریستییەکانی لەم جۆرەدا زۆر ئاڵۆز و ئەستەمە، بەتایبەتی کە لەو ناوچەیەدا چالاکیی گروپە تیرۆریستی و میلیشیا سەربازییە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هەیە.
داخستنی بەکردەوەی گەرووی هورمۆز لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەو پرسیارانە دەورووژێنی کە ئایا بانگەشەی ئێران لە ڕەوابوونی ئەو داخستنە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تا چەند ڕێی تێدەچێ؟ ئایا ئەو دۆخە بەرپرسیاریەتیی نێودەوڵەتی بۆ ڕێژیمی ئێران دروست دەکا بەپێی میساقی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەو پێیەی ئێران لە ئێستادا لە ئەنجامی چالاککردنی میکانیزمی ماشە لە ژێر بەندی حەوتەمی میساقی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دایە، ئەوەش بەو مانایەی هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی؟ ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەرێگەی ئەو ناوەندە جیهانیەی کە نوێنەرایەتی دەکا بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی (واتە ئەنجومەنی ئاسایش) بێدەنگ دەمێنێتەوە لەمەڕداخستنی گەروی هۆرمز؟
دۆخی یاسایی گەرووە نێودەوڵەتییەکان
یاسای نێودەوڵەتی گەروو بە ڕێڕەوێکی دەریایی بەرتەسک پێناسە دەکا کە لەنێوان دوو دەریای گشتی (نێودەوڵەتی)دا هەڵکەوتووە، واتە گەروو بەشێک نییە لە هەرێمە ئاوییەکانی یەک دەوڵەت بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە سنووری ئاویی دەوڵەتەکە. بەڵکوو واتایەکی نێودەوڵەتیی فراوان لەخۆ دەگرێ کە بریتییە لە گۆڕەپانێکی گەورە لە بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی بۆ زۆرێک لەو دەوڵەتانەی سوودمەندن لەو گەرووە. تێپەڕبوون لە ڕێگای ئەم گەرووانە بابەتێکی سادە نییە، چونکە بۆ هەندێک دەوڵەت ئەم گەرووە گرینگترین دەرچەی دەریاییە بۆ گواستنەوەی دەریایی، هەربۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵیداوە بە دانانی چەمک و زاراوە یاساییە جۆراوجۆرەکان، ڕێکخستنی پێویست بکا بۆ مەبەستی رێکخستن و سەقامگیری پەیوەندی نێودەوڵەتیی لەنێوان ئەو دەوڵەتان کە سوود لەو گەرووانە وەردەگرن.
پرسی گەروەکان لە کۆنەوە بابەتێکی جێگای ناکۆکی بووەو چەندین رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە بەستراون، وەک رێکەوتننامەی ژنێڤ (١٩٥٨) سەبارەت بە دەریای هەرێمی و ناوچەی هاوسنوور (المتاخمة)، پاشان ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (١٩٨٢) کە لە ساڵی ١٩٩٤ز کارا کراوە. بۆ رێکخستنی کەشتیرانی لە گەرووەکان کۆری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە پێی ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان ساڵی ١٩٨٢ ز بریاری سیستەمی مافی تێپەڕینی ترانزیتی (Transit Passage) دا کە لەسەر زۆربەی گەروەکان و یەک لەوان گەرووی هورمۆز جێبەجێ دەبێ. بەپێی ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامەیە کەشتییەکان مافی تێپەڕینی خێراو بێ وەستان و بەردەوامیان هەیە لەو گەرووانەدا بە بێ ئەوەی پێویستییان بە ڕەزامەندیی پێشوەختە یان دیاریکردنی کات بۆ تێپەڕین بەو ڕێڕەوەدا هەبێ، بەڵام لە حاڵەتێکدا کە کێشەیەکی تەکنیکی هەبێ یان دۆخێکی تایبەت لە دەریادا بێتە ئاراوە، کەشتییەکان دەتوانن بوەستن. هەرچەندە ئەو سیستەمە سەرەتا لەلایەن هەموو ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەسەند نەکرا، بەڵام دواتر ڕێکەوتننامەکە بەشێوەیەکی فراوان لە لایەن دەوڵەتانەوە قەبووڵ کرا، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا وەک عورفی نێودەوڵەتی دەژمێردرێ و دەبێ هەموو دەوڵەتان پابەند پێی، تەنانەت ئەگەر ئیمزای ڕێککەوتننامەکەیان نەکردبێ.
بەپێی ماددەی ٣٧ لە ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان ساڵی ١٩٨٢م، سروشتی ئەو گەروانە دەخاتەڕوو کە سیستەمی تێپەڕینی تڕانزیتییان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ و گەرووی هورموز ئەو وەسفەی هەیە، ماددەی ٣٨ باس لە مافی کەشتییەکان دەکا بە تێپەڕینی تڕانزیتی بەناو گەروەکان بەشێوەی بەردەوام و خێرا بۆ هەموو کەشتییەکان، بازرگانی یان نابازرگانی، جەنگی یان ناجەنگی ودەوڵەتی کەناراو ناتوانێ هیچ بەربەستێک دروست بکا، و بەپێی دەقی ٣٩ کەشتیەکان ئەرک دارن هیچ کردەیەک ئەنجام نەدەن کە ببێتە لێدان لە سەروەری و سەلامەتیی سەربەخۆیی دەوڵەتی کەناراو، ئەوەش بەواتایەیە هەموو کەشتییەک دەتوانێ بە گەرووی هۆرمز تێپەڕ بێ بە کەشتیی جەنگیشەوە و ئێران نابێ بەربەست بۆ تێپەرینیان دروست بکا. کەواتە ئەو مافە کە بە پشتبەستن بە رێکەوتننامە کۆن و نوێیەکان دروست بووە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لەوەی کە دەوڵەتی کەناراو مافی دەست بەسەرداگرتن یان رێگری کردن لە تێپەڕینی کەشتیی بیانی نییە تەنیا لە دۆخی ئاوارتەدا نەبێ کە ئەو تێپەڕینە هەڕەشە بۆسەر کیانی ئەو دەوڵەتە دروست بکا و بیخاتە دۆخی ناسەقامگیریی ئەمنی. گەرووی هورموز بەر لە دەستپێکی ئەو جەنگە لە دۆخی ئاسایی دا بووە و ناتوانرێ بارودۆخی ئاوارتەی بەسەر دا جێبەجێ بکرێ، هیچ ئاماژەیەک لەو گەرووەدا بەدی نەکراوە کە ناسەقامگیریی ئەمنی بۆ ئێران دروست بکرێ لەلایەن ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون. داخستنی گەرووی هورموز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێلی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە و بەرپرسیاریەتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە لێ دەکەوێتەوە.
بەرپرسیاریەتیی ئێران لە داخستنی گەرووی هۆرمز
ئێستا کە گەرووی هورمۆز داخراوە، سیستەمی نێودەوڵەتی چ ڕێکارێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشێلکارییە پێشبینی کردوە؟ بە واتایەکی دیکە بەرپرسیاریەتیی نێودەوڵەتیی دەوڵەتی کەناراو لەو سەرپێچییانەی بەتایبەت لەکاتی دروست کردنی بەربەست بۆ کەشتیرانی لە گەروودا ڕوودەدەن چییە؟ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەو پێناوەدا مافی دەستوەردانی راستەوخۆی هەیە بۆ گێڕانەوەی ئاسایشی گشتیی نێودەوڵەتی لەهەر ململانێیەک کە دەبێتە لێدان لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ بیوەستێنێ بە پاساوی دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەی. لەبەر ئەوەی ئەو دەستوەردانە پاریزگاری لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکا. هەربۆیە دەتوانێ رێوشوێنی سیاسی و ئابوری بگرێتە بەر دژی ئەو دەوڵەتەی هەڕەشە لە ئەمنیەتی نێودەوڵەتی دەکا و ئەگەر بۆی دەرکەوت رێوشوێنی ناسەربازی کاریگەری نییە، دەتوانێ پەنا بۆ رێوشوێنی سەربازی ببا بەیێی بەشی حەوتەم لە میساقی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەربۆیە دەوڵەتانی کەناراوی گەروی هورموز دەبێ پابەند بن بە پێداویستیی بەردەوامبوونی کەشتیرانی نێودەوڵەتی و رێگری نەکردن لە تێپەرینی کەشتییە بیانییەکان بە گەرووەکەدا لە چوارچێوەی پڕەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی، تەنانەت ئەگەر کەشتی جەنگی بن بەو مەرجەی نەبنە مەترسی لەسەر وڵاتانی کەناراو. هەر بۆیە داخستنی گەرووی هورموز، بەرپرسیاریەتیی نێودەوڵەتی دروست دەکا بەپێی میساقی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێویستی بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ وەستاندنی ئەو هەڕەشەیە.
هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە ئێستادا کە بنەما نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی جووڵەی بازرگانی لەلایەن ئێرانەوە پێشێل کراوە، ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێ هەڵوێستێکی هاوبەش بگرێتە بەر بەرامبەر مەترسییەکانی ئێران و ئەنجومەنی ئاسایش وەک نوێنەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بریاری یەکلاکەرەوە لەو پرسەدا بدا؟ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەپێی میساقی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیاری سەرەکییە لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لە گرتنەبەری ڕێکاری جۆراوجۆر بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو هۆکار و لایەنانەی مەترسی دروست دەکەن لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
جەمسەربەندییە جیهانییەکان و بەتایبەت ناکۆکیی نێوان ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بوونەتە گەورەترین ڕێگر لە بەردەم کارایی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە لە یەکلاکردنەوەی پرسە گرینگەکاندا. هەر بۆیەشە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسانەی ناکۆکییان لەسەرە، دەبێتە قوربانیی پڕەنسیپی ڤیتۆ و ئاراستەی جیاواز لە پێناسەی بەرژەوەندیی گشتیی نێودەوڵەتیدا سەرهەڵدەدا.
بۆ نموونە ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕووداوەکانی سووریە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبی تووشی ناکامییەکی گەورە بووەوە و کارەساتی گەورەی مرۆیی لەو وڵاتەدا ڕووی دا و بە سەدان هەزار کەس بوونە قوربانیی بەرژەوەندیی ڕوسیا و ئێران لە لایەک و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەلایەکی دیکەوە. نابێ نکۆڵی لەوەش بکرێ کە زۆرجار بێ کرداریی ئەنجومەنی ئاسایش بەرهەمی ڕێککەوتنێکی شاراوەی زلهێزەکانە.
هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە. ڕێژیمی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا سەرەڕای پڕۆگرامی ناوەکی گوماناوی، بە هۆکاری تریش هەڕەشە بووە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناوچەی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەرەپێدانی پڕۆگرامی مووشەکە بالیستیکییەکان، دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچە و سپۆنسەریی گرووپەکانی ناسراو بە بەرەی موقاومەت و هەڕەشەی بەردەوام لە ئازادیی هاتوچۆی بازرگانی دەریایی لە کەنداو و دەریای سووردا و هەروەها پێشێلکاریی بەربڵاو و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێراندا، لە هۆکارە کاریگەرەکانی تێکدانی ئاشتیی نێودەوڵەتین لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە. ئەنجومەنی ئاسایش تەنیا لە پرسی پڕۆگرامی ناوەکیدا لە گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش سەرکەوتوو بووە، لەکاتێکدا ئەو هاوهەڵوێستییە کە لە کۆمەڵێک بڕیارنامەی ئەنجومەندا بەدی دەکرێ نەتەنیا نەیتوانی کۆماری ئیسلامی پابەند بکا بە پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەستێنی سەرهەڵدانی جەنگی ئامادە کردووە.
تەنگەژەی گەرووی هورموز و سەرهەڵدانی قەیرانێکی نێودەوڵەتی بۆ بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان، بۆ جارێکی دیکە ئەنجومەنی ئاسایشی خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە. تاقیکردنەوەیەک کە پێناچی بتوانێ بە سەرکەوتوویی تێیپەڕێنێ. هەر لەبەر ئەو ڕاستییەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەتایبەت شەخسی تڕامپ بەدوای ئالترناتیڤێکەوەیە بۆ گێڕانەوەی ئەمنیەتی گەرووی هورموز لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایش. هەرچەند ئەو قەیرانە سەرەتای پرسیار خستنە سەر ئەو نەزمە جیهانییە نییە کە بەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام بە خاڵی وەرچەرخانی بێ کەڵک کردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێ. دروشمی بەنێوبانگی تڕامپ کە بریتییە لە گێڕانەوەی ئاشتی لەڕێگای هێزەوە، دەرهاویشتەی ئەو دۆخە نوێیەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەوەش ڕێک پێچەوانەی مەبەستی سەرەکیی دامەزرانی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەیە کە بەدوای جەنگی دووەمدا و لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتۆتە ئاراوە. بەپێی ناوەڕۆکی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان (ماددەی ٣٣) پێویستە ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکرێن.