کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ژووری ڕێکخراوە سێنفییەکانی کشتوکاڵی ئێران: هەڵاوسان و گرانی بەرهەمی بەڕێوبەریی ناکارامەیە نەک شەڕ

09:57 - 24 جۆزەردان 2726

پەیمان عالەمی، بەرپرسی ژووری ڕێکخراوە سێنفییەکانی کشتوکاڵی ئێران، ئەو دەنگۆ و پاساوانەی ڕەت کردەوە کە گرانییەکانی ئەم دواییەی بازاڕ بۆ بارودۆخی شەڕ دەگێڕنەوە و ڕایگەیاند: "بە ڕاشکاوی دەیڵێم، من هیچکام لەم هەڵاوسانانە بە هۆکاری شەڕ نازانم، بەڵکوو ئەوەی دەیبینم تەنیا ناکارامەیی بەڕێوەبەری و لاوازیی بەڕێوەبردنە."

عالەمی ڕوونی کردەوە کێشەکانی وەک زیادبوونی کرێی کرێکار، تێچووی وزە، کەمیی نەختینە و نەبوونی سەرمایە لە گەڕاندا، سێبەری قورسیان بەسەر نرخی خۆراکدا کێشاوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کاڵا تا ٥٠٠٪ گران بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک ڕۆژانە پێداویستیی خۆراکی دەکڕن، گوشاری دەروونیی گرانییەکە لەم بەشەدا زیاترە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکانی مانگی بانەمەڕ نیشانی دەدەن گوشاری گرانییەکان پێش دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی شەڕ، گەیشتبووە ئاستێکی زۆر قورس؛ بە شێوەیەک کە هەڵاوسانی گشتی سەرووی ٧٠٪ و گەشەی نرخی خۆراک و خواردنەوەکانیش ١٠٠٪ی تێپەڕاندووە.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان دەیانەوێت قەیرانی بژێوی بخەنە ئەستۆی شەڕ و گەمارۆ، لە کاتێکدا پێشتر خۆیان دانیان بەوەدا نابوو کە گۆڕینی سیاسەتی دراو و لابردنی ئەرزی تەرجیحی (دۆلاری پاڵپشتیکراو) دەبێتە هۆی بازدانی نرخەکان و بەتاڵکردنی سفری هاووڵاتییان.