ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و جیابیران لە ئێران هۆشداریی دا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕاگرتنی خێرای ئەم سزایانە هەنگاو بنێن.
ئەم ڕێکخراوە جیهانییە بەتایبەت تیشکی خستووەتە سەر دۆخی مەترسیداری پێنج بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز بە ناوەکانی مەسعوود جامیعی، عەلیڕەزا مۆرداسی، فەرشاد ئێعتیمادیفەر، ڕەزا عەبدوڵی و حەسەن موسەڵاوی کە لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ موجاهیدینی خەلق حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت کۆماری ئیسلامی لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەوە لە مانگی ڕەشەمەوە، لانیکەم ٤٢ نەیاری لە سێدارە داوە.
ئەم ڕێکخراوە جەختی کردووەتەوە کە تاران سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە، کپکردنی دەنگی نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکان و توندکردنەوەی کەشی سەرکوتکاری لە نێوخۆدا بەکار دەهێنێت.