
هێمن مەردانی
سەمفۆنیای ژمارە ٥: لە مارشی شینەوە بۆ بەرگری:
(خوێندنەوەیەک بۆ سەمفۆنیای پێنجەمی مالێر لە بەستێنی پۆست - کۆلۆنیالیزم و هزر و گوتاری سیاسیی د. قاسملوودا)
هەر لە منداڵی و تازەلاوەتیدا، کە گوێم لە دەنگی مۆسیقای تیتراژی سەرنجڕاکێش و چێژبەخشی ڕادیۆ "دەنگی کوردستان" دەبوو بەدوای سروودی "ئەی ڕەقیب"دا، بەردەوام و ڕۆژانە پارچە مۆسیقایەکی ئورووپایی و مۆدێڕن بۆ ماوەی نیزیکەی دەقە و نیوێک بڵاو دەبۆوە. هەموو کات یان جاروبار کە گوێم لێ دەگرتەوە یان گوێم لێ دەبۆوە، حاڵەتێکی نۆستالژیکی بۆم هەبوو. لەو قەدەرانە لە کاک مەنسوور خوسرەوی، کادری پێشووی ڕادیۆ دەنگی کوردستانم پرسی کە کێ و چۆن بووە ئەو پارچە مۆسیقایە لە ڕادیۆ دابنرێت؟ بەڕێزیان وتیان کە لە سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی ڕادیۆ، واتە لە نێوان ماوەی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ تا کۆتایییەکانی هەر ئەو ساڵە، ئەم پارچە مۆسیقایە بە دەستپێشخەریی د. قاسملوو وەک تیتراژ لە سەرەتای دەستپێکی بەرنامەکانی ڕادیۆ دانراوە و کاسێتی سەمفۆنییەکەش هەر لەلایەن خودی د. قاسملووەوە پێشکەشی ڕادیۆ کراوە.
ئەم وتارە دەپڕژێتە سەر شیکاری و پێداچوونەوە بەسەر گرتەیەکی دەنگیی مۆنتاژکراو لە شێوازی (ئۆستیناتووی جووڵەی یەکەم یان تراوەر- مارش) لە ئاهەنگساز و مۆسیقازانی بەناوبانگی نەمسایی گۆستاو مالێر و بەرهەمە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەمفۆنیی ژمارە پێنج لە هەنگاوی دوو دێزی مەینۆر (کە جۆرە هەنگاوێکی مۆسیقایییە لە کەشوهەوایەکی خەمناک و خەماویدا) لە بەستێنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران وەک زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
ئەم پارچە مۆسیقایە کە بەدوای قەیرانی نێو ژیانی مالێر لە ساڵی ١٩٠١ەوە و لە چوارچێوەی کەندوکۆژی ئەو بۆ زمانێکی نوێوە شەقڵی گرت (ئادورنۆ، ١٩٩٢: ٦٣- ٦٥، میشێل ٢٠٠٥: ١٢٩- ١٣١)، لە ڕەوتی گواستنەوەی بۆ نێو بەستێنێکی سیاسی - ڕاگەیاندنیدا، کارکرد و دەورێکی نوێ بەخۆوە دەبینێت. بە پشتبەستن بە تیۆرییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان - بۆ وێنە چەمکی سوننەت یان "تڕادیشن" لەلای تی. ئێس. ئێلیەت، شیکاریی ڕەگەزی دووپاتەیی و شین و شەپۆڕی ئێدگار ئالەن پۆ و هەروەها چەمکی "داڕشتی هەست و سۆز"ی ڕەیمۆند ویلیامزەوە - هەوڵ دراوە لەڕێی ئەم وتارەوە ئەوە نیشان بدرێت کە چلۆن ئۆلگۆیەکی دەنگیی دووپاتەکراوە دەبێتە ئامێر و کەرستەیەک بۆ بەرهەمهێنانی یادەوەریی گشتی و هەست و سۆزی خۆڕاگری. هاوکات بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی پێش - ئاگایی (فۆر- شێودینگ)، باس لەوە دەکرێت کە ئەم پارچە مۆسیقایە دەبێتە دەربڕینی "داهاتووی هەڵپەسێردراو" لەنێو ئەزموونی سیاسیی کوردیدا. دواجار، پێوەندیی تراژیدی لە نێوان بنەچە نەمسایییەکەی ئەو مۆسیقایە و تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤیێنا (١٩٨٩)، ئەم دەنگە بەرز دەکاتەوە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی - چەمکی.
پێشبار
گواستنەوەی فۆرمەکانی هونەر لە بەستێنێکی مێژووییەوە بۆ بەستێنێکی تر، بەتەنیا جێگۆڕکێ نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی ماناشە لەلایەکی ترەوە. هەروەک تی. ئێس. ئێلیەت دەریدەخات هەموو بەرهەمێکی هونەری لەنێو تۆڕێک لە پێوەندییە مێژووییەکان مانا پەیدا دەکات و لە هەر خوێندنەوەیەکی نوێدا، ئەو پێوەندییانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت (ئێلیەت، ١٩٧٥: ٣٨).
لەو سۆنگەیەوە، دەکارکردنی بڕگەیەکی دەنگی لە سەمفۆنیی پێنجەمی مالێر لە ڕادیۆیەکی کوردیدا بە واتای ڕازاندنەوەی نەریتێک لە بەستێنی زۆر جیاوازدا دەکرێ شیتەڵکاری بکرێت؛ بەستێنێک کە تێیدا، دەنگ لە ناوەندی هونەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سیاسەت و لەو گواستنەوەیەدا، دەور و نەخشێکی نوێتر دەگرێتە خۆی.
سەمفۆنیی پێنجەمی مالێر لە دۆخێکی قەیراناویی ژیانی ئەودا بیچم و شەقڵی وەرگرتووە؛ ئەزموونێک نزیک لە مەرگ لە ساڵی ١٩٠١ کە دواجار بوو بەهۆی ئافراندن و داهێنان لە ژیانیدا (میشێل، ٢٠٠٥: ١٢٩-١٣١). ئەم ئەزموونە لە زمانی مۆسیقاییشدا دەنگدانەوە و کاریگەریی هەبووە: داڕشتێکی چڕوپڕ، جیاکراوە و هەڵواسراو لە نێوان بەرداشی ڕێکخراوەیی و داڕماندا (ئادورنۆ، ١٩٩٢: ٦٣-٦٥). بەو حاڵەش، گرینگیی ئەو بەرهەمە بەتەنیا لە ئاڵۆزکاوی و داڕشتی ئەودا نییە، بگرە لە چلۆنایەتی و کوالێتیی سەرەتایی ئەودا خۆی حەشار داوە. موومان یان جووڵەی بەشی سەرەتایی، بە سۆلۆی هێمایینی ترامپێت و ڕیتم و ڕەوتی لەسەرەخۆ و قورسی مارشی تازیەباری و خەمباری، هەر لەجێوە ئاسۆی عاتیفی و هەست و سۆزی ئەو بەرهەمە دیاری دەکات.
دەکرێ ئەو سەرەتایە بە جۆرێک لە پێشەکی و دەستپێکی مۆسیقایی دابنێین؛ دەستپێکێک کە بێ دەربڕینی ڕاستەوخۆ، کەشوهەوای خەماوی و ماتەمینی بەرهەمەکە هەر لەڕێوە پێمان نیشان دەدات و بە جۆرێکیش پێمان دەڵێت کە لە درێژەدا چی چاوەڕوانمان دەکات. نموونەی هاوچەرخی ئەو دەستپێکە سەنگین و ڕەنگینە دەتوانین لە پێرفۆرمێنسی ئێدوارد گاردنێر بە هاوکاریی ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی لەندەن ببینین؛ شوێنێک کە سۆلۆی دەستپێکی ترامپێت بە باشی و بە تەواوی دەبیسترێت و بە واتای بانگەوازێک دێتە بەرچاو. وەک ئەوە وایە کە هەر لە سەرەتاوە بیسەر بانگ دەکرێت بۆ کەشوهەوای خەماوی و ماتەمینیی پارچە مۆسیقاکە و ڕەوت و ڕیتمی بە هەست و سۆزی دیاری دەکات. هەر بەو هۆیەش، پێرفۆرمێنس و ئیجرا بەتەنیا دابەشینی سادەوساکاری مۆسیقا نییە، بگرە جۆرە شیکاری و لێکدانەوەیەکی لەگەڵدایە. لە درێژەدا، دووپاتەکان ئیتر تەنیا دووپاتەی خەم و ماتەمین نین، بەڵکوو لەو حاڵەتە هێواش و خاوەوە بەرز دەبێتەوە بۆ هەوا و حاڵەتێکی گشتگیر و هەژێنەر کە ڕەنگە مچۆرک بێنێت بە مووی لەشی بیسەراندا و لە پاشاندا هەستێکی سووکنایی گرتن، ڕوونتربوونەوەی کەشوهەوا و تەنانەت هاتنی هیوا و ئومێدێک دەست پێ دەکات (جانسۆن، ٢٠٠٩: ١١٢–١١٥).
لە ڕادیۆدا ئەو پارچە مۆسیقایە بە تەواوی بڵاو ناکرێتەوە، بەڵکوو تەنیا دوو بڕگە و بەشی نەزم و بەرزی بە شێوەی دووپاتە مۆنتاژ کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە - کە بەستراوەتەوە بە کەشوهەوای سیاسیی پێوەندیدار بە د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو- دەرخەری جۆرە تێگەیشتنێکە لە دەنگ وەک ئامێری شکڵ و شەقڵدان بە ئەزموونی گشتی؛ واتە دەنگ تەنیا بۆ بڵاوکردنەوە نییە و مەبەست لێی زیاتر کاریگەری دانانە لەسەر هەست و نەست و ئەزموونی بەکۆمەڵی کۆمەڵانی خەڵک. لێرەدا مۆسیقا دەبێتە بەشێک لە داڕشتێکی بیستراو کە بەتەنیا مانا ناگوازێتەوە و هاوکات بەرهەمیشی دەهێنێت؛ پڕۆسەیەک کە تێیدا مۆسیقا لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنی خۆیدا دیسان پێناسە دەکرێتەوە و بیچم و شکڵی نوێتر دەدۆزێتەوە (چانان، ١٩٩٤: ١٥–١٨). بەتایبەتی ئەو بەشە خاو و هێواشانە کە هاوکات قورس و خەمبارن. لەم تازەگەرییە نوێیەدا، ئەم بەشەی مۆسیقاکە تەنیا دەربڕی خەم و ماتەمین نین، بەڵکوو هاوکات یادەوەرییەکی بیستراوەیین لە نەبوون، لەدەستدان و خۆڕاگری و بەرگری.
خاڵی گرینگ لێرەدا تەنیا کەڵکوەرگرتن لەو مۆسیقایە نییە، بەڵکوو هاوکات ئەوەیە کە ئەو بەش و بڕگانە چۆن ئاوا بە جوانی و بەئەنقەست لێرە پێکەوە دانراون و لکێندراون! هەروەک وتمان ئەو پارچە مۆسیقایە بەتەواوی دانەبەزێندراوە بۆ دەکارکردن لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان، بەڵام بە سەلیقە و زانایی کاک دوکتور قاسملوو هەڵبژێردراون کە زۆرترین و کاریگەرترین باری هەست و سۆز و تواناییی پێکهێنانی جووڵەیان هەیە. بەم چەشنە، هەر وەک دەبینین دەنگ تەنیا دەنگدانەوەی ڕاستی و واقیع نییە، بەڵکوو بۆ خۆی دەور و نەخشی کاریگەری هەیە لە شەقڵدان بە ئەزموون (ئەتالی، ١٩٨٥: ٢٤– ٢٦؛ لابێڵ، ٢٠١٠: ١٥– ١٨).
هەربۆیە مۆسیقا لە بەرهەمێکی تەواو و کامڵ دەبێتەوە بە هەندێک بڕگە و بەش کە دەکرێ و دەتوانرێ دیسان لە بارودۆخی جیاوازدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت و مانای تازەیان پێ بدرێت (بنیامین، ١٩٦٩: ٢١٧– ٢١٨). هەر بەو هۆیە، دەنگ بەتەنیا زمانحاڵی خەم و پەژارە نییە و بەپێچەوانەوە، دەتوانێت کۆمەڵانی خەڵک وەجووڵە بخات و هیوا و ئومێد بڵاو بکاتەوە.
ئەم نووسینە دەیەوێ بڵێ چۆن دەنگێک و بڕگە مۆسیقایەکی دووپاتە، تواناییی ئەوەی هەیە لە کەشوهەوایەکی سیاسیدا ببێتە ئامێر و کەرستەیەک بۆ پاراستنی بیرەوەری، تێگەیشتن لە زەمەن و خۆڕاگری. هاوکات ئەم پرسیارەش دەورووژێنێت کە ئاخۆ دەکرێ ئەو دەنگە بەجۆرێک وەک "چیرۆک یان گێڕانەوەیەکی بێ مۆنۆلۆگ و دیالۆگ" سەیر بکەین و تێی بفکرین؟ گێڕانەوە و بەسەرهاتێک کە تێیدا لەڕێی دووپاتەکردنەوە و پێکهێنانی چاوەڕوانی، بیچم دەگرێت.
لەو نێوەدا، ناکرێ دەور و نەخشی د. قاسملوو تەنیا وەک سیاسەتمەدارێک لەبەرچاو بگرین، بەڵکوو دەبێ وەک ڕۆشنبیر و فەرهەنگدۆستێکیش سەیری بکەین. ئەو کە لە شاری پڕاگ خوێندنی تەواو کردبوو و لەگەڵ دابونەریتی فکری و هونەریی ئورووپایییەکان بە باشی ناسیاو بوو، لە دەیەی ١٩٧٠دا بەشێک لەو ئەزموونەی خۆی گواستەوە بۆ ناو کەشوهەوای ڕادیۆی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەیەکی زارەکی لە مەنسوور خوسرەوییەوە، د. قاسملوو بەتایبەتی کاسێتەکانی مۆسیقای کلاسیک، بۆ وێنە سەمفۆنیای ژمارە پێنجی بەرهەمی گۆستاو مالێری بۆ ڕادیۆ "دەنگی کوردستانی ئێران" هێناوە (خوسرەوی، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦).
ناکرێ هێنان و دانانی ئەو مۆسیقایە بە شتێکی سادەوساکار دابنێین؛ لە ڕاستیدا ئەمە هەڵبژاردنێکی شارەزایانە بوو کە هەوێنی سەرەکیی ئەم وتارە - واتە پێوەندی لە نێوان مۆسیقا، یادەوەری و خۆڕاگری - پێک دەهێنێت؛ هەڵبژاردنێک کە دەریدەخات چۆن دەکارکردنی دووبارە لە ڕەگەز و توخمە فەرهەنگییە "نا - خۆجێیییەکان" دەکرێ یارمەتیدەر بێت بۆ ناساندنەوەی دیسانەوەی پێناس و شوناس و بەهێزکردنی یادەوەریی گشتی لە کەشوهەوایەکی سیاسیی سەرکوتگەرانەدا. هاوکات هەڵبەت ناکرێش نکۆڵی لە لایەنی نوێگەری و نوێبوونەوەی ئەم دەکارکردنە بکرێت.