کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی "زاگڕۆس ٢٤"دا سیاسەت و ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ پرسە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانی باس کردووە و ڕاشکاوانە وڵامی زۆر پرسیاری پێوەندیدار بە دۆخی خەباتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، پێوەندیی نێوانیان و هەل و مەترسییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا کردووە.
کاک مستەفا هیجری لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە چۆن دەڕواننە شەهیدبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگە و گریلا لە ڕووداوەکانی مانگی ڕابردوودا و ئایا ئەمە دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامییە، گوتی: پیلانی تیرۆر و کوشتن و هێرشکردنە سەر حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لەلایەن رێژیمە چاوەڕوانکراوە، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگە لە سەرکوت و زەبروزەنگ نیشاندان هیچ شتێکی دیکەی لێ ناوەشێتەوە و مەبەست لەوەش تەنیا ترساندن و تۆقاندن و پاشەکشەپێکردن بە کۆمەڵگە و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانە کە دیارە ئەمەش هەوڵێکی بەردەوامی شکستخواردوویە. لە لایەکی دیکەشەوە حیزبی دێموکرات جیا لە مێژووی دوورتر و پێش لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش، بەڵام هەر لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەلاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا لە زۆر بڕگەی زەمانیدا خەباتی چەکداریی دژی رێژیم کردووە و خەباتی مەدەنیی بەرفراوانیشی ڕێکخستووە. بەڵام سروشتییە بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو سیاسەتەی بە نیسبەت هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران بەردەوام بێت؛ لەوانەیە ڕێگایەکی دیکە بۆ بەرپەچدنەوەی ڕێژیم نەمێنێتەوە و دواجار خەڵکی کورد مافی خۆیەتی بەرگریی ڕەوا لە مان و مەوجودییەتی خۆی بکات.
سکرتێری گشتیی حیزب لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا هێزەکانی نەناردەوە و بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامییان نەکردەوە، هۆکارەکەی بۆ هاوسەنگنەبوونی هێز گەڕاندەوە و گوتی: ڕاستە کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەدا زەبری قورسی وێ کەوت، بەڵام بینیمان کە بەو هێرشانە نەڕووخا. مخابن کۆماری ئیسلامی ئەوەندەی هێز هەیە لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە کوردستان بیخاتە گەڕ و بەپێی ئەو تووڕەیی و بێزارییەی لە کوردی هەیە، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە چووبانەوە تۆڵەی هەموو ئەو شکست و خەسارانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا تووشی ببوو، لە خەڵکی کوردستانی دەکردەوە. هەر بەو جۆرەی لە خۆپیشاندانەکانی تاران و شارە گەورەکاندا خەڵکێکی یەکجار زۆریان کوشت، بێگومان لە کوردستان کوشتارەکە لەوەش زیاتر دەبوو.
کاک مستەفا هیجری وێڕای بە دروستزانینی ئەو بڕیارە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە گوتی حیزبە کوردییەکانی کارێکی دروستیان کرد حەرەکەتێکی وایان نەکرد کە پێشانی بدەن ئەوان شانبەشان و هەماهەنگ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێڕشیان کردووەتە سەر کۆماری ئیسلامی. چونکی تەنانەت ئەو دوو وڵاتەش سیاسەت و ئامانجی سەربەخۆ و جیاواز لە یەکتریشیان دژی کۆماری ئیسلامی هەبوو. بۆیە بێگومان لە ئەگەری چوونەوەی هێزی حیزبە کوردییەکاندا دەرەنجامەکان پێچەوانەی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبوون. بەڕێزیان لە کۆتاییدا ئەو ڕاستییەشی بیر هێنایەوە کە کوردستان بەتەنیا ناتوانێ ڕژێم بڕووخێنێ، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە هەموو بەشەکانی دیکە بۆ ئازادیی کوردستان و دێموکراسی لە ئێران خەباتی کردووە و قوربانیی داوە و خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە. بۆیە حەق وایە هەر وەکوو خەڵکی دیکە لە ئێراندا بجووڵێتەوە. بەو مانایە نە لەوان دوا بکەوێت و نە ئەوەندە پێشیان بکەوێت کە ناچار بێت قوربانییەکی یەکجار زۆر بدات.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم وتووێژەدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ ئەوە کەمکاریی بزووتنەوەی کوردە کە پرسی کورد لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیدا نایەتە گۆڕێ، ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا و ئورووپا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی گرت و گوتی لانیکەم لە ڕۆژی یەکەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ٤٠ ساڵیش، سیاسەتی ئەمریکا، ئەورووپا، و بە گشتی سیاسەتی دنیا پشتیوانی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. چونکی پێیان وابوو ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو سیاسەتە ئایدیۆلۆژییکییەکانی خۆی دەگۆڕێت، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەبێتە حکوومەتێکی هاوسەنگ و هەمیشە سیاسەتی ئەمریکا ئەوە بووە کار دەکەن بۆ ئەوەی کە سیاسەت و رەفتاری ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بگۆڕن، نەک ڕێژیمە سیاسییەکە. سروشتییە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و وڵاتانی زلهێزی دنیا چاویان لێیەتی و هەمیشە ویستوویانە بە ساتوسەودای سیاسی و بازرگانی قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان لەو وڵاتەدا دابین بکەن. تەنانەت ئەوکاتانەی کۆماری ئیسلامی کردەوەی تێرۆریستیی دژی تێکۆشەرانی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی دیکەی ڕێژیم لە وڵاتانی ئورووپایی دەکرد، هێشتا لەسەر ئەو سیاسەتەیان بەردەوام بوون بەو هیوایەی ڕۆژێک ڕێژیم ڕەفتار و سیاسەتی خۆی دەگۆڕێ و ئەوان دەتوانن لەگەڵ ڕێژێمێکی باوی سەردەم، مامەڵە و بازرگانییەکانی خۆیان درێژە پێ بدەن. دیارە ئێستا ئەوەندەی دەردەکەوێ ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕێژیمە ئەو هەمووە دەرفەت و مەیدانەیان دایە، گۆڕانی بەسەردا نایەت. بۆیە دەبینین ئێستا ڕەفتاریان لەگەڵ ڕێژیم گۆڕاوە و بە دووری نابینم لەوە بەدوا پرسی کورد و بە گشتی ئۆپۆزیسیۆنی مەیدانیی ئێران زیاتر ببێتە ڕۆژەڤی هاوکێشەکان.
پرسیارێکی دیکە لەو وتووێژەدا پێوەندیدار بە پێگەی کورد لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ڕێژیمدا بوو. کاک مستەفا لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بێتوو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت پرسی کورد کراوەتر جووڵایەوە، بەڵام هێشتا فێدرالیزم و خودموختاریی قبووڵ نەبوو، ئاخۆ حیزبی دێموکرات لە داخوازی و ستراتیژییەکانی خۆی پاشەکشە دەکا؟ گوتی: لە هیچ هەلومەرجێکدا ئێمە لە داخوازیی خۆمان پاشەکشە ناکەین، چونکە پێمانوایە کە داخوازییەکانی ئێمە داوایەکی ڕەوا و سەردەمیانە و بەشێکی بنەڕەتیین لەو دێموکراسییەی هەموومان کاری بۆ دەکەین. بەڵام ڕەنگە لە هەلومەرجێکدا هەندێ نەرمینواندن بێتە گۆڕێ و ئێمە نابێ لە سیاسەتدا مامەڵەی سفر و سەد بکەین، یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک. بەڵکوو ئەوەی بەدەستی دەهێنین و لە تواناماندایە وەری دەگرین و دەیکەینە جێپێیەک بۆ درێژەپێدانی داوا و خواستەکانی دیکەمان؛ چونکە ویست و داخوازیی دێموکراسی و دابینبوونی ماف هەتا ئەوکاتەی ژیان بەردەوامە و داخوازیی بۆ بەرەوپێشچوون هەیە؛ قەت کۆتایی نایەت.
کاک مستەفا هیجری لەو وتووێژەدا بە ئاماژە بە دەستپێشخەرییەکانی حیزب لە دامەزرانی ناوەندی هاوکاری، ناوەندی دیالۆگ و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا پێی لەسەر پێویستیی یەکگری و هاوپێوەندیی زیاتری حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگرتەوە و یەکگرتوویی خەڵک و حیزبەکانی بە هۆکار و پێویستیی بردنەپێشی خەبات و سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دا. بەڕێزیان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستنی ئێران و هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر نەمانی هاوپەیمانییەکە چین؟ گوتی: ئامانج لەو هاوپەیمانییە بەهێزکردنی پێگەی کوردە و ئەوەش بە ڕێکخستنی باشتر و بەرفراوانترکردنی هاوپەیمانییەکە دێتە دی، هەروەها هاوپەیمانی پێویستە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییە ئێرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم کە لانیکەم لەباری فکرییەوە بۆ بەڕیوەبردنی ئێرانی داهاتوو لێکنیزیکین؛ هاوخەباتییەکەی پەرە پێ بدا و هاوپەیمانیی لەدژی کۆماری ئیسلامی پێک بێنێ.
هەروەها ئێمە نەک هەر لە سەردەمی خەباتی دژی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دوای ڕووخانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییش بۆ ئیدارەکردنی کوردستان و بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە حکوومەتی داهاتووی تاراندا پێویستیمان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی هەیە. ئەوەش کە ئاخۆ مەترسیی هەڵوەشانەوە لەسەر هاوپەیمانییەکە دەکرێ، دەبێ بڵێم هیچ هاوپەیمانییەک ئەبەدی نییە. هاوپەیمانییەکان لەسەر بنەمای پارسەنگی هێز و قازانج و بەرژەوەندی پێک دێن و ڕەنگبێ ڕۆژێک ئەو هاوپەیمانییە بە هۆکاری گۆڕانی پارسەنگیی هێز یان بەرژەوەندییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت؛ بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە نەتوانی هاوپەیمانیی دیکە پێکبهێنی. بەڵام هەتا ئەوکاتەی ئێمە قازانج و بەرژەوەندییەکانمان وەکوو کورد لە هاوپەیمانی و کاری هاوبەشدایە، دەبێ هەوڵی بۆ بدەین.
سکرتێری گشتیی حیزب لە بارەی پڕۆسەی "ڕاسان" و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەسکەوتەکانی ڕاسان کە ١٠ ساڵ لەوە پێش ڕاگەیەندرا چی بوو و بۆچی حیزبی دێموکرات ڕایگرت و وردە وردە لێی خاو بۆوە؟ گوتی: پڕۆژەی ڕاسان سەرەڕای تێچووی گیانی بۆ حیزب دەستکەوتی زۆریشی هەبوو، چونکی لە بارودۆخێکدا کە نائۆمێدی ڕووی لە خەڵک کردبوو، هیوایەکی دیکەی بە بەری خەڵک و کۆمەڵگەدا کردەوە و پێشانی دایەوە حیزبی دێموکرات هێز و توانا و خەبات و خۆڕاگرییەکەی هەر لە جێی خۆیدایە و هێزی پێشمەرگە ئێستاش دەتوانێ زەربەی قورس لە ڕێژێم بوەشێنێ. بەڵام بە هۆی گوشارە دەرەکییەکان لەلایەن بەغدا و هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش گوشاری کۆماری ئیسلامییان لەسەر بوو، ئەم جموجۆڵە بەرەبەرە کەم بوونەوە؛ دیارە بۆ خۆشمان وەکوو حیزبی دێموکرات بەرنامەمان ئەوە نەبوو هەر درێژە پێ بدەین. کاک مستەفا هیجری لەبارەی کاریگەریی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی تاران-بەغدا-هەولێر لەسەر چالاکیی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ڕوونی کردەوە کاتێک ئەوان ڕێککەوتوون کە ئێمە هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە نەنێرینەوە بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لە کاتێکدا ئێمە لەسەر خاکی خۆمان نین و بەشی ئاشکرای حیزبەکانمان لە وڵاتێکی دیکەین، سروشتییە گوشاری دەرەکی کاریگەریی لەسەرمان دەبێت.
پێوەندیدار بە دروشمی ستراتیژیی حیزب کە دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدرالە و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بنەما و جۆری ئەم فیدراڵیزمە چییە حیزبی دێموکرات داوا دەکا؟ گوتی: ئێمە پێمان وایە باشترین جۆری فیدراڵیزم، فێدرالیزمی جوگرافیایی و نەتەوەیی بێت؛ هۆکارەکەی ئەوەیە پێکهاتەی ئیداری و جوگرافیی ئێستای ئێرانی و لەسۆنگەی پڕۆژە ئەمنیەتییەکان پێکهاتەی پارێزگا و ناوچە نەتەوەییەکان تێکەڵ بە یەکتری کراون. ئێمە دەمانەوێ هەموو نەتەوەکان بە شوناسی خۆیان لە حکوومەت و دەسەڵاتدا بەشدار بن و هەمووان پشکیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی وڵاتدا هەبێت. بۆ ناوچە جێناکۆکەکانیش مادام باوەڕمان بە دێموکراسی هەیە، سروشتییە دەنگی یەکلاکەرەوە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە دەیدەن. واتە لەو شارانەی دوو نەتەوەی کورد و تورک هەیە، ئەوە ئەنجومەنی شار یان ئەنجومەنی دێیە کە ئەو شوێنانە بەڕێوە دەبات و بە دەنگی ئازادی خەڵک دەسەڵاتەکان یەکلا دەبنەوە و دابەش دەکرێن.