وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: تێرۆری ڤییەن لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨دا، تەنیا لێدان لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. د. قاسملوو، وەک ڕێبەری کاریزماتیکی ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە لە کاتێکدا تێرۆر کرا کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد چووبووە سەر مێزی دانوستان. دوای تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ لەو کارەساتە و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاک عومەر باڵەکی، تێکۆشەری دێرین و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاوڕێک لە چرکەساتی بیستنی هەواڵەکە، بارودۆخی ناوچەیی، هۆکارەکانی پشت بڕیارە نادادپەروەرانەکەی دەوڵەتی ئۆتریش و وانەکانی ئەو مێژووە خوێناوییە بۆ داهاتووی خەبات دەدەینەوە.
کاک عومەر ئەو چرکەساتەی هەواڵی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵای قادری ئازەر گەیشتە ئێوە، لەکوێ بوون و کاردانەوەی ئێوە بەو هەواڵە چی بوو؟
ئەوکات لە ناوچەی مەهاباد لە هێزی پێشەوا بووم؛ لە جەریانی حەرەکەت و جووڵەی پێشمەرگانەدا، شەوی ٢١ی پووشپەڕ ڕوومان لە گوندی "بەیرەم" لە ناوچەی سارم و میرقاز کردبوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو گوندە مۆڵگەی دوژمنی لێ بوو و بەتەواوی بەسەر ئاوەدانیدا زاڵ بوو، بەڵام خەڵک بە چوونی پێشمەرگە بۆ نێو ئاوایی زۆر خۆشحاڵی بوون و بە باشی پێشوازییان لێ کردین. ئەو شەوەش وەک شەوانی دیکە، دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکان ئاوایی "بەیرەم"مان بەرەو شوێنی مەبەستمان بەجێهێشت. لەگەڵ کۆمیتەی شارستان وا ساغ ببووینەوە بۆ سبەی کە دەبوو بە جەژنی قوربان، خۆمان بگەینینە موچە و مەزراکانی گوندی "سەهۆڵان"، کە لە گۆڕستانی ناسراوی ئەو ناوچەیە -سەیدی کاکەجان- چەند شەهیدێکی پێشمەرگە بە خاک سپێردراون و خودی گوندی سەهۆڵانیش خاوەنی چەند بنەماڵەی شەهیدە. وامان دانابوو سبەی ئێوارەی جەژنی قوربان بچینە سەر گۆڕی شەهیدەکان و لەدواییدا بۆ نانی جەژن بچینە نێو گوندی سەهۆڵان. شەو خۆمان گەیاندە ئەو شوێنە و سبەی، واتە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، چاوەڕوانی ئەوە بووین ڕۆژ درەنگ ببێ و دوای سەردانی گۆڕی شەهیدان ڕوو لە ئاوایی بکەین.
بەڵام دەوروبەری نیوەڕۆ بوو کە ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەستی دەکرد بە پەخشی بەرنامەکانی؛ لە ڕێگای ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە گوێمان لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب بوو کە ڕوو بە خەڵکی کوردستان و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، باسی لە برینداربوونی د. قاسملوو لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا لە وڵاتی ئۆتریش دەکرد. بە بیستنی ئەو هەواڵە، دەستبەجێ بە بێسیم چووینە سەر خەت و دەفتەری سیاسیی حیزب لە ڕێگای پەیامی ڕەمزییەوە ئاگاداری کردین کە بەداخەوە کاک دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵای قادری ئازەر لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا شەهید بوون.
دیارە دەفتەری سیاسی لە چەند خاڵێکدا ڕێنوێنیی دابوو بە هەموو هێز و کۆمیتە شارستانەکان کە لەو بارودۆخە ناخۆشەدا دەبێت چ بکەن. ئەو هەواڵە بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیەش باوەڕکردنی زۆر سەخت بوو. هەواڵەکە بەخێرایی لەنێو پێشمەرگەکاندا بڵاو بۆوە؛ دۆخەکە شێوا و هەر پێشمەرگەیەک لە بن پچکەدارێک هەڵکوڕمابوو و لەبەر خۆیەوە دەگریا. بۆ ماوەیەک کەس نەبوو بتوانێ دڵی کەسی بداتەوە. هەرچۆنێک بوو وەخۆ هاتینەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی خۆپارێزی، کادر و پێشمەرگەکانم کۆکردەوە و شەهید کاک عەبدوڵڵا شەریفی، کە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بوو، لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پەیامەکەی دەفتەری سیاسییدا هەبوون قسەی بۆ کردن. لەو بارودۆخەدا هەموو هەوڵەکان ئەوە بوو هیچ کام لە کادر و پێشمەرگەکان لە بواری ورە و ئیرادەوە تێک نەڕووخێن. چونکە ئەو کات سەرەڕای دڵتەنگی و بەناسۆربوونی برینەکە، و چ لە ڕۆژەکانی دواییدا، بەپێچەوانەی نیگەرانییەکانی ئێمە و ویستی دوژمن، نەک ورە و ئیرادەی کادر و پێشمەرگەکان نەڕووخا، بەڵکوو بە ورە و ئیمانێکی بەرزترەوە ئەو ساڵە و ساڵانی دواییش درێژەیان بە ڕێبازی شەهید د. قاسملوو و هەموو شەهیدانی حیزب و گەل دا.
شک لەوەدا نییە تێرۆری د. قاسملوو زەبرێکی قورس لە پەیکەری حیزبی دێموکرات بوو. ڕێبەریی حیزب و هێزی پێشمەرگەی کوردستان چۆن توانی لە بەرانبەر ئەو زەبرە قورسەدا بەرگە بگرێ و درێژە بە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕیی خۆی بدا؟
سەرەکیترین ئەسلی مانەوە و بەرگەکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەیە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە؛ بۆیە هەر حیزبێک دەریای بێپایانی خەڵکی لەگەڵدا بێ، دەتوانێ بەرگەی کارەساتی لەو چەشنە بگرێ. حیزبی دێموکرات لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەممەد، توانیبووی بە هەوڵ و هیمەتی تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب بەسەر ئەو کۆسپە گەورەیەدا زاڵ بێ و حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە پێ بگرێتەوە. کادر و پێشمەرگە و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو فەرهەنگ و کولتوورە شۆڕشگێڕییە بار هاتبوون؛ بۆیە دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو، لەگەڵ ئەوەدا کە زەبرەکە قورس و برینەکە زۆر بەژان بوو، ڕێبەریی حیزب و هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر لێبڕاوانەتر لە پێشوو بەردەوام بوون لە درێژەدانی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕێبەریی حیزب لە بەڕێوەبردنی حیزبدا چالاکتر بوو بۆ ئەوەی لە نەبوونی شەهیدی ڕێبەرمان د. قاسملوودا هەست بە بۆشایی نەکرێ. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەبرێکی زۆر قورسیان لە هێزەکانی دوژمن دا، کە بە هیچ جۆرێک دوژمن چاوەڕوانی ئەو دژکردەوەیەی لەو ڕادە بەربڵاوەدا لە هێزی پێشمەرگە نەبوو. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی بە شەهیدبوونی د. قاسملوو ماتەمبار بوو، بەڵام "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" بوو بە دروشمی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و لەو ڕێگایەوە پەیامیان دا بە دەسەڵاتدارانی تاران کە ڕێگا و ڕێبازی قاسملوو، ویستی سەرەکیی زۆربەی خەڵکی کوردستانە.
ئەگەر بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لەو ڕووداوە بڕوانین، لەجێدا ئەو کاتە کاتێکی گونجاو بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو؟ چ شتێک د. قاسملووی ڕاکێشی ئەو داوە کرد؛ باوەڕەکانی؟ دۆخی نێوخۆیی حیزب و جووڵانەوەی کورد لە ئێران؟
هەر دیاردەیەکی مێژوویی کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ، حەق وایە هەڵسەنگاندنەکە بەپێی ئەو بارودۆخە بێ کە ڕووداوەکەی تێدا ڕووی داوە. کاتێک د. قاسملوو و عەبدوڵڵای قادری ئازەر لەو کردەوە تێرۆریستییەدا شەهید بوون، نزیک بە دە ساڵ بوو شەڕ بەسەر کوردستاندا سەپابوو و زۆر هاوکێشەی ناوچەیی و جیهانی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتبوو.
شەڕی ئێران و عێراق کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەدەستدانی پشتی جەبهەی بۆ جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بوو، تەواو ببوو. ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٥ی ئەلجەزایر زیندوو ببۆوە کە بەپێی نێوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامەیە، دەبوایە هەرکام لەو دوو دەوڵەتە بە قووڵایی بیست کیلۆمەتر لەنێو خاکی خۆیاندا ناوچەیەک لە دانیشتووان چۆڵ بکەن و ناوچەی "قەدەغەکراو" دروست بکەن. دوایەش باوەڕی ڕێبەریی حیزب و د. قاسملوو ئەوە بوو کە وا باشە پێش ڕێککەوتنی ئێران و عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دانیشتن و لێکتێگەیشتنیان هەبێ. ئەو بۆچوونەش هەبوو کە کۆماری ئیسلامی لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا لاواز و ماندوو بووە و ئەوە دەتوانێ یارمەتیدەری گۆڕینی ڕوانگە و سیاسەتەکانی بێ؛ دیارە نەخۆشیی خومەینی و مێژووی ململانێی باڵەکانی نێو دەسەڵاتیش ئەو زێهنییەتەی دروست کردبوو کە دەکرێ لە نێوخۆی حاکمییەتەوە لایەنێک بیهەوێ سیاسەتە کەلانەکانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ. لە تەنیشت ئەوانە بەهۆی مەحکوومکردنی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە و هەڵوێستی ڕوونی حیزبی دێموکرات و شەخسی د. قاسملوو؛ پێوەندییەکانی حیزب و حکوومەتی عێراق لەکزیی دابوو و هەموو ئەوانە پێکەوە هۆکار بوون کە د. قاسملوو ڕاکێشی نێو ئەو بۆسەیە بکرێت.
هۆکارەکانی ئەوەی دەوڵەتی ئۆتریش تیمی تێرۆری ڤییەنی بەڕێی تاران کردەوە و ئەو پەروەندەیەی داخست، لە دەرەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات و جیا لەو هۆکارە؛ هۆکاری دیکەشی نەبوو، وەک لاوازیی پێگە و دیپلۆماسیی کورد لە دەرەوە؟
لێرەدا بەهێزی یا لاوازیی پێگەی دیپلۆماسیی کورد زۆر ڕۆڵ نابینێ، چونکە بەداخەوە کورد خاوەنی دەوڵەت یا کیانێکی سیاسی نییە هەتا بتوانێ کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی هەبێ. ئەوەی دەوڵەتی ئۆتریش لەگەڵ پەروەندەی تێرۆری ڤییەندا کردی، هیچ پەیوەندییەکی بە پێگە و توانای دیپلۆماسیی کوردەوە نییە، بەڵکوو چەندین هۆکاری دەرەکی و نێوخۆیی دەوڵەتی ئۆتریش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر بەلاڕێدابردنی پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیەکانی، وەک: هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تاران لە ڤییەن کە ئەگەر ئەوان تێرۆریستەکان بەڕێی ئێران نەکەنەوە، تارانیش ناتوانێ گیانی هاووڵاتیانی ئۆتریشی لە ئێران بپارێزێ. تاران هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو کە ئەگەر بابەتی ئەو تێرۆرە بچێتە دادگا و ناوی کۆماری ئیسلامی بێتە نێو بابەتەکە، ئەوان پابەند نابن بە شاردنەوەی مامەڵەی کۆمپانیای "نۆریکۆم" کە بە بڕیاری حکوومەتی ئۆتریش لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا بە نایاسایی و بە دزییەوە چەکیان بە ئێران فرۆشتووە کە ئەگەر ئەوە ئاشکرا بووایە، دەبوو بە ڕیسواییەکی سیاسی بۆ دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش. جگە لەوەش پەیوەندییە تایبەتەکانی ڤییەن و تاران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە لە باشترین ئاستی خۆیدا بووە و هەموو ئەوانە لەو سەردەمەدا دەستیان دایە دەستی یەک و بوونە هۆی ئەو بڕیارە نامرۆڤانە و نادادپەروەرانەیەی دەوڵەتی ئۆتریش بۆ داخستنی پەروەندەی تێرۆری ڤییەن.
چ ئەو کات و چ دوای ٣٧ ساڵ تێپەڕین لە تێرۆری ڤییەن، تێرۆری د. قاسملوو و غیابی ئەو ڕێبەرە کاریزماتیکە چ کارتێکەرسییەکی لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات، بزووتنەوەی سیاسیی کورد و ڕەوتی دێموکراتیخوازیی سەرانسەری ئێران داناوە؟
قسەکردن لەسەر کەسایەتیی د. قاسملوو لانی کەم بۆ من زەحمەتە؛ بۆیە هەر دەتوانم ئەوە باس بکەم کە شەهید د. قاسملوو بەو پێگە بەرزە ئەکادیمی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە هەیبوو، هەم لە دەرەوە و هەم لە نێوخۆی کوردستاندا خۆشەویست بوو و تەنانەت دوژمن و نەیارەکانیشی دانیان بە توانا و کاریگەریی کەسایەتیی د. قاسملوودا دەنا. بۆیە زۆر سروشتییە لەدەستدانی د. قاسملوو، ئەویش ٣٧ ساڵ لەمەوبەر، زیانێکی گەورە بوو لە ڕەوتی دێموکراتیخوازیی سەرانسەری ئێران و برینێکی قووڵ بوو لە جەستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا. بەو مانایە، ئەگەر د. قاسملوو لە ڕەوتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکە و جیهاندا لەم ماوەیەدا هاتوونەتە ئاراوە بە جەستە زیندوو بووایە، کاریگەریی گەورەی خۆی دەبوو، بەتایبەتی لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بەڵام دەبێ لەبیرمان بێ کە ڕوحی فیداکاری و لەخۆبردوویی پێشەوا قازی محەممەد و د. قاسملوو، ڕێگای خەباتیان وا دەستنیشان کردووە کە بە شەهیدبوونی ڕێبەرانمان، حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەپێ ناکەوێ.
دەوڵەتی ئۆتریش دەڵێ ئەو پەروەندەیە داخراوە، حیزبی دێموکراتیش زۆرجار گوتوویەتی ئەو پەروەندەیە هەتا بەدیهاتنی دادپەروەری و دەرکەوتنی ڕاستییەکان کراوەیە. ئەمە چ شتێک لەو واقیعە دەگۆڕێ کە کورد ئیدی ڕێبەری کاریزماتیکی وەک د. قاسملووی نەماوە؟
سەبارەت بەو بەشەی پرسیارەکە کە ئۆتریش باس لەوە دەکات پەروەندەی د. قاسملوو داخراوە، دەبێ بڵێم کە بەپێی یاسا هیچ پەروەندەیەک داناخرێ هەتا حوکمی کۆتایی دادگا وەرنەگرێ. سەبارەت بە پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی، دادگایەکی ئەوتۆ پێکنەهاتووە کە بکوژەکان و هۆکاری کوشتن و تێرۆرکردنەکە دەستنیشان بکات؛ بۆیە ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو پەروەندەیە باسی دەکات، تەواو دروستە.
سەبارەت بەوەش کە ئایا کراوەبوونی پەروەندەکە چی لە واقیع دەگۆڕێت، دەبێ بڵێین ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جووڵانەوەی کورد و ڕەوتی دێموکراتیخوازی لە ئێراندا بە جەستە دوکتور قاسملوویان لەدەست داوە، بەڵام دەبێ ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە کە دوکتور قاسملوو ڕێبەریی حیزبێکی دێموکراتی دەکرد کە سەرکردایەتیی جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی دێموکراتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ئەستۆ بوو؛ بۆیە وەک هەموو خەباتکارانی حیزبی دێموکرات، مەرگی لەپێناو ئامانجەکانی گەلی کورددا هەڵبژاردبوو. زیندووکردنەوەی پەروەندەی د. قاسملوو، زیندووکردنەوەی مەزلوومییەتی گەلی کوردە؛ زیندووکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بۆ چارەسەری پرسی کورد؛ ڕسواکردنی زیاتر و زیاتری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسیی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردە.
وەک ئەزموونێکی تاکەکەسی و وەک تێکۆشەرێکی دێرینی حیزب کە لە نیزیکەوە د. قاسملووی نەمرتان بینیوە، چۆن باس لە کاریگەریی د. قاسملوو لەسەر ژیانی خەباتگێڕانەی خۆتان دەکەن؟
هەر وەک پێشتر باسم کرد، شەهید د. قاسملوو بەهۆی پێگە بەرزە ئەکادیمی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیەوە، خۆشەویستی هەموو کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بوو. لە ڕاستیدا بۆ ئێمە، هەموو کردار، گفتوگۆ، نووسین و لێدوانەکانی د. قاسملوو وەک قوتابخانەیەک وابوو کە دەبوو لێی فێر بین. شەهید د. قاسملوو لە هەڵسوکەوتی تاکەکەسییدا زۆر لەسەرەخۆ و ئارام بوو، لە هەمان کاتدا لە بەڕێوەبردنی حیزبیدا زۆر بەبڕشت و قاطع بوو. هیوادارم لە دوای ٣٧ ساڵ لە شەهیدبوونی د. قاسملوو، توانیبێتم وەک قوتابییەکی باشی ڕێبازی قاسملوو، کە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، ئەرکی خۆم بەجێ گەیاندبێ.