کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هەشتا و چەند ساڵ! (لە پاشخانی جەماوەرییەوە هەتا فرەچەشنی لە خەباتدا – بەشی دووەم و کۆتایی)

22:26 - 4 خەرمانان 2726

ڕەزا دانشجوو


بیرهێنانەوەیەک:

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا، بەکورتی باسمان لەو هۆکارانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبووە؛ پاشان چاوێکمان خشاند بەسەر کۆمەڵێک ڕەوتی سیاسی و بزووتنەوەی هاوچەرخدا، تەنانەت ئەو ڕەوتانەی ساڵانێک دوای حیزبی دێموکرات لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و جیهاندا لەدایک بوون، بەڵام ئێستا بە هۆکاری جۆراوجۆر یان زۆر لاواز و بێدەنگ بوون و پێگەی جەماوەرییان لەدەست داوە، یانیش بە تەواوی هەڵوەشاونەتەوە و تەنیا ناوەکانیان لە لاپەڕەکانی مێژوودا ماوەتەوە. وێڕای خستنەڕووی کورتەی مێژووی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە، بەراوردمان لە نێوان ئەوان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کرد.

ئێستا لە بەشی دووەمدا، سەرەتا ئاوڕێک دەدەینەوە لە ڕەمز و نهێنی و هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە و مانەوە و زیندوویەتیی حیزبی دێموکرات؛ لە بەشی کۆتاییشدا بەکورتی تیشک دەخەینە سەر ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی کە لە دەیەی نۆیەمی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەکرێت ڕووبەڕووی ئەم حیزبە ببنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە هەشت دەیە خەبات و ململانێی سیاسی لەگەڵ دوو دەسەڵاتی گەندەڵ، بێبەزەیی و تاوانباردا، بەرەوڕووی ئاستەنگ و بەربەستی بێژمار بووەتەوە؛ ئەو ئاستەنگانەی کە وەک پێشتر باسمان لێ کرد، زۆرجار بوونەتە هۆکاری کۆتاییهاتن بە ژیانی سیاسیی حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئازادیخواز! بەڵام ئەو تایبەتمەندییە ناوازانە چین کە حیزبی دێموکرات لەو حیزبانە جیا دەکەنەوە؟ و چی وای کردووە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەسپێکی دەیەی نۆیەمی تەمەنیدا بەم شێوەیە بەهێز و بەتوانا بمێنێتەوە؟ ڕەمز و نهێنیی ئەم مانەوە و بەردەوامییە چییە؟

١. پێگە و پاشخانی جەماوەری

بێگومان ئەمە گرنگترین و بنچینەییترین تایبەتمەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و هەیە. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات وەڵامێکی ئەرێنی بوو بۆ داخوازییەکی ڕەوای کۆمەڵگەیەکی سەرکوتکراو، ماندوو و بێزار لە ستەم و بێبەشکردنی سیاسی-کۆمەڵایەتی. پێکهاتنی حیزبی دێموکرات دەرئەنجامی ساڵانێک پەراوێزخستن و هەڵاواردنی سیستماتیکی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی خۆسەپێنی پەهلەوییەوە بوو؛ درێژەی ئەم خەباتەش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی و تەنانەت پەرەپێدانی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە دژ بە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێچەوانەی دەزگای پڕوپاگەندەی چەواشەکاری دوژمنانی گەلی کورد و زۆر بانگەشەی بێبنەمای نەیاران و ناحەزانی گەلەکەمان، حیزبی دێموکرات بەپێی هەموو بەڵگە مێژوویییەکان، هەمیشە حیزبێکی سەربەخۆ و پشتبەستوو بە کۆمەڵگەی کوردستان بووە. هەر بۆیەش نە پشتتێکردنی یەکێتیی سۆڤیەت توانی کۆتایی بە حیزبی دێموکرات بهێنێت و نە گۆڕانی هاوکێشە ناوچەیییەکان بچووکترین گۆڕانکاریی لە سیاسەتە سەربەخۆکانی ئەم حیزبەدا دروست کردووە! هەر ئەم پێگە پتەوە جەماوەرییەیە کە خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی زڕاندووە و هەر ئەو داماوییەش وای کردووە کە بەرامبەر بە گەلی کورد هێندە دڕندانە و ستەمکارانە هەڵسوکەوت بکەن.

کێشەی کۆماری ئیسلامی بێگومان تەنیا چەند هەزار پێشمەرگە و کادیری حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان، یان چەند هەزار ئەندام و لایەنگری ئەم حیزبە لە دەرەوەی وڵات نییە؛ هۆی دەرد و ژانی بێبڕانەوەی ڕێژیمی ئاخوندی، پێگەی قووڵی جەماوەریی حیزبی دێموکراتە لە نێو ناخی ملیۆنان کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، و ئەوە ئیرادەی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵات کە وەک قەڵغانێکی مرۆیی و قەڵایەکی داگیرنەکراو حیزبی دێموکراتی پاراستووە و دەیپارێزێت.

٢. زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا

لەسێدارەدان و شەهیدکردنی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی، و گرتن و دەستبەسەرکردنی زۆرێک لە کادیرە دیارەکانی حیزبی دێموکرات لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ دوای دامەزرانی حیزب و سەرکوتکردنی خوێناویی کۆماری کوردستان، دەکرا بە مانای کۆتاییهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێت؛ هەروەک چۆن هەڵاتنی پێشەوەری و کوشتن و دەستبەسەرکردنی سەرکردەکانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بوو بە کۆتاییی ژیانی ئەو ڕێکخراوەیە! بەڵام بەپێچەوانەی فیرقەی ئازەربایجان، تەنیا چەند ساڵێکی خایاند تا حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرهەڵبداتەوە و دووبارە لق و پۆپەکانی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.

تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو، ڕێبەر و کاریزمای گەورەی کورد، و دوکتور شەرەفکەندی، دوو سەرکردەی بلیمەتی حیزبی دێموکرات لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێکدا و یەک لە دوای یەک، دەکرا کۆتاییی هەموو شتێک بێت. ئەگەرچی لەدەستدانی ئەو کەسایەتییە مەزنانە خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراو بوو، بەڵام حیزبی دێموکرات سەرەڕای ئەو کۆستە گەورانەش هەرگیز چۆکی دانەدا و لەسەر پێ بۆ درێژەدانی خەبات مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژووی سیاسیی خۆیدا چەندین جار بە هۆی ناکۆکیی نێوخۆیییەوە تامی تاڵ و بەئازاری لێکترازان و دابڕانی چێشتووە. هەرچەند ئەو لێکترازانانە بەداخەوە زیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورە بوون، بەڵام دواجار حیزبی دێموکرات توانیویەتی بە پشتیوانی و ئیرادەی گەل، ئەم قۆناغە مەترسیدارانەش تێپەڕێنێت و جارێکی تر لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکرات و یادگاری پێشەوا و شەهیدانی کوردستاندا، یەکگرتوویی و تەباییی خۆی دەستەبەر بکاتەوە.

ئەمانە تەنیا بەشێک بوون لەو قەیران و ئاستەنگە بێژمارانەی کە بەدرێژاییی دەیان ساڵ بەسەر حیزبی دێموکراتدا هاتوون. وەک کۆتاییی ئەم بەشە، پێویستە ئاماژەیەک بە دەیان ڕێککەوتن و مامەڵەی ژێربەژێری داگیرکەرانی کوردستان دژ بە حیزبی دێموکرات لە درێژاییی تەواوی ساڵانی خەباتدا بکەین. لە کاتێکدا تەنانەت تەنیا یەکێک لەم بەربەستانە بەس بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی بهێنێت، حیزبی دێموکرات لە دەیەی نۆیەمی ژیانیدا شێلگیرتر و ڕاوەستاوتر لە هەمیشە لە سەنگەری خەبات و کۆڵنەداندایە.

٣. فرەچەشنی لە خەباتدا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی پێشکەوتنخواز، بناغەی کاری خۆی لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن داناوە؛ دیالۆگ و وتووێژ تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی جگە لە زمانی زەبروزەنگ لە هیچ زمانێکی تر تێناگەن. حیزبی دێموکرات بە باوەڕبوون بەم پڕەنسیپە، هەمیشە هەوڵی داوە پێشەنگی دانیشتن، وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانە بێت. پێشەوای نەمر زۆر هەوڵی دا لە ڕێگەی ئاشتییانەوە پرسی کۆماری کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەهلەویدا چارەسەر بکات. دوکتور قاسملوو سەرەڕای ئاگاداربوون لە سروشتی نامرۆڤانە و دژەئازادیی خومەینی، زۆر تێکۆشا لە دەرگای دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکات، تەنانەت چەندین جار نامەی بۆ نووسی و لە کۆتاییشدا هەر بە هۆی ئەو باوەڕە قووڵەی بە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان، لەسەر مێزی گفتوگۆ لە لایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کرا! بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناپاکییە، حیزبی دێموکرات هیچ کات باوەڕی خۆی بە دیالۆگ لەدەست نەداوە و دەرگای دانوستانی دانەخستووە.

بەڵام ئەمە تەنیا بژاردەی حیزبی دێموکرات بۆ خەبات نەبووە و نییە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران «بەرگریی ڕەوا» بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی خۆی دەزانێت و هەمیشە ئامادەی بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەر پەلامارێکی داگیرکەران بووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دیالۆگ و بەرگریی ڕەوا دوو باڵی تەواوکەری خەباتی حیزبی دێموکراتن. ئەگەرچی حیزبی دێموکرات بە هۆی هەلومەرجی هەنووکەیی و بارودۆخی ناوچەیی بە شێوەیەکی کاتی خەباتی چەکداریی ڕاگرتووە، بەڵام لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا هەمیشە ئامادەی هەر چەشنە بەرگری و بەرەنگاربوونەوەیەکە.

ڕۆژنامەگەری، ڕاگەیاندن، ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان یان خەباتی چەکداری! خەبات هەر خەباتە؛ ڕەنگە مەیدانەکان جیاواز بن، بەڵام ئامانج و ڕێبازەکە نەگۆڕ و یەکە. ئەم توانستە بێوێنەیە بۆ مانۆڕکردن لە بوارە جیاجیاکاندا و گۆڕینی مەیدانی خەبات بەپێی بارودۆخ و پێشهاتەکان، یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی حیزبی دێموکرات بووە و هەیە. سەردەمێک بارگرانیی خەبات لەسەر شانی ماندوونەناسی پێشمەرگەکانی شاخ بوو، سەردەمێکی تر بەرهەمی قەڵەم و نووسین، و سەردەمێکی تریش بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی؛ زۆر کاتیش هەرسێکیان پێکەوە: چەک، قەڵەم و شەقام!

ئەم تایبەتمەندییە ناوازانە هێمای دینامیزم و زیندوویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن. بەڵام حیزبی دێموکرات لە دەیەی نۆیەمی تەمەنیدا، بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی جدییە کە پشتگوێخستنیان دەتوانێت لێکەوتەی نەخوازراوی بۆ حیزب هەبێت:

ئاڵنگارییە دەرەکییەکان

ژیان لە جوگرافیای ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خۆی لە خۆیدا ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە؛ ناوچەیەک کە لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەیان شەڕ، کودەتا و شۆڕشی بەخۆیەوە بینیوە و هەرگیز ڕەنگی ئاشتی و ئارامیی بەردەوامی نەدیوە. ئێرە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە؛ جبەخانەیەک پڕ لە بارووت کە چاوەڕێی پریشکێکە! بە دڵنیاییەوە چالاکیی سیاسی لە جوگرافیایەکی ئاوا نائارام، گرژ و پڕ لە مەترسیدا زۆر سەخت و پڕ لە ڕووداوی نەخوازراوە.

ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە داگیرکەرانی کوردستان، ئەگەر لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن، هەمیشە لەسەر یەک شت یەكدەنگ و هاوپەیمانن: دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد! هاوپەیمانیی نەگریسی داگیرکەران هەمیشە بە هەموو هێزیانەوە دژی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوایییەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ناوچەکەدا خوڵقاندووە. ئێستا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لووتکەی ناڕوونی و ناسەقامگیریدایە و چارەنووسی ناوچەکە بە موویەکەوە بەستراوەتەوە. تێگەیشتن لەم بارودۆخە ئاڵۆزە و هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەکان، پێویستییەکی بنەڕەتی و چارەنووسسازە.

ئاڵنگاریی نێوخۆیی و ڕێکخراوەیی: پرسی نەوەکان

بەدەر لە قەیرانە ڕێکخراوەیییەکان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەردەم ئاڵنگارییەکی نێوخۆییی زۆر گرنگتردایە: جیاوازیی نەوەکان!

حیزبێک کە پێکهاتووە لە چەندین بەرە و نەوەی جیاواز؛ تێکۆشەرانێک کە مێژووی خەباتیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی، ئەوانەی ساڵانێک لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا شەڕی کۆماری ئیسلامییان کردووە، و لە بەرامبەردا نەوەی نوێ و گەنجانی بوێر کە ئێستا لە شەقام و شاخدا پێشەنگایەتی دەکەن. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ ناتوانێت بە هەمان زمان و دەستەواژەی سەردەمی دوکتور قاسملوو لەگەڵ کەسێکدا بدوێت کە تەنانەت دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملووش لەدایک بووە!

ئامراز، زمان و میدیای هەرکام لەم نەوەیە جیاوازن. شیکارییەکی زانستی بۆ ناسینی ئەم جیاوازییانە و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەریەک لەم نەوانەدا، ڕێگەخۆشکەری سەرەکیی داهاتووە. دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش دەتوانێت ئەم جیاوازییە نەوەیییە لە مایەی ناکۆکییەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی دەوڵەمەندی و دینامیزمی زیاتری حیزب.

کۆتایی:

ئەو نەمامەی پێشەوای نەمر هەشتا و یەک ساڵ لەمەوبەر چاندی و بە خوێنی پاکی خۆی و هاوڕێیانی ئاوی دا، ئێستا بە گیانبەختکردنی هەزاران شەهید لە درێژاییی تەواوی ساڵانی خەباتدا، ڕەگ و ڕیشەی بە پانتاییی تەواوی ئەم خاکەدا وەها داکوتاوە کە ئیتر تەوری هیچ داگیرکەرێک زەفەری پێ نابات؛ درەختێکی چڕ و پڕ بە لق و پۆپی بێژمارەوە کە دەیان زستانی سارد و سەخت و دەیان هاوینی تاقەتپڕووکێنی تێپەڕاندووە.

ئیتر نە لە هێرشی ڕەشەبا و تۆفان و نە لە تووڕەییی لەناکاوی زریان دەترسێت؛ ئەم ڕەگ و ڕیشەیە فێر بوون چۆن ڕاوەستن، چۆن بەرەنگاری تاریکی ببنەوە، چۆن هەستنەوە و چۆن هەرگیز کۆڵ نەدەن! تا ئەو ڕۆژەی ڕۆڵە قارەمانەکانی کوردستان، کچان و کوڕانی ئازادیخواز و نەوەکانی پێشەوا لە ئاگری هەتا دالاهۆ، ئاڵای کوردستان بە دەستێک و دەسماڵی چۆپی بە دەستەکەی ترەوە، لە دەوری ئەم درەختە شکۆدارە ڕەشبەڵەک دەبەستن و سروودی نەتەوەییی «ئەی ڕەقیب» دەچڕن!

ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان...