
ئیبراهیم لاجانی
لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کەم پرس هەن بەقەدەر پرسی کورد بە بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک ناسنامە، دەوڵەت، دێموکراسی، دادپەروەری و ئاشتییەوە گرێ درابن. نەتەوەی کورد، وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکانی جیهان، پاش داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لەنێوان ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە دابەش کرا. بەڵام ئەم دابەشکردنە نەیتوانیوە ناسنامەی کوردی بسڕێتەوە یان داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد سەرکوت بکات؛ بەپێچەوانەوە، دابەشکردنی کوردستان پرسی کوردی کردووە بە پرسێکی ئاڵۆزی سیاسی کە نزیکەی سەدەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
پرسی کورد تەنیا داواکاریی پاراستنی زمان و فەرهەنگ نییە، هەرچەند زمان و فەرهەنگ دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامەی کوردن. ئەم پرسە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە مافی بەشداریکردن لە دەسەڵات، یەکسانیی هاونیشتمانان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی هاوسەنگ، خۆبەڕێوەبەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە هەیە. واتە پرسی کورد، پرسی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیە؛ پرسێکە دەربارەی ئەوەی ئایا دەوڵەت دەتوانێت واقیعییەتی فرەنەتەوەیی، فرەزمانی، فرەئایینی و فرەکولتووریی دانیشتووانی نێو چوارچێوەی سنوورەکانی خۆی قبووڵ بکات، یان هەر لەسەر بردنەپێشی سیاسەتی یەکسانسازی و سەپاندنی ناسنامەیەکی ناوەندتەوەر بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ پەیدابوونی سیستەمی دەوڵەت–نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، زۆرێک لە حکوومەتەکانی ناوچەکە هەوڵیان دا ناسنامەیەکی ناوەندتەوەر و یەکدەست بەسەر کۆمەڵگە فرەنەتەوەییەکاندا بسەپێنن. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، کورد لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان لەگەڵ حاشاکردن لە ناسنامە، پیلانەکانی تواندنەوەی کولتووری، قەدەغەکردنی زمانی کوردی، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، پەراوێزخستنی ئابووری و سنووردارکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕووبەڕوو بووەتەوە. شێوازی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانەش لە هەر وڵاتێکدا جیاواز بووە، بەڵام دەرئەنجامەکەیان زۆرجار یەکسان بووە: قووڵبوونەوەی بێمتمانەیی لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی کوردی، زیادبوونی ناڕەزایەتیی سیاسی و بەرهەمهاتنی ململانێی درێژخایەن. لەو کاتەشدا کە ڕێگاکانی بەشداریکردنی ئاشتییانە لە پڕۆسەی سیاسیدا دادەخرێن، داواکارییە مەدەنییەکان وەک تاوان دەناسرێن و خەباتی سیاسی بە هەڕەشەی ئەمنی هەژمار دەکرێت، زەمینە بۆ گەشەکردنی توندوتیژی و تەنانەت بەربەرەکانیی چەکداریش خۆش دەبێت.
بێگومان، ئاڵۆزیی پرسی کورد ناتوانرێت تەنیا هەر بە هۆکارێک یان کردارەکانی لایەنێکەوە ڕوون بکرێتەوە. هەروەک دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە قۆناغە جیاوازەکاندا سیاسەتی سەرکوت، ئینکار و گۆڕینی دیمۆگرافییان گرتووەتەبەر، هەندێک لە ڕێکخراوە کوردییەکانیش، بەهۆی داخستنی ڕێگای خەباتی سیاسی و کاریگەریی ژینگەی پڕئاژاوە و ململانێی ناوچەکە، ڕوویان لە خەباتی چەکداری کردووە. ئەم بازنەیەی سەرکوت و توندوتیژییە، لە کۆتاییدا زیانی بە هەموو لایەنەکان گەیاندووە؛ هەزاران گیانی لەنێو بردووە، گەشەی ئابووریی دواخستووە و دامەزراوە مەدەنییەکانی لاواز کردوون.
دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە عێراق نموونەیەکی گرنگە لەوەی کە دانپێدانان بە فرەنەتەوەییبوون و دامەزراندنی جۆرێک لە دەسەڵاتی ناوخۆیی، دەتوانێت بەشێک لە ململانێی مێژوویی کەم بکاتەوە. فیدراڵیزم لە عێراقدا، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، دەرفەتی ئەوەی بە کورد داوە زمانی خۆی بە فەرمی بەکاربهێنێت، دامەزراوەکانی خۆی بەڕێوە ببات و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتییەکی دیاریکراوی هەبێت. بەڵام ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەروەها نیشانی داوە کە خۆبەڕێوەبەری بە تەنیا چارەسەری هەموو کێشەکان نییە. ناکۆکیی نێوخۆیی، ململانێی حیزبی، لاوازیی دامەزراوەکان، گەندەڵی، نەبوونی شەفافییەت و پەیوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، هێشتا بەربەستی سەرەکین. خۆبەڕێوەبەری تەنیا ئەوکاتە دەبێتە بناغەی ئازادی و سەقامگیری کە لەگەڵ سەروەریی یاسا، دامەزراوەی بەهێز، ئابووریی بەرهەمهێنەر، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی ناوخۆیی هاوڕێ بێت.
شەڕی نێوخۆی سووریە و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، بارودۆخێکی نوێی بۆ کورد لەو وڵاتەدا پێکهێنا. کورد توانیویەتی لە بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی نێوخۆیی پێکبهێنێت. بەڵام ئەم دەرفەتە لەگەڵ مەترسییە گەورەکاندا هاوڕێیە: نیگەرانیی وڵاتانی دراوسێ، هەستیارییە نێودەوڵەتییەکان، نەبوونی ڕێککەوتنێکی گشتی و بەردەوامیی قەیرانی سیاسی، داهاتووی پرسی کوردیان لە سووریە هەروا بە نادیاری هێشتووەتەوە. ئەگەر داهاتووی سووریە لەسەر بنەمای سیستەمێکی دێموکراتیک، فرەکولتووری و نامەرکەزی بونیاد بنرێت، دەبێت ناسنامە و مافە نەتەوەیی، زمانی و سیاسییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بە ڕوونی لە یاسای بنەڕەتیدا دەستەبەر بکرێن. ئەگەر سووریە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ناوەندگەرایی توند و سیاسەتی ئینکار، نەک هەر پرسی کورد چارەسەر نابێت، بەڵکوو زەمینەی قەیرانێکی دیکەش خۆش دەکرێت.
لە تورکیە، پرسی کورد هێشتا یەکێکە لە قووڵترین کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. بۆ ماوەیەکی درێژ، دەوڵەت هەوڵی دا بە سیاسەتی یەکسانسازی، بوونی نەتەوەیی کورد و زمانی کوردی ئینکار یا بەرتەسک بکاتەوە. ئەگەرچی لە هەندێک قۆناغدا هەنگاوگەلێک بۆ دانپێدانان بە بەشێک لە مافە زمانی و کولتوورییەکان نراوە، بەڵام نەبوونی چارەسەرێکی بنەڕەتیی سیاسی و یاسایی، وای کردووە کێشەکە بەردەوام بێت.
ئەزموونی دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیە نیشانی دا کە گفتوگۆ بەبێ بنەمای یاسایی، متمانەی گشتی، چاودێریی ڕوون و ئیرادەی سیاسیی بەردەوام، دەتوانێت بە ئاسانی شکست بهێنێت. شکستی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی تەنیا گەڕانەوەی دوو لایەن بۆ خاڵی دەستپێک نییە؛ بەڵکوو بێمتمانەیی قووڵتر دەکاتەوە و تێچوونە مرۆیی و سیاسییەکانی ململانێ دەباتە سەرتر.
لە ئێران، کورد بەشێکی بنەڕەتی لە واقیعی فرەنەتەوەیی، مێژوویی و فرەکولتووریی وڵات پێکدێنێت. بەڵام داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە ئازادیی سیاسی، مافی خوێندن بە زمانی دایک، گەشەپێدانی هاوسەنگ، بەشداریی ڕاستەقینە لە بڕیاردان و دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان، هێشتا بێوەڵام ماونەتەوە.
هەژاری، بێکاری، پەراوێزخستنی کوردستان و بەئەمنیکردنی داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکان، بۆشایی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتی قووڵتر کردووەتەوە. هەر چالاکییەکی مەدەنی، فەرهەنگی یان ژینگەپارێزی زۆرجار بە چاوی ئەمنی سەیر دەکرێت و داواکارییە ئاشتیخوازانەکان بە زیندان، تۆمەت و سەرکوت وەڵام دەدرێنەوە. بەڵام ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە سەرکوت دەتوانێت دەنگێک بۆ ماوەیەک کپ بکات، بەڵام ناتوانێت هۆکارەکانی ناڕەزایەتی لەنێو ببات.
پرسی کورد لە ئێران بە سەرکوتی حیزبێک، زیندانیکردنی چالاکێک یان داخستنی ڕۆژنامەیەک کۆتایی نایەت؛ چونکە ڕەگ و ڕیشەی ئەم پرسە لە نایەکسانیی پێکهاتەیی، پەراوێزخستن، ئینکاری ناسنامە و نەبوونی بەشداریی دادپەروەرانەدا لە پرۆسەی سیاسیدایە. تا ئەم هۆکارانە بەردەوام بن، پرسی کوردیش بە شێوەی جیاواز خۆی نوێ دەکاتەوە؛ هۆکاری ئەم بەردەوامییەش ڕوونە، چونکە ڕەگ و ڕیشە و هۆکارەکانی ئەم پرسە هێشتا چارەسەر نەکراون. کاتێک حاشا لە ناسنامەی نەتەوەیەک بکرێت، زمانی لە پەروەردەدا شوێنی نەبێت، نیشتمانەکەی لە گەشەپێدان بێبەش بکرێت و لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی نەبێت، ئەو ناسنامەیە لە ژیانی ڕۆژانە و یادەوەریی بەکۆمەڵدا زیندوو دەبێتەوە.
سەرکوت ڕەنگە ئارامییەکی کاتی پێکبێنێت، بەڵام ئارامییەک کە بەرهەمی ترس بێت بە مانای سەقامگیری نییە. پرسی کورد بە حیزب یان ڕێکخراوێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوەتەوە تا بە لاوازکردنی ئەو حیزبە کۆتایی پێ بێت؛ ڕەگەکانی لە مێژوو، زمان، خاک، یادەوەریی هاوبەش و ئەزموونی ڕۆژانەی دەیان ملیۆن مرۆڤدایە. هەر بۆیە، سیاسەتی ئینکار لەبری چارەسەرکردنی پرسەکە، تەنیا شێوەی دەربڕینی دەگۆڕێت.
چارەسەر لە دێموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتدایە
چارەسەری پرسی کورد نە بەتەنیا لە دەستی کورددایە و نە دەوڵەتەکان دەتوانن بە تەنیا چۆنیەتیی چارەسەرەکە بسەپێنن. پێویستە دەوڵەتەکان، حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە کوردییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەدوای ڕێگەچارەیەکی سیاسی، دێموکراتیک و ئاشتییانەدا بگەڕێن.
دانپێدانان بە ناسنامەی کورد، دەستەبەرکردنی مافی فێربوون و بەکارهێنانی زمانی کوردی، پاراستنی مافە کولتوورییەکان، بەشداریی دادپەروەرانە لە دەسەڵاتدا، دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان، دەبێت ببنە بەشێک لە هەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی چارەسەری. لە هەمان کاتدا، بزووتنەوەی کوردیش پێویستی بە یەکڕیزی، ڕێکخستنی مەدەنی و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش، دێموکراتیک و واقیعبینانە هەیە. ناکۆکیی نێوخۆیی و ململانێی حیزبی توانای دانوستان و کاریگەریی سیاسیی کورد کەم دەکاتەوە. هیچ مۆدێلێکی سیاسی، تەنانەت ئەگەر بە ناوی خۆبەڕێوەبەری و دێموکراسیشەوە بێت، نابێت بەبێ ڕەزامەندیی خەڵک و ڕێککەوتنی سیاسی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت. چارەسەری بەردەوام تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە لەسەر بنەمای مافی یەکسان، گفتوگۆ، ڕەزامەندیی گشتی و ڕێزی دوولایەنە بونیاد بنرێت.
پرسی کورد بابەتێک نییە بتوانرێت بە هەڕەشە، زۆرەملێ و هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بسڕێتەوە. ئەم پرسە لە کاتی حاشالێکردنیدا گەورەتر و لەژێر سەرکوتدا مەترسیدارترە. تا ئەو کاتەش مافەکانی کورد بە شێوەیەکی یاسایی، سیاسی و دامەزراوەیی دەستەبەر نەکرێن و تا دێموکراسی، فرەخوازی و یەکسانی نەبنە بنەمای دەسەڵات لە وڵاتانی ناوچەکەدا، پرسی کورد بەردەوام دەبێت و کاریگەریی خۆی بەسەر هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەپارێزێت.
چارەسەرکردنی پرسی کورد تەنیا خزمەتکردن بە کورد نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو دێموکراسی، ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ناوچەیەک کە نەتوانێت ماف و ناسنامەی ملیۆنان کورد قبووڵ بکات، ناتوانێت بانگەشەی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام بکات؛ چونکە ئاشتیی ڕاستەقینە لەسەر حاشاکردن بونیاد نانرێت، بەڵکوو لە دانپێدانان، دادپەروەری و هاوبەشیی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت.