کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ترامپ لەبارەی لەنێوچوونی دەسەڵاتی ئێران لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن

10:11 - 1 رەزبەر 2726

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خەرمانان، لە وتارێکیدا لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند کە سەبارەت بە درێژەپێدانی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕووبەڕووی «بڕیارێکی گەورە» بووەتەوە و ڕەنگە لە نەبوونی ڕێککەوتندا، کۆماری ئیسلامی بە خێرایی لەناو بەرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، دۆناڵد ترامپ لەم وتارەدا وتی: «ئایا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت کە ڕێگەی پێ بدات دووبارە خۆی بنیات بنێتەوە و وڵاتێکی زۆر گەورەتر لە جاران دروست بکات؟ یان کۆماری ئیسلامی لەناو دەبەم و ئەم کارە بە خێرایی ئەنجام دەدەم».

لە بەرانبەردا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران قسەکانی ترامپیان بە «پڕوپاگەندە» ناو برد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە "ئامادەن لێدانی توندتر، ڕووخێنەرتر و پێشبینینەکراو لە هێرشکاران بدەن".

سەرەڕای ئەم هەڵوێستانە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە نزیکەی حەوت مانگییە هەر بەردەوامە.

ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن و تاران ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی نێوبژیوانییەوە وتووێژی درێژخایەنیان ئەنجام داوە و هیواخواز بوو ئەم وتووێژانە بونیاتنەر و هیوابەخش بن.

لەکاتێکدا ترامپ باسی ئەگەری لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی لە نەبوونی ڕێککەوتندا دەکات، ڕێڕەوی دیپلۆماسی لە نێوان واشنگتۆن و تاران بە ڕاوێژکاریی نێوبژیوانان لە ئارادایە و داهاتووی ئەم شەڕە گرێدراوی گەیشتن بە ڕێککەوتن یان جێبەجێبوونی ئەم هۆشدارییەیە.