ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥، تیمی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، لە پانێلێکی تایبەت بە باسکردن لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێراندا بەشداریی کرد. ئەم پانێلە لەلایەن ڕێکخراوی «یارمەتی گەلی نۆروێژ"(Norsk Folkehjelp) و بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون سەبارەت بە دۆخی ئێران پێکهێنرابوو.
پانێلەکە بە بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن کریستۆفێر ویکن، بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی «یارمەتی گەلی نۆروێژ»، دەستی پێکرد. ویکن لە سەرەتای بەرنامەکەدا ڕوونی کردەوە کە پانێلەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە و بەشداربووان لە چوارچێوەی ئەم پانێلەدا دەرفەتی بەشداری لە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون سەبارەت بە بارودۆخی ئێرانیان دەبێت.
لە یەکەم بەشی پانێلەکەدا، گرووپی مۆسیقای «چوارچرا» چەند پارچە گۆرانییەکی کوردیی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ئەم بەشە وەک بەشێکی هونەری لە پانێلەکەدا پێش ئەوەی گفتوگۆی پانێلەکە دەست پێ بکات، بەڕێوە چوو.
دواتر، میلیشیا جاویدان، لێکۆڵەر و چالاکی سیاسی لە بواری مافی مرۆڤ، یەکێک لە پانێلیستەکانی بەرنامەکە، باسێکی گشتگیری سەبارەت بە بارودۆخی ئێران پێشکەش کرد.
جاویدان لە دەستپێکی باسەکەیدا، بە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی بە بارودۆخی ئێران، ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کرد و بە تایبەتی تیشکی خستە سەر بارودۆخی مافی ژنان و سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانیان لەلایەن ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئێرانەوە .
ئەو هەروەها ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی دۆخی ئێران کرد و وتی بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەدا تێدەپەڕێ.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی باسەکەی جاویدان، ئاماژەکردن بە بزووتنەوەی ژینا بوو. سەبارەت بە بزووتنەوەی ژینا بەو شێوە بۆچوونی خۆی دەربڕی کە بزووتنەوەی ژینا لە ساڵانی دواییدا بووەتە هۆی نزیکبوونەوەی نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێران و هەروەها دروستبوونی هەستێکی هاوبەش لە نێوان بەشێک لە کۆمەڵگای ئێراندا. جاویدان لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە هەوڵی هەندێک ڕەوتی فاشیستی کرد کە هەوڵ دەدەن پەیوەندی و هاوپشتیی نێوان نەتەوەکانی ئێران لاواز بکەن.
لە بەشی دواتری پانێلەکەدا، دلێر خورشیدی، بە نوێنەرایەتی هەیئەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، بەشداری گفتوگۆکە بوو و باسێکی تایبەتی سەبارەت بە پێکهاتەی نەتەوەیی ئێران و مێژووی سەرکوتی نەتەوەکانی ئەم وڵاتە پێشکەش کرد.
خورشیدی لە سەرەتای باسەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و ئەو نەتەوانە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکدا کە بە ناوی ئێران ناسراوە، پێکەوە دەژین. بە وتەی ئەو، هەر یەک لەو نەتەوانە زمانی تایبەت بە خۆی هەیە و شوێن و سنووری جوگرافیایی هەر کام لەوانەش دیارە.
لە درێژەی قسەکانیدا، خورشیدی ئاماژەی بە مێژووی زیاتر لە سەد ساڵەی سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران کرد و وتی گەلانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەژێر سەرکوتی سیستەماتیکی ڕێژیمە جیاوازەکانی ئێراندا بوون.
ئەو بە تایبەتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نەتەوەی کورد لە ماوەی ئەم سەدەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی سەرکوت و گوشارە سیاسی و نەتەوەییەکان بووەتەوە.
خورشیدی بۆ نموونە ئاماژەی بە چارەنووسی ژمارەیەک لە ڕێبەرە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد کرد و ناوی سمایل ئاغای سمکۆ، پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیی هێنایەوە و وتی ئەم کەسایەتییە سیاسی و نەتەوەییە کوردانە لەلایەن ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئێرانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر شەهید کراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خورشیدی هەڵوێست و ڕۆڵی نەتەوەی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە خەباتی دژی ڕێژیمی ئێران خستەڕوو. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە، داواکارییەکانی نەتەوەی کورد داواکارییەکی ڕەوان و لە چوارچێوەی ئەم داواکارییانەدا، گەلی کورد داوای دامەزرانی حکومەتێکی سێکولار و فێدراڵ دەکات بۆ دواڕۆژی ئێران.
خەباتی نەتەوەی کورد ڕووی لە بەرەی دێموکراسیخوازانی ئێرانە کە دان بە مافی نەتەوەکانی ئێراندا دەنێن. ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی ئێران کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلانی جۆراوجۆری ئەم وڵاتەدا دەنێن و مافەکانیان بە فەرمی دەناسێنن.
لە بەردەوامی باسەکەیدا، خورشیدی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران نابێت وەک وڵاتێکی یەکنەتەوەیی سەیر بکرێت و هەروەها نابێ چارەنووسی داهاتووی ئەم وڵاتە بە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی دیکتاتۆرییەکی دیکە دیاری بکرێت.
ئەو لە قسەکانیدا وتی: "ئێران نە یەک نەتەوەیە، نە قەت دەچێتە ژێر سێبەری یەک ئاڵاوە، نە جارێکی دیکە دیکتاتۆرییەکی تازە تاقی دەکاتەوە."
خورشیدی لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەی بە داواکارییەکانی نەتەوەی کورد و زۆربەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی ئەمڕۆ داواکاریی سەرەکییان سیستەمێکی فێدراڵییە بەڵام لە هەمان کاتدا، وتەی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری مەزن و شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دووپات کردەوە کە "ئەوە داخوازیی ئەمڕۆیە و هیچ گارانتییەک نییە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو چ داوایەکیان دەبێت."
ئەم وتەیە لە چوارچێوەی باسەکەدا وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر ئەو خاڵە خراوەتەڕوو کە داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکان لە هەر سەردەمێکدا دەتوانن بەپێی خواست و پێداویستییەکانی نەوەکانی داهاتوو گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا، بەشداربووان بە پرسیار و تێبینیەکانیان بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد. هەردوو پانێلیست وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.