سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "حەلنێت" وڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرینگی دایەوە.
کاک مستەفا هیجری، لەم وتووێژەدا، وێڕای هەڵسەنگاندنی دۆخی لەرزۆکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و شیکردنەوەی ستراتیژیی قۆناغی گواستنەوە، باسی لە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی فارس کرد و هێڵی سووری ئەم حیزبەی لە هاوپەیمانییەکانی ئۆپۆزسیۆندا بە هاوکارینەکردن لەگەڵ ڕەوتە ناوەندگەراکان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی «حەلنێت»، لە بارودۆخێکدا کە قەیرانە ئابوورییەکان و گوشارە ڕوو لە زیادەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، پێگەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان زیاتر لە پێشوو لەرزۆک کردووە، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم میدیایە، پەرژایە سەر شیکردنەوەی ستراتێژیی ئەم حیزبە بۆ قۆناغی گواستنەوە، پرسی هاوتەبایی لە ئۆپۆزسیۆن و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەقی تەواوی ئەم وتووێژە لە خوارەوە بخوێننەوە:
تەوەرەی یەکەم: بارودۆخی ئێستای ئێران و ستراتیژیی گواستنەوە
حەلنێت: لە بارودۆخێکدا کە قەیرانە ئابوورییەکان و ناڕەزایەتییە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەوایی و کارامەیی کۆماری ئیسلامییان لە ناوخۆ و دەرەوەدا گەیاندووەتە نزمترین ئاست و زۆر کەس لەو بڕوایەدان ڕێژیمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ هەڵسەنگاندنێکی بۆ خاڵی کۆتایی ئەم حکوومەتە هەیە؟ وەک یەکێک لە ڕێکخراوترین حیزبە سیاسییەکان لە سەرانسەری ئێراندا، ستراتێژی و نەخشەڕێگای ئێوە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە و ڕێگریکردن لە دروستبوونی بشێوی لە ڕۆژی دوای ئەرگەری ڕووخان چییە؟
مستەفا هیجری: منیش لەسەر ئەو بڕوایەم کە کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە، بەڵام پێشبینیکردنی کاتی گەیشتن بە کۆتایی ئەم ڕووخانە، واتە ڕووخانی یەکجاریی ڕێژیم، کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە:
ئەم ڕێژیمە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی جۆراوجۆری ناوخۆیی وەک ئابووریی داڕماو، لەدەستدانی ڕەوایی ناوخۆیی و دەرەکی، دەرکەوتنی کەلێنی سیاسی لە هەرەمی دەسەڵاتدا و هۆکاری تر، هێشتا توانا و ئیرادەی سەرکوتکردنی توندوتیژ و بەربڵاوی ناڕازییانی ناوخۆی هەیە. سەرەڕای قەیرانی توندی ئابووری، بەڵام هێشتا توانای دابینکردنی دارایی هێزە سەرکوتکەرەکانی هەیە و ئەم سەرکوتکردنانە هەرچەندە بەپێی کات کاریگەرییەکانیان لەدەست دەدەن، بەڵام لە دواخستنی ڕووخانی تا ڕادەیەک کاریگەر بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دواکەوتنی هەر ڕۆژێک لە ڕووخانی ڕێژیم، لەخۆگری دانی تێچووی زیاتری گیانیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و وێرانبوونی زیاتری وڵاتەکەیە؛ بەڵام لەلایەکی ترەوە دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ یەکیەتی و هاوپەیمانی لەنێوان سەرجەم چین و توێژەکانی وڵاتدا بە هەموو جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی، زمانی، هزری و ڕوانگە سیاسییە جیاوازەکانەوە، لە چوارچێوەی بەڕەسمی ناسینی ئەم جیاوازییانەدا کە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پڕجووڵەیە و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دواخستنی زیاتری کۆتایی ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی تێچووی گیانی و وێرانبوونی زیاتری وڵات، هەروەها داڕشتنی بەرنامە و سیاستێکی تر لەسەر بنەمای دادپەروەری، کۆتاییهێنان بە ستم، هەڵاواردن، پەراوێزخستنی ناوچەکانی دەوروبەر و قوربانیکردنی هەموو شتێک بۆ ناوەند کە لە ماوەی نزیکەی سەدەی ڕابردوودا شاهیدی بووین و ئەنجامی کۆتاییەکەی، بەرهەمهێنانی ڕێژێیمێک بوو بە ناوی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوودا نە تەنیا بەڵایەکی ماڵوێرانکەر بوو بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکو بووە کێشەیەکی گەورەش بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت بۆ جیهانیش.
ئەگەر هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە ڕابردووی تاڵ و پەرشوبڵاوی ڕابردوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی زۆرترین کەڵکی وەرگرتووە و سوودی لێ بینیوە دەرس وەربگرن، هێشتا دەرفەت هەیە کە دوای ڕووخانی ئەم ڕێژیمە، ئێرانێکی ترمان هەبێت.
ئێمەی کورد لەم پەیوەندییەدا هەنگاوی گرنگمان لەپێناو یەکیەتی و هاوپەیمانیدا هەڵگرتووە کە بێگومان حیزبی دێموکرات ڕۆڵێکی کاریگەری لە پێهێنانی ئەم هاوپەیمانییەدا هەبووە؛ سەرباری ئەوەش، لە یەکیەتیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە حیزب و نەتەوەکانی ئێران وەک عەرەبەکان، بەلووچەکان، تورکەکان و تورکمانەکانیش توانیمان بە تێگەیشتن لە پێویستیی هاوپەیمانی لە دەوری پلاتفۆرمێکی سیاسیی هاوبەش، لەگەڵ یەکتر هاوکاری بکەین. ئێستا لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوەکانی هاووڵاتییانی فارسیشدا لە گفتوگۆداین تا بەستێنی هاوکاریی بەربڵاوتر لەگەڵ ئەوانیشدا دابین بکەین.
ئەم جۆرە یەکیەتییە و ڕێزگرتن لە مافەکانی سەرجەم لایەنەکان بۆ ئێستا، پێش ئەگەری داڕمانی ڕێژیم، قۆناغی گواستنەوە و دوای ئەوەش شتێکی گرینگە کە نکۆڵی لێ ناکرێ.
تەوەرەی دووەم: پرسی هاوپەیمانیی سەرانسەری و ئۆپۆزسیۆن
حەلنێت: دوای سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، هەوڵێک بۆ هاوپەیمانی لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا ئەنجام درا کە وەک دەبینین نەگەیشتە ئەنجامێکی بەردەوام. بە سەرنجدان بە قورسایی سیاسیی حیزبی دێموکرات، چوارچێوە و هێڵە سوورەکانی ئێوە بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕەوتە سیاسییە سەرانسەرییەکانی تر (ناوەندگەرا، کۆماریخواز و...) چییە؟ ئایا لە بارودۆخی ئێستادا، دوورەدیمەنێک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کارامە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا دەبینن؟
مستەفا هیجری: کورد و نەتەوەکانی تری پێکهێنەری پێکهاتەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، شاهیدی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بووین؛ ئەم ڕێژیمانە هەردووکیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا لێکچوونی زۆریان هەبوو. دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ناوەندگەرییە بریتی بووە لەوەی کە ئێرانی بەربڵاو بە پێکهاتەیەکی جەماوەریی پێکهاتوو لە نەتەوەکان، زمانەکان، بیروباوەڕی ئایینی و مەزهەبیی جیاواز، بە فەرهەنگ و مێژووی جیاواز و جیاوازیی زۆری دیکەوە، بە یەک نەتەوە ئەژمار کراوە و هەموو ئەم جیاوازییانە چاوپۆشییان لێ کراوە. ئەم یەک نەتەوەیە، بریتی بووە لە سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لە ناوەندی ئێراندا نیشتەجێن، واتە تەنیا هاووڵاتییانی فارس. بۆ وەڕاستگەڕاندنی ئەم گریمانەیە لە تەواوی ئەم ماوەیەدا هەوڵیان داوە هەموو منداڵانی ئەم نیشتمانە لە هەمان سەرەتای خوێندنەوە بە زۆر، زمانی فارسی فێر ببن، زۆرترین بودجەی ئاوەدانی و گەشەپێدان بۆ ئەم بەشە تەرخان کراوە و ڕادەیەکی زۆر کەم بۆ بەشەکانی دەوروبەر؛ هەروەها بەرنامەداڕشتنی پڕتێچووی زۆر لە ڕاستای دەوڵەمەندکردنی ئەم زمانە یەکگرتووە، فەرهەنگ و مێژووی ئەم یەک نەتەوەیە و توانەوەی زۆرەملێی فەرهەنگ، زمان و مێژووی باقی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم نیشتمانە لە زمانی نەتەوەی یەکگرتووی فارسدا بووە. سەرکوتکردنی هر جۆرە ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەم نادادپەروەری و هەڵاواردنانە لەژێر ناوی ناڕاست و دروستکراوی جیاخوازی، خیانەت، دارەدەستی دوژمنان، سووکایەتیکردن بە زمانەکان، فەرهەنگەکان، مێژوو، بیروباوەڕ و باوەڕە مەزهەبییەکانی جگە لە بووە.
ئەنجامە کردارییەکانی ئەم سیاسەتە لە نەتەوەسازی بریتی بووە لە بێکاری، نەبوونی ناوەندی دۆزینەوەی کار، گەشەسەندنی هەژاری، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، نەبوون یان کەمیی ناوەندی دەرمان و تەندروستی و بەگشتی پاشکەوتوویی لە گەشەپێدان، جۆرەها ئازار و گرفتاریی زۆر لە ناوچەکانی دەوروبەری وڵات کە زۆرینە یان نزیکەی نیوەی جوگرافیا و جەماوەری ئەم نیشتمانە لەخۆ دەگرێت.
هەوڵی حیزبی ئێمە لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە ڕاستای هێنانە سەر کاری حکوومەتێکی دێموکراتیک بە هاوکاریی هەموو ئازادیخوازان بەتایبەت نەتەوەکانی ژێر ستم بووە کە تێیدا، ئێران نە موڵکی تایبەتیی کەسێک (شا، وەلی فەقێ) یان گرووپ و نەتەوەیەک بێت، بەڵکوو تێیدا هەمووان خۆیان بە خاوەنی ئەم وڵاتە بزانن، دەسەڵات و دەسەڵاتداریی چڕکراو لە تاراندا لەسەر بنەمای یاسایەکی بنەڕەتیی دێموکراتیک لەنێوان سەرجەم ناوچە نەتەوەییەکاندا دابەش بکرێت تا ئەم وڵاتە بۆ هەمیشە لە دەستی دیکتاتۆری بە هەر شێوە و ڕەنگێک ڕزگاری ببێت و نیشتەجێبووانی لە ئاسایش، ئارامی و ئازادیدا ژیان بەسەر ببەن.
ئێمە لەگەڵ هەموو حیزب، گرووپ و کەسانێک کە بڕوایان بە دروستکردنی ئێرانێکی وەها هەیە و بۆ وەدیهێنانی خەبات دەکەن، ئامادەی هاوکارین. لە بەرانبەردا، ئامادە نین لەگەڵ ئەو گرووپ و ڕەوتە فکرییانەدا هاوکاری بکەین کە هێشتا لە پێکهێنانی حکوومەتێکی ناوەندگەرای تر لە پاش کۆماری ئیسلامین.
تەوەرەی سێیەم: پێکەوەژیانی مێژوویی؛ کوردەکان و ئازەرییەکان
حەلنێت: جوگرافیای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەتایبەت شارەکانی وەک ورمێ، نەغەدە، میاندواو، تیکاب و... شوێنی ژیانی هاوبەش و تێکەڵاوی دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەرییە. لە مێژووی هاوچەرخدا، ئەم ناوچەیە هەم ئەزموونی زۆر شیرینی یەکیەتیی «کۆماری کوردستان» و «حکوومەتی میللیی ئازەربایجان» (پەیمانی قازی محەممەد و پێشەوەری)ی دیوە، و هەم ڕۆژانی تاڵی وەک تێکهەڵچوونەکانی سەرەتای شۆڕش و «شەڕی نەغەدە»ی تێپەڕاندووە. کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە لەم جیاوازییانە بۆ ئاژاوەگێڕی کەڵک وەربگرێت. بە سەرنجدان بەوەی جەنابتان ڕۆڵەی شاری نەغەدەن و ئەم ڕاستییانەتان لە نزیکەوە هەست پێکردووە، بەرنامەی ستراتێژیی حیزبی دێموکرات بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم ئاژاوەگێڕییانە چییە؟ چ گەرەنتییەک هەیە کە لە ئێرانی ئازادی داهاتوودا، لە بەردەم دووبارەبوونەوەی تاڵییەکاندا، شاهیدی بووژانەوەی گیانی پێکەوەژیان و یەکیەتیی سەردەمی قازی-پێشەوەری لەم ناوچانەدا بین؟
مستەفا هیجری: جگە لە پارێزگای ورمێ ناوچەی تریش لە ئێراندا هەن کە نیشتەجێبووانیان لە پێکهاتەی نەتەوە، بیروباوەڕی مەزهەبی و... جیاواز پێکهاتوون و هەرکامیان کەم و زۆر خاوەنی ڕابردووی تاڵ و شیرین لە پێکەوەژیاندا بوون لەگەڵ یەکتردا. گرژییەکان و هەندێک جار دوژمنکاریگەلێک لەنێوان خەڵکی ئەم ناوچانەدا ڕوویان داوە، ئەنجامی هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە سیاستە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیێمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی قۆستنەوەی سیاسی و مەزهەبی بە قازانجی خۆیان بووە. چونکە ئەم حکوومەتانە بەتایبەت کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە یەکیەتی و هاوپەیمانیی خەڵک ترساون و ئەوەیان لە ڕاستای تێکدانی حکوومەتی خۆیان زانیوە، لە ئەنجامدا بەردەوام لە بیری پلانگێڕیدا بوون بۆ ئاژاوەگێڕی و جیاوازی لەنێوان خەڵکدا و لەلایەکی ترەوە نەتەوەپەرستیی توندئاژۆ کە هەندێک جار لە شێوەی شۆڤێنزمیشدا لەنێوان کەسایەتی و گرووپێک لەم خەڵکە و هەستی خۆبەگەورەزانین، ئەم گرژییانەی بەدی هێناوە.
بەرنامەی حیزبی ئێمە بۆ هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەم ناوچەنە دەرس وەرگرتن لە ڕابردووە تاڵەکان و یەکیەتی و هاودڵیی شیرین و پەندبەخشی ڕابردوویە. بیرهێنانەوەی ئەم گرژییانە کە تێیدا سەرجەم لایەنەکان زیانیان بەرکەوتووە و لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونانە، بەردی بناغەدانانی یەکیەتی و هاوکاری و لەبیرکردنی مێژووی ناخۆش و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیانە.
جیاوازیی نەتەوە جیاوازەکان بە بیروباوەڕی جۆراوجۆرەوە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا شتێکی ئاساییە و لە هەر شوێنێکدا بیروباوەڕ و زمانە جیاوازەکان بە فەرمی ناسراون، ژیانێکی پڕ لە ئاشتی، دۆستایەتی و خۆشەویستییان لەگەڵ یەکتردا ئافراندووە.
کۆمەڵگەی تورک و کورد لە پارێزگای ورمێ دەبێت بە سەرنجدان بەم ئەزموونانە لە بەردەم تۆڵەسەندنەوە و دووبەرەکی لەگەڵ یەکتردا، لە بیری دۆزینەوەی ڕێگەچارەی پێکەوەژیان و ئاشتییانە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانێکی باشتر لەگەڵ یەکتردا بن.
لە ڕێگەی گەیشتن بەم ئامانجە مرۆییە، سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی ئەم نەتەوانە بەرپرسیارێتییان لەسەرە. بەتایبەت بەرپرسیارێتیی قورستر لەسەر شانی حیزبە سیاسییەکان، کەسایەتییە ئایینییەکان، مامۆستایان، پەروەردەکارانی قوتابخانەکان، فێرگەکان، ڕۆشنبیران و بنەماڵەکانە کە منداڵانی خۆیان لەم ڕێگەیەدا پەروەردە بکەن.
تەوەرەی چوارەم: یەکگرتوویی ناوخۆیی کورد و هاوپەیمانیی حیزبەکان
حەلنێت: یەکگرتنەوەی دووبارەی دوو بەشی حیزبی دێموکرات (حدکا و حدک) شەپۆلێک لە هیوای لەنێوان خەڵکی کوردستاندا دروست کرد. لە پاڵ ئەم پرسەدا، سەبارەت بە هاوپەیمانیی ئێستای حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی تردا (ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان)، مێکانیزمی وردی هاوکاری و یەکیەتی لەم هاوپەیمانییەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەم یەکیەتییە دەکرێت ببێتە بەستێنێک بۆ پێکهێنانی «بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی»ی ڕێکوپێکتر بۆ بڕیاردانە گەورەکانی داهاتوو؟
مستەفا هیجری: ڕاستییەکی سیاسی کە ئێمە بەردەوام لە کرداریشدا ڕووبەڕووی بووینەتەوە، ئەوەیە کە لە وڵاتانی وەک ئێراندا کە هیچکات دێموکراسی و کاری بەکۆمەڵیان ئەزموون نەکردووە، دروستکردنی هاوکاری و کاری هاوبەش زۆر دژوارە. زۆر کەس لە قسە و دروشمەکانیاندا خۆیان بە دێموکرات دەزانن و لە دێموکراتی دەدوێن، بەڵام لە کرداریشدا لە بەکگراوندی مێشکی هەرکامیاندا بەستێنەکانی دیکتاتۆری وەک خۆبەگەورەزانین، تەنیا خۆ لەسەر سەکۆی حەق و ڕاستی بینین و بیرکردنەوەی ئەوانی تر بە بەتاڵ زانین، بوونی هەیە. بەم هۆیەوە، پێکهێنانی هاوپەیمانی و هاوکاری بە دەگمەن ڕوو دەدات و دوای پێکهێنانیشی زۆربەی جار زوو لە هەڵوەشاندنەوە نزیک دەبێتەوە. ئەنجامی ئیدعای ئەم جۆرە دێموکراسییە درۆیینەیە بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە کۆماری ئیسلامی کە دەزگاکانی دەسەڵاتداری لە پێکهاتەی یەک شێوە بیرکردنەوە و جیهانبینی دروست دەبێت و بیرکردنەوەکانی تر بەرەو پەراوێز دەبرێن یان تەنانەت بە دوژمن ئەژمار دەکرێن.
ئەمە لە کوردستانی ئێراندا لەژێر سێبەری حیزبایەتیی دێرینە و ڕاهێنانی زیاتر لە کاری بەکۆمەڵدا، کاریگەریی زۆری لەسەر دروستکردنی یەکیەتی لە کۆمەڵگەدا داناوە. ئەم ئەزموونە لە حیزبی دێموکراتدا بەرچاوتر و ئاشکرایە، بەم هۆیەوە تێگەیشتنەکان و هاوکارییەکان لەنێوان گرووپە جیاوازەکان و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەدا بەربڵاوترە.
مێکانیزمی هاوکارییەکان لەنێوان حیزبەکانی کوردستاندا نە لەسەر بنەمای وەک یەک لێکردنی حیزبەکان، بیرکردنەوە و بەرنامەکانیان، بەڵکوو لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان دروست دەبێت. ئێمە لەسەر ئەم بابەتە زیاتر کار دەکەین و هەوڵ دەدەین بۆ لادانی کێشەکانی سەر ڕێگا، ڕێگەچارەی دێموکراتیک بدۆزینەوە و مێکانیزمی ئەم ڕێگەچارەیە دیالۆگە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێمەی گەیاندووەتە ئەم ئەنجامە، تێگەیشتنە لەم ڕاستییەی کە کار و ئامانجگەلێک کە بە هاوکاری و بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ دەتوانین پێی بگەین، بە شێوەی سەربەخۆ یان تاکحیزبی مەحاڵ یان زۆر ئەستەمە. ئێمە لەم ڕێگەیەدا لەگەڵ گرووپ و حیزبە جیاوازەکاندا نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی تری ئێرانیشدا کار دەکەین و ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لەم بوارەدا بەدەستمان هێناوە، هەنگاون بەرەو پێشەوە و بەردەوامییان پێ دەدەین.
تەوەرەی پێنجەم: ڕێککەوتننامە ئەمنییەکان و گوشارە هەرێمییەکان
حەلنێت: ڕێککەوتننامەی ئەمنی لەنێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی عێراقدا، گوشاری بێوێنەی بۆ چەککردن و سنووردارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە. حیزبی دێموکرات چۆن هاوسەنگی لەنێوان «پاراستنی هێزی خەباتکاری خۆی»، «لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان» و «بەردەوامیی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی» لەم بارودۆخە سەختەدا ڕادەگرێت؟
مستەفا هیجری: سیاستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقێ پێکهاتووە. ئیدئۆلۆژییەک کە جگە لە خۆی، هەمووان بە دوژمن دەزانێت و لەگەڵیاندا بە شێوەیەک لە شەڕ و ململانێدایە. ئەم ڕێژیمە لە هەمان سەرەتاوە دروشمی لەنێوبردنی ئیسرائیلی بەرز کردووەتەوە و لە کرداریشدا بە یارمەتییە ماددی و چەکدارییە بەربڵاوەکان، دەستی کردووە بە بەهێزکردن و پشتگیری لە گرووپە ئیسلامییەکانی دژی ئەم وڵاتە و دەوڵەمەندکردنی ئۆرانیۆم بە ئامانجی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئاتۆمی.
ئورووپا و ئەمریکاش لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە بەرانبەر ئەم زێدەخوازییانەی کۆماری ئیسلامیدا هێشتا لەگەڵیدا لە مامەڵەدا بوون، بەو هیوایەی کە ئەم بەشە لە سیاستەکانی ڕێژیم بگۆڕن تا بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بتوانێت پەیوەندیی مامناوەند بەدی بهێنێت و لەلایەکی ترەوە ئەوانیش قازانجی بازرگانیی خۆیان لە ئێراندا دابین بکەن؛ بەڵام ئەم ئامانجە وەدی نەهاتووە و لە ئەنجامدا ئەمریکا و ئیسرائیل پەنایان بۆ ئەنجامدانی هێرشی قورس بۆ سەر کۆماری ئیسلامی برد.
ئەم هێرشانە، زەبرێکی قورس بوون کە لە ڕووی سەربازی بەتایبەت ئابوورییەوە، ڕێژیمیان خستە دۆخێکی دژوارەوە. لاوازبوونی ڕێژیم بۆ ئێمەی کورد و بەگشتی بۆ زۆربەی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران کە لە دەستی ئەم ڕێژیمە وەزاڵە هاتبوون، پێشوازیی لێ کراوە؛ چونکە بە لاوازبوونی ڕێژیم لە درێژخایەندا، دەرفەتی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران لە خەباتدا دابین دەکات.
بەڵام داخوازیی خەڵکی ئێران بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕووخانی یەکجاریی ئەم ڕێژیمەیە نە تەنیا لاوازکردنی. بەڵام لە حیساباتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئامانجی سەرەتایی لاوازکردنی ڕێژیمە تا ئەو شوێنەی داخوازییەکانیان قەبووڵ بکات و دژی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا هیچ هەنگاوێک نەنێت.
داخوازی ئێمە و ئازادیخوازان، جێگرتنەوەی ئەم ڕێژیمەیە بە حکوومەتێکی دێموکراتیک کە ئازادییەکان و کەرامەتی مرۆڤەکان دابین بکات. حکوومەتێک کە داهاتەکانی وڵاتی دەوڵەمەندی ئێران بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵات، خۆشگوزەرانی و ئارامی خەڵک بەکار بهێنێت؛ حکوومەتێکی ئاسایی کە لەگەڵ دراوسێیان و تەواوی جیهان لە ئاشتی و ئارامیدا بێت. بەم شێوەیە ئێرانێکی تر بێت کە تێیدا لە هەڵاواردن و گوشار دژی خەڵک کەڵک ورنەگیرێت و ئێرانێک کە لە وڵامی پرسیارەکانی پێشووداشدا ئاماژەمان بە تایبەتمەندییەکانی کرد.
بە کورتی، هرچەندە دروستکردنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیاستەکانی ڕێژیمی ئێستای ئێراندا لە ڕاستای کردنەوە و وەدیهێنانی ئاواتەکانی خەڵکدا تەنیا کڕینی کاتە و بە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە، دەکرێت هیوامان بە ڕۆژێکی باشتر بێت. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ڕووخانی ڕێژیم قۆناغی یەکەمە و ئەم ڕووخانە ناتوانێت ئامانجی کۆتایی بێت، بەڵکوو ئامانجی کۆتایی دروستکردنی ئێرانی ترە بەو تایبەتمەندییانەی کە ئاماژەمان پێ دان.
تەوەرەی شەشەم: گۆشەنیگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیامی کۆتایی
حەلنێت: میدیای ئێمە بڕوای قووڵی بە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. وەک ڕێبەرێکی سیاسیی خاوەن ئەزموون، ئایا بە پێکهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دێموکراتیک کە تێیدا مافی سەرجەم نەتەوەکان و پێکهاتەکان بێ شەڕ دابین بکرێت، هیوادارن؟ لە کۆتاییدا، پەیامی دیاریکراوی ئێوە بۆ ئەو خەڵکەی کە لە ناوخۆی ئێران و کوردستان لەژێر توندترین گوشاری ئەمنی و ئابووریدا بەرخۆدان دەکەن، چییە؟
مستەفا هیجری: پێکهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دێموکراتیک و ئێرانێکی دێموکراتیک شتێک نییە کە بە داڕمانی حکوومەتەکان و شەڕ دابین بکرێت، بەڵکوو هەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا لەخۆگری گۆڕانی شێوە بیرکردنەوە، فکر، ڕەفتار، فەرهەنگ و نەریتەکانی ئەو خەڵکەیە کە لە ڕووخاندنی ئەم جۆرە حکوومەتانەدا ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕن. گۆڕانکاری لە شێوە بیرکردنەوە، فکر، ڕەفتار، فەرهەنگ و نەریتەکانی خەڵکیش پێویستی بە تێپەڕبوونی کات، ئەزموونوەگرتن لە ڕابردوو و قەبووڵکردنی ڕەخنە هەیە.
ئایا نەتەوەکانی ئێران گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە لە پێشکەوتنی فکری و جیهانبینی کە بتوانن دوای کۆماری ئیسلامی، ئێرانێکی تر دروست بکەن؟ هیواخوازم وەها بێت.
پەیامی من لەم ڕاستایەدا، یەکیەتی و هاوپەیمانی و بەفەرمیناسینی جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی، مەزهەبی و...ـەکانی یەکتر و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئێرانێکی تر بۆ هەمووان لە سایەی ئازادی و دێموکراسیدایە و هەموو ئەم شتانەش شتێک نین کە بۆ داهاتوو دوا بخرێن، بەڵکوو بەردی بنەغەی ئەوانە دەبێت لە هەر ئێستاوە دابنرێت، هێشتنەوەی ئەم بابەتانە بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم زۆر درەنگ دەبێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەت، کە ئەنجامەکەی دەکرێت سەپاندنەوەی دووبارەی دیکتاتۆری بە ڕەنگ و بۆیەکی تازەوە دوای ڕێژیمی ئێستا بێت.