کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ

20:26 - 29 خاکەلێوه 2715

هەیئەتێکی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ئۆسڵۆ کرد.

رۆژی چوارشەممە، 20 ی خاکەلێوە هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، پێکهاتوو لە خوسرەو قادری، بەرپرسی گشتی پێوەندییەکان‌و ناسر قادرپوور، بەرپرسی بەشی پێوەندییە بیانییەکان، لە سەر بانگهێشتنی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەراستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، سەردانی وەزارەتیان کردو لە لایەن خاتوو "هەیدی ئێلبورگی یوهانسێن", بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژەوە پێشوازیان لێکرا.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا راپۆرتێکی تێروتەسەلیان کە لە لایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە سەر وەزعی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئێران ئامادە کرا بوو، ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، هەیئەتی حیزبی باسیان لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە لایەن رێژیم و دۆخی خراپ و نالەباری زیندانییانی سیاسی کورد لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە دا هاورێیانی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ، باسیان لە سەر رێکەوتنی نوێی ئێران و وڵاتانی ٥ کۆ یەک لەسەر مەسەلەی ناوکیی ئێران کرد و داوایان کرد کە لە لایەن نۆروێژ و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، دوایی ئەو رێککەوتنە، مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران وە پشتگوێ نەخرێ و بەڵکو دەبێ زیاتر لە جاران زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بوارەدا.

لە کۆتایی دا خاتوو هەیدی ئێلبورگی وێرای سپاس و دەستخۆشی بۆ ئەو زانیارییانە هیوای خواست کە بتوانن بە هاوکاری رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووکان بتوانن مەسەلەی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە ئێران و وڵاتانی دیکە بەرەو باشتر بەرن.