کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەكانی هێلگا ئێشمید لەسەر گەمارۆكانی سەر ئێران و ئێس – ٣٠٠

23:43 - 29 خاکەلێوه 2715

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێ لە ڕەوتی دانووستانەكانی ئەم دواییانەدا لە تاران، هیچ نیشانەیەك لە پێشكەوتنی لایەنەكانی ئەم ناوەندە لە مەسەلەی ناوكیی ئێراندا بەرچاو ناكەوێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز پێشتریش، ئاژانسی نێودەوڵەتی باسی لە چاوەڕوانیی خۆی لە بارەی پێشكەوتنی ئەم دانووستانانە كردبوو، ئەوە لە حاڵێكدایە كە جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا گوتبووی، پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەسەر كۆتایی پیهێنان بە گەمارۆكانی سەر ڕێژیمی ئێران وڵاتانی ١+٥ دڵنیا بكاتەوە. هێلگا ئێشمید، جێگری سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا بەر لە سەفەر بۆ موسكۆ لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی "ئینتێر فەكس"ی ڕووسیە گوتی، گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا هاوكات لەگەڵ پشتڕاستكرانەوەی بەجێ گەیاندنی بەڵێنییەكان لە لایەن ئێرانەوەو لە سەر بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هەڵدەوەشێنەوە. ئێشمید لە وڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا دەسبەجێ پاش ئیمزا كرانی دوایین ڕێككەوتنی ناوكی، ئورووپا گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە، گوتی: بە هەمان شێوە كە لە بەیننامەی لۆزانیش‌دا هاتووە، گەمارۆكان تەنیا پاش بەجێ گەیاندنی بەڵێنییەكانی ئێران و پشتڕاستكرانی ئەم بابەتە لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزە، هەڵدەوەشێنەوە. ناوبراو هەروەها لە بارەی بڕیاری ڕووسیە بۆ ڕادەستكردنی مووشەكە ئێس ٣٠٠ەكان بە ڕێژمی ئێران گوتی: ئێمە پێشتریش نیگەرانیی خۆمان لەم بارەوە بە ڕووسیە ڕاگەیاندووە، بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستای ئەم ناوچەیەدا كە ناردنی ئەم مووشەكانە دەتوانێ زیاتر پەرە بە نائەمنی و ناسەقامگیر بوونی ناوچەكە بدا.