کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكا ٤ شیركەت‌و ٥ كەسی تاوانبار بە پێشێلكردنی گەمارۆكانی دژی ئێران كرد

07:04 - 30 خاکەلێوه 2715

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریكا ٤ شیركەت و٥ كەسی بە هەناردەی ناقانوونیی كەلوپەلی ئەلكترۆنیكی‌و نیزامی بۆ ئێران تاوانبار كردوه‌. بەپێی ڕاپۆرتی رۆیتێرز، ئەم شیركەت‌و كەسانە تاوانبار به‌وه ‌كراون كە كۆمەڵێك بەرهەمیان لە ڕێگەی وڵاتانی تایوان‌و توركیە بۆ ئێران گواستۆتەوە. ئەم بابه‌ته‌ لە حاڵێك دایه‌ كە ئێران‌و٦ زاهێزی جیهان بە ڕێبەریی ئامریكا قەرارە وتووێژی ناوكیی خۆیان لە مانگی بانەمەڕەوە دەست پێبکه‌نه‌وه‌. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم كەسانە وێڕای گواستنەوە كەوپەل بۆ ئێران، گەمارۆكانی ئامریكایان لەپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ قەدەغەكرانی هەناردەی تێكنۆلۆژی بۆ كۆماری ئیسلامی پێشێل كردووە. بەهرام مكانیك تەمەن ٦٩ ساڵ، تورەج فەریدی تەمەن٤٦ ساڵ و خوسرەو ئەفقەهی تەمەن ٧١ ساڵ سێ كەسن كە لە تۆڕی دابینكردن‌و گواستنه‌وه‌ ئەم كه‌ره‌ستانه‌ بۆ ئێران چالاك بوون كە هەر سێكیان ئێستا لە ئامریكا زیندانی كراون. بەپێی ئەم سزانامەیە، شیركەتی ئێسمارت پاوێر سیستمز هیوستۆن، ئارتور شیو، شیركەتی هوسودای تایوان و هەروەها شیركەتێكی دیكەی ئێرانیش بە ناوی فاراتڵ پارسیان بەشێك لەم توڕە بوون. شایانی باسە كە ئەگەر بەسەلمێندری ئەم شیركەتانە گەمارۆكانیان پێشێل كردوە تا یەك میلیون دۆلار جەریمە ده‌کرێن‌و كەسەكانیش بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا ده‌درێن.