کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ته‌مەنی ژنانی سەرپەرستی خێزان لە ئێران

07:09 - 30 خاکەلێوه 2715

ژماره‌ی ژنانی خواروو١٨ ساڵ له‌ ئێران كە سەرپەرستی بنەماڵەکانیانن زیادی کردوه‌، ئەمە لە حاڵێك دایە كە نێونجیی تەمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ئامارەكان لە ئێران باس لە کۆمه‌ڵێک دیاردەی كۆمەڵایەتیی نوێ دەكەن‌و لە حاڵێكدا كە بە پێی ئامارە ڕەسمییەكانی ڕێكخراوی سەبت‌و ئەحواڵی ئێران، نێونجیی تەمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشی ژنان‌و پیاوانی ئێرانی بەرز بۆتەوە، تەمەنی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە دابەزیوەو گەیشتۆتە ژێر١٨ ساڵ. ئیلنا، هه‌واڵده‌ریی کاری ئێران به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌ حکومییه‌کان ده‌ڵێ ژماره‌ی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە كە تەمەنیان كەمتر لە ١٨ ساڵەو به‌شێکیان لە ژێر چاودێریی كومیتەی ئیمداد دان، لە هەموو كاتێك زیاتر بووە. ئه‌و ئامارانه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن هەر ئێستا سەدی ٤ی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵەی ئێرانی ته‌مه‌نیان خوا١٨  ساڵه‌. کارناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق‌و بە تایبەت تەڵاقی بە ڕێككەوتن لە ئێران دایە. ڕێكخراوی سەبت و ئەحواڵی ئێران دەڵێ زۆربەی تەڵاقەكان لە ئێران لە نێو ئەم كەسانەدان كە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٢٥ ساڵە. بەم حاڵەش عالیە شەكەربیگی، بەڕێوەبەری كاری گرووپی "ژنان و بنەماڵە" لە "ئەنجومەنی كۆمەڵناسیی ئێران" بە ئیلنای ڕاگه‌یاندوه‌ كە گەشەی تەڵاق تەنیا هۆكاری دابەزینی تەمەنی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە نییە. شەكەر بیگی ده‌ڵێ، هۆكاری وەك مردنی هاوسەر یا بێكاریی هاوسەریش دەبێتە هۆی ئەوەی كە ژنان بە تەمەنی كەمەوە بنەماڵەیان بكەوێتە ئەستۆوە. ئەم كۆمەڵناسە جەختی كردۆتەوە كە لە هێندێك بابەتدا پیاو لە بنەماڵەدا خراپ سەرپەرستی دەكاو ژنان بە ناچاری ئەركی سەرپەرستی بنەماڵەیان دەكەوێتە ئەستۆی. شەهێندوخت مەولاوێردی، جێگری سەركۆمار بۆ كاروباری ژنان‌و بنەماڵەش پێشتر ڕایگەیاندبوو كە زیاتر لە سەدی ٨٠ ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێراندا بێكارن‌و هەژاریی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ژنانی دیكە زەق و بەرچاوتر زانی. مریم موجتەهێدزادە، سەرۆكی "ناوەندی كاروباری ژنان و بنەماڵە" سەر بە ناوه‌ندی سەركۆماریش بەلێنی دابوو كە لە ساڵی ١٣٩٣ ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئەولەوییەتی دامەزراندن لە پۆستە دەوڵەتییەكاندا دەبێو بەڵێنی دابوو كە ساعاتی كاری حەوتووانەی ئەم ژنانە لە ٤٤ كاتژمێرەوە بۆ ٣٦ سەعات دابەز که‌م کاته‌وه‌، بەڵام ئەم بەڵێنییە ئێستاش نەهاتۆتە دی.