کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ زوریخی سوئیس ڕێز له‌ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دو نه‌مر مسته‌فا بارزانی گیرا

04:52 - 19 رەشەمه 2715

له‌ شاری زوریخی سوئیس‌و له‌ ڕێوڕه‌سمێک‌دا یادو بیره‌وه‌ریی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دو نه‌مر مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌و ده‌وری ئه‌و دوو سه‌رکرده‌ مێژووییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌رز ڕاگیرا. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، ١٦ ی ڕه‌شه‌ممه‌ کۆمیتەی ناوچەی زوریخی حیزبی دێموکراتی کورستان به‌ هاوکاریی گرووپی ئارارات و پارتی دێموكراتی كوردی سووریه،‌ بۆ ڕێزنان لە سه‌رۆک کۆماری شەهیدی کوردستان پێشەوا قازی محەممەدو سەرکردەی ناوداری کورد نه‌مر مه‌لا مستەفا بارزانی‌و زیاتر ناساندنی مێژوی خەباتی نەتەوەی کوردو ڕوڵی ئەم دوو سەرکردە مەزنەی کورد بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، کۆڕێکی پێک‌هێنا. لەم کۆڕەدا کە دەیان کەس لە کورده‌کانی هەر چوار پارچەی کوردستان‌و چەندین ڕۆژنامەنوو‌س‌و کەسی بیانی تێیدا بەشداربوون، چەند کورتە فیلم‌و وێنەی دیکۆمێنتاری لەپەیوەندی لەگەڵ ئامانجی ئەم کۆڕەدا پیشانی به‌شداران دران. هه‌ر له‌و کۆڕه‌دا چەند وتار، شێعرو په‌خشانیش له‌ په‌سنی ئه‌و دوو رێبه‌ره‌ بلیمه‌ته‌ی کورددا خوێندرانه‌وه‌. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کوڕیاد دا ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵی، بەرپرسی کۆمیتە ناوچه‌ی زوریخی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد کە تێی‌دا سەرەڕای پەڕژانە سەر مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان‌و ڕۆڵی سەرۆک کۆماری شەهیدمان پێشەواو نەمر بارزانی‌و ڕێبوارانی درێژەدەری ڕێگاکەیان، باسێکی کورتیشی لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی نەتەوەی کورد‌و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ قۆناغی ئێستای خەبات کرد. له‌ درێژه‌ی کۆڕیاده‌که‌دا کۆمه‌ڵێک په‌یام‌و وتار له‌لایه‌ن نوێنه‌ران‌و به‌رپرسانی چه‌ند حیزب‌و ڕێكخراوه‌ی كوردستانی پێشکێش کران. شایانی باسه‌ پارتی دێموكراتی كوردستان، یه‌كیه‌تی نیشتیمانی كوردستان، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و چه‌ندین حیزب و لایه‌نی دیكه‌ی كوردستانی په‌یام‌و وته‌یان به‌شدارانی ئه‌م کۆڕیاده‌ هه‌بوو.