کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

15:30 - 19 رەشەمه 2715

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ڕۆژی سێشەممە، ١٨ ی ڕەشەممە ( ٨ی مارسی ٢٠١٦) هەیئەتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرپەرستیی گریگۆری موریسیەن، دیپلۆمات‌و کاربەدەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کردو لەلایەن شاندی دەفتەری سیاسیی حیزب بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی، سکرتێڕی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دانیشتنەدا ئێستاو داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌و دەوری ئێران لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەدا هاتنە بەرباس‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. هەروەها پرسی هەڵبژاردنەکانی ئەم‌دواییانەی مەجلیس لە ئێران‌و ئاکامی هەڵبژاردنەکان‌‌و کاریگەریی لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ئێران تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو. لەو دیدارەدا دۆخی کوردستانی ئێران‌و پرسە سیاسی‌و مەدەنییەکانی کورد لە ئێران وەک مافی مرۆڤ‌و مافە نەتەوەییەکان هاتە بەرباس‌و لەو پێوەندییەدا باس لە سیاسەت‌و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا. بابەتی پێوندییەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و ئەمریکا‌و پێداگری لەسەر بەردەوامی‌و چەندی‌و چۆنیی ئەو پێوەندی‌و چاوپێکەوتنانە تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو.